لاوک سەلاح

سیناریۆکانی پاش هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی بنکە فراوان‌


سەرکێشییەکانی ئەم دواییەی پارتی نەوەک تەنها زەنگی مەترسیدارن لە کۆی پرۆسەی سیاسی و دامەزراندن و بەرجەستەکردنی بنەماکانی دیموکراسی بەڵکو شۆر دەبێتەوە بۆ ئیدارەکردنی هەرێم و بەڕێوەبردنی دەزگاکان و هەموو ئەو سەرچاوە مرۆی و سروشتی و داراییانەی کە لە هەرێمدا هەن، زیانێکی گەورە بە هەموو دەزگاکان دەگەیەنێت و ئیفلیجیان دەکات و ماف لە هەموو لایەک دەسەنێتەوە کە بڕیار لەسەر هەر پرسێکی چارەنووساز بدریت، بۆ نموونە پێکهاتەی وەفدی دانوستان لەگەڵ بەغدا کە لە ئێستادا حکومەتی هەرێم لەو پەری ناچاریدایە برەو بە دانوستەکان بدات لەگەڵ بەغدا، ئەم دۆخە لە ئەنجامی سیاسەتە چەوتەکانی پارتی بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، ئەوەندەی پەیوەستە بە مەلەفی نەوتەوە، سەرباری خوێندنەوەی هەڵەی پێگەی جیۆپۆلۆتیکی کوردستان.

نموونەیەکی دیکە لەو پرسە ستراتیژیانە مافی بەڕێوەبردنی ئەو سەرمایە و سەرچاوانەیە کە لەو ناوچانەدان کە لە ژێر رکێفی پارتیدا نین، پارتی زۆر بە ئاشکرا پەیامی بەهەموو لایەک و پارتێکی سیاسی دا کە ئەوەی پەیرەوەی رێنماییەکانی نەکات لە هەولێردا جێی نابێتەوە. هەر بۆیە پارتی مافی بەڕێوەبەردنی ئەو سەرمایە و سامانە سروشتیانەی ئەو ناوچانەی نییە کە خۆی دیواڕێکی ئەستووری لە بەرامبەردا هەڵچنیووە، ئەمەش بەداخەوە سیناریۆی زۆر مەترسیداری داهاتووی نزیکە کە بە دەستی ئەنقەست و بە بێ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی ئەو جۆرە  سەنگەرەی دامەزراندووە.

بە رامبەر بەم ناهەقییە دەبێت کاری داهاتووی پارتە سەرەکییەکان و تەنانەت ئەوانەی نوێنەرایەتی گروپەکانی دیکەش دەکەن چی بێت؟ لە راستیدا دەبێت هەماهەنگی راستەقینە و پتەو لە نێوان هەموو لایەکدا بەردەوام بێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی نەوەک حیزبایەتی، لەبەر ئەوەی لەم دۆخەدا هیچ جۆرە گرێنتیەک نییە کە هەنگاوی داهاتووی پارتی چی دەبێت. هەر دەستپێشخەریەک ئەگەر هەبێت دەبێت لە پارتییەوە بێت و لەسەر بنەمانی رێزگرتن لە ئیرادەی سیاسی پارتەکان وهاوڵاتیان بێت، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆران، هەروەها رێزگرتن لە ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانی کوردستان بێت. ئایا پارتی تا چەند ئامادەیە شتەکان بخاتەوە شوێنی گونجاوی خۆیان بۆ ئەوەی مانا بۆ کۆی پرۆسەی سیاسی هەرێم بگەرێنێتەوە. ئەمە پرسیاری سەرەکی و جەوهەرییە، کە گومان دەکەم ئەم هەنگاوە بنێت ئەگەر فشاری ناوخۆ و دەرەکی لەسەر نەبێت.

ئەوەندەی پەیوەندی بە چوار پارتەکەی دیکەوە هەیە، وابزانم شتێکی وا لە دۆخەکە نەگۆراوە کە دەستبەرداری تێگەیشتنەکانی پێشوویان بن بەتایبەتی قەیرانەکانی سەرۆکایەتی و دەستەڵاتەکانی و نەبوونی موچە و کێشەی ریفۆرمکردنی حکومەت و بەردەوامیبوونی هەرەشەکانی داعش و وشکبوونی بازاڕ و راگرتنی هەموو پرۆژەکان زیانی کوشندە بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەگەیەنێت، دۆخەکە تا دێت بەرەو خراپتر دەروات، هاوشان بەوە هەڵوێستی سیاسی پارتی تا دێت توندتر دەبێت بەرامبەر پێکەوە ژیان لەگەڵ پارتەکانی تردا کە لە دەرەوەی سنووری قەڵەمرەوی خۆی کار دەکەن.

ئێمە سەرلەنوێ لەبەردەم وەچەرخانێکی زۆر هەستیاری دیکەی مێژووی و تاقیکردنەوەیەکی دیکەداین کە ئەنجامەکانی زۆر سەرسەخت دەکەوێتەوە، کار وا بڕوات چاوەڕوانی هەرسێکی گەورەی دیکە دەکەین لە جۆری رووخاندنی کۆماری مهاباد و هەرەسی شۆرشی ١٩٧٤. تکایە با بە هەموو بەر بەو سیناریۆیانە بگرین کە هەرەشەی گەورەن لە سەر کۆی پرۆسەی سیاسی و ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان.

خوێندراوەتەوە704