مەریوان وریا قانع

چەک و کەرەستە سەربازییەکان بۆ کوێ دەچن؟‌

چەکی قورس و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتو و جبەخانەی گەورە لەزیاد لە شوێنێکەوە بەڕێوەیە بەرو کوردستان. ئەمریکییەکان و فەرەنسییەکان و ئەڵمانییەکان و چیکییەکان و زۆر وڵاتی تریش ئامادە و خەریکن چەک و تفاقێکی زۆر بەرەو کوردستان بنێرن. کەس نکوڵی لەوەناکات کە لەم دۆخەی ئێستادا کوردستان پێویستیی بە چەکی تازە و کاریگەر و بە ھێزێکی سەربازیی پیشەیی تۆکمە و ڕێکخراو ھەیە، ھێزێکی مەشقپێدراو و پڕئیرادەی بەرگریکردن لە مافی گەل، بە مافی ھەموو گروپ و کەمایەتییە ئەتنیی و ئاینیی و کولتورییەکانەوە، تا بەمافی ھەموو تاکەکەسێک دەگات کە دەیەوێت وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ڕێز و کەرامەت بژی. کوردستان ئەمڕۆکە پێویستی بە چەکە وەک ئامرازێک بۆ بەرگرییکردن لە مانەوە و ماف و پاراستنی ژیان، وەکچۆن پێویستی بەھێزێکە ئەو چەکە بەو مانایانە و بەو ئاراستانەدا بەکاربھێنێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم چەک و جبەخانە زۆر و گەورەیە کە دەگەنە کوردستان دەکەونە دەستی کێ؟ کێ دەبێت بە خاوەنیان و چی وکام جۆرە لەشکرێکی لێدروستدەکرێت؟

لای ھەموومان ئاشکرایە کوردستان سوپایەکی نیشتیمانی پیشەیی یەکگرتووی نییە لەدەرەوەی ململانێ سیاسییەکاندابێت و بەشێکبێت لە پرۆژەیەکی نیشتیمانیی کۆگیر و گشتیی. یان دەزگایەک بێت لە دەزگا گرنگەکانی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی کە ئەم یان ئەو ھێزی سیاسیی نەتوانێت بەو شێوەیە بەکاریبھێنێت کە لەگەڵ قازانج و تەماح و ڕوانینە تایبەتەکانی خۆیدا یەکدەگرێتەوە. ھەموو تاکەکەسێکی کوردستان ئەو ڕاستییە تاڵە دەزانێت کە ھێزە چەکدارەکانی کوردستان تەنھا ھێزی چەکدار نین و تەنھا کاریان پاراستنی پرۆژە و شتە دەستەجەمعیی و کۆییەکان نییە، بەڵکو ھێزی سیاسیی تایبەتن و بەسەر پارت و ناوچە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستاندا دابەشبوون. نەک ھەر ئەمە بەشێکی ئەو ھێزانە زۆر بە وردیی و حیساببۆکراویی بەسەر ئەم یان ئەو کەسایەتی و ئەم یان بەو باڵی ناو حیزبدا دابەشبوون. کوردستان شوێنێکە پڕ لە لەشکری تایبەت، پڕە لە تۆڕی پاسەوانیی و بەرگریی تایبەت بۆ پاراستنی ئەو دونیایەی کە لەناوخۆیدا بەش بەش و پارچەپارچە و بێپەیوەندیی و دابڕاوە. کێ ھەیە نەزانێت پاسەوانی تایبەت ھەیە بۆ پاراستنی شاری خەون و بەھەشتی نوخبەکان، بۆ میوانخانە و چێشتخانە و سەیرانگە و بازاڕ و مۆڵە تایبەتەکان.

پرسیارەکە ئەوەیە ھاتنی ئەو ھەموو چەکە بۆناو ئەم دونیا دابەش و پارچەپارچەیە چ دەرەنجامێکی چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە؟ ئەم جبەخانە تەکنیکییە وێرانکەرە دەکەوێتە چ دەستێک و لای کام ھێز و بەرە دە مێنێتەوە؟ بەبۆچوونی من لە ئێستادا مەسەلەی بەرگریکردن لە کوردستان چەند گرنگە، بەھەمان ئەندازە دەستکردن بە دروستکردنی ھێزێکی سەربازیی ناسیاسیی و ناحیزبیی نیشتیمانیی گرنگە. ئێستا کاری گەورە و گرنگ بۆ دروستکردنی ئەو ھێزە پیشەییە نیشتیمانییە نەکرێت، ئێستا ڕێ لەوە نەگیرێت ئەو چەک و کەرەستە و تفاقە پێشکەوتوانە نەکەونە ناو ھاوکێشە ئاڵۆزەکانی ژیانی حیزبایەتیی و شەخسیی و بنەماڵەییەوە لە کوردستاندا، سبەینێ ئەم کارە ناکرێت. ئەم کارەش نەکرا دوو سبەی لەدونیایەکی زۆر ترسناکتر و نائارامتردا دەژین لەو دونیایەی لە دوای ھاتنی داعشەوە دروستبووە.

خوێندراوەتەوە3166