تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
نەمویست لە ئێستادا لەسەر ئەم پرسە قسە بکەم، بە تایبەت کە ئێمە لە لیژنەکە لەسەر ئەوە رێککەوتوین کە زۆرتر قسە لەسەر ئەو خاڵانە بکەین کەلەسەری رێککەوتوین نەک ئەوەی کە هێشتا کێشەی لەسەرە یا یەکلا نەبۆتەوە، بەڵام وا ئەبینم ژاوەژاوێکی زۆر خەریکە لەسەر ئەم مەسەلەیە پەیدا ئەبێت و بە ئاراستەیەکی ناراستدا دەروات و، بوارێکی بە جۆرێک لەچەواشەکاری داوە، خەڵکانێک دەیانەوێت ململانێ سیاسی و حزبی و ئایدۆلۆجیەکانیان لەسەر ئەم مەسەلەیە ساغ بکەنەوە. بۆیە هەم ئیمە دەبێت قسەی تەواوی لەسەر بکەین و هەمی مافی خڵکە کە سەرجەم راستیەکان بزانن وە لەوە تێبگەن ئەسڵی ناکۆکیەکان لەسەر چین. سەرەتای بابەتەکە ئێمە لە سەرەتای کارکردندا لە لیژنەی ئامادەکردنی دەستور، بڕیارمان دا لیژنەیەکی بچوک پێک بهێنین بۆ ئامادەکردنی مادەکانی پەیوەست بە دیباجەو بنەما سەرەکییەکان، وەک هەوڵێک بۆ نزیککردنی بیروراکان و سودبینین لە کات. ئەو لیژنە بچوکە، کە نوێنەری سەرجەم لایەنەکانی تێدا بوو، وەرەقەیەکیان ئامادە کردبوو لەسەر پێشەکی و ئەو ماددانەی پەیوەستن بە مافە سەرەکییەکانەوە. ماددەی ١١ تەرخان کرابوو بۆ پرسی جێ و شوێنی ئاینەکان لە دەستوردا. لەو وەرەقەیەدا حەوت را یاداشت کرابوو کە رەنگدانەوەی تێگەیشتن و ئیجتیهادی ئەندامەکانە. لەو حەوت بۆچونەدا، یەک خاڵی تێدا نییە کە باس لە فەرامۆش کردنی پرسی ئاین بکات وەیا دان نەنێت بە ئیسلام وەک ئاینی زۆرینەی کۆمەڵگا، یا بیەوێت بەهیچ شیوەیەک باس لە ئاین نەکرێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکو لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی گفتوگۆی ئەم پرسە، بۆ جارێکیش کەسێک یا لایەنێکی نێو لیژنەکە دور و نزیک باسی لەوە نەکردوە کە هەق وایە ئەم ماددەیە هەڵبگیرێت وەیا پێویست ناکات لە دەستوردا مادەیەکی لەو چەشنە هەبێت. ئەوەی کە ئێستا لە هەندێک میدیا و ناوەندەوە دەوترێت جگە لە ناراستی و چەواشەکاری هیچی تر نیە، کە گوایە هەندێک لایەن لەگەڵ ئەوە نین بە هیچ شێوەیەک باس لە شەریعەت و بنەماکانی، یا ئاینی زۆرینەی کۆمەڵگا بکرێت. خۆ گەر ئەم بابەتە بە ئاراستەیەکی سلبیدا بڕوات ناچار دەبین داوای بڵاو کردنەوەی سەرجەم پرۆتۆکۆلەکانی پەیوەست بەم بابەتەوە بکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان راستی و دروستی ئەم مەسەلەیە بزانن. بۆیە زۆر ناراستە کە دەوترێت هەندێک لایەن جگە لە ئیسلامیەکان هەڵوێستێکی سلبیان لەسەر پرسی ئیسلام لە دەستوردا هەیە. تاوتوێ کردنی پرسەکە لەیەکەم دانیشتنی گفتوگۆ کردن لەسەر ئەم پرسە کۆمەڵێک نامەو یاداشتمان خوێندەوە کە لەلایەن هەندێک رێکخراو و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە هاتبون، هەندێک لەو یاداشتانە داوای ئەوەیان دەکرد کە نابێ بە هیچ شێوەیەک باس لە ئاین بکرێت و تەنها قسەلەسەر هاوڵاتی بون بکرێت، هەندێکی تر لەگەڵ ئەوە نەبون کە بنەماکانی شریعەت بکرێتە تەنها سەرچاوەی یاسا وەیا هیچ یاسایەک دەرنەچێت دژ بە حوکمە نەگۆڕەکانی ئیسلام. دوای گفتوگۆیەک لەسەر ئەو پرسە و دەرخستنی بۆچونە جیاوازەکان، بڕیاری ئەوە درا چەند ئەندامێک سەردانی جەنابی دکتۆر موستەفا زەڵمی بکەن و بەهەمان شێوەش هەندێک پرس و ڕا بە خەڵکانی تریش بکرێت. لەو نێوەندەدا هەندێک داڕشتنی تر ئامادە کرا و هاتە نێو بابەتەکەوە. دوای ئەوە، ناو بەناو بەردەوام بوین لەسەر ئاڵوگٶڕ کردنی بیروڕا لەسەر ئەو پرسە و هەوڵی گەیشتن بە داڕشتنێک کە سازانی لەسەر بکرێت. هەر لەسەرەتاوەو تا ئەم ساتەوەختەی نوسینی ئەم بابەتە، گفتوگۆکان زۆر بە هێمنی و ئارامی و دور لەهەر جۆرە تەئویل و لێکدانەوەو بارگرژی و تۆمەتێک بەڕێوە چوە. لایەنی ئیسلامییەکان چەندین جار ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوان رێگە نادەن لەسەر پرسی ئاین لیژنەکە کێشەی تێبکەوێت یا کارەکانی بگاتە بنبەست کە ئەوەش هەم نیشانەی سنگفراوانی و هەمیش ئامادەیی گوێگرتن و دیالۆگە، لایەنەکانی تریش بەهەمان شێوە چەندین جار ئەوەیان راگەیاندوەو لە کۆنوسەکاندا تۆمار کراوە کە ئەوان دژ بەبونی ئەو مادەیە نین و لەگەڵ ئەوەن کە جیگەو پێگەی ئاینی ئیسلام و مافی ئاین و پێکهاتەکانی تر بە پیرۆزی رابگیرێت. کێن ئەو لایەنانەی دژ بە بونی ئیسلامن لە دەستوردا؟ لەراستیدا کەس. حەتمەن لەدەرەوەی لیژنەکە چەندین هەوڵ و کەمپین و یاداشت هەیە و ئەوەش بەشێکە لە مافی ئەو کەس و لایەنانە و رەنگدانەوەی تێڕوانینیانە بۆ پرسی دەستور. ئێمە چەندین جار لەگەڵ هەموو گروپەکان "دژەکان و لەگەڵەکان" دانیشتوین و گوێمان لێیان گرتووە، بەرێزەوە یاداشت و بۆچونەکانیان وەرگیراوە. سەرجەم یاداشتەکان دابەشی سەر ئەندامانی لیژنە کراوە. پرس و را بە کەسانی شارەزا و پیاوانی ئاینی و لایەنەکان کراوەو بەردەوام دەکرێت. هەموو لایەک مافی خۆیەتی ئازادانە و دور لە فشار بۆچونی خۆی لەسەر شێوازی نوسینی دەستور و ئیدارەدانی ولات قسەی خۆی هەبێت و رای بگەیەنێت. ئەو گفتوگۆیانە بەشێکن لە زیندویی هەر کۆمەڵگایەک. قەت نەبووە لە کاتی نوسینی دەستوردا، هەموو گروپەکانی نێو کۆمەڵگا هەریەکە لە دیدگای خۆیەوە نەکەونە کەمپین وەیا گفتوگۆی راشکاوانە لەسەر بڕگەکانی دەستور و ئایندەی ولات. ئەوە مافێکی رێزلێگیراوی هەموو لایەنەکانەو، نابێ لەژێر هیچ بیانویەکدا بخرێتە ژێر فشار یا تەشهیرەوە. دواجار مەرج نییە ئەو دەستورە رەنگدانەوەی بیرورایەکی تایبەت یا ئایدۆلۆجیا و خەتێکی فکری و سیاسی دیاریکراو بێت. بەڵام دەشێت لانی کەمی داخوازی زۆرینەی کۆمەڵگا لە خۆی بگرێت. سەرجەمی لیژنەکە لەیەک بازنەدان لە کاتی دەرکەوتنی ناکۆکیەکان، چەندین جار ئاماژەمان بەوە داوە کە دوور لەهەر جۆرە حەساسیەت و فشارێک دەبێت هەموو لایەنەکان راشکاوانە تێڕوانینی خۆیان دەربخەن، وە گەر سازان نەبێت لەسەر ئەم پرسەو پرسەکانی تریش ، ئەوا پرۆسەی نوسینەوەی دەستور پەکی دەکەوێت. بەڵام لەهەمانکاتدا بە وردی ئەوەمان خستە روو کە سەرجەم لایەنەکانی لیژنەکە لەپەیوەست بە مەوقعییەتی ئیسلام و ئاینەکانی تردا لەیەک بازنەدان، ئەوەی کە هەیە تەنها هەوڵی رەواندنەوەی کۆمەڵێک مەترسییەو دور کەوتنەوەیە لە تەئویلی سلبی بۆ هەندێک دەق و بەکارهێنانێتی بۆ پەکخستنی یاساکان و گەشەکردنی کۆمەڵگا. لای کەسمان هێڵێکی سور نەبووە بۆ ئەو پرسەو لە زۆرینەی خاڵەکاندا هاوڕا بوین و بەشی زۆریشمان تەسبیت کردووە. لەوانەیە ئەوەش بە گوێرەی حەزی ئەم و ئەو، یا ئەم گروپ و ئەو گروپ نەبێت، یا تەنانەت لەگەڵ هەندێک بۆچونی شەخسی ئەندامانیشدا نەگونجێت ،بەڵام دواجار وەک دەزانن سەرجەمی لیژنەکە نوێنەرایەتی لایەنی سیاسی دەکەن و بڕیارەکانی ئەوان رەنگدانەوەی لێکدانەوەو بەرنامەی لایەنەکەی خۆیەتی. بەڵام لە کۆی مەسەلەکەدا هەموو لیژنەکە لەیەک بازنەدا دەخولێتەوە کە بازنەی رێزگرتنە لە مەوقعیەتی ئاینی ئیسلام لە کۆمەڵگای کوردیدا، بەو حوکمەی ئاینی زۆرینەی کۆمەڵگایە و بەهەمان شێوەش رێزگرتن لە ئاین و ئاینزاکان و عەقیدەو بیروراکانی تری نێو کۆمەڵگا بێ هیچ جیاکارییەک. بە کورتی، دوور و نزیک گروپێک نییە زۆر لەگەل جێگەو رێگەی ئیسلام بێت و گروپێکی تر کەمتر. لایەنێک بیەوێت باس بکرێت و لایەنێک بیەوێت باس نەکرێت، واتە هەموو لیژنەکە لەسەر باسکردن و جێگیر کردنی جێ وشوێنی ئاینی ئیسلام و مافی ئاینەکانی تر هاوڕان و هیچ جۆرە کێشەو تێڕوانینێکی جیاواز لەو بارەوە نەهاتۆتە ئاراوە. کەواتە خاڵی کۆک و ناکۆک لەسەر ئەم پرسە چیە؟ گرنگە هەموو لایەک ئاگاداری ئەو هەنگاوانە بن کە لیژنەکە لەسەر ئەو بابەتە پێی گەیشتوە. وە گرنگتریشە میللەت بزانێت کەلەسەر ئەو ماددەیە نزیک بە ٩٥%ی هەموو لیژنەکە هاوڕایەو هیچ کێشەیەک لە جێگیرکردنی ئەو بڕگانەدا نەبووە. گفتوگۆکان زۆرتر لەسەر باشترکردن و داڕشتەنەوەیکی باشتری بۆچونەکان بووە. ئەو بڕگانەش کە لیژنەکە کۆکن لەسەری ئەمانەی خوارەوەیە: یەکەم: ئەم دەستورە دان دەنیت بە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی کوردستان و رێزی لێدەگرێت، بەهەمان شێوە رێز لە ناسنامەی ئاینیی مەسیحی و ئێزیدی و ئەوانی تر دەگرێت و مافەکانیان مسۆگەر دەکات، وە بۆ هەموو تاکێک ئازادی بیروباوەڕ و ویژدان و ئەنجامدانی رێورەسمە ئاینییەکان دەستەبەر دەکات. ( لەسەر ئەم بڕگەیە، بە پێچەوانەی ئیدعائاتی هەندێکەوە، هیچ جۆرە ناکۆکی و رای جیاواز لە ئارادا نەبوەو هەر لەسەرەتاوە جێگیر کراو کێشەی لەسەرنەبوو) دووەم: شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانانە وێڕای سەرچاوەکانی تر.( لەسەر ئەمە هەندێک را هەیە کە پەیوەستن بە دەستکراوەیی یاسادانەرەکانەوە نەوەک مەوقعییەتی شەریعەت، چونکە لە بناغەدا و لە هەموو ولاتانی ئیسلامیشدا تەنها پشت بە شەریعەت نابەسترێت لە یاساکاندا، بەڵکو زۆر سەرچاوەی تر بەکار دێت هاوشانی شەریعەت. بۆیە وشەی "وێڕای سەرچاوەکانی تر"یشی بۆ زیادکرا. دەکرا بوترێت یەکێکە لە سەرچاوەکانی یاسادانان، یایەکێکە لە سەڕجاوە سەرەکییەکانی یاسادانان بە بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی تر بدرێت، بەڵام بە گشتی ئەم بڕگەیە ناکۆکی جەوهەری لەسەر نییە، تەنها دەویسترێت لەگەل بەندی دووەم کە ئەحکامە نەگۆڕەکانە، بگونجرێنرێت). چوارەم:کوردستان پارێزەری بەهاکانی لێبوردەیی و میانڕەوییە، وە بەگژی هەر کارێکی تەکفیری وتیرۆریستی و توندوتیژی فکری و کرداری دەچێتەوە، وە رێگە نادرێت رێگەی بۆ خۆش بکرێت یا هاندانی بۆ بکرێت یا تەرویجی بۆ بکرێت،بەشێوەیەک سەقمگیری و ژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگا بپارێزێت. پێنجەم: مزگەوت و کەنیسەو خانەکانی پەرەستن پیرۆزن و حورمەتیان پارێزراوە، نابێت بۆ چالاکی حزبی و ململانێی فکری و ئایدۆلۆجی و بڵاوکردنەوەی رق و کینە بەکاربهێنرێن. خاڵی ناکۆک لەسەر چییە؟ تەنها خاڵێک کە ناکۆکین لەسەری و رای جیاوازی لەسەرە، پەیوەستە بە نەگۆڕەکانی ئیسلامەوە( ثوابت الاسلام). لەسەر ئەوە بۆچونی جیاواز هەیە و چەندین پێشنیاز خراونەتە بەردەستی لیژنە بۆ یەکلاکردنەوەی. سەوابتی ئیسلام چییە: لەسەر نەگۆڕەکانی ئیسلام یا نەگۆرەکانی شەریعەت، باس و خواس و نوسینی زۆر هەیە کە هەریەکەیان جۆرێک لێکدانەوەیان هەیە بەشێوەیەک گەر نوسینی چەند فەقیهێکی ئاینی وەربگریت دەبینیت هیچ جۆرە کۆدەنگیەک لە نێوانیاندا نییە لەسەر ئەو مەسەلەیە. بەڵام من لێرەدا تەنها ئاماژە بە نوسینی بیرمەندێکی ئیسلامی کورد دەدەم کە نوسین و قسەکانی جێگای نرخاندن و رێزێکی تایبەتن، ئەویش مامۆستا ئەبوبەکر عەلییە کە لە تازەترین کتێبیدا بە ناوی: چۆن لە ناسنامەی ئیسلام و بنەماکانی شەریعەت و نەگۆرەکانی ئیسلام تێبگەین، قسەیەکی ورد لەسەر ئەم پرسە دەستوریە دەکات. مامۆستا ئەبوبەکرعەلی لە لاپەڕە ٦١ ی کتێبەکەی بەرەو سەرەوە باس لەو پرسە دەکات و بە کورتی لێرەدا هەندێک خاڵی نوسینەکەی باس دەکەم: - نەگۆڕەکان( سەوابت) چەمکێکی نوێیە بۆ دەربرێنێکی ئیسلامی..واتە سەر بە مەنزومەی فکری مێژوویی موسڵمانان نییە. - نەگۆڕەکان سنوردارن وزۆربەشیان مۆرکی ئاینی وئەخلاقی گشتییان هەیە نەک فقهی و یاسایی.. - ئاماژەدان بەنەگۆڕەکانی ئیسلام، گوزارشتکردنەوەیەکی تری جیاوازە لە بنەماکانی شەریعەت، هەروەها هەوڵدانە بۆ دەستکردنەوەی یاسادانەر بۆ وەلامدانەوەی یاسایی بە کێشەو پرسیارە هاوچەرخەکان و دەستەبەرکردنی ژێرخانێکی یاسایی پتەوبۆ گەشەپێدانی سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی هەل و مەرج و پێوەرەکانی دنیای نوێدا. - نەگۆرەکان دەربرێنێکی نادیاریکراوەو لە مەزهەبێکەوە بۆ یەکێکی دی و تەنانەت لە ولاتێکەوە و لە توژمێکەوە بۆ ئەوی دی دەگۆڕێت. - نەگۆڕی سوننەکان و شیعەکان، لە نێو سوننەکانیشدا سەلەفییەکان و سۆفیەکان..وەک یەک نییە - بزاڤە ئیسلامیە نوێکانیش کێشەی نوێێان خستۆتە سەر ئەم کێشەیە. - کەسانێک هەن هەر لە بناغەوە دابەش کردنی ئیسلام بۆ گۆراو نەگۆڕ رەتدەکەنەوە. - جۆری هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوان ئاین و دەوڵەت و دەسەلاتی سیاسی و بەرژەوەندی سیاسی و گروپییەکان ،کار دەکەنە سەر جۆرو سروشت و پانتایی دیاریکردنی نەگۆڕەکان. کەواتە ئیشکالییەتێی فیقهی و یاسایی لەمەر ئەم چەمکە هەیە بەو حوکمەی چەمکێی نوێبابەتە بە تایبەت لە یاداشتکردنی لە دەستورەکاندا. زۆرتری دەستورەکانی وڵاتانی ئیسلامی تەنها ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاینی ئیسلام ئاینی رەسمی وڵاتە، هەرچەندە لێرەو لەوێ باسیش لە پێگەی شەریعەت دەکەن لە یاساداناندا. بۆیە ئێمە لە لیژەکە وێڕای جەخت کردنمان لەسەر نەبونی هیچ کێشەیەک لەسەر ئەم چەمکە لە رواڵتی خۆیدا، وەیا وەک ئەو جۆرەی کە کۆمەڵێک بیرمەندی پێشکەوتوخوازی ئیسلامی باسی دەکەن، وەیا تەنانەت وەک ئەوەی بەڕێزانی لایەنە ئیسلامییەکان لە لیژنەکەدا باسیان لێوەکرد، بەلام دەرهاویشتە تازەکانی ئەم سەردەمەو بونی گروپگەڵێکی زۆری توندڕەو و ئسوڵگەرا، وامان لێدەکات وردتر مامەڵە لەگەل ئەم دەستەواژەیە بکەین بە جۆرێک رێگە لەهەر خراپ بەکارهێنانێکی بگرین و کەس نەتوانێت بەشیوازێکی سلبی بۆ کۆت و بەند کردنی کۆمەڵگە بەکاری بهێنێت، بەتایبەت کە ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتوین کە دەستورێکی مەدەنی دەنوسینەوە نەک دەستورێکی ئاینی. بۆیە لەم روەوە کۆمەڵێک پێشناز خرانە روو کەبتوانێت بۆچونی هەردوولا لەخۆ بگرێت و جۆرێک لازم و مەلزوم لە نێوان ئەو بنەمایانەو پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بکرێت. وەک: - شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانانە وێڕای سەرچاوەکانی تر، وە نابێت یاسایەک دەربچێت کە پێچەوانەی نەگۆڕەکانی شەریعەتی ئیسلام و نیزامی گشتی و بنەما گشتیەکانی دیموکرسیەت و ئەو ماف و ئازادیانەبێت کەلەم دەستورەدا هاتووە. - نابێت یاسایەک دابنرێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ نەگۆڕەکانی ئیسلامدا لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئەو ماف و ئازادیانەی لەم دەستورەدا هاتون - نابێت یاسایەک دەربچێت کە ناکۆک بێت لەگەڵ نەگۆرەکانی ئیسلامدا بە شێوەیەک برەو بە بەها مرۆڤایەتیە باڵاکان و پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافو ئازادیەکان بدات. دوا گەڵاڵەش کە پێشکەشمان کرد و دواتر لە لایەن ئەندامێکی بەڕێزی لایەنە ئیسلامیەکانەوە داڕشتنێکی بۆ کرا و هەر هەمومان لەسەری کۆدەنگ بوین و لە پرۆتۆکۆل جێگیر کرا و بڕیارمان دا ئیتر کۆتایی بەم پرسە بهێنین ئەمەی خوارەوە بوو، کە بەداخەوە برایانی لایەنە ئیسلامیەکان دوای ماوەیەکی کورت لێی پاشگەز بونەوە هەرچەندە وەک وتم بوو بە پێشنیازی خۆیان: شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەیەکی سەرەکی یاسادانانە لەگەڵ سەرچاوە سەرەکییەکانی تر و لەکاتی یاساداناندا رەچاوی نەگۆڕەکانی ئیسلام و پرەنسیپەکانی دیموکراسیەت و ئەو ماف و ئازادیانەی لەم دەستورەدا هاتون دەکرێت. وەک دەبینن لەسەرجەم ئەو پێشنیازانەو چەندینی تریش کە خراونەتە روو باس لە سەوابتی ئیسلام کراوە بەڵام بە شێوازی جۆراو جۆر تەنها بۆ ئەو مەبەستەی کە لەسەرەوە باسمان کرد نەک ترس لە شەریعەت یا بنەماکانی ئیسلام. ئەمە سەرباری ئەوەی رایەکیش هەیە کە پێێ وایە لەبەر ئەوەی لە دەستورەکەدا ئاماژە بە شەریعەتی ئیسلام دەدرێت وەک یەکێک لەسەرچاوە سەرەکیەکانی یاسادانان، کەواتە ئیتر هیچ پێویستیەک بە بونی ئەم ماددەیە نییە چونکە مەعلومە لەو حاڵەتەدا و بەو هۆیەی ئیسلام سەرچاوەیەکی سەرەکی تەشریع دەبێت، ئیتر هیچ جۆرە یاسایەک دەرناچێت کە دژ بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت وەیا ناکۆک بێت لەگەڵ ئەحکامە نەگۆڕەکانیدا. زۆرێک لەئەندامانی لیژنە هاوڕان لەسەر ئەمە. چونکە بەم شێوەیە نوسینی ئەم بڕگەیە زیادەیە بەتایبەت کاتێک وەک مەرج هەمیشە دەبێت باس لە بنەماکانی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤیش بکرێت. کەواتە وەک ئەوەی ناچار بیت وەک لازم و مەلزوم باس لە بنەماکانی ئیسلام و بنەماکانی دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ پێکەوە وەک یەک پاکێج بکرێت، ئاسایە تەنها ئاماژە بەوە بدرێت کە ئیسلام ئاینی رەسمی یا سەرەکی کوردستانەو شەریعەتی ئیسلامییش سەرچاوەیەکی سەرەکی تەشریعاتە لە هەرێمدا. ئایا ئەم دەستورە ئیسلامییە یا عەلمانی، ئاینییە یا مەدەنی ئێستا لە کوردستاندا چەندین کەمپین و هەوڵی دژ بەیەک هەیە و هەریەکە دەیەوێت ئەو دەستورە بە گوێرەی تێڕوانین و جیهانبینی ئەو بنوسرێتەوە. بەشێک لەو لایەنانە پێیان وایە ئەم دەستورە لە قەندەهار دەنوسرێت و بۆ ئەنغانستانی ژێر دەستی تاڵیبان بەکەڵک دێت، دیوەکەی تریش وای دەبینێت کە ئەمە لە ئەڵمانیا دەنوسرێت و لەلایەن کارل مارکسەوە ئامادەدەکرێت. ئەو ئەگەر ناوی ئیسلام و ئاینی تێدا بێت ئیتر پێی وایە دەستورێکی دینیەو هیچ جێگەیەک بۆ ماف و ئازادیەکان و یەکسانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی نابێتەوە، ئەویش گەر ناوی ئیسلام بەو شێوەیە نەیەت کە خۆی بڕوای پێی هەیە، ئەوا پێی وایە ئەمە دەستوری کوفر و ئیلحاد و ترازانی شیرازەی کۆمەلایەتی و بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگایە. من ئەم گفتوگۆیانە بە خراپ نازانم و پێم وایە رەنگدانەوەی زیندۆیەتی کۆمەڵگا و بونی ناکۆکی فکری قوڵە لە نێوان بەشێک لە پێکهاتەکانیدا. هەر ئەمەشە وا دەکات دەستور رێڕەوی خۆی وەربگرێت لە دۆزینەوەی هێڵێکی میانڕەو لە نێوان ئەو تێڕوانینە ئایدۆلۆجیە جیاوازانەدا. پرۆژەی دەستور لە نێوان ئەم هێڵە جیاوازانەدا رێچکەی خۆی دەگرێت و هەوڵ ئەدات خۆی نەخاتە نێو هێچ دیدگا و قوتابخانەیەکی ئایدۆلۆجیەوە، بەڵکو لەهەوڵی ئەوەدا دەبێت جۆرێک لە ئیعتیدال و میانرەوی و نزیکخستنەوەی دیدگا جیاوازەکان لە خۆ بگرێت. مەعلومیشە گروپی ئایدۆلۆجی ئەوە قبوڵ ناکات و هەر دوور کەوتنەوەیەک لە دیدگای خۆی بە کارەسات دەزانێت. ئەوە کێشەی دیدگای ئایدۆلۆجیە کە یا رەش یا سپی دەبینێت. بەڵام دەکرێت لیژنەی دەستور سود لەو تێڕوانینە جیاوازانە ببینێت و بیکاتە هوێنی مۆتۆربە کردنی مادەو بڕگەکان بەشێوەیەک بەئاراستەی نەهێشتنی هەندێک دڵەراوکە و نیگەرانیەکان کاربکات. بۆیە بە دڵنیایەوە ئەم دەستورە و ئەم وتارەی میش نە بەدڵی ئەوانە دەبێت کە لە قوتابخانەی عەلمانی قەتعین و نە ئەوانەی ئیسلامی توندرەویشن. ئەوەی خاڵی یەکلاکەرەوەیە لەم نێوەدا دەبێت بڵێین ئەم دەستورە دەستورێکی مەدەنییە، بناغە بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی دیموکراسی و فرەیی دادەنێت. نە دەستورێکی ئیسلامی و دینییە و نە دەستورێکی عەلمانی قەتعییە. هەم رێز لە ئاینی زۆرینەی کۆمەڵگا و شەریعەتەکەی دەگرێت کە بەشێکە لە ویژدان و کەلتوری کۆمەڵگا، و هەمیش رێز لە فرەیی و مافە مەدەنی و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەگرێت. ئەم دەستورە دان بە هەموو مافە یەکسانخوازەکان دەنێت، هیچ جیاکاریەک لە نێوان رەگەزی نێر و مێ ناهێڵێت لە هیچ پرس و بابەتێکدا، جیاکاری بە ناوی ئاین و مەزهەب و رەگەز و نەتەوەو ....ناهێڵێت. مافە مەدەنیەکانی هاوڵاتیان دابین دەکات. واتە بناغە بۆ دەستورێکی مەدەنی پێشکەوتوو دادەنێت. مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیەکانی تر بە تەواوی دابین دەکات و ،رێگە بەهیچ جیاکاریەک لە نێوانیاندا نادات. با پێکەوە سەیری ئەم چەند بڕگەیە بکەین کە تا ئێستا لە دەروازەی یەکەم و بەشێک لە دەروازەی دووەم جێگیر کراون: لە ماددەی یەکەمدا ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان: کۆماری، دیموکراتی، مەدەنییە. ماددەی دوو : سەروەری بۆ گەلە و سەرچاوەی دەسەلاتەکانە. ماددەی سێ: دەسەلات لە کوردستان دامەزراوەییە لەسەر بنەمای هاوڵاتیبون و سەروەری یاسا. ماددەی شەش: گەلی کوردستان لە پێکهاتەی نەتەوەیی کورد، تورکمان، کلدان سریان ئاشوری، ئەرمەن، عەرەب و لە ئاین و ئاینزاکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی ..... پێک دێت. هەمان ماددە بڕگەی دوو: هیچ جیاکارییەک لە نێوان هاوڵاتیانی کوردستان لەسەر بنەمای نەژاد، نەتەوە، رەگەز، ئاین، زمان، کلتور، یان هەر هۆکارێکی تر ناکرێت. ماددەی بیست و یەک:ئەم دەستورەو هەموو پەیماننەو رێککەوتننامەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤەوە کە پەسەند کراون یان پەسەند دەکرێن، بەیەکەوە، بە پایەدارترین و باڵاترین یاسا دەژمێردرێن. ماددەی سی و یەک:هەموو یەکسانن بەرامبەر یاسا، هیچ جۆرە جیاکارییەک بە هۆی ئاین و رەگەز و زمان و... رێگە پێنادرێت. ژن و پیاو لە هەموو مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری و رۆشنبیریەکان یەکسانن و دەبێت لایەنی دەسەلاتدار هەموو جۆرە کۆسپێک لە سەر پرەنسیپی یەکسانی لابدات. ماددەی سی وشەش: زۆرکردن لە ئایندا نییە( لا اکراە في الدین)، هەموو کەس مافی ئازادیی ئاین و فکر و عەقیدەت و هزر و ویژدانی هەیە، وە ئازادی خواپەرستی وبیرورا و گرتنەبەری رێوشوێنە ئاینیەکانی هەیە. ئەمە سەرباری ئەو چەند خاڵەی پێشوتر کە لەسەر پرسی ئاین ئاماژەم پێداو جێگیر کراوە. دیارە هیشتا چەندین ماددەی تر ماون کە پێویستە بە تەواوەتی بناغەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لەسەر بنەمای ماف و ئازادییەکان و پرەنسیپەکانی دیموکراسی دابڕێژێتەوە. چونکە هەموو ئەندامانی لیژنە بەهەموو پێکهاتەکانییەوە هاوڕان لەسەر پرەنسیپی دانانی دەستورێکی مەدەنی بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەن و لەو بارەوە بچوکترین ناکۆکی و رای جیاواز نییە. تەنانەت لەسەر مافی پێکهاتە ئاینییەکانی تر برایانی لایەنی ئیسلامی چەندین جار ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوان با خۆیان داواکاریەکانی خۆیان بنوسن و ئێمە بێ سەیرکردنیش بۆیان دەچەسپێنین. دوو قسە لەسەر عەلمانییەت وئیسلام من لەدەرفەتی تردا دەمەوێت بە وردی قسەلەسەر عەلمانییەت(سیکولاریزم) لە کۆمەڵگای کوردی و لە ئێستای جیهاندا بکەم. ئەمە کارێکە ساڵانێکە سەرقاڵیم. بەڵام جارێ ئێرە جێگەی نییە. بە کورتی لەسەر ئەم پرسە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ناکرێت عەلمانیەت بە دژایەتی ئاین و دورخستنەوەی ئاین لە کۆمەڵگا تەرجەمە بکرێت. عەلمانییەتی ئەوروپی لە پێناو دەستکۆتا کردنی دەسەلاتی کەنیسە بوو نەک خودی کەنیسە، بۆ دورخستنەوەی دەستێوەردانی کەنیسە بوو لە حوکمڕانی نەک رۆڵی کەنیسە لە کۆمەڵگا. لە کوردستاندا مزگەوت دەسەلاتی سیاسی و ئابوری نییە بەسەر حوکمڕانیدا. مزگەوتەکان قسەی خۆیان لەسەر زۆر پرس دەکەن، بەڵام لایەنی دەسەلات مولزەم نییە بە گوێلێگرتنیان. دەسەلاتی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری مزگەوتیش زۆرلاوازە. لە یاساداناندا، سەرباری ئەوەی هەندێک لایەنی ئیسلامی ئیددیعای دەکەن، کە گوایە دەبێت یاسا لە شەریعەتەوە وەربگیرێت، هەموو یاساکان دانراون( وضعین) و بەگوێرەی واقعی کۆمەڵگاکانن و کەم و زۆر پەیوەندیان بە شەریعەتەوە نییە. لە کاتی دانانی هیچ یاسایەکدا ئاماژە بە فلانە ئایەت و فەرمودە یا رای فڵانە موجتەهیدی دینی نادرێت. بۆیەش زۆرینەی لایەنە ئیسلامییەکان داواکەیان کورت دەکەنەوە بۆ دژ نەبونی یاساکان لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا نەک ئەوەی لە شەریعەتەوە وەرگیرابێت. بەڵام دەبێت عەلمانیەکانی کوردستان لەوە تێبگەن کە ئێستا لە جیهاندا پیاچونەوەیەکی ورد هەیە بۆ رۆڵی ئاین لە کۆمەڵگا و لە فەزای گشتیدا. ئێستا نەرمیی و تێگەیشتنێکی ئیجابی هەیە بۆ ئەو رۆڵەو، وەک جاران بە چاوی ترس و گومانەوە سەیری ئاین ناکرێت. ئیستا ئاین لە زۆر ولاتی جیهاندا کاریگەری خۆی هەیە. بەڵام بێ مافی دەستێوەردان لە دەسەلاتەکان و دارشتنی یاساکاندا. بەلام ئاین و کەنیسە لەسەر هەموو پرسێک قسە دەکەن و کەس ئەو مافەیان لێزەوتناکات. دەبێت لەوەش تێبگەین کە پرۆسەی دروست بون و تەکامولی ئیسلام لەگەل مەسیحییەتدا زۆر جیاوازن. ئەوەی کە بۆ مەسیحییەت دەتوانین بیڵێین ناکرێ بەهەمان شێوە بۆ ئیسلامیش پیادەیکەین. مەسیحییەت ساڵانێکی بە دەعوەو مەسەلە روحانییەکاندا بەسەر برد تا دوای چەند سەدەیەک بوو بە ئاینی هەندێک وڵات و تێکەڵ بوو بە پرسی حوکمڕانی و دامەزراندنی موئەسەسەی ئاینی و کورسی بابەوی. لە ئیسلامدا دوای چەند ساڵێکی سەرەتا لە مەککە، ئیسلام بوو بە ئاینی شاری مەدینەو، دەستورێکی مەدەنی لە لایەن خودی پێغەمبەرەوە بۆی دانرا و، ساڵانێک خۆی و هاوەڵەکانی لە رێگەی دەقی قورئانی یا فەرمودە و کردارەوە، بناغەی کۆمەڵگایەکی تازەیان دانا، بە دەستێوەردان لە هەموو کایەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵ. ئەوەی تا ئێستا بەشێک لە بیرمەندانی ئیسلامی لەسەری ساغبونەتەوە ئەوەیە کە ئیسلام هەر لە سەرەتاوە هیچ جۆرە سیستەمێکی حوکمڕانی ئاینی دانەناوەو شتێک نییە ناوی دەسەلاتی دینی یا دەسەلاتی مزگەوت بێت، بەڵکو هەر قۆناغەو بەجۆرێک خۆی نمایش کردوەو مەسەلە حەیاتیەکان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا خۆی بەسەر شیوازەکان و واقعدا سەپاندوە. بۆیە لەم روەوە دەکرێت نەختێک ورد تر سەیری ئەم پرسە بکرێت و لەوەش تێبگەین کە لایەنگرانی شێوازی داعشی و قاعیدەو توندرەوانی تر( وەک خەتی وەهابی کە تادێت لە خودی سعودییەش توشی لاوازی و پیاچونەوە دێت و بیرمەندانی سعودیش بە ئاشکرا باس لە وەلانانی دەکەن) ئەو شێوازانە رێژەیەکی کەمی بیری ئیسلامی پێک دێنن و کەمترین لایەنگرییان لەنێو موسڵماناندا هەیە. وروژاندنی هەندێک بابەت بەو شێوە تەقلیدیە وشکەی جاران، هەوڵدانێکی ناویست دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئەو بەرە توندرەوەو لاوازکردنی بەرەی ئیعتیدال لەنێو موسڵماناندا. کاتێک موسڵمانێک پێێ بوترێت ئاینەکەت لە مەترسیدایە و کەسانێک دەیانەوێت ئاین لە کۆمەڵگا نەمێنێت و،کاتێک چەواشەکاری بەهێزی توندڕەوان دەست پێئەکات، کە ویژدانی کۆمەڵگا ئاسانتر و خێراتر وەریدەگرێت، ئا لەو کاتەدا روحی دەست پێوەگرتن بە نەریت و بەهاکانەوە بەهێزتر دەبێت. وەک ئەوەی دەیبینین لەهەندێک راپرسید!! بەدیوی تریشدا دەبێت ئیسلامییەکانی کوردستان جەریئانەتر قسە لەسەر بنەماکانی کۆمەڵگای مۆدێرن و مەدەنی بکەن وەک ئەوەی کە مامۆستای بەڕێز هادی عەلی لە کتێبە بەنرخەکەیدا: دەوڵەتی مەدەنی لە دیدێکی ئیسلامیەوە نوسیویەتی، کەبە رونی باس لە گرنگی تەبەنی کردن مەفهومی دەوڵەتی مەدەنی دەکات لە بری دەوڵەتی دینی وەیا دەوڵەتی عەلمانی. واتە لە بری دەوڵەتی عەلمانی یا دەوڵەتی دینی، دەبێت کار بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی لەسەر بنەمای مافەکان و هاولاتیبوون بکرێت. ئێستا زۆرینەی لایەنە ئیسلامییەکان و مامۆستایانی ئاینی و موجتەهیدە بالاکان باس لە گرنگی بایەخدان بە پایەکانی کۆمەلگای مەدەنی دەکەن و راشکاوانە دەیڵێن کەئەوان بەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئاینی یا سیۆکراتیدا نین و کاری بۆ ناکەن، بەڵکو کار بۆ دەولەتێکی مەدەنی دەکەن لەسەر بنەمای مافی یەکسان و هاولاتیبوون و رێزگرتن لە ئاینەکان و پیرۆزیەکانی خەڵک. ئەمەش هەنگاوێکی ئیجابی گەورەیە کە دەبێت پێشوازی لێبکرێت. تەبەنی کردنی مەفهومی دەولەتی مەدەنی ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە دەکرێت زۆرینەی ئیسلامیەکان و عەلمانییەکانی کوردستان دور لە تێروانینە کلاسیکی و توندرەویەکان لەسەری کۆک بن و رێکبکەون و، بکرێتە بناغەی دارشتنی دەسەلات لە ئایندەی کوردستاندا. هەق وانییە هەندێک عەلمانی بەچاوی تالیبان و قاعیدەوە سەیری سەرجەم ئیسلامییەکان بکەن. پێیان وابێت هیچ جۆرە سازانێک لە نێوان ئیسلام و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤدا نییە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەڵەیەکی مەعریفی و مێژویی گەورەیەو ناتوانێت گۆڕانکاریەکانی کۆمەلگا وتواناییەکانی ئاین بۆ خۆگونجاندن و خۆنوێکردنەوە ببینێت لەسەرانسەری مێژودا، لەهەمان کاتدا، بە بێ ویستی خۆیان، ئاو ئەکەن بە جۆگەی توندرەواندا و، لە بری بچوکتر کردنەوەیان کەچی بەرەکەیان فراوانتر دەکەن تا ئاستی نوێنەرایەتی کردنی زۆرینەی رەهای کۆمەڵگا کە بەدڵنیاییەوە زۆرینەیەکی موسڵمانن و پابەندی رێورەسمە ئاینییەکانن. کاتێک بڵێی هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و یەکگرتودا نییە، لە نێوان راشد غەنوشی و ئەبوبەکری بەغدادیدا نییە ئەوا بێ مەبەست خزمەت بە فکر و بەرەی داعش و بەغدادی دەکرێت. لە تونس چۆن چارەسەری کێشەی ئاین کراوە وەک دەزانرێت حزبی نەهزەی تونسی و رابەرەکەی راشد ئەلغەنوشی یەکێکن لەحزبە بەهێزەکان و موفەکیرە ناودارەکانی ئیسلامی سیاسی هاوچەرخ و، رۆلێکی بەرچاویان هەبوو لە دانانی یەکەمین دەستوری تونس دوای روخانی رژێمی بن عەلی. لەم دەستورەدا بە روحی سازان و تەوافوقی کارکراوەو هەوڵ دراوە بۆچونی زۆرینەی لایەنە میانرەوەکان لە عەلمانی و ئیسلامییەکان جێبکرێتەوە. لە پێشەکی دەستورەکەدا واتە لە دیباجەدا ئاماژە کراوە بە: وەک رەنگدانەوەیەک بۆ پەیوەست بونی گەلەکەمان بە تەعالیمی ئیسلام و ویستەکانی کە بریتیە لە کرانەوەو ئیعتیدال، وە بە بەها مرۆڤایەتیەکان و پرەنسیپەکان مافی مرۆڤ..هتد. لێرەدا و لە ماددەکانی تردا بە هیچ شیوەیەک نە باس لە شەریعەتی ئیسلام کراوە وەک سەرچاوەی یاسادانان وە نە باس لە ئەحکامە نەگۆڕەکانی ئیسلامیش نەکراوە. لە ماددەی یەکەمدا ئاوا باس لە تونس دەکات: تونس ولاتێکی ئازادی سەربەخۆیە، ئاینەکەی ئیسلامە، زمانەکەی ئەرەبییەو سیستەمەکەی کۆمارییە. لە ماددە دوودا خێرا ئاماژە بەوە دەکات کە تونس ولاتێکی مەدەنییە و لەسەر بنەمای هاولاتیبون و سەروەری یاسا دامەزراوە. جگە لەو ماددەیە ئیتر بە هیچ شێوەیەک باس لە جێگەو رێگەی ئاین ناکرێت لە دەسەلات و یاساکاندا. لە ماددەی شەشەمدا باس لەوە دەکات کە دەولەت پارێزگاری لە ئاین و ریورەسمەکانی ئازادی فکر و بێلایەنی مزگەوتەکاندا دەکات. لەم روەوە دەکرێت دەستوری تونس بە یەکێک لە باشترین دەستورەکانی وڵاتە ئیسلامیەکان دابنرێت کە جۆرێک لە میانرەوی تێدایە لە نێوان بیرورا جیاوازەکاندا، ئەمە لە کاتێکدا کە تەوژمێکی بەهێزی ئیسلامیش ئامادەیی هەیە لە هەموو بوارەکاندا. بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی پێمان وابێت بێکەم و کورتیە، چونکە لە دەروازەی سەرۆکی کۆماردا دوور لە بنەماکانی هاوڵاتیبون و ئەوەی کە نابێ هیچ جیاکارییەک بکرێت لەسەر بنەمای زمان و ئاین، کەچی لەماددەی ٧٤ دا دەلێت کە ئاینی کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت تەنها ئیسلام بێت. لەم روەوە پرۆژەکانی دەستوری کوردستان و دەستور عێراق پێشکەوتوو ترن و پەیوەستن بە بنەماکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە. دەستورەکانی تری جیهان و ولاتانی ئیسلامی چۆن سەیری پرسی ئاین دەکەن لە کۆتایی ئەم باسەدا حەز ئەکەم هەر بۆ زانیاری هەندێک داتا بخەمە بەردەست لەسەر پێگەی ئاین لە هەندێک ولاتی ئیسلامی و بیانیدا. دەکرێت هەر خوێنەرێکی بەرێز لە تۆری ئینتەرنێت بەدوای زانیاری زیاتر و نوێتردا بگەرێت لەو بارەوە. لەسەر پێگەی ئاین و عەلمانییەت دەیان سەرچاوەی باش و گرنگ هەیە کە دەکرێت سودی لێوەربگیرێت کە نیشانەی گفتوگۆ تیۆریە زیندوەکانی کۆمەلگای مرۆڤایەتین لەسەر پرسگەلێک کە هەزاران ساڵە باڵی بەسەر زۆرینەی مرۆڤایەتیەوە کێشاوە. ولاتانی ئیسلامی: مامەڵەی دەوڵەتلەگەڵ ئایندا لە ٤٦ وڵاتی ئیسلامیدا بەم شێوەیەیە( سەرچاوە:العلمانیة و سیاسات الدولة تجاە الدین،احمد ت. کورو، ٢٠٠٩): ١١ وڵات خۆیان بە دەولەتی ئاینی دەزانن، نزیک بە ٢٨% کۆی موسڵمانان لە جیهاندا. ١٥ وڵات( لە هەندێک سەرچاوە ٢٢ دەوڵەت) کە ئاین رۆڵی هەیە لەدەستوردا( ئاینی رەسمی یا شەریعەت وەک سەرچاوە، هتد) نزیک بە ٥٨% ٢٠ وڵات خۆیان بە دەوڵەتی عەلمانی دەزانن و باس لە ئاینێکی تایبەت ناکرێت لە دەستورەکەیاندا.( لەهەندێک سەرچاوەی تر بۆ نمونە : اللجنة الامریکیة لحریة الادیان الدولیة لە راپۆرتی ٢٠٠٥ دا باس لەوە دەکەن کە رێژەی ئەو ولاتانەی دەستورەکەیان راشکاوانە عەلمانییە ١١ولاتن، ١١ ولاتی تریش تا ئەو کاتە ئاماژەیان بەوە نەداوە ئاین چ رۆڵێکی هەیە لە دەستوردا). لە ئاستی جیهاندا لەکۆی ١٩٧ وڵاتدا( هەمان سەرچاوەی سەرەوە: احمد کورو) ١٢ وڵات ئاینین ٦٠ ولات ئاینی رەسمیان هەیە ١٢٠ وڵات عەلمانین ٥ وڵات دژ بە ئاینن( ڤێتنام، کۆریای باشور،لاوس، چین،کوبا). دوا پێشنیازی من لە یەکێک لە دانیشتنەکاندا ئەم پێشنیازەی خوارەوەم خستە روو کە لە لایەن زۆرینەی لایەنەکانەوە پەسەند کراو پێشتریش بە شیوازی جۆراو جۆر هەمان بۆچون لە دارشتنی تردا خرابونە روو. پێم وایە ئەم داڕشتنە زۆر کێشەو ئیشکالییاتمان بۆ چارەسەر دەکات. پیشنیازەکە ئەوەیە ئەمەی خوارەوە بکرێتە ماددەی یەکەمی دەستورەکە: کوردستان قەوارەیەکی دیموکراتی، پەرلەمانی، کۆماری، فرەیی، مەدەنییە. ئیسلام ئاینی دەوڵەتە و ئاینی زۆرینەی گەلی کوردستانەو دەبێت ئەوە دانی پێدا بنرێت و رێزی لێبگیرێت، ئەم دەستورە دان بە ناسنامەی ئاینی مەسیحییەکان و ئێزیدیەکان و ئەوانی تر لە ئاین و ئاینزاکانی تر دەنێت و رێزی لێدەگرێت بە شێوەیەک ئازادی پیادەکردنی رێورەسمی ئاینی و ئازادی فکر و عەقیدەو ویژدان فەراهەم بکات. بە عەرەبی: کوردستان کیان دیمقراطي، برلمانی، جمهوري، تعددي، مدني. الاسلام هو دین الدولة و دین غالبیة شعب کردستان و یجب الاقرار بذلک و احترامها. و یقر و یحترم هذا الدستور الهویة الدینیة للمسیحیین و الایزیدیین و غیرهم من الادیان و المذاهب المختلفة، بما یضمن حریة ممارسة العقائد و الطقوس الدینیة و حریة العقیدة و الفکر و الوجدان و الضمیر.