لاوک سەلاح

کۆچبەر و پەنابەر؛ شوناسێکی ئەبەدی ‌


هەرچییەک بڵێین گوزارشت ناکەین لەو زنجیرە کارەساتە مرۆییەی کە بە خێرای روودەدەن و هەر رۆژەی حکایەتێک و داستانێکی دیکە و بەرگێک دەپۆشن. هۆکارەکانی بەجێهێشتنی نیشتمان بۆ هەموو لایەک روون و ئاشکران، سیاسەتەکانی دەوڵەتە ئەوروپییەکانیش ئاشکران تەنانەت بۆ ئەوانەی کە ملی رێگای مەرگ دەگرنە بەر. سەرابی گەران بە دوای پانتاییەکی دیکە بۆ ژیان و وێڵبوون بەدوای دۆزینەوەی خود و بەدەستهێنانی دڵنیایی و ئارامی لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی پێیان ئاشنایین بۆتە شوناسی ئەبەدیمان.

بەداخەوە، ئیدانەکردن و کەمپەینکردن و قسەکردن و رووماڵی میدیاکان مەبەست ناپێکێت و کەس بێدار ناکاتەوە، بەتایبەتی دەستەڵاتداران، نە مەرگ دوادەخا و نە رایدەگرێت بە هۆی بەردەوامبوون و ئالۆزبوونی دانوستانە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و رژێم لە سوریادا و چەوتی سیاسەتەکانی ئۆردوگان لە لایەک و پەشێوی دۆخی سیاسی و دارایی هەرێمی کوردستانی عێراق بەهۆی بێ توانایی ئیداری و حکومرانی و کەڵەکەبوونی مەلەفەکانی گەندەڵی و نەبوونی ستراتیژیەتێکی مەودا درێژ بۆ ‌بیناکردنی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی، دیسان دەڵێم بەداخەوە ئەم خەونە تا دێت لە مێشک و یادەوەری هاوڵاتیدا کاڵدەبێتەوە.

بەرامبەر ئەم کارەساتانەش هەموو یاساکانی کۆچ و پەنابەری وڵاتانی دونیا لە ساڵانی پەنجاکانەوە گۆرانکارییان بەسەردا نەهاتووە. سەدەی بیستمان تێپەراند، سەدەی جەنگە گەورەکان، ئەو سەدەیەی کە مرۆڤایەتی چەندان کرداری دڕندەی دەرهەق بە خۆی کرد، هیوا خوازبووین کە سەدەی نوێ جیاواز بێت، بەڵام هەر لە سەرەتاوە زەنگی مەترسییەکانی بەرجەستە کرد و یاساکانی پاراستنی بەهای مرۆڤی نەوەک نەگۆران بەڵکو وەک خۆشیان پیادەنەکران و وەک بتێکی بێ گیان هەر لە شوێنی خۆیان مانەوە.

رێکەوتنامەی ساڵی 1951 بۆ پەنابەران کە لە لایەن 145 وڵاتەوە مۆرکراوە تا ئەم ساتە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک بەردی بناغە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە بنەچەدا ئەم رێکەوتنامەیە بۆ ناو ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا بوو، وەڵامدانەوەی جەنگەکانی ئەوروپا بوو. ئەم رێکەوتنامەیە بۆ کێشە و سەردەمێکی جیاواز دارێژراوە و دەبوایە دووجار، لانی کەم، چاکبکرابایە و پێداچوونەوەی بۆ بکرابایە لە بەر رۆشنای دوو گۆرانکاری زۆر سەرەکی؛ یەکەمیان سیستمی جیهانگیری کە کۆچکردن رووە ناشرینەکەی ئەم سیستمە بوو، دووەمیان ئەم لێشاوی کۆچەی کە ئێستا لە ئارادایە و دەرئەنجامی جەنگێکی سیاسی-تاییفییە کە رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆتە مەیانی ئەو شانۆگەرییە، بێگومان هەموو دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهان، هەر یەکەیان بە ئاست و بۆ بەرژەوەندی خۆی، بەشدارن لە دروستبوونی ئەم مەرگدۆستیی و نەهامەتییە بێ کۆتاییە.

 لە سەردەمی جیهانگیریدا، لە پاڵ گەشەسەندنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و دارمانی سیستمە تۆتالیتارییەکان، کۆچ لە شێوەی داواکردنی پەنابەریدا پرۆسەیەکی دیار بوو، هەربۆیە چەمکەکانی سنوور و شوناس گۆرانگاریان بەسەردا هات بێ ئەوەی پێناسەیەکی دیاریان هەبێت. هەندێک لە لێکۆڵەوەران ئەوەی لە ئێستادا روودەدات بە تەواوکەری گۆرانگاریەکانی جیهانگیری لە قەڵەم دەدەن، هەندێکی دیکە بە سەردەمێکی دیکە و مێژوویەکی دیکە وەسف دەکەن. ئێمە پێمانوایە ئەوەی روودەدات دەرئەنجامی بەگژاداچوونەوەی دەوڵەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و خۆرئاوایە لە بەر رۆشنایی هاوکێشە نوێکانی پارسەنگی هێز و مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی وزە بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک پاساوی کەلتووری و ئایینی کە موخاتەبەی ئاستی تێگەیشتنی دەستەجەمعی کۆمەڵگە دەکات و کار لەسەر  پێداویستی و کێشەکانی وەک برسێتی و پەروەردە و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی حکومەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.

لەم لێشاوە نوێیەدا، کۆچبەر لە بەردەم فشاری دەوڵەتی زیاتردایە، پەشۆکی سیاسەتە ئەوروپییەکان ئاشکرا و روونە، و بڕوانەبوون بە پیادەکردنی مافەکانی مرۆڤ تادێت بێ بەهاتر دەبێت، تەرخان نەکردنی توانای دارایی لەلایەن دەوڵەتانەوە تا دێت کەمتر دەبێت. حەقیقەت لە لای کۆچبەر روونترە، بەو مانایەی لە گەمە نێودەوڵەتییەکە تێگەیشتووە و درک بەو راستییە دەکات کە پەنابەری تەنیا شێوازە بۆ ئەوەی سبەی منداڵەکانی لە دۆخێکی ئارامدا بژین.  دواجار کۆچەکەش هەر هەمان ئاراستەی هەیە و بەرەو هەمان وێستگەیە کە ئەوروپایە.

لەم کۆچەدا تەحەدەکانی بەردەم کۆچبەران زۆرن، لەوانە نەبوونی سیاسەتێکی تۆکمە لە نێوان دەوڵەتەکانی ئەوروپادا، ئەلەمانیا و سوید هۆشداریان داوە کە لەوەندە زیاتر بەرگە ناگرن و کار وا بڕوات ئەم کێشەیە دەبێتە ناکۆکییەکی دیار لە نێوان دەوڵەتە ئەوروپییەکان. لەو پێشنیارانەی کە لە ئێستادا هەن ئەوەیە جۆرێک لە ڤیزە لە سەر بنەمای مرۆڤانە بدرێت تاوەکو دۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵاتەکانیان هێوەر دەبێتەوە و پاشان رەوانە بکرێنەوە، بەداخەوە هیچ وڵاتێکی ئەوروپی ئەم دەستپێشخەرییە ناکات.

لە دوایین کۆنفرانس سەبارەت بە کۆچبەران کە هەفتەی رابردوو لە لەندەن سازدرا 6 بلیۆن بۆ پەنابەرانی سوریا دابینکرا، لەگەڵ 5 بلیۆنی دیکە کە دەبێت تا ساڵی 2020 خەرج بکرێت. هەروەها باسی ئەوە کراوە کە وڵاتانی دراوسێ دەبێت هاندەربن بۆ ئەوەی مۆڵەتی کاریان پێبدەن بەڵام ئەمەش کارێکی ئاسان نییە لەبەر ئەوەی ئەو وڵاتانە خۆشیان بەدەست قەیرانی دارایی قوڵەوە دەناڵێنن و رێژەیەکی زۆر لە بێکاریان هەیە. پێشنیارەکانی دیکە ئەوەیە کە کەمپیان لە دەوڵەتە دراوسێکان یان لە یۆنان بۆ بکرێتەوە، یۆنان پێشوازی لەم پرۆژەیە دەکات بەهیوای ئەوەی کە قەیرانی ئابووری کەم بکاتەوە.

ئەو پارەیە لە یەکێتی ئەوروپاوە دابین دەکرێت. بە مانایەکی دیکە ئەوروپا دەیەوێت بە پارە سنوورەکانی خۆی لە لێشاوی کۆچ دەپارێزیت، ئەو لێشاوەی کە خۆشی بەشدارە لە خوڵقاندنی. ئامانجی جەوهەری لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە بۆ کۆنترۆڵکردنی لێشاوی کۆچەکەیە، بەڵام ئەم رێوشوێنانە چارەسەی مەسەلەکە لە رەگەوە ناکات لەبەرئەوەی هاوشان نییە بە چارەسەرێکی سیاسی.

جێی سەرنجە کە "گۆردن براون" سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا کە لە ئێستادا نێردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ کاروباری پەروردەیی نێودەوڵەتی پرۆپۆزەلێکی پێشکەشکردووە بە ناوی "پلانی مارشاڵی نوێ" بۆ دامەزراندنی زۆنی ئابووری لە لوبنان و ئۆردون، دەبێت ئەم زۆنە ئابووریانە لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرێوەببرێت و فرسەتی یەکسان بۆ پەنابەر و کومەڵگە میواندارەکان وەک یەک دەستبەر بکات لە پاڵ دابینکردنی خوێندن و شوێنی مانەوە. بەڕای من ئەم بیرۆکەیە کاتێک شیاوە بۆ پیادەکردن کە سیستم و دۆخی سیاسی ئەو وڵاتانە سەقامگیر بێت، ئەم وڵاتانە خۆشیان چەندان گرفتی سیاسی و ئیداری و حکومرانیان هەیە کە دەبێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێنەوە.

دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیشدا کار بۆ ئەوە بکرێت کە ببینە بەشێک لەو پرۆژەیە بە مەرجێ مانا و شەرعیەت بۆ دامەزراوە سیاسی و حکومییەکان بگەرێتەوە بۆ ئەوەی لە ئاستی پرۆژەیەکی لەو جۆرەدابین کە خۆی لەخۆیدا گەرانە بەدوایی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بە حوکمی ئەوەی هەرێمیش لە ژێر فشار و مەترسی هەمان لێشاودایە.

 بۆ ئەوەی دەوڵەت دامەزرێنیت دەبێت ببینە بەشێک لەو پرۆژە نێودەوڵەتییە گەورانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، بۆ ئەوەی ببیتە شەریکێکی ستراتیژی پێویستت بە کارامەیی سەرکردانە و لێهاتوویی و نیشتمانپەروەری و دەستپاکی هەیە. ئێمە لە بەردەم دووڕیانی سیاسی گەورەداین، شوناسی پەنابەری دەروازەیەکە، مەرجی وەبەرهێنانی بۆ بەرژەوەندی خۆمان وەک پرۆژەیەکی ئابووری دەکەوێتە ئەستۆی خۆمان. تا ئەو کاتەی جێی خۆمان لە پرۆژە نێودەوڵەتیەکاندا دەکەینەوە باسی دامەزراندی دەوڵەت مەکەن.

خوێندراوەتەوە457
     گشت ووتارەکان