عه‌دنان عوسمان

پەلە قاژە‌


مل بڕین نەک رزق بڕین

لەو رۆژەوەی کە قەیران دوای قەیران روی لەم هەرێمە کردوە، جگە لە گوێنەدان، خەمساردی، بێپلانی، لوتبەرزی، خۆشباوەڕی.... هیچی ترمان لەم دەسەڵاتەی هەرێم نەبینیوە. ماوەیەک دەیانویست بە ململانێکانیان لەگەڵ مالکی و شەڕی سەروەری هەرێم لەگەڵ بەغدا چەواشەمان بکەن. دواتر داعش، دابەزینی نرخی نەوت، قەیرانی دارایی جیهان،،هتد. ئەمانە هەموو راستن، کێشەی گەورەن، مەترسین، بەڵام خۆ دەبێت بەرامبەر بەو مەترسی و کێشانە پەرچەکردارێک هەبێت، هەنگاویك، پلانێک ،هەوڵێک، خەمخواردنێک، شتێک هەبێت..

لە کاتی قەیرانەکاندا، حکومەتەکان لیژنەی جۆراو جۆر پێک دێنن، کۆبونەوە، کۆنفرانس ساز دەکەن، کابینەی بەرتەسک پێک دێنن بۆ گەمارۆدانی کێشەکە. کەچی لەم هەرێمەدا، لەو کاتەوەی ئەو قەیرانانە رویان لە هەرێم کردوە، بێخەمترین و ساردوسڕترین دەزگا ئەنجومەنی وەزیران بووە. وای لێهات وەزیرەکان دەم و چاوی یەک نەناسن ئەوەندە درەنگ کۆبونەوەی ئەو ئەنجومەنە دەکرا، کە مەفروز وابوو شەو رۆژ لە کۆبونەوەدا بێت.

دەسەڵاتی ملهور و بێخەمی کوردستان لەو باوەڕەدا بوو بە مەترسیەکانی داعش، بەغدا، ئەزمونەکەمان...هتد، دەتوانن تاسەر خەڵکی چەواشە بکەن. بۆیە بە مورتاحی سەرقاڵی بێبەرنامەیی خۆیان و مڵهوڕی بون. تەنها لە خەمی کۆمپانیاو دەست و پێوەندە مافیا ئاساکانیان بون. سەرقاڵی تێک و پێکدانی هەموو دامەزراوەکان بون. پەرلەمان چۆڵکرا، ئەنجومەنی وەزیران کرا بە دیوەخانی چاخواردن، وەزارەتە گرنگەکان پەکخران.

دەسەڵاتی ملهوڕ پێی وابوو حەسانەی هەیە بەرامبەر هەموو بەدکاریەکانی. میللەت رازی و ملکەچ و گوێڕایەڵە. بۆیە سەرباری هەموو هۆشداری و ئاگادارکردنەوەیەک کەچی بەردەوامە لە خەوە قوڵەکەی.

بەڕێزان، کە خەڵک برسی بوو، کە شیری منداڵ نەما، کە پارە لە گیرفاندا نەما ئیتر تەنها یەک یاسا دەکەوێتە کار: مل بڕین نەک رزق بڕین.

ئێستا ئێوە رزقی خەڵک ئەبڕن، پارە نەما، نان بەرەو کۆتایی ئەڕوات، ئێوەش مافیاو دەستەو تاقمێکتان بەرداوەتە گیانی میللەت کە رۆژ دوای رۆژ لەم قەیرانەشدا لە دەوڵەمەند بوندایە. وا پارەی میللەت رەوانەی دەرەوە دەکرێت، کەس و کاریان رەوانەی ڤیللاو ماڵەکانی دەرەوەیان دەکەن، چش لە میللەتیش.

ئێستا کە ئیتر چەقۆ گەشتە سەر ئێسقان، وا ئەبینین ئەم کابینە فاشیلە، سەرقاڵی دانیشتنی یەک لە دوای یەکە، بەڵێن ئەبەخشێنێتەوە، هەواڵی جۆراو جۆر بڵاو ئەکاتەوە، پرۆژەی نەزۆک و بێبنەماو لاواز و کاڵ و کرچ دەبەخشێنێتەوە....  بەڵام دوای چی:

دوای ئەوەی لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدراوە، زۆرینەی گەل ناڕازین و گلەیی و رەخنە دەگرن. تەنانەت بەشێکی بەرچاوی رۆژنامەنوس و نوسەر و چالاکوانی سەرانسەری کوردستان، بەهەموو لایەن و حزبەکانیەوە پەیتا پەیتا ئاستی نارەزایەتیەکانیان روبەروی ئەم دەسەلاتە شکستخواردوە بەرەو سەرەوە دەبەن.

تۆ بڵێێ ئەم هەنگاوانە دادیان بدات؟؟ ئاخر بۆ ئەم جۆرە دەسەڵاتانە تەمبێ نابن و دەرس لە روداوەکان وەرناگرن؟؟ بۆ لە بری ئەم پینەکردن و چەواشەکاریە بیر لە هەنگاوی راستەقینەو چارەسەری ریشەیی ناکەنەوە؟؟

پێ دەچێت ماوە درێژکراوەکەش( الوقت الضائع)  بەرەو کۆتایی بڕوات.

خوێندراوەتەوە1458