عه‌دنان عوسمان

مەسخەرەی هەڵبژاردن لە کوردستاندا‌

لە زۆر بۆنەدا ئاماژەم بەوە داوە ئەم هەڵبژاردنەی کوردستان جگە لە جێگیرکردنی پارتی وەک هێزی یەکەمی بێرکابەر هیچی تر نیە و براوەی یەکەم لە ئەنجام دانی هەڵبژاردن تەنها پارتیە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی لە بناغەدا پارتی هێزی یەکەمی هەرێمە، خۆ گەر وا بێت ئەوە جگە لە دەست خۆشی و پیرۆزبایی هیچی ترمان پێناوترێت. نەخێر پارتی هێزی یەکەم نیە و پێم وایە ئاستی جەماوەری پارتی لە باشترین حاڵەتیدا لە نێوان ٢٠- ٢٥ کورسییە بە پێوانەی ئێستای رێژەی دەنگدەران.

لە غیابی تۆمارێکی راستەقینەی دەنگدەران، سەرژمێری دانیشتوان، نەبونی کۆمسیۆنێکی بێلایەن و نا حیزبی و پرۆفیشیناڵ، بێلایەنی دەزگا ئەمنیەکان و هێزی چەکدار، قسە کردن لەسەر هەڵبژاردنێک کە تەنانەت لانی کەمی بێگەردی و پاکی لە خۆ بگریت کارێکی مەحاڵ و فێڵ لە خۆ کردنە. پارتی زیرەکانە توانی کار لەسەر ئەم کەلەبەرە یاسایی و ئسوڵیانە بکات و بە قازانجی خۆی هەڵیسوڕێنێت بەتایبەت کە هەردو لایەنەکەی تر: گۆڕان و یەکێتی سەرقالێ کیی‌ڕکێ و یەکتر شکاندنی یەکتر بون و ئاگایان لەو کەین وبەینە نەمابو وەیا زۆر خەمیان نەبو چی دەگوزەرێت گرنگ شکستی لایەنەکەی تری تێدا بێت.

ئەو ململانێ سەختەی یەکێتی و گۆران کە لەهەوڵی بچوک کردن و بچوک پێشاندانی یەکتر و سڕینەوەی یەکتردا بون و بواریان بۆ هیچ جۆرە هاوکارییەک نەهێشتەوە تەنانەت ئالوگٶڕی زانیاری لەسەر کار و پلانەکانی پارتی، وای کرد پارتی بە ئاسانی بتوانێت پلانەکانی سەر بخات و گۆڵێکی مێژوویی قورس لە هەردو لایەن بکات، تەنانەت کاتێک سەرجەم لایەنەکان باسیان لە ئەنجامدانی ساختەکاریەکی گەورە دەکرد لە دەڤەری ژێر کۆنترۆڵی پارتی، کەچی لە پڕێکدا سەرجەم تیشکەکان خرانە سەر سڵیمانی و هەمو هەوڵەکانی رێگری لەسەختەکاری چڕ کرایەوە بۆ ناوچەی سڵیمانی و بەتەواوەتی دۆسێی تەزویراتی ناوچەی هەولێر و دهۆک لەبیری خەلک و لایانەکان و تەنانەت میدیاش برایەوە.

یەكێتیی و گٶڕان بۆ چنگێک دەنگی چەند سندو‌قێک، لە بیریان چو کە هەزارەها دەنگ لە ناوچەکانی تر و بە رۆژی نیوەرۆ تەزویر کراون و ساختەکاری بەربڵاو کراوە و رێگری ئاشکرا کراوە.

لە هەموش مەسخەرە تر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە پڕە لە کەلێن و کەم و کوڕی، جا هەر لە مەسەلەی کۆتاکانەوە کە زۆر جار قسەمان لەسەری کرد بێ ئەوەی هەردو لایەن: گۆڕان و یەکێتی گوێی پێبدەن، کە دیارە جگە لە پێشکەش کردنی ١١ کورسی موفت و بێکێشە بە پارتی هیچی تر نیە چونکە زۆرینەی ئەو کۆتایانە جگە لە پاشکۆیەکی ئاشکرای (نەک نهێنی) پارتی هیچی تر نین.

لەوەش خراپ تر ئەو دەستکاریە بێماناو کت و پڕە بوو لە سیستەمی هەڵبژاردن و گۆڕینی لە داخراوەوە بۆ نیمچە کراوە. ئەم گۆڕانکاریە گەر هاوکات بوایە لەگەڵ دابەش کردنی کوردستان بۆ چەند بازنەیەک( لانی کەم ٤ بازنە) ئەوا دەکرا شایانی قبول کردن بێت هەرچەندە من پێم وایە لەم قۆناغەدا هێشتا داخراو دیموکراتی تر و عەمەلی تر دەبوو. بەڵام سیستەمەکە کرا بە نیمچە کراوە بەڵام لە چوارچێوەی یەک بازنەدا کە ئەمەش کەلێنێکی گەورەیە لە یاساکە. ئێستا بەم سیستەمە، ئەندامێک بە دەیان هەزار و ئەندامێکیش بە کەمترین دەنگ، کە چوار یەکی پێداویستی کورسییەک نیە، دەرۆنە پەرلەمانەوە. کە ئەمەش مەسخەرەیە بە بەها دیموکراسیەکان و دەنگی خەڵکی.

خوێندراوەتەوە1068
     گشت ووتارەکان