مەریوان وریا قانع

کێن ئەوانەی ئەبن بە داعش
جیھادیستە خۆرئاواییەکان کامانەن؟‌

”یەکێک لەو نووسەرانەی کە گرنگی بە مەسەلەی ناسینی جیھادیستە سەلەفییەکان داوە، ئیسلامناس و زانای سیاسیی فەرەنسیی ئۆلیڤەر ڕوایە. ئەم پیاوە لە کتێبێکی گرنگیدا بەناوی ”بەگلۆباڵبوونی ئیسلام“ بەوردی لەسەر بەشداربوانی ئەم بزوتنەوانە دەوەستێت و ئەو کەسانەش بەسەر سێ گروپدا دابەشدەکات: ھەندێک لە منداڵانی نەوەی دووھەم و سێھەمی کۆچبەرە موسڵمانەکان بۆ خۆرئاوا، دووھەم، بڕێک لەو گەنجانەی لە دونیای ئیسلامەوە بۆ ئیشکردن یان بۆ خوێندن دەچنە خۆرئاوا. سێھەمیش ئەو گەنجە خۆرئاواییانە کە دینی خۆیان دەگۆڕن و دەبن بە موسڵمان. ئۆلیڤەر ڕوا کە باس لەم کەسانە دەکات، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر ئەو پاڵنەرانەی کە ئەم جۆرە کەسانە بەرەو ئامێزی ھێزە جیھادییە سەلەفییەکان دەبات. کورتەی نووسینەکانی ئەم پیاوە نیشانمانئەدات ئەوەی ئەم کەسە جیھادییانە ئەجوڵێنێت کەمتر تێکست و ئامۆژگارییە دینییەکانە و زیاتر کۆمەڵێک ھۆکاری ترە لەشێوەی توڕەبوونی ئەخلاقیی، ناڕەزایەتی ھەمەجۆر، گەڕان بەدوای شوناسێکی تازەدا، وێڵبوون بەدوای ئینتیما و ئامانجێکدا کە بکرێت مانایەک بە ژیان ببەخشێت.

پاشخانی دینیی دوو کەس لە جیھادیستەکانی بریتانیا بەناوی یوسف سەروەر و محەمەد ئەحەمدەوە، کە لە شاری پێرمەنگەھامەوە بۆ ناو داعش لە سوریا ڕۆیشتوون، نیشانیداوە، ئەو کتێبانەی ئەم دووکەسە لەڕێگای سایتی ئەمەزۆنەوە لەسەر ئینتەرنێت کڕیویانە بۆ ناسینی ئیسلام، ھیچ یەکێک لە تێکستە دینییە کلاسیکییەکان و تەنانەت کتێبە جیھادییە ھاوچەرخەکانی وەک کتێبی ”معالم فی التریق“ ی سەید قوتب نییە، بەڵکو کتێبی Islam for Dummies ، کە کوردییەکەی شتێک دەگەیەنێت لەبابەتی ”ئیسلام بۆ گەمژەکان“، یان ”ئیسلام بۆ نەزان و بێئاگایان“. ئەم جۆرە کتێبانەش لە شێوەی ئەو کتێبانەن کە جاران لە کوردستان چاپدەکران و دەفرۆشران، کتێبی لە جۆری: ”چۆن فێری زمانی ئینگلیزیی یان ھیندیی یان چینیی دەبیت، بەبێ مامۆستا و لەماوەی یەک ھەفتەدا“. واتە جۆرە کتێبێکی بازرگانی سوکەڵەن کە ھیچشتێکی قابیلی تێڕامان و لەسەروەستانی لەسەر دین تێدانییە. بەم پێورە زانیاریی ئەم دوو جیھادیستە لەسەر ئیسلام وەک ئەو ”خواردنە خێرا“یانە وایە کە بە پەلە لە چێشتخانە ھەرزانەکانی سەرڕێگا و ناو شارە گەورەکاندا دروستدەکرێن.

بەمانایەکی دیکە ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە بەرەو سەلەفیزمی جیھادیی دەبات مەرجنییە دین خۆی بێت، بەڵکو دەشێت شتیتر بێت لە جۆری: ڕۆمانسیەتێکی شۆڕشگێڕانە، دروستکردن و بەجێھێشتنی وێنەی قارەمان لەخەیاڵی دۆست و ناسراو و کۆمەڵگادا، حەزی ناوبانگدەرکردن و ناسین، یان ویستی بەدەستھێنانی ڕێز و ئیحترامێکی ئەبەدیی و ھەمیشەیی، یان خولیای یادکردنەوە وەک جەنگاوەرێکی شۆڕشگێڕ و نەمر و دەگمەن، یان تەعبیرکردن لە ڕق و توڕەیی و تۆڵەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی. ھەندێکجار ئەم جیھادیستانە کەسانێکن حەوسەڵەی دونیایان نەماوە و ھەست بەبێزاربوونێکی گەورە دەکەن، زۆرجاریش خوێندەوارن بەڵام یان بێئیشن یان بێزارن لەو کارەی دەیکەن، زۆربەشیان کەسانی تۆبەکەرن و لە ڕابووردووی نادینیی و بێئیمانی خۆیان پەشیمان و ھەڵدێن.

بەکورتی جیھاد بۆ ئەم نەوە گەنجە جگە لەوەی لە ژینگەیەکی تایبەتدا شۆرەت و ناو و ڕێزیان بۆدروستدەکات، ھاوکات کردەیەکی ڕۆمانسیی وروژێنەرە کە پڕە لە ھەڵچوون و سەرگەرمبوون و حەماسەت و نمایشکردنی ئازایەتیی و مەردایەتیی، جۆرێکە لە سەلماندنی پیاوەتیی پیاوانەی خۆیان، ھەڵاتنە لە وەسوسەی ئیھانەکردن و بچووکڕاگرتن و خەساندن بەمانا فرۆیدیەکەی. بینینی ئەم فاکتەرانە گرنگە بۆئەوەی تێگەیشتنێکی فراوان و ڕاستەقینەمان بۆ دیاردەی سەلەفیەتی جیھادیی ھەبێت. بەڵام دیسانەوە پێویستە لێرەدا جارێکیتر پێ لەسەر ئەو ڕاستییە دابگرینەوە کە ھەموو ئەمانە مانای ئەوە نییە کە دین، لەم دۆخەدا ئیسلام، بەتایبەتی بە سیاسیکردنێکی ڕادیکاڵانەی ئیسلام و گۆڕینی بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕی توندوتیژ، ڕۆڵی گرنگ و بنەڕەتی نابینن. داڕشتنەوەی ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی پەڕگیر و داخراو و توندوتیژ، زاڵبوونی ڕۆحیەتی کۆنەپارێزیی و شکڵگەرایی بەسەر دینداریی خۆیدا، کردنی ئیسلام بە ئەلتەرناتیڤی ھەمووشتێک، بە دینێک کە پێویستە لەھەموو شوێنێک و لەناو ھەمووشتێک و لەپاڵ ھەموو دیاردەیەکدا ئامادەبێت، واتە کردنی بە ”سیستمێکی تۆتال“، تاڕادەیەکی زۆر بەرپرسە لە دروستبوونی کەسانی سەر بەم جۆرە گروپانە.

بەڵام وەک ھێمام پێکرد بۆ تێگەیشتن لە دیاردەی سەلەفیەتی جیھادیی لەوە زیاتر پێویستە کە تەنھا سەیری ئەم یان ئەو کتێبی دینیی و ئەم یان ئەو بۆچوونی عولەمای کەلام و فەتواکانی ئەم یان ئەو شێخی دینیی بکەین. ھەموو کەسێکی دیندار، ھەموو تاکەکەسێکی سەلەفیش، پرۆژەی جیھادیزم نییە و ھەموو بە سیاسیکردنێکی دینیش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مانای بەسەلەفیکردن و بەجیھادیکردنی دین ناگەیەنێت،، ھاوکات کردەی ”جیھاد“ خۆشی وەک کردەیەکی توندوتیژ دەشێت لەلایەن کەسانێکەوە پیادەبکرێت کە ژیانێکی نادینییان ھەبێت و دین جوڵێنەری سەرەکی کار و کردەوەکانیان نەبێت. ئەوەی بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە پێویستە دەستپێکێکی تیوریی ئاڵۆزە کە کورتنەکرێتەوە بۆ باسکردنی ئەم یان ئەو کتێبی دینی بەتەنھا.“



له‌ په‌یجی تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

خوێندراوەتەوە1793