عه‌دنان عوسمان

تکایە گۆڕان تاقی مەکەنەوە‌


کاتێک گۆڕان بڕیاری بەشداری کردنی لە حکومەتدا، کاک نەوشیروان مستەفا رای گەیاند کەوا کار بۆ ئەوە ئەکەن چوار ساڵی داهاتوی هەرێم، چوار ساڵی پڕ ئارامی بێت. وەک بینیمان سەرباری رێگریە زۆرەکان، سەرباری قەیرانەکان، گۆڕان سوور بوو لەسەر بەجێ گەیاندنی ئەجیندای خۆی لەبەشداری فەعالانە لە حکومەت و پەرلەماندا وە وەک دەبینین هیچ بەرپرسێکی پارتی ناتوانن باس لە بێخەمی و لاوازی ئەندامانی گۆڕانی کابینەکە بکەن، بەڵکو بە ستایشەوە باس لەو ماوە کەمەی کارەکانیان دەکەن.

ئەوەی کە بڕیاریدا ئینقلاب بەسەر ئەو ئارامییەدا بکات پارتی بوو. سەرەتا بە گوێنەدان بە یاساو عورفی سیاسی و داواکاری سەرجەم لایەنەکانی تری کابینەکە لە دۆزینەوەی رێگە چارەیەکی گونجاو بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، پاشانیش بە رێگەگرتن لە ئیش و کارەکانی پەرلەمان و رێگەنەدان بە دەوام کردنی وەزیر و بەرێوەبەرەکانی گۆڕان لە کابینەکەدا. ئەم ئینقلابە سەرجەم رێککەوتنەکانی هەڵوەشاندەوە، کوردستانی گەڕاندەوە بۆ خاڵەکانی سەرەتا لە ململانێی دواکەوتوانەی دور لە رێزگرتن لە دامودەزگاکان و یاسا بەرقەرارەکان.

کاک نەوشیروان و هاورێکانی هەموو هەوڵێکی راستگۆیانەی خۆیاندا بۆ دەربازبون لەم قەیرانانەو ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە. لە غیابی کاک نەوشیرواندا کۆمەلێک لە هاوڕێکانی کە تەمەنێکیان لەگەڵ ئاسەوارە پڕ لە مەینەتیەکانی شەڕی ناوخۆ و ململانێکاندا بەسەر بردوە، ئیدارەی دۆخەکە ئەدەن. ئەو بەڕێزانە بەو پەڕی پشودرێژی و هەوڵدان بۆ رزگارکردنی دۆخەکە لە چەقبەستویی و ئاڵۆزبونی زیاتر کار دەکەن و لە هەوڵێکی بەردەوامدان. بەرامبەر ئەوەش جگە لە غرور و سەرەرۆیی و پێداگری لەسەر ئەو کارە نایاساییانە هیچ پەیامێکی تر لە پارتیەوە ناگات.

ئەم دۆخە بەو شێوەیە ناڕوات و ناتوانرێت ئیدامەی هەبێت. پەتی تەحەمولی گۆڕان و گۆڕانخوازان تا دێت بەرەو کۆتایی دەروات.

بەڵێنی ئارامی لە چوارچێوەی رێزگرتن لە دامەزراوەکان و یاساکان و شەرعییەتدا بووە. ئەو بەڵێنە بەندە بە رێزگرن لە رێککەوتنەکان و دورکەوتنەوە لە پاوانخوازی و خۆسەپاندن، بەڵام گەر لایەنێک ئاوا ملهوڕانەو دور لەهەموو بەهایەکی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی نەک هەر پابەند نەبێت بەو رێککەوتنانەوە، بەڵکو سەرقاڵی چەواشەکاری و ئالۆزکردنی کەش و هەوای سیاسی بێت، ئەوا بە دڵنیایەوە گۆڕانیش چیتر پابەندی ئەو بەڵێنە نابێت و سەردەم و قۆناغێکی تر دەست پێدەکات کە بە هیوای رودانی نین. بەهیواین پارتی لەو هەنگاوە نایاسایانەی پەشیمان بێتەوەو داوای لێبوردن بکات و دامەزراوەکان بکەونە ئیشی خۆیان و پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی یاساو موئەسەساتدا دەست پێبکاتەوە.
بە پێچەوانەوە مەعلومە نابێت گۆڕان تاقیبکرێتەوە. ئەوە یارییەکی مەترسیدارە.

خوێندراوەتەوە2718