تاڤگە سابیر
د. ئیسماعیل نامیق
دانا عهبدولكهریم
ئارام جەمال
ئاههنگی پشتیوانی گۆڕانخوازان بۆ لیستی 142ی گۆڕان و 183ی نیشتمان
سلێمانی.. بازاڕی گژوگیا بەهارییەكان
ئەندازیارێكی ئوستڕاڵی بە ئامێرێكی ناوازەی مۆسیقیەوە بە وڵاتاندا دەگەڕێت
وان: پێشبڕكێی ههڵبژاردنی جوانترین پشیله
دهۆک: تیمێکی ئەڵمانیی چەند شوێنەوارێکی دێرین دەدۆزێتەوە
ئەو دەنــگانەی هەرگیز هــاک ناکرێ
ئەگەر تەماشای نەخشەی سیاسی خۆرئاوای کوردستان بکەی ئەبینی ئەو پارچەیەی کوردستان لەعنەتی ترین بەشی لە کۆی جوگرافیای کوردستانی گەورە بەرکەوتوە. خەتیکی نیمچە راست سنوری تورکیاو سوریا لێکجیا ئەکاتەوە. لە دیوی سوریای ئەم سنورە نفرینلێکراوەدا چەند ناوچەیەکی کوردنشین لە بەشی جیا جیادا و دور لە یەکتری، لە بەشە گەورەکەی باکوری کوردستان دابڕێنراون و وەک بە مشار پارچەپارچەت کردبن هەر ناوچەی کوردنشینەو بە دەیان کیلۆمەتر لە ناوچە کوردنشینەکانی دیکە دوورخراوەتەوە. ئەگەر لەمسەری کانتۆنی جزیرە یاخود قامیشلی یەوە دەستپێبکەین ئەوا ئەبینی ئەو هەریمە بە دڵی کوردستانەوە نوساوە و لەگەل پاریزگای دهۆک هاوسنورە. راستە لە باشورەوە بە موسل و بیابانیکی فراوانەوە نوساوە بەڵام هێزی قامیشلو لەوەدایە کە لە باکورەیەوە هەر کوردستانە و لە خۆرهەڵاتیەوە هەمدیس دراوسێی دهۆکە. بیگومان روباری دیجلە لەو نیوانەدا نەک نابێتە سنوور بەڵکو هیندەی تر ناوچەکەی ئاوەدان و سەرنجراکێش کردوە.. سەرباری ئەوەش زۆربەی ئەوانەی کاتی خۆی( لە کۆتایی نەوەدەکاندا) بە شام و سوریادا سەفەریان کردوە بیرهەلکەنە زەبەلاحەکانی ئەوبەری دیجلەیان بینیوە و ئەزانن کە هەرێمی قامیشلو تا چ رادەیەکی سەرسوڕهێنەر بە هەردو ئاڵتونەکە دەولەمەندە( نەوت و ئاو..) و تا چ ئەندازەیەک دەتوانێ لە درێژماوەدا خزمەت بە قایمبونی پیگەی گشتی کورد بکات. بە پێچەوانەوە کوبانی ئەو شانسەی قامیشلوی نییە. لە باکورییەوە تورکیا، لە خۆرهەڵاتییەوە ناوچەی عەرەبنشین و لە خۆرئاواشیەوە بە هەمان شێوە ژمارەیەک هۆزی کۆنی عەرەبی ژیان بەسەر دەبەن. نەخشەی سیاسی کوبانی ڕیک وەک سێگۆشەیەکە کە نوکەکەی بەرەو خوار بۆتەوە و هەر سێلاکەی تری لە حاڵی حازردا و لە دیدگای ئەمنی و ستراتیژییەوە بە" نادۆست" ئەژمیرێن و مەترسی هەمیشەیی بۆ سەر پێگەکەی دروست ئەکەن.. مەسەلەکە بەوەندەوە ناوەستێ: ماوەی چەند ڕۆژێکە داعش خەستترین پەلاماری بۆ سەر کوبانێ دەسپێکردوە و پێشمەرگەکانی یەپەگە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بەرپەرچیان داونەتەوە و تێکیان شکاندون.. پارتی کرێکارانی کوردستان لە زمانی موراد قەرەیەلانەوە یەکەم لایەنە کە لە دەرەوەی هاوکێشەکانی خۆرئاوا مەترسی شکانی کوبانێیان قاوداو داوایان لە سەرجەم لایەناکانی کوردستان کرد مەترسییەکە هەسپێبکەن و مشوری بخۆن. پەیابون و گەشەسەندنی داعش مەترسییەکی مێژویی و گەورەیە بۆ سەر کوردستانی باشورو خۆرئاوا... راستە کشانی داعش بەرەو بەغداو ململانێ لەگەل حکومەتی مالیکیدا "فرسەت"ێکی نیسبی بۆ ئیمە دروستکردوە تا زیاتر پێ لەسەر مافە دەستوری و نەتەوەییەکانمان داگرین، بەڵام بە هیچ جۆرێ ئەو راستیە لە جەوهەری فاشیستی و دڕندەیی و کۆنەپەرستی داعش کەمناکاتەوە و ناشێ بەرەو ئەو ئاراستەیەمان بەرێ کە "ئاگرە سورە لە خۆم دورە" بکەینە دروشمێکی هەلپەرستانە و کورتبینانە کە دانەوەی باجەکەی لە چەند مانگێ تێپەڕ نەکات. لە ساڵی رابوردودا و لەو کاتەدا کە داعش ئەم هیزەی ئیستای نەبو، کوردانی خۆرئاواو یەپەگە هەڵەیەکی ئەوپەڕی ستراتیژی و کوشندەیان کرد کە ڕیگایان نەدا پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی لایەنگرانی خۆی بکات و جێپییەک بۆ خۆی لە خۆرئاوادا بکاتەوە، غروری یەپەگە کاریکی کرد کە لە ناوچەکانیاندا بە تەنیا مانەوە و لە هاوکاری و تەبایی کوردی ئەمبەر خۆیان بێبەشکردو کارێکیان نەکرد کوردی باشوریش لەگەڵیان تێوەگلین و تا دوا دڵۆپی خوێن داکۆکیان لێبکەن و خۆیان بە خاوەنی پرۆژەکەی خۆرئاوا بزانن. لە هەمان کاتدا کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندازەی رابەرانی یەپەگە ئەکەونە هەڵەوە گەر بەو ئاوەدا بڕۆن کە ئەوان ڕشتویانە و جگە لە غروری حزبی و تاقمگەری هیچی دیکەیان لەبەر چاو نییە. هەڵەیەکی ستراتیژییە گەر کوردی ئیرە بە فریای خۆرئاوا نەکەوێت.. شکانی کوبانێ شکانی قامیشلوی بەدوادا دێت و نەمانی قەڵاکانی خۆرئاوا بە تەواوی دەستی داعش ئەکاتەوە بۆ پەلاماری کەرکوک و دهۆک و لەو نێوانەدا کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکانی خۆرهەڵاتی قامیشلی و هەردو کەناری روباری دیجلە. غرورو بەرژەوەندی حزبی زەبری یەکجار گەورەی لە میللەتی کورد وەشاندوە. ئەم تەسکبینیە حزبیە تا دێت روبەروی دۆخی نوێ ئەبێتەوە بەڵام ئامادە نییە مسقاڵێک دیدگاکەی فراوان بکات و بە چاوی میللەتەوە سەیری دیاردەکان بکات نەک بە چاوی حزب و گروپ و تاقمێکی بچوک. لەمڕۆدا، بە حوکمی پەیابونی هیزێکی رەشی دژەئینسانی و تاریکپەرست، چارەنوسی دو بەشی کوردستان گرێدراوەتەو و سنورە دەسکردەکانی رابوردو بایەخ و گرنگییان لەدەستداوەو نەک ناتوانن هیزە تازەنەفەس و توندرەوەکانی داعش بوەستێنن بەڵکو بونەتە مایەی وەرگرتنی هێز لە هەردو بەری سنوری سوننە و یەکانگیربونەوەی ئەو بەرژەوەندییانەی بە هۆی ئاغای مالیکییەوە ئاوێتەبونەوە و تازە هیج هیزێک ناتوانێ لێکیان دابڕێتەوە. سەرانی ئیمە نابێ وەک ئەو حزبانە بیر بکەنەوە کە پێشینەیەکی چەپی و ئایدیۆلۆژی سڕی کردوون و جگە لە خۆیان کەسی دیکەیان پی ڕاست نییە. رابەرانی حزبی لەم پارچەیەی کوردستانا ئەبێ گەورەیی بنوێنن و ئاگایان لەوە بێت کە ئەم دۆخەی ئیستای کوردستان بە حوکمی داعش و پاڵپشتە نەزان و ئاژاوەگێرەکانی، هیندەی لە مەترسییەوە نزیکە نیو ئەوەندە لە فرسەتی ئاڵتونی بۆ راگەیاندنی دەوڵەت و ریفراندۆم نزیک نییە. هەمو کەس ئەزانێ گەر ناوچەیەک دراوسێکانی تەماعی روخاندنی دەزگاکان و کۆیلەکردنی خەڵکەکەیان هەبێت پێش هاویشتنی هەر هەنگاوێک بۆ سەبەخۆیی زیاتر و بەختەوەری مسۆگەرتر، ئەبێ لە فکری دابینکردنی ئاسایشی ستراتیژی خاک و میللەتدا بێت و بچوکترین فرسەت بۆ لێدانی دوژمنەکانی بە فیرۆ نەدات. داعش دوژمنی ئازادی و سەربەستی و ئینسانییەتن. ئەو گرپە سەدان و هەزاران کەسیان لە خوشک و براکانی ئیمە لە خۆرئاوا کوشتوە و ئاوارە کردوە. بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر لە چاو ئەوانەوە فریشتەیەکە لە بەهەشتەوە هاتوە و لەگەڵ ئەو دڕندانە پیوانە ناکرێ.. تەماعی ئەمانە هەر لە خاک و ئاوی کوردان دا نییە بەڵکو لە کەرامەت و ئابڕوی ئینسانی و ئاینی و مێژوییشمانە.. ئیمە لێرەوە بە کاربەدەستەکانی وڵاتی خۆمان دەڵێین: شکانی کوبانێ شکانی قەڵایەکی هەرە گرنگ و ستراتیژیە. فریای کەون!!. ئیمە ئەڵێین: واز لە تۆلە سەندنەوە بهێنن و وەک برا رەفتار بکەن.... هەرجەندە زوڵمیشتان لێ کرابێ بیکەنە خاتری برایەتی و کوردایەتی.. خۆرئاوا بکەوێ داعش ئەبێتە دراوسێمان و بە هیزی بیست دەولەتی کۆنەپەرست و ئیستیبدادی عەرەبی سوننەوە تێمان ئەسرەوێنن و لەناومان ئەبەن. کوبانێ بکەوێ خۆرئاوا ئەکەوێ و لیکزس و وەنەوشەکان ئەبرێنە بیابانەکان و دواتر داعشەکان ڕاوە کورد و راوە شیعەیان پێ ئەکەن! ڕاوی ئازادی و وشەی دەوڵەتی کوردی پی ئەکەن! مەهێڵن کوبانێ بکەوێ..