عه‌دنان عوسمان

چاییەکی تاڵ
یارییەکە لەگەڵ کەسێکی هەڵەدا کرا‌


پێش چەند مانگێک بابەتێکم نوسی بەناونیشانی : ئەو یەک سەعاتەی کوردستانی هەژاند. لەوێدا بە وردی قسەم لەسەر سەردانەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی کردووە بۆ سلێمانی و هەوڵنەدانی بۆ بینینی کاک نەوشیروان و پێم وابووە( و پێم وایە) ئەوە ئاماژە سەرەتاییەکانی ئەو بارگرژیە توندەی ئەمرۆی هەرێمە.

ئەم وتارەی من لە لایەن هەندێک نوسەر ورۆژنامەوانی پارتیەوە زۆر بە خراپی ئاوەژووکرا کە گوایە من وتومە ئەسڵی کێشەکان ئەوەیە کاک مەسعود و کاک نەوشیروان چایەکیان پێکەوە نەخواردۆتەوە. ئەم چەواشەکاری و بەلارێدا بردنی بابەتەکان  لای من، کە بە نەریتی نوسەرانی حزبی  و شکڵی ململانێ سیاسی و راگەیاندنەکانی کوردستانی دەزانم، ئاساییە و زۆر بەلامەوە سەیر نەبوو، هەرچەندە هەر زوو وەڵامێکی کاک عبد السلام بەرواریم لەو بارەوە دایەوە و پێم وابو ئەو وەڵامە رونکردنەوەیەکی باش بێت بۆ هاوڕێ و هاوکارانی . بەڵام کە ئەبینم لە لایەکەوە هەندێک کەسی تریش بێ ئەوەی وتارەکەی من بخوێننەوە کە رێک پێچەوانەی ئەو قسانەیە، هەمان ئەو قسانە دەجونەوەو، هەمیش پارتی ماوەیەکە هەڵمەتێکی گەورەی بەڕێ خستوە کە گوایە نەوشیروان مستەفا  کەسێکی ئینفعالی و توندرەوەو لەو بارەوە هەم خۆپیشاندنەکان و هەمیش تۆمارە دەنگیەکان بە نمونە دێننەوە، ناوبەناویش ئاماژەیەک بە مەسەلەی چاخواردن و نەخوارندەکەش دەکەن!!.بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە نەوشیروان مستەفا، سەرباری ئەوەی سەرکردەیەکی سیاسی کارامەیە، لەهەمانکاتدا خاوەن کاریزمایەکی بەهێزیشە.  مرۆڤ دەکرێ حەزی لە دیوە سیاسیەکانی نەبێت بەڵام ناتوانێت وەک رۆشنبیرێکی گەورە فەرامۆشی توانا گەورەکانی بکات. دەشێ رەفتارە حزبیەکانیمان هەندێ جار بە دڵ نەبێت ، بەڵام ناکرێت چوارچێوە عەقڵیە مەوسوعەییەکەی نادیدە بگیرێت. ئەم سەنگەر گرتنە لە نەوشیروان مستەفا هەوڵێکی نەزۆکی هەندێک تاقمە بۆ داپۆشینی ئەسڵی کێشەکان لە کوردستاندا کە لە بناغەدا لەسەر شەرعییەت و بەدامەزراوەییکردن و رێزگرتنە لە عورفی دەستاودەست کردنی دەسەڵات نەوەک موجامەلات و خاترێنەو بە موقەدەس پێشان دانی سەرکردەکان. نەوشیروان مستەفا لەو بارەوە دەشێ بە قوتابخانەیەکی گەورەی سیاسی سەیر بکرێت کە هیچ جۆرە سازشێک لەسەر قەناعەتەکانی ناکات. ئەو کاری سیاسی  ورد و بە بەرنامەی خۆی دەکات نە لەسەر بنەمای رق و کینەو نە موجامەلەو سات و سەودا. دێواندنی کاک نەوشیروان لە لایەن راگەیاندنی پارتیەوە تەنها لە پای سەقامگیری و ئیستقامەتی سیاسی و پێداگرییەتی لەسەر بنەما راستەقینەکانی بزوتنەوەکەی دوور لە ویسایەی ئەم و ئەو.
مەسەلەیەکی گەورەی فکری و سیاسی لەم چەشنە کورت ناکرێتەوە بۆ  سەرنەدانێک. ئەم سادەکردنەوەی کێشەکان هەوڵدانە بۆ خۆ دورگرتن لە بنەما ئەسڵییەکانی کێشەکە کە پرسی سەرۆکایەتی و دەستاودەستی دەسەڵاتە لە هەرێمدا.

 بۆیە لێرەدا بە کورتی تر لەسەر ئەو بابەتە دەنوسمەوە. خوێنەرانی جدیش دەتوانن هەر لە پەیجەکەم و ئەرشیفی وتارەکانم لە سایتەکاندا کۆی وتارەکە بخوێننەوە( بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێت رەخنە بگرن!!).

لە راستیدا ئەو وتارەی من ئاماژەیەکی وردە بۆ ئەوەی کە کێیە بە گیانی تۆڵە و بارگرژی و ئینفیعال کار دەکات، وە کێن ئەو لایەنەی دەستپێشخەری ئەم بارگرژیە بون، کێن لەسەرەتاوە دابڕانیان دروست کرد؟ پردەکانی پەیوەندیان داروخاند، خەمە حزبیەکانیان کێشە گەورەو گشتیەکانی لەبیر بردنەوە؟ لەوێدا ئاماژەم بە سەردانە یەک لە دوای یەکەکانی نەوشیروان مستەفا داوە بۆ سەری رەش و کۆبونەوەی بەردەوامی لەگەل مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا لە پێناو چوار ساڵی ئارامدا بۆ گەلەکەمان. نەوشیروان مستەفا لەو روەوە توشی دەیان رەخنە بوەوە ، بەڵام دیارە خەمە گشتی و نیشتمانیەکان لای ئەو لەو وردە حیساباتانە گەورەتر بون. وەلێ بە پێچەوانەوە بینیمان  مەسعود بارزانی سەردانێکی بە پەلەی بۆ سلێمانی رێکخست بۆ گەیاندنی پەیامێک بە گۆڕان و لایەنەکانی تر و ئەوەش سەرەتای دەرکەوتنی بارگرژیەکانی ئێستایە لە هەرێمدا. بەلام دیارە پەیامەکەی ئاراستەی ئەدرەسێکی هەڵە کردبوو!!

کەواتە ئەوە بارزانی و پارتییە، کە بە پلەی یەکەم بەرپرسیاری ئەو واقعە تاڵ و نالەبارەی ئێستان و هەرئەوانیش دەبێت بەرپرسیارێتیەکەی هەڵبگرن.

لەو وتارەدا من پێم وایە یەکتر نەبینینەکە ئاکامە نەک هۆکار، بە پێچەوانەی لێکدانەوەی ئەو بەڕێزانەوە. خۆ حەتمەن بە گوێرەی زانستی سیاسیش بێت دەبێت لە بناغەدا هۆکارگەلێک هەبێت بۆ ئەوەی ساردی بکەوێتە نێوان لایەنەکان و ناچار بەوە بن سەردانی یەکتر نەکەن و پەیوەندیەکانیان لاواز بێت. بۆیە دەشێت ئەو سەردانەی بارزانی بۆ سلێمانی وەک ئاماژەیەک بۆ نییەتی راستەقینەی پارتی لە ئاست پەیوەندیان لەگەڵ گۆڕاندا سەیر بکرێت.

 لەو وتارەدا ئاوام نوسیوە:
"لەوانەبو ئەمە ئاسایی بوایە(واتە سەرنەدانی بارزانی بۆ لای کاک نەوشیروان)،  ڕەنگە  سەرۆکی پارتی کاتی تەواوی لەبەردەستدانەبوبێت وەیا پێشتر هەماهەنگی بۆ یەکتر بینینەکە نەکرابێت، وەیا رێکخەری گۆڕان کات و ئامادەیی تێدا نەبوبێت و دەشێت لە سات و کاتی تردا یەکتر ببینن، واتە مەرج نییە هەر سەردانێکی کاک مەسعود بۆ سلێمانی دەبێت دیداری کاک نەوشیروانی تێدا بێت وەیا هەر سەردانێکی کاک نەوشیروان بۆ هەولێر دەبێت بینینی کاک مەسعودی تێدا بێت."

" بەڵام  ئەمە وانییە،لەراستیدا سەرنەدانی کاک مەسعود بۆ لای کاک نەوشیروان جۆرێک لە هەڵوێستی سیاسی و بە پلان و نەخشە بوە نەک رێکەوت."

وەک ئاماژەشم پێکردبو ئەو پەیامە بە ئاشکرا لە لایەن یەکێک لە هاوەڵانی بارزانیەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنرابو،کەواتە ئەو لێکدانەوەیە پشتئەستور بو بە دەربڕینی نیگەرانیەکانی بارزانی بەرامبەر گۆڕان و خودی کاک نەوشیروان.

"ئەم هەنگاوەی سەرۆک(ئەو کات سەرۆکی هەرێم بوو) وە تەنها ئەم هەنگاوە، سەرەتای ئاڵۆزبونی پەیوەندیە سیاسیەکانی هەرێم و روکردنێتی لە تونێلێکی تاریکی داخراو. سەردان و یەک نەبینینەکە مەسەلەیەکی لاوەکییە لە ئاست پەیامی پشت ئەو هەنگاوەوە. چونکە سەرۆک ئەو سەردانەی تەنها بۆ ئەو مەبەستە رێکخستبوو، وە تەنها دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت. بۆیە بەو حوکمەی هەم خۆی هۆکاری ئەو وەزعەیە، وە هەم کەسی باڵای یەکەمی هەرێمە، دەبێت بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم بارودۆخە لە ئەستۆ بگرێت و دان بەوەدا بنێن کە سیاسەتەکانیان زۆر حزبی و زۆر تەسکبین بوون. ئەمەش مەترسیەکی گەورە بۆ ئایندەی هەرێمەکە دروست دەکات لە کاتی هەوڵدان بۆ چەند بارە کردنەوەی خولی سەرۆکایەتی هەرێم."

ئەو وتارە لەسەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵدا نوسرابوو، دیارە پێشبینیەکانی من لەو بارەیەوە بەداخەوە هاتنە دی و ئێستاش ئەبینین ئەو سیاسەتی خۆبەگەورە زانین و حسابنەکردن بۆ لایەنەکانی تر خودی پارتی توشی چ گێژاوێک کردووە.

خوێندراوەتەوە2902
     گشت ووتارەکان