عه‌دنان عوسمان

لە واتەر گەیتی نیکسنەوە بۆ پاراستن گەیت‌


لە سەرەتای ئەم وتارەدا لەو گریمانەیەوە دەست پێ ئەکەم کە ئەو تۆمارە دەنگیانەی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتیەوە بڵاو کرایەوە کە گوایە دەنگی نەوشییروان مستەفایە، دروستەو هیچ جۆرە گۆڕان و ساختەیەکی بەسەردا نەهاتووە. پاشان قسە لەسەر وردەکاری تر ئەکەین.

واتەر گەیت چی بوو؟
ساڵی ١٩٧٢ لەسەرەوەختی هەلبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، چەند ئامێرێکی دەنگ تۆمارکردن لە بارەگای سەرەکی حزبی دیموکرات لە باڵەخانەی واتەر گەیت دادەنرێت و لە رێگای پاسەوانێکی باڵەخانەکەوە ئاشکرا دەبیت و دواتر کە پۆلیس دەست بە لێکۆڵینەوە لەو بارەوە دەکات، دەردەکەوێت کە کەسانی بەرپرس لە کەمپینی هەڵبژاردنەوەی ریتشارد نیکسنی سەرۆککۆماری سی و حەوتەمی ئەمریکا بەشدارن لەو ریسواییە مێژوییەدا. دواتر کێشەکە ئاڵۆزتر دەبیت و خودی سەرۆککۆمار تۆمەتباردەکرێت و دەست دەکرێت بە لێکۆڵینەوە لەگەڵی و کۆنگریسیش بەنیازی لەکارلابردنی دەبێت. بە ناچاری نیکسن لە ساڵی ١٩٧٤ و پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی دەست لەکاردەکێشیتەوە.

جاسوسیکردن بەسەر بەرپرسانی حزبی دیموکرات لە لایەن تاقمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە سەر بە حزبی کۆماری بوو، بەیەکێک لە گەورەترین ریسواییە سیاسیەکانی ئەمریکا دەژمێردرێت و رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە پرسی هڵبژاردن و جێگەورێگەی سەرۆککۆمار لە سیستەمی دادوەری و حوکمڕانی ئەو وڵاتەدا. لەم پرسەدا تەنها گرنگی بە هەستانبەو کارەو ئەنجامدانی جاسوسیەکە بوو نەک ناوەرۆکی تۆمارە دەنگیەکان. ئەو کارە هەم بە یاسا شکێنی دانراو هەمیش بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و هەمیش وەک جۆرێک لە زیادەرەوی لە کەمپینەکانی هەڵبژاردندا. لێرەدا ئەوەی  گرنگ بوو کارەکە بوو واتە جاسوسیەکە ، بەڵام چی لەو تۆمارانەدا هاتبوو ئەوە رۆڵێکی لە کەیسەکەدا نەبینی.

لە دوای ئەو روداوەوە هەر جۆرە جاسوسی کردنێکی سیاسی، راستەوخۆ واتەر گەیت بە بیری مرۆڤایەتیدا دەهێنێتەوە. هەر لەو کاتەوەش ئیتر ئەو جۆرە لە کاری سیخوڕی بەسەر نەیارە سیاسیەکاندا بە قێزەونترین و پڕ ریسوایی ترین رەفتار دادەنرێت و مایەی نەفرەتە.

پاراستن گەیتی پارتی
دەزگای پاراستن، یەکێکە لەدەزگا نهێنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە مێژویەکی دورودرێژی هەیەوە رٶڵێکی گەورەی هەیە لە کاروبارەکانی ئەو حزبەو کوردستاندا. پاراستن دەزگایەکی تەواو حزبیەو لە لایەن بەرپرسە باڵاکانی پارتی و خودی بارزانیەوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم دەزگایە کە بە روکەش خراوەتە سەر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم، وەک بەشێک لە دەزگایەکی حزبی کاردەکات و لە ژێر چاودێری هیچ دەزگایەکی حکومی و تەشریعیدا نییە. لە هەموو ململانێ سیاسیەکانی هەرێمدا ئەو دەزگایانە چاوساغی حزب بون بۆ سیخوڕی کردن و زانیاری کۆکردنەوە لەسەر ناحەز و نەیارانیان. زۆر جار باس لەوەش دەکرێت کە خاوەنی زیندانی تایبەت و دەستەی چەکداری تایبەتیشن. بەلام بەشی زۆری کارەکانی ئەم دەزگایانە بە نهێنی ماوەتەوەو هیچ بەرپرسێکی رەسمی وڵات جگە لە بەرپرسە پلە هەرە باڵاکانی حزب ئاگاداری کار و چالاکی ئەم دەزگایە نین و لە ژێر هیچ جۆرە چاودێریەکیشدا نییە. نازانرێت چۆن بەرپرس و پلەدارەکانی دادەمەزرێت و مەرجەکانی ئەوە چین و بودجەیان چەندەو سنوری کارکردنیان چین.

لە سالانی رابردودا، ئەم دەزگایانە هاوشانی هەندێ دەزگای تری وەک دژە تیرۆر، رٶڵی بەرچاویان هەبوو لە بەدواداچونی پرسی هێزە توندرەوەکان و دەستگیرکردنی چالاکوانەکانیان. لەو روەوە دەبێت بڵێین بەشێک لە سەقامگیری هەرێم قەرزاری شەونخونی و هەوڵی ئەو دەزگایانەیە.

لە دوای توند بونەوەی گرژییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی و بەتایبەت لە دوای ڕێگریکردن لە چونی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شوێنی کارەکەی لە هەولێر و دەرکردنی نایاسایانەی چەند وەزیر و بەرێوەبەرێکی گۆڕان لە پۆستەکانیان لە لایەن مەکتەبی سیاسی پارتیەوە، ئیتر ئاستی ململانێکانی ئەو دوو حزبە بەرەو هەڵکشان دەرۆشت. ماوەیەک پارتی بە خەستی قسەی لەسەر رۆڵی ئاژاوەگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان دەکرد لە پرسە سیاسیەکانداو ئاماژەی بەوەدەدا کە گۆڕان هەمیشە سەرقاڵی چاندنی تۆی نائارامی و پشێوی بووە لە کوردستاندا.  سیناریۆی پارتی لەم ململانێیەیدا بڵاو کردنەوەی چەند تۆمارێکی دەنگی نەوشێروان مستەفای رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە لە چوارچێوەی ئەو ستراتیجەی خودی پارتی بۆ گۆڕان و نەوشیروان مستەفای داناوە. ئەو تۆمارانە رێک رەنگدانەوەی هەمان ئەو قەوانانەیە کە رۆژانە راگەیاندنی پارتی بۆ نەوشیروانی وێنا دەکات وەک کەسایەتیەکی سیاسی شەڕانگێز و ئاژاوەگێڕ و توندڕەو. واتە تۆمارەکان تەوزیفێکی پڕاوپڕی هەمان ئەو تێگەیشتنەی پارتیە لە رۆڵی سیاسی ئەو پیاوەو بزوتنەوەکەی.

ئەم کارەی دەزگای پاراستنی پارتی لە چاندنی  سیخوڕ بەسەر رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و بەکارهێنانی بۆ ململانێ سیاسیەکانی حزبەکەیان  وەک کارتێکی فشار لە پێناو بەچۆکدا هێنانی گۆڕان بۆ پاشگەزبونەوە لە پرسی رێگەنەدان بە مەسعود بارزانی بۆ خۆکاندیدکردنەوە، سەرباری ئەوەی ریسواییەکی سیاسی گەورەیە ، لە هەمان کاتیشدا کارێکی نایاسایی مەترسیدارەو هەق وابو گەر دەزگایەک هەبیت بە ناوی دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی ئەوا لە ئاست ئەم کارە نایاسایی و نا بەرپرسانەیەدا بێدەنگ نەبن.

ئێستا با سەیری دیوە نایاساییەکانی ئەم پرسە بکەین و وەک وتم با لەو گریمانەیەوە دەست پێبکەین کە سەرتاپای تۆمارەکان راست و دروستن و دەستی ساختەکاری و مۆنتاجی بەرنەکەوتووە.

یەکەم: لەم پرسەدا لە روی یاساییەوە سەیری ناوەرۆکی تۆمارەکان و قسەکان ناکرێت. ئەوەی کە دەبێت کاردانەوەی لەسەر دروست بێت تۆمارکردنی دەنگی سەرکردەی حزبێک لە رێگای سیخوڕ و جاسوسەوە. ئەمە پێشێلکردنی  تایبەتمەندی حزبەکانە. رێزنەگرتنە لە خسوسیاتەکانیان. سیخوڕیە لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکان لە رێگای دەزگایەکی تەمام عەیاریحزبیەوەو لە پێناو ململانێیەکی حزبیدا. بۆیە لێرەدا لە روە یاساییەکەیەوە دەبێت تەنها جەخت لەسەر ئەنجامدانی ئەو کارە سیخوڕیە نایاساییە بکرێتەوە نەوەک لەو تۆمارانەدا باس لە چی دەکرێت و جێ دەوترێت. لەم کەیسەدا پارتی تاوانبارە بە چاندنی سیخوڕ بەسەر حزبەکان و خراپ بەکارهێنانی دامودەزگاکانی وڵات کە لەسەر بودجەی گشتی کار دەکەن بۆ مەرامی حزبی و تەوزیفکردنیان بۆ کاتی ململانێ و بارگرژیەکان و وەک بەشێک لە دیعایەی حزبی.

دووەم: دەزگای پاراستن گەر وەک دامەزراوەیەکی دەوڵەتی و یاسایی کار بکات دەبوایە دوای ئەنجامدانی ئەو سیخوڕیە ترسناکە، کە گوایە هەڕەشەی مەترسیداری تێدایە( وەک ئەوەی کە ئێستا راگەیاندنکارە دیارەکانی پارتی کە لە ئاستی باڵای حزبی و حکومیدان وەیا سەرنوسەری ئۆرگانەکانی پارتین وا وێنای گۆڕان دەکەن کە پشکی هەبێت لە تەقینەوەکانی کوردستان)، راستەوخۆ گۆڕان و رێکخەرەکەی روبەروی دەسەڵاتی دادوەری بکردایەتەوەو وەک گەورەترین کەیسی سیاسی و یاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکردایە.

لە راستیشدا هەر ئەمەیە کە نەک گومان، بەڵکو دەمانگەیەنێتە یەقینێکی گەورە کە هەم سیخوریەکەی پاراستن نایاساییەو خۆی لە خۆیدا ریسواییەکی گەورەیە، هەمیش بەشی زۆری ناوەرۆکی قسە تۆمارکراوەکان دەستکاری و ساختەکاری کراون. بۆیە پارتی جورئەتی ئوە ناکات ئەم پرسە رادەستی یاسا وەیا لیژنەی بێلایەنی پسپۆڕ بکات.

سێیەم: سەیر لەوەدایە پارتی کە ماوەیەکە و تەنانەت لە پێش سەرهەڵدانی بەشی زۆری ئەم کێشانەی ئێستا سەرقاڵی ئامادەسازیە بۆ ئەم تۆمارانە، بە گەرمی لە گفتوگۆی گەرمدا بووە لەگەڵ گۆڕاندا. ئەمە تەنها بەیەک مانا دەخوێندرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە لە حاڵەتی تەسلیم بونی گۆران بە داخوازیەکانی پارتی ئەوا ئەم تۆمارە ئامادەکراوانەی بڵاونەدەکردەوە. لێرەدا دەردەکەوێت کە مەترسی گۆڕان بۆ پارتی تەنها لەو دیوەیە کە چەند رازی دەبێت بە درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی نەک مەترسی بەسەر ئاسایشی کۆمەڵگاوە. هەر بۆیە دەزگای پاراستن لە دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەبێتە دەزگایەک بۆ بەرژەوەندیە بەرتەسکەکانی حزب و بنەماڵەی حوکمڕان لە نێو حزبدا.

واتە گەر نەوشیروان مستەفا ئەو کاراکتەرە مەترسیدارەیە بۆسەر سەقامگیری هەرێم و سەرقاڵی پیلانگێرانە بۆ تێکدانی رەوشی ئارامی وڵات، ئیتر بۆ هەموو چاوی پارتی لەدەستی ئەو پیاوەدایە؟ بۆ سواڵی مەرحەمەتی رازیبون بە درێژکرندەوەی ماوەی سەرۆکەکەیانی لێدەکەن و رۆژانە وەفدی لە دوای یەک و گفتوگۆی بەردەوامی لەگەڵ دەکەن؟ نەوشیروانی تەسلیم بوو بە ئیرادەی پارتی نیشتمانپەروەر و خەمخۆر و یەکێکە لە سەکردە مێژوییەکان، نەوشیروانی یاخی لە ویستە نایاسایەکان پارتی کەسێکی شەڕانگێز و توندرەو و دژ بە بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمە. ئەمە ئەو دێڕەیە کە لە کۆی ئەم ململانێیەدا گەڵالەدەبێت.

کێ مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێم؟
لەم ماوەیەدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بوەوە کە پارتی سەرقاڵی ئامادەکردنی دۆسێیەکە بۆ قەدەغەکردنی کاری سیاسی لە بزوتنەوەی گۆڕان. بیانوی پارتی تەنها مەسەلەی خۆپیشاندان و تەقەکردن لە بارەگاکانی بوو. واتە هیچ باسێک لە تۆمارە دەنگیەکان نەبوو. ئەمەش دەری دەخات کە پارتی لە ماوەیەکی خێرادا کاری لەسەر ساختەکردنی ئەو دەنگانەی کردوە، هەر بۆیەش نارۆشنی زۆر بە تۆمارەکانەوە دیارە. بەکارهێنانی تۆماری دەنگی دوا هەوڵی پارتی بوو بۆ راکێشانی سەرنجی نێو خۆ و دەرەوە کە دەرکەوت روبەروی شکستێکی گەورە بوەوەو بە دیوی تریشدا هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی ناوخۆیی لە لایەن حزبەکانی ترەوەولە دەرەوەش لە لایەن وڵاتانی بیانیەوە دروست نەبوو. بەمەش پارتی توشی سەغڵەتی و مایەپوچی بوو هەر بۆیە خێرا دەستبەرداری بەردەوام بون لەم گەمە قێزەونە بوو.

بەڵام بە دیوێکی تردا ئەم پرسە بۆمان دەردەخات کە لە ئێستاو ئایندەدا چ لایەنێک مەترسی زیاتری بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەلایەتی و سیاسی هەرێمەکەماندا هەیە؟

ئایا حزبێک تواناکانی بۆ سیخوڕی نایاسایی بۆسەر حزبەکانی تر و سەرکردەکانی تردا بەکار بهێنێت، ساختەکاری لە دەنگەکانیاندا بکات و بۆ مەرامی خۆی بەکاری بهێنێت و سڵ لە هیچ پرەنسیپێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و یاسایی و سیاسی نەکاتەوە، رێگری لە دامەزراوە شەرعیەکان: پەرلەمان و حکومەت بکات و پەکیان بخات و ئیفلیجیان بکات. ئایا ئەم عەقڵیەتەی کە ئێستا زاڵە بەسەر سەرکردایەتی پارتیداو هەڵی ئەسوڕێنێت، مەترسی نیە بۆسەر ژیانی کۆمەڵگاکەمان؟؟ لەم حاڵەتەدا گەر قسەیەکی جدی لەسەر قەدەغەکردنی حزبێک بکڕێت، ئایا خودی پارتی کە دەزگایەکی جاسوسی لەدەرەوەی یاساو شەرعەیتدا دروست کردوەو لە بودجەی گشتی موچەو دەرماڵەی بۆ تەرخان کردوە، سیخوڕی پێدەکات بەسەر حزبەکانی ترەوە، ئایا ئەم حزبە شایانی قەدەغەکردن نییە؟ یا لانی کەم بەرپرسەکانی ئەم رەفتارانە شایانی دادگایی کردن و ناچار بە وازهێنان لە پۆستەکانیان نین هاوچەشنی ریتشارد نیکسنی سەرۆکی ئەمریکا؟؟

خوێندراوەتەوە4801
     گشت ووتارەکان