مەریوان وریا قانع

دونیای عەرەب و ئیسلام و شتی تریش‌

زۆرێک هەن دونیای عەرەب کورتدەکەنەوە بۆ ئیسلام‌ و بۆ ڕۆڵی ئیسلام لەو کۆمەڵگایانەدا. ئەم ڕوانینە له‌ دەیان سەرەوە هەڵەیە‌ و کورتکردنەوەیەکی کاریکاتێریانەی کێشە ئاڵۆزەکانی ئەو دونیایە بۆ چەند دێڕێک له‌"ئەحکامی شەرعی". دونیای عەرەب نەک تەنها دونیایەکی گەورە و ئاڵۆز و فرەکێشەیە، بەڵکو خاوەنی یەک ژینگەی سیاسی‌ و یەک ژینگەی دینی‌ و یەک ژینگەی فەرهەنگییش نییە و لەهەر شوێنێکی ئەو دونیایەدا هەریەکێک لەمانە ئاڵۆز و فرەشێوە و پڕجیاوازین.

هاوکات بڕ و ڕادەی ئامێزانبوون یان نائامێزانبوونی کۆمەڵایەتی‌ و بڕی بەهێزیی‌ و لاوازیی سێکتاریزم‌ و تائیفیەتی دینی، ئامادەگی کایەی سیاسی جیاواز و ئاڵۆز، ڕادەی پرۆسەی تازەبونەوەی کۆمەڵایەتیی‌ و فەرهەنگیی، توانای جیاوازی ئابوریی، پەیوەندییە دەرەکییەکانی ھەر یەکێک لەو وەڵاتانە و زۆر دەرکەوتی تری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی لەهەر ‌وڵاتێک لە وڵاتانەدا تەواو جیاوازە.

وێناکردنی ئەم دونیایە ئاڵۆزە ‌وەک دونیایەکی هاوشێوە‌ و وێکچو، ‌وەک شوێنێک کە ئیسلام، یەک ئیسلام نەک چەندان ئیسلام، "جەوهەر" ەکەی دەستنیشاندەکات، ‌وێنەیەکی تەواو سادە‌ و ناڕاست‌ و ئایدیۆلۆژییە. ئەم ‌وێنە سادە‌ و گشتگیرە، ‌وەک هەمو ‌وێنە گشتگیرەکانی تر، ئەوەندەی نەزانین‌ و نەناسین بڵاودەکاتەوە، ئەوەندەی ڕێگرە لەبەردەم تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەی دیاردەکانی ئەو دونیایەدا، دەیەکی ئەوە زانیارییەکمان پێنابەخشێت بتوانێت ھاریکارمان بێت له‌ تێگەیشتن لە سادەترین دیاردەکانی ئەو دونیایەدا.

با تەنھا سەیرێکی خێرای دونیای "دوای بەهاری عەره‌بی" بکەین‌ و بزانین دەکرێت چی لەو دونیایەدا ببینین‌ و چ دیمەنێکی ئاڵۆز‌ و فرەدەرکەوت وێنابکەین. بەبۆچونی من هەمو چاودێرێکی پله‌ دو‌و و پلە سێی ئەو ناوچەیە دەتوانێت کۆمەڵێک دەرکەوتی کۆمەڵایەتی‌ و سیاسی‌ و فەرهەنگی جیاواز ببینێت کە ناکرێت بەھیچ شێوەیەک کورتبکرێتەوە بۆ ڕۆڵی دین لەو ناوچەیەدا. با لەم دیمەنە جیاوازانەی دونیای دوای بەهاری عەرەبی ڕامێنین.

١: ئامادەگی سوپا ‌وەک هێزێکی سیاسی بەهێز له‌دونیای عەرەبدا. ڕۆڵی سوپا له‌سەرەتای پەنجاکانی سەدەی بیستەمەوە له‌ سیاسەتی عەرەبی‌و له‌مۆدێلی حوکمڕانی ئەو ناوچەیەدا ڕۆڵێکی بەرچاو‌ و گرنگە. لەم ناوچەیەدا بۆ ماوەیەکی درێژ ئەفسەر‌ و جەنەڕاڵەکانی سوپاس حوکمڕانبون. بەڵام سوپاکانی دونیای عەرەب سوپای جیاوازن، هەم توانای جیاواز‌ و ھەم پێکهاتی کۆمەڵایەتی جیاوازیان هەیە، ھەروەھا ‌وێنەی جیاوازیشیان لای ئەو کۆمەڵگایانە ھەیە کە تیایاندا ئامادەن. بۆ نموونە، سوپا له‌میسردا ‌وەک بەشێک له‌ خەڵک تەماشا دەکرێت‌ و تەنانەت هەندێکجار‌ وەک "پەناگای کۆمەڵگا" دەبینرێت‌ و مامەڵەدەکرێت، ڕۆڵە سیاسییەکەشی ڕۆڵێکی گرنگ و زۆرجار دەستنیشانکەرە. بەڵام سوپس له‌ تونسدا هەم لاوازترە‌ و هەم ڕۆڵە سیاسییەکەی پەراوێزیترە. له‌میسردا مەسەلەی چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگا‌ و سوپا، پەیوەندی هێزە مەدەنی‌ و سیاسییەکان‌ و سوپا، له‌مەسەله‌ هەرە سەرەکییەکانی چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سیاسییە لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا تونس ئەم کێشەیەی نییە‌ و لەو‌ وڵاتەدا لەباتی ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییە چۆنیەتی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان پارتە سیاسییە حوکمڕانەکان‌ و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن مەسەلەی سەرەکییە. ئەو هێزە سیاسی‌ و ئابورییەی لەشکر له‌میسردا هەیەتی، له‌تونس‌ و مەغریب‌ و ‌وڵاتانی خەلیجیشدا نییەتی. بۆیە ناکرێت بەو شێوەیەی کە باس له‌هێزی سوپا له‌میسردا دەکەین، بەهەمانشێوە له‌تونس‌ و مەغریب‌ و سوریا‌ و سعودیەدا باسیبکەین.

٢: ئاکاری دووھەم لاوازی هێز‌و پارتە سیاسییە ڕێکخراوەکانە له‌دونیای عەرەبدا. ئەم لاوازییەش لاوازییەکی گشتییە، ھەموو پارتە سیاسییەکان دەگرێتەوە بە پارتە چەپ‌ و ڕاست‌ و لیبرال‌ و نالیبرال‌ و نەتەوەیی‌ و نانەتەوەییەکانەوە. بەمانایەک له‌ماناکان لاوازی پارتی سیاسیی ڕێکخراو دیاردەی هەرە سەرەکیی ناو کایەی سیاسییە لەم بەشەی دونیادا.

3ـ ئامادەگی "فرەشێوە"‌ و ”جیاواز“ و "بەهێز"ی "ئیسلامی سیاسی" له‌دونیای عەرەبیدا. بەڵام ئەم ”بەهێز“ییەی ئیسلامی سیاسیی هەم بەھێزییەکی ڕێژەییە‌، هەم لەناو خۆشیاندا جۆر‌ و ڕوانین‌ و شێوازی بیکردنەوە‌ و تێگەیشتنیان بۆ ئیسلام‌ و بۆ ڕۆڵی دین له‌ژیانی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌ و فەرهەنگیدا جیاوازە. ئیسلامی سیاسیی لەو دونیایەدا ئیسلامێکی فره‌جۆرە، هێزە سەرەکییەکانیان بریتین له‌ئیخوانی موسلمین‌ و هاوشێوەکانی، لە سەلەفیەتی دینی و لە گروپە سوفییەکان. ئەمانە هەم لەناو خۆیاندا فرەجۆر و جیاوازن هەم داواکاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی جیاوازیشیان هەیە، لەداواکردنی "دەوڵەتی دینی" یەوە بیگرە بۆ داواکاریی "دەوڵەتی مەدەنی" و "دەوڵەتی نیشتیمانی"، لەپێداگرتنی جیاوازەوە لەسەر ڕۆڵی شەریعەت له‌ژیانی سیاسیدا‌ بۆ تێگەیشتنی جیاواز بۆ ئەو ”شەریعەتە“ی هەر هێزێکیان باسیدەکات. ‌ئەم وێنەیە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت کاتێک دەزانین هەندێک له‌هێزە ئیسلامییەکان لیبرال و سەر بەو شێوازە له‌ئیسلامی سیاسین کە ”ئۆلیڤەر ڕوا‌“ و ”ئاسف بەیات“ ناوی "پۆست ئیسلامیزم"ی لێدەنێن. گەر لە هێزێکی ‌وەک ئیخوان بڕوانین، بەئاسانی بۆماندردەکەوێت لە ھەر وڵاتێکدا بەشێوەیەکی جیاواز ئامادەن. ڕوانینەکانی ئیخوان بۆ دەوڵەت‌ و کۆمەڵگا و ڕۆڵی دین له‌ میسردا جیاوازە له‌وەی لە تونس‌دا ھەیە و ئەوانەی تونسیش جیاوازن لەوانەی سوریا. ئیخوانەکانی سوریا، بۆ نمونە، هێزێکن تا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە نوخبەیەکی سیاسی دینی دروستبکەن، لەکاتێکدا له‌میسردا ساڵانێکی درێژە بەشێکن له‌دیمەنە سیاسییەکانی ئەو ‌وڵاتە.

٤- دەرکەوتێکی تری ئەم دونیایە بریتییە لە ئامادەگی پەیوەندیی خێڵەکیی‌ و خزمخواهیی. پەیوەندیی خێڵەکیی بەشێکی گرنگی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان‌ و بەشێکی گرنگی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە له‌دونیای عەرەبیدا. بەڵام ئەم پەیوەندییانەش له‌شوێنێکەوە بۆ شوێنکی تر ھەم جخۆیان یاوازن و ھەم ڕۆڵە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان جیاوازە. لەهەندێک شوێندا کاریگەریی ڕاستەوخۆ‌ و بەهێزیان لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگا هەیە،‌ وەک له‌یەمەن‌ و لیبیادا، بەڵام له‌هەندێک شوێنیتردا ئەو کاریگەرییەیان نییە، ‌یان لاوازە، وەک له‌تونس‌ و مەغریبدا.

٥- ئامادەگیی "کۆمەڵگای مەدەنی" له‌دونیای عەرەبیدا. دونیای عەرەبی تەنھا دونیای پەیوەندی تائیفی و خێڵەکی نییە، بەڵکو بەشێکی بەرچاوی ئەم دونیا کۆمەڵایەتییە کۆمەڵگای مەدەنییە. کۆمەڵگای مەدەنی دەرکەوتێکی گرنگی ژیانی کۆمەڵایەتی‌ی و سیاسی‌ی و فەرهەنگیی دونیای عەرەبە. لەهەندێک ‌وڵاتدا ئەو کۆمەڵگایە بەهێز‌ و لەهەندێکی تریاندا لاوازە، له‌تونس‌ و مەغریبدا بەهێزە، له‌میسر مامناوەندی‌یە و له‌سعودیە‌ و وڵاتانی خەلیجدا لاواز‌ و کۆنترۆڵکراوە. له‌مەغریب‌ و تونس بەشێکن له‌هێزە شاریی خوێندەوارەکان‌ و سەر بەو چینە کۆمەڵایەتییەن کە بەچینی ناوەڕاست ناودەبرێت، لەکاتێکدا لە یەمەندا پەیوەندیان بە خێڵ و دینەوە بەھێزە.

٦- ئامادەگیی و بوونی "دەزگای مەدەنی" له‌هەندێک له‌ وڵاتە عەرەبییەکاندا. ئەم دەزگایانە هەم دەسەڵاتی گرنگ‌ و هەم کاریگەریی گەورەشیان لەسەر ژیانی ئەو کۆمەڵگایانە هەیە، لەوانەش بۆ نمونە سیستمی داوەری له‌میسردا، یان کاریگەریی میدیا له‌تونس‌ و مەغریبدا. ئەمە جگە له‌شوێن‌ و جێی‌ و کاریگەریی جیاوازی دەزگا ڕێکخراوەکانی ئافرەتان لە ھەر یەکێک لەو‌ وڵاتانەدا.

٧- هەندێک ‌وڵاتی ئەو دونیایە خاوەنی پەرلەمان‌ و سیستمی فرەحیزبین، ئەگەرچی ڕۆڵی پەرلەمان لەهەندێک شوێندا دیکۆریی‌ و شکڵییە، ‌وەک له‌میسری سەردەمی موبارەکدا، بەڵام لەهەندێک شوێنی تردا بەهێزترە، ‌وەک له‌ لوبنان‌ و مەغریبدا.

کورتکردنەوەی ئەم گشتە ئاڵۆزە بۆ ئیسلام و ئیسلامیش بۆ ئەم یان ئەو حوکمی شەرعی، نەک تەنھا ڕێگرێکی مەعریفی گەورەیە لەبەردەم بینینی کێشە‌و گرفتە ڕاستەقینەکانی ئەو کۆمەڵگایانە‌دا بەڵکو لەبەردەم بینینی هێز‌ و توانا‌ و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لەو دونیایەدا

خوێندراوەتەوە854
     گشت ووتارەکان