عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بۆوەزارەتی سامانەسروشتییەکان :کام کوالێتی بەنزین ؟؟‌



لەماوەی ڕابردوودا وەک بەشێک لەکاری پەرلەمانی خۆم چەند پرسیارێکم ئاڕاستەی وەزیری سامانە سروشتییەکان و وەزارەتەکەی بەڕێزیان کرد دەربارەی چۆنیەتی پشکنینی سوتەمەنی لەدەروازە سنورییەکان وشێوازی کوالێتی سوتەمەنی هاوردە لەدەرەوەی هەرێم ،لەوەڵامی ئەوچەند پرسیارەی بەندەدا وەزارەت زۆر بەکورتی وەڵامێکی تەنها چەند دێڕی منیان داوەتەوە ،بەکوردی وبەکورتی پێم دەڵێین چەندین جار وەڵامی ئەم پرسیارەمان داوەتەوە ،وەلەئێستاشدا بۆ پشکنینی سوتەمەنی و کوالێتیەکەی تیمەکانمان بەسەرپەرشتی کوالێتی کۆنتڕۆڵ کەسەر بەوەزارەتی پلاندانانە ،ڕۆژانە بەشێوازێکی چالاک کار دەکەن .

من هیوادارم هەموو شمەکێکی هاوردە باشترین کوالێتی هەبێت ئینجا ڕێگای پێ بدرێت بێتە ناوخاکی هەرێمی کوردستان ودواتر هاوڵاتیان (بەکاربەر)بەکاری بهێنن تاکو بەدوور بن لەزیان ،بەڵام من بەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێم کام تیم وکام کارکردنی چالاک لەدەروازە سنورییەکاندا ،من بەهۆکاری ئەوەی یەکێک لەولیژنانەی کەلەپەرلەمان تێیدا ئەندامم وتەنانەت بڕیاردەری لیژنەکەشم (لیژنەی بازرگانی وپاراستنی بەکاربەر ە)تارادەیەک ئاگاداری شیوازی هاوردەکردنی سوتەمەنیم لەدەروازە سنورییەکانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ،وە بێ ئاگاش نیم لەشیوازی پشکنینەکان وچاودێریشمانکروە ولەکوێدا پێویستی کردبێت قسەمان هەبوەلەسەری ولایەنی پەیوەندیداریشمان لێ ئاگادارکردوەتەوە ،ئەوەی لەوەڵامی پرسیارەکەم جارێکی تر بۆتەوە پرسیار لام ئەوەیە:

١- چەند تیمتان هەیە لەدەروازەسنورییەکان ؟ کامانەن تیمی ئێوە بۆپشکنینی سوتەمەنی لەدەروازەکاندا ؟

٢-من لەگەڵ لیژنەکەمدا سەردانی بەشی تاقیگەکانی وەزارەتی سامانەسروشتیەکانم کردلەشاری هەولێر بۆزانینی شێوازی پشکنینی سوتەمەنی لەتاقیگەکانتاندا ،بەڵام بەرپرسانی تاقیگەکە زۆر ڕاشکاوانە پێیان وتین لەو چوار تاقیگە گەڕۆکەی کەهەمانە بۆ پشکنین لەهەولێردا تەنها یەکێکیان کاری ڕۆژانە دەکات و سێ دانەکەی تریشیان بەهۆی بێ شۆفێری وبێ ستافییەوە کارناکەن ،باشە وەزارەتێک لەپایتەختەکەیدا تیم وشۆفێری نەبێت بۆڕاییکردنی کارەکانیان ئیتر تیمی چۆن هەیە تاکو بینێرێت بۆ دەروازە سنورییەکان ؟

٣- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندین مانگە تاقیگەیەکی گەڕۆکی لەدەروازەی باشماخ داناوە ،بەڵام باوەزارەت بۆ خۆی تیمێکی(لیژنەیەک)ی تر بنێرێت بزانێت چەند مانگە ئەوتاقیگەیە کارناکات وبێ ستافە ؟ئیتر تیمی چالاکی چی ؟

٤- ئایا وەزارەت خۆی دەزانێت ئەنجامی پشکنینێک کەلەڕێگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵەوە دەنێردرێت بۆ سلێمانی چەند ڕۆژی پێدەچێت ؟ ئەی وەزارەت شێوازی ناردنی ئەونمونانە دەزانێت چۆ ن دەنێردرێت ؟لەکوێ دنیادا هەبوە نمونە بۆپشکنین بەبازرگانەکە خۆیدا بنێردرێت؟

٥- وەزارەت بێ ئاگایە لەوەی کەڕاستە کوالێتی کۆنتڕۆڵ لەدەروازەکانی باشماخ وپەروێزخان ئەرکی ناردنی نمونەی سوتەمەنی دەگرنە ئەستۆ ،بەڵام لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کوالێتی کۆنتڕۆڵ هیچ پەیوەندییەکی بە سوتەمەنی وکوالێتیەکەی وپشکنینیشیەوە نیە ؟ ئایا ئەمە بانێک ودوو هەوا نیە وەزارەت ؟

بۆیە من دەڵێم باشتر بوو وەزارەت لەوەڵامی پرسیارەکەدا ناوی تیمی وەزارەتی نەهێنایەو تەنها بیوتایە کوالێتی کۆنتڕۆڵ ئەوکارە دەکات ئەویش لە باشماخ وپەروێزخان ،نەک سەرجەم دەوازەکان .



*بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی وپاراستنی بەکاربەر لەپەرلەمان

خوێندراوەتەوە676
     گشت ووتارەکان