عه‌دنان عوسمان

ئەو دوو پەرلەمانتارە دەبێت لە پەرلەمان دەربکرێن‌


مەردان خدر و نازم کەبیر دەبێت لە پەرلەمان دەربکرێن و رێگەیان پێ نەدرێت هیچ کارێکی گشتی وەربگرن تا جارێکی تر تەئهیل دەکرێنەوە.
قسەی من لەسەر شەڕە بۆکسەکەی پەرلەمان نییە، ئەوە سەرباری ئەوەی شتێکی نەخوازراو دواکەوتوە، بەلام لێرەو لەوێ روئەدات ولە هەندێ پەرلەماندا بووە بە نەریت کە سەروگوێلاکی یەک داپلۆسن. ئەوە بەشێکە لە پێشاندانی ئاستی کەسایەتی و دلفراوانی وشێوازی دەربرینی ناکۆکیەکان.

نەخێر، کارەسات لە خودی پەنابردن بۆ توندوتیژی و رێزنەگرتن لە رای جیاواز و شکاندنی حورمەتی پەرلەمان نییە، کێشە مەترسیدارەکە لە قسەکان و بیانوەکانی دوای شەڕەکەوەیە. ئەو دوو پاڵەوانە تەنها لەبەر رەخنەیەکی ئسوڵی و یاسایی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، هار و هاج بون و لە حاڵەتی ئاسایی مرۆڤ دەرچون. لای ئەوان یەک هێڵی سور هەیە و نابێ و ناکرێ هیچ کەس و لایەنێک قسەی لەسەر بکات دەنا تەنها یەک شێوازیان هەیە بۆ وەڵامدانەوە ئەویش بۆکس و توندوتیژی و لەوانەشە پەنا بردن بۆ تیرۆر و کوشتن بێت.

لای ئەوان کەسی سەرۆک ئەوەندە موقەدەسە کە نابێ کەس قسەی لەسەر بکات و رەخنەی لێبگرێت. تەنها وەلامێک بۆ رەخنە: توندوتیژیە. پەرلەمانتار کە ئەوە قەناعەت و ئاستی رۆشنبیری یاسایی بێت ئەوا مەترسیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانیی و ئاسایشی هاورێکانی و ئاسایشی هاوڵاتیان. ئەم جۆرە کەسانە هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ هەر جۆرە موریدێکیتر ، هیچ جۆرە گوێرایەڵی تر، هیچ جۆرە مێشک داخراوێکی تر نییە جا سەر بە هەر بەرەو ئایدۆلۆجیا و حزب و گروپێکەوە بێت. لەم جۆرە بیرکردنەوانەدا تەنها یەک کەس هەیە کە پیرۆز و هێڵی سورە، ئیتر نە نەتەوە، نە نیشتمان، نە گەل نە یاسا نە کۆمەلگا هیچ گرنگیەکیان نییە.

دەکرا شەڕە بۆکسەکە وەک جۆرێک لە هەڵچونی کەسی سەیر بکەین و بە ماج و موچێکی یەکتر کۆتایی پێ بهێنرێت و بواری گەورە بون و تێکدانی پەیوەندیە سیاسیەکانی پێ نەدرێت، بەڵام کاتێک "مەردان" بە حەماسەوە باس لە تەمێ کردنی عەلی دەکات و راشکاوانە دەلێت ئەوەی قسە بە سەرۆک بکات ئەوە چارەنوسی دەبێت، ئا لەم حاڵەتەدا دەبیت ئیستێک بکەین و تێبفکرین ئەمە چ بونەوەرێکە کە ناسنامەی نوێنەری گەلی هەڵگرتوەو لە دامەزراوەی نوێنەرایەتی کردنی میللەتدا کار دەکات؟

"بە خوای گەورە سوێند دەخۆم کە پارێزگاری یەکێتی گەل و خاکی کوردستان-عێراق و بەرژەوەندیە باڵاکانی بکەم".

ئەوەی سەرەوە ئەو سوێندەیە کە ئەندامانی پەرلەمان لە ساتەوەختی دەستبەکاربونیاندا لە یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان دەیخۆن. ئەو سوێندە، سەرباری کورتی و لاوازی، بەڵام ئاماژەیەکە بە ئەرکەکانی پەرلەمانتاران لە پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل. لەو روانگەشەوە پەرلەمانتار دەبێتە نوێنەری سەرجەم گەل و بەرژەوەندیەکانی. نە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و نە لە پەیڕەوی ناوخۆکەیدا، شتێک نییە بە ناوی هێڵی سورەوە کە ئەرکی پەرلەمانتار پاراستنی بێت.

"مەسعود بارزانی لای ئێمە هێڵی سورە كەس بۆی نیە قسه‌ بە بارزانی بڵێت چونكە قبوڵی ناكەین‌و رێگەی پێنادەین جا هەركەسێك بێت".

ئەوەش قسەی مەردان خدرە کە یەکێکە لە بۆکس وەشێنەکان دژ بە عەلی حەمە ساڵح. لای مەردان تەنها مەسعود بارزانی هێڵی سورەو ئەو کەسەی قسەی پێ بڵێت (جا قسەکە هەرچی بێت) لێی قبوڵ ناکرێت جا هەر کەسێک بێت. ئامرازی قەبوڵ نەکردنەکە لە پەرلەمان ،کە رێگە بە هەڵگرتنی چەک نادرێت بۆکسە، بەلام دەشێت لە دەرەوەی پەرلەمان و لە شوێنی تردا شێوازی توندتر و کارەساتبارتر بەکار بهێنرێت. ئەو قسانەی مەردان دەستپێکردن و ئاماژەیە بە پلانی سەرکوت و دەمکوت و پەنابردن بۆ هەرشێوازێکی درندانەو نا یاسایی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و روبەروبونەوەی رەخنەگرانی کاک مەسعود.

کەسانی وا کە بەهەمان عەقڵییەتی ئەفسەرێکی ئاسایشی حزبیی قسە دەکەن نەک هەر دەبێت لە پەرلەمان دەربکرێن، بەڵکو لە روی ئسوڵیەوە نابێت رێگەیان پێ بدرێت هیچ کارێکی گشتی وەربگرن بۆ ماوەی چەند ساڵێک تا جارێکی تر لە روی سیاسی و ئیداریەوە تەئهیل دەکرێن و، فێری ئەوە دەبن کە هەڵگرتنی ئەرکی گشتی مەسئولیەتێکی هەستیارەو ئەو کەسە دەبێت بە چاوی یەکسان سەیری هەموو هاوڵاتیان بکات و جگە لە یاسا هیچ شتێکی تر هێڵی سور نەبێت لای.

بۆ پەرلەمانتار شتێک نییە هێڵی سور بێت جگە لەبەرژەوەندیە باڵاکانی میللەت و نیشتمان، لە خوار ئەوە نە کەس و نە لایەن هێڵی سور و موقەدەس نین. ئەوان کەس و لایەنێکن کە دەشێ کارەکتەری باش و ئیجابی بن و هەنگاوەکانیان لە خزمەتی گەل و نیشتمان بێت و، ئەشێت کارەکتەرێکی سلبی بن و ئەوەندەی لە خەمی خۆیان و لایەنەکەیان بن ئەوەندە لە خەمی میللەت و بەرژەوەندیە بالاکانیاندا نەبن. واتە کەسە سیاسیەکان لە چوارچێوەی کاری سیاسی رۆژانەیاندا هەڵدەسەنگێنرێن نەک هیچ پێوانەیەکی تر.

سەرۆکایەتی هەرێم، جا کاک مەسعود بێت یا هەر کەسێکی تر، پۆستێکی باڵای حکومییە،نە پاشای ولاتە نە رابەری روحی، ئەو بەرپرسی بالای دەسەلاتی جێبەجێکارە، ئەم دەسەلاتەش هەم رووبەرووی رەخنەی جەماوەر و میللەت و لایەنە نەیارەکان دەبێتەوە، هەمیش لە ژێر چاودێری پەرلەمانە. پۆستەکە پۆستێکی حکومی جێبەجێکارە، نە موقەدەسەو نە مەعسومە، نە پیرۆزەو نە هێڵی سورە، نە تاپۆیەو نە وراسەیە. ئەو دوو جار بە هەلبژاردن: جارێک لە پەرلەمان و جارێک لە لایەن خەڵکەوە دانراوە. دەشێت هەم پەرلەمان و هەمیش خەڵک جارێکی تر ئەو متمانەیەی پێ نەدەن وەک چۆن لە هەموو جیهانی دیموکراسیدا دەگوزەرێت، لەو حاڵەتەشدا ئەوە نە رێزنەگرتنە لە خەبات و ماندوبونی نە بێئەمەکی و خیانەتە. لە ٢٠٠٩دا بە دەنگی ٧٠% خەڵکی کوردستان بوو بە سەرۆکی هەرێم. دەی خۆ ناکرێ کاک مەردان و هاوچەشنەکانی ئەو ٣٠% کە دەنگی بە کاک مەسعود نەداوە بدەنە بەر بۆکس چونکە متمانەیان بە کاک مەسعود نەبوە ببێتە سەرۆکیان؟؟
ئەو پۆستە سەرقالی کاروباری رۆژانەی هەرێمەکەیە بۆیە دەشێ و دەکرێ و ئاساییە بەردەوام رووبەرووی رەخنەو تێبینی و هەڵسەنگاندنی ئیجابی و سلبی بێتەوە. لە هەموو ولاتێکیشدا دەسەلاتی جێبەجێکار بەردەوام رەخنەی ئاراستە دەکرێت و ئەوەش بە حاڵەتێکی ئاسایی دەزانرێت.

رەخنەی گۆڕان و لایەنەکانی تر لەسەر کەسی کاک مەسعود نەبوە لەسەر پۆستەکەی بوە. پۆستێک هەیە ناوی سەرۆکایەتی هەرێمەو ماوەیەکی تر وادەی درێژکردنەوەکەی تەواو دەبێت. لەو یاسای درێژکردنەوەیەدا کە لە لایەن یەکێتی و پارتیەوە دارێژراو سەپێندرا، باس لەوە دەکرێت کە نابێت ئەم درێژکردنەوەیە دوبارە بکرێتەوە. ئەمە گۆڕان و عەلی و کێ و کێ نەیوتوە، ئەمە لە خودی یاساکەی پەرلەماندا هاتوە لە ٣٠/٦/٣٠١٣دا. لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیشدا کە هەر لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە لە ٢٠٠٥ دەرکراوە باس لەوە دەکات کە خولەکانی سەرۆکایەتی هەرێم تەنها دوو خولە. ئیتر لەوێ نە باس لە هێڵی سور و نە پێشمەرگایەتی و نە ئەزمەی کەس و بەدیل کراوە و نە تەمدید و درێژکردنەوە.

گۆڕان باس لە پابەند بون بە یاساگەلێکەوە دەکات کە خودی دەسەلاتی پارتی دایرشتوەو دەریچواندوە. نە ئیهانەیەک بە سەرۆکی هەرێم کراوەو نە لە رۆل و کاریگەری کەمکراوەتەوە. نە باس لە دەسکەوتەکانی کراوە نە لە کەموکورتیەکانی. رەخنەکەش دورو نزیک پەیوەست نیە بەوەی سەرکەوتوو بوە بۆیە دەبێت بۆی نوێ بکرێتەوە یا شکستخواردوو بوە بۆیە دەبێت لابدرێت، نە پەیوەندیشی بە شەڕی داعش و مەترسیەکانی سەر هەرێم هەیە، چونکە جاری یەکەم کە تەمدیدی بۆ کرا نە شەڕ هەبوو نە قیران. ئێستاش بە هیچ شێوەیەک پەیوەند نییە بەو بیانووانەوە. ئەمە هەم مەسەلەیەکی قانونییە و هەمیش پەیوەستە بە بنەماکانی دیموکراسیەت و دەستاودەست کردنی دەسەلات و رێزگرتن لە عورفی دیموکراسی کە ناکرێت لە ژێر هیچ بیانویەکدا پێشێل بکرێن.

ئەم دوو بەڕیزە یا دەبێت وەک کادرێکی حزبی کار بکەن یا پەرلەمانتار، کە کادری حزبی بون ئازادن کی بەو هێڵی سور دەزانن، بەڵام ئەو مافەشیان نیە بە بۆکس خەڵک ناچار بکەن هەمان بۆچونیان هەبێت لەسەر هێڵی سور!، دەشێ لایەنگری سەرکردەکانی تر هێڵی سوری خۆیان هەبێت. کە پەرلەمانتاریش بن ئاساییە سەرکردەو حزبەکەی خۆیان خۆش بوێت تا ئاستی پەرستن، بەلام ئەوان سوێندیان خواردوە تا لە پەرلەماندا بن تەنها لە خەمی بەرژەوەندیە بالاکانی گەل و نیشتماندا بن.

بۆیە یا دەبێت دەستیان لە کار پێبکێشرێتەوە وەیا رونکردنەوە بدەن و داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن و بەلێن بدەن تا لە پەرلەمان بن تەنها بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل بە هێڵی سور بزانن.

خوێندراوەتەوە2199