مەریوان وریا قانع

ساختەکاریی پارێزەران و داڕمانی ئەخلاقیی‌

پێدەچێت تەزویر بووبێت بە بەشێکی ئۆرگانی لە عەقڵ و ئەخلاق و بیرکردنەوەی زیاد لە بەرەیەک لە کوردستاندا.

ئێستا زانیمان دەشێت حیزبێکی سیاسی سوڵتانی و بڕێک لە سیاسەتمەدارانی نابەپرسیار و نەخوێندەوار پەنا بۆ تەزویرکردن ببەن، بەڵام ئەوەی کە توێژێکی کۆمەڵایەتی گرنگی وەک پارێزەران پەنا بۆ تەزویر ببەن، توێژێک کە سەرودەریان لەگەڵ یاسا و ماف و بەرپرسیاریەتدایە، ئەمەیان بەھەموو مانایەک کارەساتێکی ئەخلاقییە.

کارێکی لەم جۆرە بەر لەھەمووشتێک ھێما بۆ بۆشاییەکی گەورە لە ئەخلاقی میھەنیدا دەکات، ئینجا بۆ بیابانێکی وشک و برینگ لە ئەخلاقی ئینسانی و دوای ئەویش وێرانەیەک لە ئەخلاقی سیاسیدا. پارێزەرێک پەنا بۆ کارتی تەزویرکراو ببات و دەنگی ساختە بخاتە ناو سندوقێکەوە کە شوێنی ”دەنگی ماف“ و ”دەنگی بەرپرسیارێتییە“، ھەرچییەک بێت پارێزەر نییە، کەسێکی بەرپرسیار و یاسایی نییە، بەڵکو کۆیلەیەکی حیزبی و سیاسییە.

 مرۆڤێکە بەر لەوەی ناپاکی و خیانەت لە دەنگی ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی بکات، خیانەت لە پیشەیەک دەکات کە داوای ئەوەی لێدەکات مافی مرۆڤەکان بپارێزێت و بەپێی یاساکان ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە.

گۆڕینی پارێزەر بۆ بوونەوەرێکی تەزویرچی، گۆڕانی مرۆڤە بۆ ئەو بوونەوەرە ترسناکەی فەیلەسوفی بەریتانی ”ئیسایا بەرلین“ ناوی ”مرۆڤی مونحەت“ی لێدەنێت، مرۆڤێک بەر لەوەی گاڵتە بە مرۆڤەکانی دەوروبەر و بەو کۆمەڵگایەک بکات کە تیایدا دەژی، گاڵتە بە ئینسانبوونی خۆی و بە ئینسانبوونی ئینسان دەکات.

خوێندراوەتەوە772
     گشت ووتارەکان