بابه‌كر دڕه‌یی

ئەم چەرخەش وەردەگەڕێ..‌


سیاسەت و ستراتیژی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆنترۆلکردنی کۆی جومگەکانی دەسەلاتی حکومەت و پەرلەمان و هەوڵدانیان بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی دژی حوکمی ئەبەدی و تاقەکەسین، ئەوەی لێکەوتەوە کە بە جۆرێکی دوور لە هەمو عورفێکی سیاسی و یاسایی ڕێ بە سەرۆکی پەرلەمان بگرن و کاری پەرلەمان پەک بخەن.

سەرەتاکانی ئەم ستراتیژە لەو کاتانەوە دەرکەوت کە گفتوگۆکان بەو ئاقارەدا دەڕۆیشتن کە بزوتنەوەی گۆڕان بە هیچ کلۆجێ ڕازی نابێت بە درێژکردنەوەی ماوەی بەڕیز بارزانی بۆ دو ساڵی تر یاخود ئامادە نییە لەوبارەوە سازشێکی پەرلامانی و یاسایی بکات.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاو حزبەکانی تری ناو پەرلەمان زۆرینەیە، بەلام ئەم زۆرینەیە هیچ کاتێ ڕیگا بە پارتی نادات بە دوور لە بنەما یاسایی و سیاسیەکان رەفتار بکات و بیگومان رەفتاری ئەم دواییەی دەزگاکانی پارتی گەیاندیانە ئاستێک کە ئیتر بۆ هیچ کەس قبوڵ نەکرێت رەفتاری ئاوا لە ولاتەکەیدا ببینێت لە کاتیکا دەیان ڕیگای تری لێکدابڕان هەبون کە دەکرا پارتی لانیکەم لەبەر مەکانەو پێگەی خۆی گرتبانیە بەر.

ئاشکرایە کە ڕێگرتن بە پەرلەمانتاران لە دێگەڵەو دواتر سەرۆکی پەرلەمان لە پردێ، ئەو زنجیرە سیاسەتە تەواو دەکەن کە پارتی دەیەوی بۆ تەختکردنی ڕیگای حوکمی هەتاهەتایی وڵات بیگرێتە بەر و دیموکراسسی و دەساودەسی دەسەلات لە کوردستانا بخاتە مۆزەخانەوەو کارێ بکات کەس نەوێرێ باس لە گۆڕینی کەسەکان و دەسەلاتدارەکان بکات جا بە پاساوی سیاسی بێت یان یاسایی.

بەڵام ئەم چەرخەش وەردەگەڕی..

یەکەم: بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی سورە، و تا ئەم جوڵانەوەیەش لەسەر گۆی زەوی هەبێت، دەنگدەرو دامەزرینەرەکانی نایەڵن لە ڕیگای دیموکراسیەت و بنچینە سەرەکیەکانی ئازادی و لیبرالیزم کە دەساودەسی دەسەلات یەکیکە لە کۆلەکە هەر گرنگەکانی، لابدات.. بەو جۆرە هیچ حزبێک لە کوردستانا ناتوانێ بزوتنەوەی گۆڕان نادیدە بگرێت و حساب بۆ دەنگ و ڕەنگ و قورساییە جەماوەری و سیاسیەکەی نەکات.

دوەم: بەشداری کابینە لە بنچینەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئەرکێک تەماشا ئەکرا. کابینە و دەسەلات بۆ کۆرانخوازان وەک ئامرازیک بون بۆ خزمەتکردنی خەڵک و لە هەمان کاتا بۆ ئەو مەبەستە بون ئەوەندەی دەکرێ عەدالەتیکی ئابوری لە ڕێی شەفافیەت و چاودێرییەوە بەدی بێت.. بۆ هەڵسوراوانی گۆڕان دەسەلات و کابینە خزمەتکردن نەبو بە کەسەکان و دۆشینی دەزگاکانی دەوڵەت نەبو وەک لە ساڵانی رابوردودا بە ئەنقەست یا بە نەشارەزایی پەیرەو کرابو.

سێ: ئامانج لەم گەمەیەی کە پارتی بە دوور لە پرەنسیپە راگەیاندراوەکانی خۆی و تەنانەت عورفە نەریتیەکانیش پەنای بۆ برد، لابردنی لەوەندو ڕیگرەکانی بەردەم دو ئامانجە:

١. دریژەدان بە حوکمی تاقەکەسی بەدەر لە پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت و فەزای جیهانی و ناوچەیی؛
٢. هیشتنەوەی نەوت وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی کوردستان بە ناشەفافی لەدەست تاقمێکی دیاریکراو کە رابەریەکەی بەدەست کەسە سەرکیەکانی پارتی یەوە بێت.
ئەم ئامانجانە ناهەقن و لەگەڵ عەدالەت و ویژدانی ئازاد و بنەماکانی مافی ئینسان و ئازادیدا ناگونجێن.
چوار: بەردەوامی پارتی و سەرۆکی ئیستای کابینە لە کاری پەراویزخستن و سڕینەوەی کاریگەری بزوتنەوەی گۆڕان لە خراپترین حاڵەتیا بەوە دەگات کە هیچکەس لەم حزبە سیاسیە لە دەزگاکانی دەوڵەتا نەمێنێت و بە حساب جادەکە تەخت بێت بۆ ئەو ئامانجانەی سەەرەوە.
پێنچ: بەلام بەدەر لە هەر گفتوگۆو سازش و دانیشتنیکی دوقۆلی و سیقۆڵی نیوان لایەنەکان، بەدەر لە ئەگەری سازشکردنی هەرکام لە فراکسیٶن و حزبەکانی ناو مەیدانی سیاسەتی کوردی، و تەنانەت بە دەر لە دۆخی ئابوری کوردستان و قەیرانە دەسکردو واقیعییەکانی و دەستتێخستن و چاوتێبڕینی وڵاتانی دراوسێ لە هاوکێشەکانی ناوخۆێ وڵات، بزوتنەوەی گۆران وەک هیزێکی قایم، مەبدەئی، یەکگرتو، مەدەنی و دوور لە هەر رەفتارێکی شەرانی و توندوتیژ دەمێنیتەوە و لەو خەباتەدا بەشدار دەبێت کە بۆ سەرخستنی ئازادی و عەدالەت لەم وڵاتەدا بەردەوامن و مرۆگەلێکی بێشوماریان بۆ چۆتە ژێرخاک.

ئەزمونی زۆر وڵات پێمان دەڵی ئیمە جگە لە پرەنسیپی ڕاست و دروست، جگە لە قەناعەتی تەواو بە مافەکانی خەڵک بۆ ژیانێکی هاوچەرخ و ئینسانی چیترمان پێویست نییە بۆ بەردەوامبون... هەروەها و لە هەمان کاتا ئەو ئەزمونانە فیرمان دەکەن کە تۆپ و دۆشکەو گشت جۆرە ئامرازەکانی توندوتیژی نەفسی و سیاسی و عەسکەری، لە چاو ئەو مەسەلانەدا کە گوزارشت لە راو بەرژەوەندی گشتی و مێژویی میللەت دەکەن، کەمبەهاو بێسودن و ناتوانن لە دریژماوەدا ڕیگر بن لەو گۆڕانکاریانەی عەقل و میژوی مرۆڤ بانگهێشتی کردون و ئەمڕۆ ناسبەی هەردەبێ ڕوبدەن.

ئەمچەرخەش وەردەگەڕێ و هاوکێشە سیاسیە ناوچەیی و ناوخۆییەکان لە قازانجی حوکمی هەتاهەتایی کەس نین... ئەرکی سەرجەم خوازیارانی ئازادی و دیموکراسییە لە کۆی پرۆسەی سیاسی ولاتەکەمان تێبگەین و بەوپەڕی نەرمو نیانی، بە لۆژیکی عەقلانی و یاسایی، بە روحی ناتوندوتیژی و دوور لە ڕق و تۆڵەستاندنەوە، بەرەنگاری ئەو کەسانە ببینەوە کە بەرەژەوەندی گشتیان ناوێ و خۆیان لە زۆرینەی میللەت پێ شایستەترە کە تا ڕۆژی هەستانەوە دەمڕاست و دەسەڵاتبدەستی بن.

خوێندراوەتەوە1657
     گشت ووتارەکان