تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عه‌بدولكه‌ریم
ئارام جەمال
ئاهه‌نگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
ئایا شوناسی كوبانی چییه‌و شه‌ڕ بۆچی ده‌كات؟ كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌رگرییه پاڵه‌وانییه ده‌كه‌ن؟ شوناسی ئه‌و به‌رگرییه چییه‌و كامه‌یه؟ چۆن له‌و ڕۆحی ته‌سلیمنه‌بوون‌و ڕانه‌كردن‌و به‌ره‌نگارییه بێوێنه تێبگه‌ین كه ئه‌و به‌رگریكارانه تا ئه‌م ساته به‌رجه‌سته‌ی ده‌كه‌ن؟ په‌یوه‌ندی نێوان شه‌ڕه‌وانان‌و به‌رگرییكاران له‌لایه‌ك‌و هێزه‌كانی داعش له‌لایه‌كی دیكه‌وه چۆن تێبگه‌ین؟ ناسیۆنالیزم‌و یۆتۆپیا به‌ندیكت ئه‌ندرۆسن یه‌كێكه له‌ناوه هه‌ره ناسراوه‌كانی بواری لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ناسیۆنالیزم، كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌ی "كۆمه‌ڵگا فانتازیاكراوه‌كان" به‌یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین ئه‌و كتێبانه داده‌نرێت كه دیارده‌ی ناسیۆنالیزم ده‌كۆڵێته‌وه. ئه‌م پیاوه له‌ساڵی ٢٠٠٥دا له‌چاوپێكه‌وتنێكدا باس له‌وه ده‌كات زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی لێكۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به‌ناسیۆنالیزم ده‌كه‌ن خۆیان وه‌ك تاكه‌كه‌س ڕقیان له‌ناسیۆنالیزمه، به‌دیارده‌یه‌كی ناشیرین‌و ناقۆڵای ده‌زانن‌و هیچ ڕه‌هه‌ندێكی پۆزه‌تیڤ له‌ناسیۆنالیزمدا نابینن. ئه‌ندرسۆن لێره‌دا بۆ نموونه ناوی ئارنست گیڵنه‌رو ئێریك هۆبزباوم ده‌بات، به‌ڵام بێگومان ده‌كرێت لیستی ناوه‌كان درێژبكه‌ینه‌وه ناوی زۆرانێكی تری بخه‌ینه پاڵ، له‌پێش هه‌مووانیشه‌وه ناوی ئه‌لی كه‌دوری كه ناسیۆنالیزم وه‌ك نه‌خۆشیی‌و دیارده‌یه‌كی ناعه‌قڵانیی وێناده‌كات(١). ئه‌ندرسۆن خۆی ئه‌ڵێت "من وا نیم"و ئیعجابم بۆ هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندی تایبه‌تی ناسیۆنالیزم هه‌یه. بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه ئه‌ندرۆسن ناسیۆنالیزم به‌دوو دیارده‌وه گرێئه‌دات، یه‌كه‌میان شه‌رمكردنه، دووهه‌میان بوونی ڕه‌هه‌ندێكی یۆتۆپییه. من لێره‌دا ناتوانم له‌سه‌ر دیارده‌ی شه‌رمكردن بوه‌ستم‌و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌هه‌نده‌ی ناسیۆنالیزمه هه‌ڵده‌گرم بۆ ده‌رفه‌تێكی تر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌په‌یوه‌ندیدا به‌دیارده‌ی "كوبانی"یه‌وه به‌لامه‌وه گرنگه باسیبكه‌م، ئه‌و ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه كه ئه‌ندرسۆن به‌ناسیۆنالیزمی ده‌به‌خشێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌ندرسۆن له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا زانیاری ته‌واو به‌خوێنه‌ر نادات له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه، به‌ڵام بۆ كه‌سێك شاره‌زای نووسینه‌كانی ئه‌م پیاوه بێت ده‌توانێت به‌و ئه‌نجامه بگات كه ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپیه هێما بۆ وزه‌یه‌كی مێژوویی گه‌وره ده‌كات كه ده‌توانێت هاریكاربێت بۆ گۆڕینی دونیا، بۆ دروستكردنی چوارچێوه‌ی نوێ بۆ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی، بۆ دروستكردنی خه‌یاڵی سیاسیی‌و نوێ‌و به‌رهه‌مهێنانی نمایشكردنی نوێی پێكه‌وه‌بوونی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌زه‌ینی مرۆڤه‌كاندا(٢). پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه له‌ئه‌زموونی كوبانییه‌كاندا چییه‌و كامه‌یه؟ تاچه‌ند ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه ده‌توانێت هاریكارمان بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕۆحی به‌رگرییه‌ی كوبانی‌و شه‌ڕه‌وانه‌كان نیشانیئه‌ده‌ن؟ كوبانی شه‌ڕ بۆچی‌و له‌پێناوی چیدا ده‌كات؟ له‌نێوان ژیانی ڕووت‌و ژیانی پڕدا؟ به‌ر له‌هه‌موو شتێك ده‌مه‌وێت له‌و خاڵه‌وه ده‌ستپێبكه‌م ئه‌وه‌ی له كوبانیدا ئاماده‌یه نه "دۆخی سروشتیی"ه به‌مان هۆبزییه‌كه‌ی، نه "ژیانی ڕووته" به‌و مانایه‌ی ئاگامبن به ژیانی ڕووتی ئه‌دات. ئه‌وه‌ی ئاماده‌یه پرۆژه‌یه‌كی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و ڕه‌مزییه كه نه‌ك "ژیانی ڕووت"و "دۆخی سروشتیی" به شێوه‌یه‌كی ڕادیكاڵ به‌جێهێشته‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌ك ته‌نها ئه‌و ڕه‌هه‌ند یۆتپییه‌شی به‌جێهێشتوه كه ئه‌ندرسۆن باسیده‌كات، به‌ڵكو خودی ئه‌زموونی شاره‌كه خۆی، به به‌راورد به‌و ژینگه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و فه‌رهه‌نگییه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دا ئاماده‌یه، ئه‌زموونێكی یۆتۆپییه. كوبانی خۆی یۆتۆپیایه، یۆتۆپیایه‌كی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و فه‌رهه‌نگییه كه ڕه‌گه‌كانی له‌ناو فیكریی چه‌پگه‌رایی‌و ناسیۆنالیزم‌و هه‌ندێك خه‌ونی ئینسانیدایه كه باس له یه‌كسانیی نێوان مرۆڤه‌كان ده‌كات. كوبانی شارێك نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا، له‌ده‌ره‌وه‌ی زمان‌و وێنه‌و گوتاره‌كاندا، له قۆناغی به‌ر له‌دروستبوونی سیاسه‌تدا، كوبانی به‌رهه‌می كارێكی زۆر‌و به‌رده‌وام‌و هۆشیارانه‌ی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه كه نه‌ك ته‌نها خه‌ونی یۆتۆپیان هه‌یه، به‌ڵكو خه‌ریكی دروستكردنی یۆتۆپیا خۆشین. په‌یوه‌ندی نێوان نێر‌و مێ، پێگه‌ی مێ له ژیانی گشتیدا، په‌یوه‌ندی ڕیزه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی حوكمڕانانی سیاسیی به ڕیزه‌كانی خواره‌وه، په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌مینه جیاوازه‌كانی شاره‌كه له‌گه‌ڵیه‌كدا، په‌یوه‌ندییه‌كی یۆتۆپییه، نه‌ك ته‌نها خه‌ونێكی گه‌وره‌ی یه‌كسانی ئاراسته‌ی ده‌كات، به‌ڵكو هیچشتێكیش سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه ناباته‌وه ناو ئه‌و ژینگه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و دینیی‌و فه‌رهه‌نگییه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی كوبانیدا ئاماده‌یه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه كوبانی شه‌ڕ بۆ "ژیانی ڕووت" ناكات، كوبانییه‌كان شه‌ڕ بۆ ئه‌و غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌یه ناكه‌ن كه له‌ناو هه‌موو تاكه‌كه‌سێكدا ئاماده‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌یناجوڵێنێت غه‌ریزه‌ی مانه‌وه‌و نه‌مردن نییه، چونكه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مردن بێت به مه‌به‌ستی پاراستنی "ژیانی ڕووت"، ئه‌وا جگه له شه‌ڕ ڕێگای دیكه هه‌یه بۆ مانه‌وه، بۆ پاراستنی ژیانی ڕووت، له‌وانه‌ش بۆ نموونه پاشه‌كشه، هه‌ڵاتن، خۆدزینه‌وه، ته‌نانه‌ت ته‌سلیمبوون‌و تۆبه‌كردن هتد.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین هیچ یه‌كێك له‌مانه نییه، ئێمه شه‌ڕێك ده‌بینین به سیستمێكی ده‌لالی تایبه‌ته‌وه، به كۆمه‌ڵێك مانا‌و ده‌لاله‌تی سه‌ربه‌خۆوه، كه كۆمه‌ڵێك گوتار‌و شێوازێكی تایبه‌تی خه‌یاڵی سیاسیی‌و پرۆژه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی تایبه‌ت ئاراسته‌یانده‌كات. كوبانییه‌كان شه‌ڕێكی ناگوتاریی، یان شه‌ڕی به‌ر له‌دروستبوونی گوتاره‌كان ناكه‌ن، شه‌ڕی به‌ر له دروستبوونی زمان‌و به‌ر له دروستبوونی وێنه‌كان‌و به‌ر له دروستبوونی چاوه‌ڕوانییه سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ناكه‌ن. شتێك له كوبانیدا نه‌ماوه‌ته‌وه ناوی "ژیانی ڕووت" بێت، ژیانی به‌ر له دروستبوونی زمان‌و خه‌ون‌و خه‌یاڵی یۆتۆپیی‌و كرده‌ی شۆڕشگێڕانه‌و هۆشیارانه بۆ ته‌رجه‌مه‌كردنی یۆتۆپیا بۆ واقیع، مردن لێره‌دا دواهه‌مین ساتی به‌رگریكردن نییه له ژیان، هاوكێه‌شه‌كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌نێوان ژیان‌و مردن‌دا نییه، به‌ڵكو له‌نێوان مردن‌و پرۆژه‌یه‌كی یۆتۆپیدایه، مردن لێره‌دا به‌شێكه له پرۆژه‌ی دروستكردن‌و پاراستنی یۆتۆپیایه‌ك، پرۆژه‌یه‌ك پاراستنی "ژیانی ڕووت" ناتوانێت هیچ ڕه‌هه‌ندێك له ڕه‌هه‌نده سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و ڕه‌مزییه‌كانی لێكبداته‌وه. شه‌ڕ له كوبانیدا شه‌ڕی به‌ر له ئایدیۆلۆژیاكان‌و دوای-ئایدیۆلۆژیاكان نییه، به‌ڵكو شه‌ڕی ئه‌و ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه به‌هێزه‌ی ناو ناسیۆنالیزمه كه به‌توندی به‌بیرۆكه‌ی ئازادیی‌و یه‌كسانییه‌وه گرێداروه، شه‌ڕی ئه‌و ڕۆحه یۆتۆپییه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌می ئه‌و ڕێگرانه‌دا كه ده‌یانه‌وێت ئه‌و یۆتۆپیایه له‌هه‌موو ئه‌گه‌رێكی به‌رجه‌سته‌بوونی سه‌رزه‌مینیی‌و واقیعیی دابماڵن. ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه له هۆشیاریی كوبانیه‌كاندا ته‌نها ڕه‌هه‌ندی خه‌ونبینین به میله‌تێكی خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت‌و خاوه‌ن ئاڵا‌و خاوه‌ن سنوور‌و خاوه‌ن دانپیانانی جیهانیدا نییه، به‌ڵكو خه‌ونبینینیشه به دروستكردنی میله‌تێكی به‌خته‌وه‌ره‌وه. نه‌ته‌وه‌یه‌ك هێزی خۆدروستكردنی دووباره‌بوونه‌وه‌و تیكرار نه‌بێت، له دوێنێ‌و پێرێ نه‌چوون نه‌بێت، له ڕووبه‌وره تاریكه‌كانی مێژووه‌وه نه‌هاتبێت، به‌ڵكو میله‌تێك بێت كردار‌و زمان‌و ڕوانینه‌كانی، ئه‌مڕۆ‌و له ئێستا‌و لێره‌دا دروستیبكات‌و له سبه‌ینێدا گه‌شه‌ی پێبدات‌و بیگۆڕێت. میله‌تێك توانای به‌رده‌وامی ئه‌وه‌ی هه‌بێت هه‌م ئاره‌زووه ده‌سته‌جه‌معییه‌كان‌و هه‌م ئاره‌زووه تاكه‌كه‌سییه‌كان تێربكات، نه‌ك ته‌نها به‌بێ جیاوازیی چینایه‌تیی، به‌ڵكو به‌بێ جیاوازیی جێنده‌ریش. ڕه‌هه‌ندی جێنده‌ریی‌و په‌یوه‌ندی نێوان نێر‌و مێ له‌م ئه‌زموونه‌دا كه‌م وێنه‌یه. وه‌ك پێشتریش وتم كوبانی له دیدی كوبانییه‌كاندا وه‌ك شار، وه‌ك ڕوووبه‌رێكی جوگرافیی، به‌شێكه له دۆخێكی یۆتۆپی، خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ڕووبه‌رێكی یۆتۆپییه كه ڕه‌گه‌زه‌كانی یه‌كسانی نێر‌و مێ، یه‌كسانی سه‌ركرده‌و خه‌لكه ساده‌كه، ئینتیمای به‌هێز بۆ شار، به‌شداریی كه‌مایه‌تییه‌كانه، ئه‌م شتانه‌یه وه‌ك گشتێك كوبانییه‌كان ده‌جوڵێنێت. له‌زۆر ڕووه‌وه كوبانی جۆرێكه له له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌كی تازه‌ی شاره یۆنانییه كۆنه‌كان، ئه‌وه‌ی له زمانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی پێیده‌گوترێت پۆلس، Polic، شار وه‌ك ده‌وڵه‌ت‌و ده‌وڵه‌تیش وه‌كو "ده‌وڵه‌تی دانیشتوان". كوبانی له‌دیدی كوبانییه‌كاندا كه‌متر له شارێكی كوردیی ناو خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌چێت‌و زیاتر له‌شاره یۆنانییه كۆنه‌كان‌و له‌و شارانه ده‌چێت كه یۆتۆپیاكان دروستبوونیان بۆ ئاینده هه‌ڵده‌گرن. وه‌ك ووتم یه‌كسانی جێنده‌ر ڕۆڵێكی هێجگار گه‌وره ده‌بینێت له‌م وێناكردنه یۆتۆپییه‌ی شار‌و نه‌ته‌وه‌دا، ژن له‌م یۆتۆپیا به‌رجه‌سته‌بووه‌دا، له‌م خه‌ونه‌دا كه بووه به‌واقیع، كه‌سێك نییه به‌رگریلێبكرێت، ره‌مزی نیشتیمانێك نییه ئه‌ركی پیاوان بێت بیپارێزن، "بوونه‌وه‌رێك نییه سكی پڕببێت"و "پاڵه‌وان بۆ نه‌ته‌وه دروستبكات"، ئافره‌ت له كوبانیدا بكه‌رێكی سه‌ره‌كی دروستكردنی شاره‌كه‌و پاڵه‌وانێكی گرنگیی پاراستنی كوبانی خۆیه‌تی، كوبانی هه‌م وه‌ك پرۆژه‌و خه‌ونێكی یۆتۆپی، هه‌م وه‌ك واقیعێكی یۆتۆپیی گه‌مارۆدراو به‌هه‌موو شێوازه‌كانی دیستۆپیا،Dystopia. (دیستۆپیا به‌مانای شوێنێك ته‌وو دژ به یۆتۆپیا، سه‌رزه‌مینێكی شێواو كه مرۆڤ نه‌یه‌وێت له‌ناویدا بژی، باشترین نموونه‌ی دیستۆپیا ئه‌و دونیایه كه جۆرج ئۆرویل له ڕۆمانی "ساڵی ١٩٨٤"دا باسیده‌كات). ئافره‌ت له كوبانیدا له‌ناو هه‌موو فۆرمه‌كانی ژیاندا ئاماده‌یه، وه‌ك پیاو به‌شێكه له "ژیانێكی پڕ"، لێوان‌لێو له زمان‌و ڕه‌مز‌و په‌یوه‌ندیی‌و ماف‌و خه‌ونبینین، ژیانێك پڕ گوتار، له گوتاری مافه‌وه بیگره بۆ گوتاریی ئازادیی‌و گوتاری كۆتاییهێنان به هه‌موو جۆره‌كانی نایه‌كسانیی‌و توندوتیژیی. كوبانی جوگرافیایی گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ژیانی ڕووت، به‌ڵكو یۆتۆپیایه‌كی چه‌كداره، چه‌كه‌كانیشی ته‌نها چه‌كی به‌رگریكردن نییه له خۆیان له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك خه‌ونی گه‌وره‌ی ئازادیی‌و یه‌كسانییه. مه‌هدییبوونێكی بێ مه‌هدیی بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه گرنگه‌ی ئه‌ندرسۆن له‌ناو ناسیۆنالیزمدا باسیده‌كات، ده‌گه‌ڕێمه‌وه ڕوانینێكی جاك دێریدا ده‌رباره‌ی "ڕۆحێكی مه‌هدییانه به‌بێ مه‌هدی خۆی"، ئه‌وه‌ی دێریدا ناوی ده‌نێت "ماسیانیست به‌بێ ماسیانیزم"، messianicity without messianism. ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێت لێره‌دا به‌رگری لێبكه‌م ئه‌م تێزه‌یه: ئه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانی كوبانی ده‌جوڵێنێت شتێكه له‌بابه‌تی ئه‌م "مه‌هدیبوونی بێ مه‌هدییه". ڕه‌سه‌نی بیرۆكه‌ی "مه‌هدیی چاوه‌ڕوانكراو"، مه‌هدی مونته‌زه‌ر، ڕه‌سه‌نێكی دینییه‌و له‌بڕێكی زۆری دینه‌كاندا ئاماده‌یه. ئه‌م فیكره‌یه هه‌ڵگریی خه‌ون‌و چاوه‌ڕوانییه‌كی ئاینده‌ییه كه تییایاندا دونیا به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت‌و هیچ گرفت‌و كێشه‌یه‌كی ئینسانیی له‌سه‌ر زه‌ویدا نامێنێته‌وه. لای دێریدا بیرۆكه‌ی "مه‌هدیبوونی بێ مه‌هدیی" مانای بوونی مه‌هدییه‌ك، ڕزگاركه‌رێك، هێزێكی ڕووداو دروستكه‌ر‌و گۆڕانخواز، به‌ڵام به‌بێ دین خۆی.(٣) مانای ئاماده‌گیی مه‌هدییه‌كی نادینیی. به‌ڵام ئه‌م دیده دێریداییه سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی دیده دینییه‌كه نییه به ڕۆحێكی فه‌لسه‌فی عه‌لمانییه‌وه. مه‌سه‌له‌كه ته‌رجه‌مه‌كردنی دیدێكی دنیی نییه بۆ دیدێكی نادینیی. لای دێریدا ئه‌م بیرۆكه‌یه مانای ئاماده‌گی سه‌رۆكێكی ستالینیی یان ماویی یان لینینی نییه كه ڕۆڵی مه‌هدی ببینێت، دێدریدا بیرۆكه‌ی مه‌هدی به شێوازێكی تایبه‌ت له چاوه‌ڕوانیكردنه‌وه گرێئه‌دات، دێریدا ئه‌م شێوازه تایبه‌ته‌ی چاوه‌ڕوانی به "چاوه‌ڕوانیكردن به‌بێ بوونی ئاسۆیه‌ك بۆ چاوه‌ڕوانی" ناوده‌بات. ئه‌مه‌ش به‌مانای دروستبوونی جۆرێك له "شوێنی به‌تاڵ" له‌ناو خودی چاوه‌ڕوانیكردن خۆیدا، شوێنێكی به‌تاڵ كه ده‌شێت كه‌سێك یان ڕووداوێك بێت‌و پڕیبكاته‌وه. ئه‌م فیكره‌یه لای دێریدا په‌یوه‌ندی به یۆتۆپیاوه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌نده‌یی به هیوا‌و ئومێده‌وه هه‌یه، هیوا‌و ئومێد وه‌ك شتێكی ده‌ره‌كی نا، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك له پێكهاتی ناوه‌كیی هۆشیاریی مرۆڤ خۆی. مه‌هدیبوون له‌م ڕوانینه دێریداییه‌دا جۆرێكه له ئومێد، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌یه له ئومێد كه هه‌میشه هه‌ڵگریی چه‌ند ره‌گه‌زێكی واقیعیی‌و كۆنكریته له ئێستادا. دێریدا دۆخی "مه‌هدیبوونی بێ مه‌هدیی" وه‌ك دۆخێكی سایكۆلۆژیی‌و ئاماده‌گی جۆرێك له هۆشیاری ده‌بینێت، دۆخی هه‌ستكردن به ڕاوه‌ستان‌و ئاماده‌بوون له حوزوری مه‌هدییه‌كدا، مه‌هدییه‌ك كه به‌ڕاستیی توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه شته‌كان بگۆڕێت، ڕووداوه‌كان دروستبكات. ئه‌و خاڵه‌ی من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به‌رگریی لێبكه‌م ئه‌وه‌یه كه له‌ناو خه‌یاڵ‌و فیكر‌و چاوه‌ڕوانیی كوبانی خۆیدا وه‌ك شار‌و كوبانییه‌كاندا وه‌ك جه‌نگاوه‌ر ئه‌و "شوێنه به‌تاڵه" هه‌یه كه ده‌توانن به بڕیاره‌كانیان به‌به‌رده‌وامی پڕیبكه‌نه‌وه، كرده‌ی به‌رگرییكردن خۆی هه‌م كرده‌ی دروستكردنی ئومێده، هه‌م كرده‌ی هه‌وڵدانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌تاڵییه. به‌بۆچوونی من ئه‌و "شوێنه به‌تاڵه" دێریدا باسیده‌كات‌و ده‌یبه‌ستێته‌وه به بوونی فیكره‌ی هه‌مدییه‌وه، به‌شێكه له فیكر‌و خه‌یاڵ‌و بیركردنه‌وه‌و چاوه‌ڕوانی كوبانی خۆی‌و به‌رگرییكه‌ره‌كان له شاره‌كه. بێگومان كرده‌ی به‌رگریكردنه‌كه بۆ ئه‌وه نییه ئه‌و "شوێنه به‌تاڵه" پڕبكرێته‌وه، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌یه بتوانن به‌رده‌وام بن، نه‌به‌زن، ڕانه‌كه‌ن‌و تا كۆتاییه‌كان بجه‌نگن. به‌كورتی پێموایه مه‌هدییه‌ك له خه‌یاڵ‌و فیكریی ئه‌م جه‌نگاوه‌رانه‌دا ئاماده‌یه كه به ڕاده‌ی كاره‌ساته‌كان‌و ڕێگرییه‌كان‌و هێرشه‌كان، واقیعیی‌و ڕاسته. ئه‌مه‌ش، به‌بۆچوونی من، به‌شێكه له‌و ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه‌ی ناسیۆنالیزم له ئێستادا به‌م جه‌نگاوه‌رانه‌ی ده‌به‌خشێت، ڕه‌هه‌ندێك واده‌كات مرۆڤ بجوڵێت‌و كاربكات‌و چالاكبێت. چاوه‌ڕوانیی به‌بێ ئاسۆی چاوه‌ڕوانیی پێموانییه جه‌نگاوه‌ره‌كانی كوبانی چاوه‌ڕێی ئه‌وه بن له‌گه‌ڵ ته‌قاندنی فیشه‌كه‌كانیاندا ئاسۆكانی ئه‌و دونیایه‌ی ده‌یانه‌وێت دروستیبكه‌ن له‌به‌رده‌میاندا بكرێته‌وه، یانی ئه‌وه‌ی ئاراسته‌یان ده‌كات گه‌شبینیه‌كی ساده نییه، چونكه گه‌شبینیی ساده به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو دووكه‌ڵ‌و ئاگر‌و مردنه ناگرێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگاوه‌رانه ئاراستده‌كات له‌باتی گه‌شبینیی، تێكه‌ڵێكی ئاڵۆزه له ئازار‌و ئاره‌زوو، پێداگرتن‌و ترس، مژده‌و هه‌ڕه‌شه، ئومێد‌و چاوه‌ڕوانیی به‌رده‌وام. له‌كرده‌ی به‌رگریی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌دا ئیمانێك ئاماده‌یه هیچی ئه‌وتۆی له ئیمانی داعش به شه‌هاده‌ت‌و به به‌هه‌شت‌و به میوانبوون له‌لای خودا كه‌متر نییه. جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه ئیمانی داعش ئیمانێكی پرۆگرامكراوه، نه‌خشه‌یه‌كی دیار‌و به‌رچاویی هه‌یه، ره‌گه‌زه‌كانی دیارن، شه‌هاده‌ت‌و به‌هه‌شت‌و حۆریی‌و خودا پڕیده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام ئیمانی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه ئیمانێكی كراوه‌یه به‌بێ به‌رنامه، ئه‌و "شوێنه به‌تاڵه"یه كه هه‌رگیز پڕنابێته‌وه، نه‌بوونی پرۆگرامێكه كه مه‌رگی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی پێوه گرێدرابێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگاوه‌رانه ده‌جوڵێنێت ئاره‌زوویه‌كی گه‌وره‌یه بۆ دونیایه‌كی ته‌واو جیاواز له‌وه‌ی هه‌یه، ئه‌و شته‌یه كه دێریدا ناوی ده‌نێت "ئینتیما به‌بێ دواخستن"، واته ئینتیمایه‌كی ڕاسته‌وخۆ‌و ده‌سته‌بجێ بۆ ئاسۆیه‌ك كه ده‌شێت دونیایه‌كی جیاواز دروستبكات، به‌ڵام ده‌شێت ئه‌و ئاسۆیه خۆشی ئاسۆیه‌ك نه‌بێت بۆ چاوه‌ڕوانیی. به‌م مانایه ئه‌وه‌ی یه‌كینه‌كان ده‌جوڵێت "چاوه‌ڕوانییه به‌بێ بوونی ئاسۆیه‌ك بۆ چاوه‌ڕوانیی"، واته كرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه‌یه كه هه‌ندێك پرنسیپی گشتیی له‌بابه‌تی ئازادیی‌و یه‌كسانیی ئاراسته‌ی ده‌كات كه به‌شێكه له هۆشیارییه‌كی یۆتۆپی، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی داعش ده‌جوڵێنێت هێزی ده‌رچوونه له دونیا به‌ره‌و یۆتۆپیایه‌كی دینیی حازر‌و ئاماده‌و دروستكراو، یۆتۆپیایه‌ك له‌ناو خه‌یاڵی دینییه‌وه دێت‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و خه‌یاڵه‌دا ده‌مرێت. ئه‌وه‌ی لای جه‌نگاواره‌كانی كوبانی غائیبه ئه‌و دڵناییه‌یه دینییه كه لای داعش ئاماده‌یه، به‌ڵام ئه‌و نادڵنیاییه ئه‌گه‌رێكی تره بۆ ڕوانین‌و بۆ به‌رده‌وامبوون بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی كه جه‌نگ‌و كوشتار‌و كاره‌ساته‌كان به به‌رده‌وامی دروستیده‌كه‌ن. دیسانه‌وه ناسیۆنالیزم مۆدی دانپیانانی باڵاده‌ست لای كۆبانییه‌كان مۆدێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانییه، ئه‌مان به‌دوای دانپیانانێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانیدا ده‌گه‌ڕێن‌و جه‌نگه‌كه‌شیان به پله‌ی یه‌كه‌م جه‌نگێكی نیشتیمانییه. مرۆڤبوونی ئه‌مان به‌ناو شوناسی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌واندا وه‌ك ئه‌ندامی میله‌تێكی چه‌وساوه‌و بێمافدا تێده‌په‌ڕێت. له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی داعش ده‌جوڵێنێت ڕێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یه، ئه‌وه‌ی له خه‌یاڵی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی‌و فه‌رهه‌نگیی داعشدا ئاماده‌یه "ئومه‌یه‌كی ئیسلامی" ترانس ناسیۆنالیی گه‌رونیی چه‌وساوه‌یه كه ئینتیمای بۆ شوێن نییه.. كوبانییه‌كان به‌بێ خه‌یاڵێكی سیاسیی دیاریكراو ناجوڵێن، شتێك نایانجوڵێنێت غه‌ریزیی‌و دابڕا‌و ڕووتكراوه له زمان‌و وێنه‌و خه‌ون‌و مژده‌ی ئایدیۆلۆژیی‌و یۆتۆپیی. كوبانییه‌كان بوونه‌وه‌رێكی به‌تاڵ نین له قۆناغی به‌ر له‌دروستبوونی سیاسه‌ته‌وه هاتبن، ئه‌و بۆشاییه‌ی دێریدا باسیده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی زۆر كۆنكریت‌و له جوگرافییایه‌كی زۆر كۆنكریتدا پڕده‌كرێته‌وه. كوبانییه‌كان له‌ناو سه‌رجه‌مه ڕه‌هه‌نده یۆتۆپیه‌كانی ناسیۆنالیزمه‌وه هاتوون‌و له‌وێشدا جێگیرن‌و له‌وێشدا ده‌جه‌نگن. ئه‌م ڕه‌هه‌نده یۆتۆپییه پێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئه‌گه‌ر داده‌گرێت كه ڕه‌نگه له‌ناو واقیع خۆیدا بوونیان نه‌بێت، له ئێستادا ئاماده‌نه‌بن، به‌ڵام به‌شێكن له دیدێكی ڕزگاریبه‌خش، redemptive، ئه‌مانه شه‌ڕێك ده‌كه‌ن به‌ناوی ئه‌گه‌ره ئاینده‌ییه‌كانی ڕزگاربوونه‌وه، به‌ناوی ئه‌وه‌ی دێت‌و ده‌شێت دروستبكرێت، ئه‌وه‌ی ده‌بێت ڕووبدات، نه‌ك به‌ناوی گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه، بۆ دۆخێكی سروشتیی، یان بۆ هیچ یۆتۆپیایه‌ك كه له ڕابردووه‌وه هاتبێت. ئه‌مه‌شه واده‌كات نه‌شكێن‌و به‌رده‌وامبن، به‌شێك له شاره‌كه‌یان ئه‌مڕۆ بگیرێت‌و به‌ڵام شه‌وی دوایی شوێنه گیراوه‌كان بگرنه‌وه. ئاخر كه‌سێك به‌ناوی ئه‌گه‌رێكی ئاینده‌ییه‌وه بجه‌نگێت، شتێكی كۆنكریتیی نییه له‌ده‌ستیبدات، ئه‌م دۆخه ڕێك ئه‌و دۆخه وایه كه ماركس تیایدا باس له‌وه‌ده‌كات كه پڕۆلیتاریا له جه‌نگی خۆیدا بۆ بونیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆسیالیستیی دادپه‌روه‌ر، جگه له قه‌ید‌و به‌نده‌كانی ده‌ستی خۆی شتێكی نییه بیدۆڕێنێت، به‌ڵام ده‌توانێت دونیایه‌كی ته‌واو نوێ بباته‌وه.. پیداگۆگی یۆتۆپی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه له كوبانیدا له كوێوه هاتن، چۆن دروستبوون‌و چی دروستیكردون؟ كه‌سێك له‌نزیكه‌وه ئاگای له شێوازی كاركردنی په‌كه‌كه‌و پی وای دی بێت ده‌توانێت هه‌ندێك سه‌ره‌داوی سه‌ره‌تایی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه له‌لا دروستببێت. ئه‌م جه‌نگاوه‌رانه به‌رهه‌می ئه‌و جۆره له په‌روه‌رده‌كردنی سیاسیی، پیداگۆكی سیاسین، كه ده‌كرێت به "پیداگۆیه‌كیی یۆتۆپیی" ناویببه‌ین. پیداگۆگیی یۆتۆپی به‌مانی جۆرێك له په‌روه‌رده‌كردن كه ئومێد‌و هیوایه‌كی گه‌وره وزه ناوه‌كییه‌كه‌یه‌تی. ئومێد لێره‌دا كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كیی كاركردنی سیاسه‌ته، سیاسه‌تێك پابه‌ست به چاوه‌ڕوانیی شتی باشتر‌و زیاتر، یان چاوه‌ڕوانی شتی خراپی كه‌متر‌و كه‌متر. ئه‌م پیداگۆگییه یۆتۆپیه ڕه‌هه‌ندێكی ئه‌خلاقیی به‌هێز‌و بڕێكی زۆر له ڕۆمانسیه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی تێدایه، یۆتۆپیا له‌م پیداگۆگیه‌ته تایبه‌ته‌دا ساته‌وه‌ختێكی تێپه‌ڕ نییه، به‌ڵكو هه‌موو پرۆسه‌ی دروستكردنه‌كه‌یه. ئه‌گه‌رچی من حه‌ز به به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی سیستم ناكه‌م، به‌ڵام بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌ر ده‌كرێت بڵێم، یۆتۆپیا له‌م پیداگۆگییه‌دا سیستمه، نه‌ك ساته‌وه‌ختێك، یان په‌راوێزێك، یان پرۆسه‌یه‌كی كورت‌و بچووك‌و تێپه‌ڕ. وه‌ك پێشتریش ووتم ئه‌وه‌ی لێره‌دا كارده‌كات جۆرێك له هۆشیاریی‌و ئاره‌زووی ئازاراوییه، چونكه وه‌دیهێنانی ئه‌و دونیایه‌ی خه‌باتی بۆده‌كرێت كارێكی هێجگار زه‌حمه‌ت‌و دووره‌ده‌سته، كاری ئه‌و ره‌هه‌نده یۆتۆپییه پیداگۆییه ئه‌وه‌یه ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ك مه‌حاڵ ده‌رنه‌كه‌وێت. یۆتۆپیا لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی جه‌نگه له‌گه‌ڵ مه‌حاڵدا ئه‌وه‌نده به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی نییه. ئه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌وانانه ده‌جوڵێت ئه‌م ئاره‌زووه برینداره‌یه كه به‌شێك له جه‌نگه‌كه‌یان جه‌نگه دژ به مه‌حاڵ. بیرۆكه‌ی دۆڕان‌و قوربانیی‌و له‌ده‌ستچوون لێره‌دا ئاماده‌یه‌و ئێمه ڕۆژانه‌ش قوربانییه‌كان ده‌بینین، به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه زۆر به‌به‌هێزی گرێدراوه به بیرۆكه‌ی بردنه‌وه‌و پاڵه‌ونێتیی‌و ئومێده‌وه. چه‌نده به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م هاوكێشه‌یه تاڵ‌و تاریك بێت، مرۆڤی پلیشاوه‌بێت، قوربانی مێژووبێت، شتگه‌لێكی زۆری له‌ده‌ستچووبێت، ئه‌م پیداگۆگییه یۆتۆپییه هه‌موو ئه‌و خاڵه‌لاوازانه به خاڵی پۆزه‌تیڤ گه‌مارۆ ئه‌دات. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو خودی لاوازیی خۆی ده‌گۆڕێت بۆ ئه‌گه‌رێك بۆ گه‌وره‌بوون‌و به‌هێزبوون، به‌سه‌رزه‌مینیی كۆتاییهێنان به لاوازیی، به سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كۆتاییهێنان به ڕۆڵی قوربانیی. پیداگۆگی یۆتۆپی‌و توندتیژیی ئێمه ده‌زانین له سیاسه‌تی به‌رخوردان‌و ڕاپه‌ڕین‌و به‌رگریدا توندتیژی ڕۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت، به‌ڵام توندوتیژیی ته‌نها وه‌زیفه‌یه‌كی ئامرازیی نییه، ته‌نها ئامرازێك بنییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م یان ئه‌و ئامانجی سیاسیی، به‌ڵكو به‌شێكه له كرده‌ی خۆدروستكردنه‌وه‌یه‌كی نوێ، به‌شێكه له كرده‌ی خودسازییه‌كی ئازاد، دروستبوونی مرۆڤێكی نوێ‌و به‌تاڵ له‌هه‌موو ئه‌و گرێ ده‌رونییانه كه شێوازه جیاوازه‌كانی داگیركردن‌و چه‌وساندنه‌وه‌و ئیهانه‌كردن‌و كه‌منرخكردن له‌ناو مۆرۆڤدا دروستیكردوه. توندوتیژیی لای ئه‌م نه‌وه‌یه له جه‌نگاوه‌رانی كورد، به‌تایبه‌تی لای گه‌نجان، ئاكارێكی فانۆنیانه‌ی هه‌یه، واته ئه‌و ئاكاره‌ی هه‌یه كه فرانز فانۆن له كتێبی "پلیشاوه‌كانی سه‌رزه‌ویدا" به توندوتیژیی دژه كۆڵۆنیالیزمی ده‌به‌خشێت. ئه‌و پیداگۆگییه یۆتۆپییه ئه‌م ڕۆڵه تایبه‌ته‌ی توندوتیژیی به‌رز ڕاده‌گرێت‌و ده‌پارێزێت.(٤) خاڵێكی تر له پیداگۆگیه‌دا گه‌شه‌دانه به ده‌ستڕۆیشتنێكی فاوستییانه‌ی مرۆڤ به‌سه‌ر دونیادا، دونیا وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بكرێت مرۆڤ به‌و شێوه‌یه دایبڕێژێت كه خۆی ده‌یه‌وێت. كه ئیمان‌و باوه‌ڕی شۆڕشگێڕانه ده‌یانه‌وێت، كه ئاره‌زوویه‌كی بریندار ده‌یه‌وێت. ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه مسۆگه‌رده‌كات شتێك نییه ئه‌و گه‌نجه كوردانه دایانهێنابێت‌و به‌گرییلێبكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و كه‌له‌پوره جاكۆبیی‌و لینینیی‌و جیڤاراییه‌ی له‌پشته‌وه‌یه كه ئێمه له مێژوویی هاوچه‌رخا بینیمانه. ده‌ستگرن به‌سه‌ر دونیادا‌و داڕشتنه‌وه‌ی له‌ڕێگای كرده‌ی شۆڕشگێڕه‌وه لۆژیكی ئه‌و پیداگۆگییه یۆتپییه‌یه. ئه‌و باوه‌ڕه‌ی له‌سه‌ره‌تاكانی دروستبوونی دونیای مۆدێرندا به عه‌قڵ‌و توانای زانست هه‌بوو له دروستكردنی دونیایه‌كی بێهه‌ڵه‌و ساغ‌و پێرفێكتدا، له‌ناو ئه‌م پیداگۆگیه یۆتۆپیه‌دا، ده‌بێت به باوه‌ڕ به شۆڕش‌و كرده‌ی یاخیبوون‌و شۆڕشگێڕیی دژ به "سیستم". له ئۆگست كۆنت‌و هێربرت سپینسه‌ره‌وه له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا، به تێپه‌ڕین به‌ناوی لینین‌و ماوتسی تونگ‌و فرانز فانۆن‌و جیڤارا‌و هۆشی منه‌دا، تا به ژیژێك‌و ئالان بادیۆ ده‌گات، هێڵێك له بیركردنه‌وه ئاماده‌یه كه له بڕوابوون به زانسته‌وه بۆ گۆڕینی دونیا، گواستراوه‌ته بۆ باوه‌ڕبوون به كرده‌ی شۆڕشگێڕ‌و په‌لاماردانی توندوتیژانه‌ی سیستم. ئه‌م پیداگۆگییه یۆتۆپییه بڕێكی گه‌وره‌ی ئه‌م كه‌له‌پوره‌ی له‌خۆگرتوه. ئه‌گه‌رچی من زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله له گۆڕانكاریدا نیم كه توندوتیژیی دروستیبكات، به‌ڵام له كوبانیدا هیچ لۆژیكێك كار ناكات جگه له لۆژیكی توندوتیژیی زیاتر. كوبانی به به‌ها ئینسانییه‌كان ناپارێزرێت، به‌ڵكو به چه‌ك‌و تفاق‌و گیانفیدایی. كوبانی وه‌ك ماڵ بۆ داعش كوبانی خۆی وه‌ك كوبانی گرنگ نییه، شاره‌كه وه‌ك شار گرنگیه‌كی ئه‌وتۆی نییه، لای داعش كوبانی وه‌ك خاڵێك له‌ناو نه‌خشه‌یه‌كی گه‌ردونیی دینیدا گرنگه، وه‌ك جوگرافیا گرنگ نییه، به‌ڵكو وه‌ك به‌شێك یان ساتێك له ئه‌نتۆلۆژیایه‌كی ئاینیی گرنگه. به‌ڵام بۆ یه‌كینه‌كان مه‌سه‌له‌كه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه، كوبانی لای ئه‌وان ژینگه‌یه‌كی كۆنكریت‌و ره‌سه‌نه، ماڵێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانییه، جوگرافییه‌كی ژیاوه، ئه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندێكی گه‌ردونی به كوبانی ده‌ه‌بخشێت جه‌نگی ئه‌و شاره‌یه له‌پێناوی ئازادی‌دا. ئه‌م جه‌نگه‌یه كوبانی له ماڵێكی تایبه‌ته‌وه، ماڵ به مانا ئینسانیی‌و ئه‌نترۆپۆلۆژیی‌و سۆسیۆلۆژییه‌كانی، ده‌گۆڕێت بۆ به‌شێك له جوگرافییایه‌كی گه‌ردونیی. بۆ جه‌نگاوه‌ره‌كان كوبانی خاڵێك نییه له‌ناو گه‌ردونێكی دینیدا، به‌ڵكو ماڵێكه له ناو شوناسێكی نیشتیمانیی‌و نه‌ته‌وه‌ییدا. داعش ته‌نها دژ به فیكره‌ی ماڵه نیشتیمانیی‌و نه‌ته‌وه‌ییه نییه، ته‌نها دژیش به فیكره‌ی ماڵ خۆی وه‌ك ماڵ نییه، داعش له دیدی كوبانییه‌كاندا دۆخی دیستۆپیایه، ئه‌و ڕووه ڕه‌ش‌و تاریكه‌ی دونیایه كه له هه‌موو شتێك‌دا پێچه‌وانه‌ی یۆتۆپیای كوبانییه‌كانه. داعش به‌م مانایه ته‌نها دوژمنێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتیمانیی نییه، ته‌نانه‌ت ته‌نها دوژمنێكی سیاسییش نییه، به‌ڵكو دوژمنێكی یۆتۆپییه، دوژمنه له‌ئاستی په‌یوه‌ندیی یۆتۆپیا به دژه-یۆتۆپیاوه، له‌و ئاسته‌دا كه دژه-یۆتۆپیا به‌ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی یۆتۆپیا وێرانبكات. سه‌رچاوه‌كان: ١- بڕوانه مه‌ریوان وریا قانع (٢٠١٤). ده‌رباره‌ی ناسیۆنالیزم و ڕاسیزم. ئاوێنه ١٩ ئاب ٢٠١٤. http://www.awene.com/opinion/2014/08/19/35157 ٢- Benedict Anderson: "I like nationalism>s utopian elements". http://www.uio.no/english/research/interfaculty-research-areas/culcom/news/2005/anderson.html ٣- Jacques Derrida. Specters of Marx: The State of the Debt, the Work of Mourning, & the New International. Trans. Peggy Kamuf. London: Routledge, 1994. p. 65. ٤- Frantz Fanon (2001). The wretched of the earth. Penguin Classics; New Ed edition. ئاوێنه