كاردۆ محه‌مه‌د

نهێنی بێدەنگی هەولێر .!‌


زۆر جار لەتەنگەژە و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستاندا، هەولێر بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەم بێدەنگییەش لە زۆر لاوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا وەک هەمو شار و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، هەولێر پێکهاتە و کولتوور و سرووشتێکی تایبەتمەندی هەیە، هەمو شارەکانی کوردستان بەگشتی و هەولێر بە تایبەتی مێژووی کۆن و نوێی پڕە لە داستان و سەروەریی مەزن، بەتایبەتیش مێژووی گیان فیدایی داستانی گەورە و پێشمەرگەی مەرگ مەزێن و تێکۆشەری دیاری ناو زیندانەکان و بەردەم پەتی سێدارە، هەندێ لەو کەسایەتییانە وەک پاڵەوانی نەتەوەکەمان ئەژمارکراوە، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا بەردەوام ئەم پرسیارە دەکرێت هەولێر بۆ بێ دەنگە؟!

لە مێژووی نوێی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانیشدا هاوڵاتیانی هەولێر بە شێوازی جیاواز هەڵوێستی ناڕەزاییەتی خۆی دەربڕیووە، هەندێجاریش  بیدەنگیەکەی پرە لەناڕەزایی شاراوە و قسەی نەوتراو، هەولێرییەکان چۆن ناڕەزاییان دەربڕییوەو چۆن هاتووە سەر شەقام ئەمە جێگەی گفتوگۆی جیاوازە، بەڵام بەهۆی یادەوەرییە تاڵ و رووداوەکانی رابردووی نێوان حیزبەکان و شەڕی ناوخۆ و  پەرۆشی خەڵکەکە بۆ پێچەوانەبوونەوەی ئاراستەی ناڕەزایی و ململانێکان بۆ وێرانبوونی ناوچەکە،  یەکێکە لە ئاستەنگەکانی درەنگ بڕیاردانی هاوڵاتیانه هەولێر بۆ خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی لە شەقامدا، نەک ئەوەی وەک هەندێ کەس دەڵێن نەبوونی ئیرادەی ئازایەتی هاوڵاتیانی ئەم شارە بۆ شەڕکردن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان، ڕێگرە لە بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتییان!دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت هاوڵاتیان ئەو راستییەیان لەبەرچاوە ئەوان لەوڵاتێکدا دەژین دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە بەڕێوەبردنی خۆماڵی تا هەنووکە بەرپرسانی ئەم وڵاتە نەیانتوانیوە بناغەی بەڕێوەبردنێکی دامەزراوەیی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن، لە هەمو بوارەکانی دادپەروەریی و سوپای نیشتمانی و ڕێکخستنی ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان بۆشایی گەورەمان هەیە.

هەمومان لەبەرچاومانە چۆن حیزب لەم هەرێمەدا هەمو کایەکانی قۆرخ و مۆنۆپۆڵ کردووە، حیزبیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی سڵ لە هیچ زەبرو زەنگێک ناکاتەوە و باکی بە ئایندەی چارەنووسی نەتەوەکەی نییە و لە خەمی بەرژەوەندی تایبەتییەکانی خۆیدایە. لەگەڵ هەبوونی هەمو ئەو راستییانەشدا وەک لە رابردوو بینیومانە شاری هەولێر، دوو دڵ نییە لە خەباتی مەدەنی و لە دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی ستەمکارییەک کە پێشێلی مافە سەرەتاییەکانی دەکات و ئازادی لێ زەوت بکات.

دەمەوێت ئاماژەش بەوە بدەم لەم چرکەسات و  ڕۆژگارانەدا کە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دەنگی ناڕەزاییەتیان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشبێ دەنگە و هیچ پلان و نەخشەڕێگەیەکی نییە  بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان، ئا لەم چرکەساتانەدا،  خەڵکی هەولێر بێ دەنگ نییە و لە پیێناو مافەکانیدا بە شێوازی جیاواز ناڕەزایی خۆی دەربڕیووە و بۆ جوڵان و گوشاری بەرهەمدار درێغی ناکات  و هەر چاکسازی و گۆڕانکارییەکی بابەتی گەورەو بەرفراوان بە بێ هەولێر مەحاڵە. بۆیە خەڵکی هەولێر نەک پەرۆش و بەشدارە لە گوشار بۆ گۆڕانکارییەکان بەڵکو هەولێر لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێتە پایتەختی گۆڕانکاریی.!





*سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

خوێندراوەتەوە2933
     گشت ووتارەکان