كاردۆ محه‌مه‌د

لەم یارییەدا کێ براوەیە؟‌


پەرەسەندنی روداوەکان و گرژی نێوان لایەنەکان بەگشتی و گۆڕان و پارتی بەتایبەتی، گەیشتۆتە ئاستی لوتکە و لێکترازان. لە کاتێکدا بڕیار بو ئەم چوار ساڵەی پێکەوەبون، چوار ساڵی سەقامگیریی بێت لە هەرێمی کوردستاندا. دەرکەوتنی کێشەی تر و شەڕی تیرۆرستان و تەنگەژەی ئابوری، رەوشەکەی بە ئاقارێکی تردا برد.

لەهەلومەرجێک دا کورد لە سەرتاسەری دونیا چاوی ئومێدی لە چارەنوسی باشوری کوردستان و سەربەخۆیی ئەم بەشەی کوردستان بو. دەرئەنجامەکان رۆژ بەرۆژ دەریانخست گرفتەکان بە ئاقاری گرژیی و قوڵبونەوەی کێشەکان دەڕۆن و ئەو کارو بەرنامانەش کە دانران لەو چوار ساڵەدا جێبەجێ بکرێن، نەخرانە بواری پراکتیکییەوەو زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم پەکخرا، هەوڵ هەبو بۆ رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڵام لێکترازان زیاتر بو. لە جیاتی یەک ئیدارەیی گفتوگۆی دابەشبون و دو ئیدارەیی زەقکرایەوە. لە جیاتی یەک خاکی و یەک جوگرافیا، دابەش بون نزیک بۆتەوە.

کێشەی نێوان جەماوەرو دەسەڵاتداران لەسەر دادپەروەریی و بژێوی ژیان گەیشتۆتە بنبەست! پێویستە هەستی بەرپرسیاریەتی بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکەو گفتوگۆی راشکاوانە بۆ چارەسەرکردنی کردارە نایاساییەکان و دانانی پرۆژەیەک بۆ بە دامەزراوەکردنی وڵات ببێتە ئەرکێکی هەنوکەیی، لە سۆنگەی بڕوابون بەکاری پەرلەمانی و رێزگرتن لەسەنگی یەکتر و گەمەی دیموکراسی و رێزدانان بۆ هەمو ئەو هێزو لایەنانەی کە هاوڵاتیانی کوردستان دەنگی پێداون.

لایەنێکی تری دیمەنە سیاسییەکە ئەوەیە بزوتنەوەی گۆڕان پێداگیریی لە بەردەوامی و بەشداریکردنی لە پرۆسەی سیاسی دەکات، وەک بەشێک لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لەم قۆاناغەدا، دەنا کێ ئیرەیی بەهێزێک لە بەشداریکردن لە حکومەتێک دەبات کە چوبێتە سەر کاسەی بەتاڵ و هێزێکی پێشمەرگەی دابەشکراو، پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەستێنراو، بازرگانی پەکخراو، بازاڕی قۆرخکراو. نەکشانەوەی گۆڕان لەم حکومەتەدا بۆ سەرخستنی دۆزی دیموکراتی و دادپەروەرییە لە پێگەی دەسەڵاتدا، چونکە بەڵێنمان بە دەنگدەرەکانمان دابو نمونەیەکی جیاواز لە ماوەی چوار ساڵی حکومڕانی پێشکەش بکەین. یەکەمین وێستگەی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەش بە رێکەوتنی هێزی براوەی یەکەم و دوەمی هەڵبژاردن و دواتریش بەشداری هەر پێنج لایەنەکە لە پێکهێنانی حکومەتدا، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنی پێکهێنانی ئەو حکومەتە یەک لایەنە نابێت و پێویستی بەڕێکارە یاسایی و پەرلەمانییەکانە، نەک بڕیاری مەکتەبی سیاسی حیزب، ئەم بڕیارە تاک لایەنە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتاکانی راپەڕین و سەردەمی بەرەی کوردستانی.

داوای گۆڕان بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخەکەو گەڕانەوە بۆ پێش ١٢ی ئۆکتۆبەرو ئەوسا دەسکردن بە گفتوگۆی سیاسی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی یاسایی و سیاسی و نەتەوەیی، بەردەوامی دان لەسەر هەڵە و بە هەڵە چارەسەرکردن یاریکردنە بە ئاگرو مامەڵەکردن بە لۆژیکی هێز ئارامی و سەقامگیریی دروست ناکات. بەڵکو قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە و وڵاتەکەمان و ژێرخانی ئابوری و سیاسی توشی داڕوخانی زیاتر دەکات و ئەوسا چارەسەرکردنی لە ئێستا ئەستەمتر دەبێت لە گەیشتنە لوتکەی گرژی و ململانێ توندەکاندا، رەنگە ئەو پرسیارە بکرێت و بڵێین لەم یارییەدا کێ براوەیە؟ لەم بارودۆخە کێ سودی بینی و کێ زەرەرمەند بو؟ ئەوەی پێی وابێت هێزێک یان دوان زەرەرمەند و سودیان بینی، بە هەڵە لە هاوکێشەکان گەیشتوە، لە یارییەکدا هەمو دەزگا شەرعییەکانی وڵات توشی ئیفلیجی هاتبن و وڵات لە بەردەم ئاستەنگی گەورە دابێ هەمو لایەک لێی زەرەرمەند دەبین، هەر یەک بەپێی قورسایی و سەنگی خۆی. ئەوانەی هەوڵی قوڵکردنەوەی تەنگەژەکانیش دەدەن، بێگومان لە هەمو لایەک زیاتر زەرەرمەندتر دەبن!

خوێندراوەتەوە1293
     گشت ووتارەکان