مەریوان وریا قانع

بەبۆنەی ڕۆژی جلی کوردییەوە‌

بەبۆنەی ڕۆژی جلی کوردییەوە:
چەند سەرنجێک دەربارەی پەیوەندی نێوان رەنگ و شۆڕش، ڕەنگ و ژیان

مەریوان وریا قانع

زۆرجار دەکرێت شوناسی شۆڕشەکان و کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکان بە ڕەنگەکاندا بناسینەوە. لە قوڵایی ھەر شۆڕشێکدا ھەڵوێستێکی تایبەت بەرامبەر بە ڕەنگ ھەیە. ھیچ شۆڕشێکیش لە دونیادا ھێندەی شۆڕشی ئێرانی ئەم پەیوەندییە قووڵەی نێوان ڕەنگ و شۆڕشمان بۆ دەرناخات. یەکێک لە دەرکەوتە ھەرە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێراداندا پەلاماردانی ڕەنگەکان بوو، نەمانی رەنگی جیاواز بوو لە فەزای گشتی شارەکانی ئێراندا. گۆڕینی ھەموو ڕەنگەکانی ناو ”ژیانی گشتیی“ بوو بۆ ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی بەتەنھا. ئەم گۆڕانکارییە لە ڕەنگدا دیاردەیەکی سادە نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە دەسکاریکردنێکی ڕادیکاڵی سەرلەبەری ”ژیانی گشتیی“ لەو وڵاتەدا.

گۆڕانی ڕەنگەکان بەشێک بوو لە بەرنامەیەکی بەرفراوان بۆ کۆنترۆڵکردنی لەش و کۆنترۆڵکردنی ژیانی گشتیی و کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت خۆشی. ھیچ شۆڕشێک لە دونیادا بەڕادەی شۆڕشی ئێرانی شۆڕشێکی ”دژەڕەنگ“ نەبوو. کورتکردنەوەی دونیای بینراو، دونیای دیار، کورتکردنەوەی مەجالی گشتیی، فەزای شارەکان، دەرکەوتە جیاوازەکانی جەستەی مرۆڤ، بۆ دوو ڕەنگ، بۆ ڕەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی، ئاکاری سەرەکی ئەم شۆڕشە بوو. لە ھیچ شوێنێکی دونیادا پەلاماردانی ڕەنگەکان بەو ڕادەیە نەبوو وەک لە شۆڕشی ئێرانیدا، رەنگە ئەم ھێرشە ھەمەلایەنەی شۆڕشی ئێرانی بۆسەر ڕەنگ لە ھەموو مێژووی مرۆڤایتیدا بێوێنە بێت.

لابردنی ڕەنگ لە ژیانی گشتیدا دیاردەیەکی لاوەکی نەبوو، بەڵکو بەشێکی سەرەکی بوو لەوەی ژمارەیەک لە ئایەتوڵاکان و ئایدیۆلۆژیستە دینییەکان ناوی ”شۆڕشێکی کولتوریی“ گەورەیان لێنابوو. پەلاماردانی ڕەنگەکان و داخستنی زانکۆکانی ئێران بۆ ماوەی سێ ساڵ، بە مەبەستی بە ئیسلامیکردنی خوێندن و ڕزگارکردنی خوێندکاران لە کاریگەرییەکانی خۆرئاوا، یەک کردەبوون. ھەردووکیان دوو دەرکەوتی جیاوازی ئەم ”شۆڕشە کولتوریی“ە بوون. وەکچۆن لەسەر شەقامەکان و لەناو فەزای گشتیدا ڕەنگ نەھێڵدرا، ئاواش لەناو بەرنامەی زانکۆکانی ئێراندا شتێک بەناوی فرەمیتۆدی و فرەدیدی و گفتوگۆ و بڵاوکردنەوەی ئازاداوە نەما. وەکچۆن لەسەر کۆڵانەکاندا گەنجانی ئیسلامیی دەوەستان بۆ پەلاماردانی ژنانێک کە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەردەکرد، ئاواش لەناو زانکۆکاندا پۆلیسەکانی فیکر ھەمان کاریان ئەنجامئەدا.

کوشتنی ڕەنگ لە شۆڕشی ئێرانیدا بەشێکبوو لە پرۆسەیەکی گەورەی لەناوبردنی فرەڕەنگیی. لەم پرۆسەیەدا ”حیجاب“ی ژنان بوو بە سیمبۆلی ھەرەسەرەکی دروستکردنی دونیایەکی دوو ڕەنگە. حیجاب، کە تەنھا ڕەش و خۆڵەمیشی بوو، تەعبیرێکی ڕاستەوخۆ بوو لەو شوناسە دینییەی پەلاماری ھەموو دەرکەوتە نادینییەکانی ژیانی ئەدا. حیجابی ئافرەتان پەیوەندی بە ھەڵبژاردنی ئازادانەی ئافرەتانەوە نەبوو، بەڵکو دیوە دەرەکییەکەی پەلاماردانی ڕوانێنێکی دینی داخراو بوو بۆ فرەڕەنگیی و جەستە و مرۆڤ. ئەم بە ئیسلامیکردنەی دەرکەوتنی ژن بە حیجابی رەشەوە لە فەزای گشتیدا، ھاوشانبوو بە کەمکردنەوەی تەمەنی شوکردنی کچان بۆ نۆ ساڵ و ھی کوڕانیش بۆ چواردە ساڵ. ھاوشانبوو بە پەلامارێکی ڕاستەوخۆش بۆسەر منداڵیی و کورتکردنەوەی ئەو تەمەنە بۆ کورتترین ماوە.

پەلاماردانی ڕەنگەکان بەشێکبوو لە پرۆسەی ”بەکەربەلاکردن“ی ژیانی گشتیی، ”بەکەربەلاکردن“ی رەنگەکان، ”بەکەربەلاکردن“ی پەیوەندی نێوان نێر و مێ و ”بەکەربەلاکردن“ی پەیوەندی مرۆڤ بەخودی خۆیەوە. ئەوەی ئەمڕۆ سەیری فەزای رەنگەکان لەبەشێکی زۆری شارەکانی ئێراندا بکات، لە ئامادەگی ڕەنگ لە ژیانی گشتیدا ڕابمێنێت، تەنانەت سەریری حیجابە رەنگاوڕەنگەکانیش بکات، ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت ئەو ”بەکەربەلاکردن“ەی ژیانی گشتیی، کوشتنی ڕەنگ، کورتکردنەوەی دونیا بۆ رەنگی ڕەش و خۆڵەمێشی، بەر لەھەموو شوێنێک لە ئێران خۆیدا فەشەلێکی گەورەی ھێناوە.

بینینی ئەو ھەموو ڕەنگە لە ڕۆژی جلی کوردیدا ھێمایەکی ڕاستەوخۆیە بۆ حەزێکی گەورە لە ژیان لە دونیای ئێمەدا، بۆ ئیرادەیەک کە دەیەوێ بژی، بۆ مەیلێک لە ڕێگای ئاڵانییەوە لە ڕەنگ، لە ژیانەوە ئاڵاوە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئێمە پاراستن و گەورەکردن و دەوڵەمەندکردنی ئەو حەز و ئیرادە گەورەیەیە بۆ ڕەنگ و لەڕەنگیشەوە بۆ ژیان. ھیچ ڕیفۆرمێکی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا مانای نابێت، گەر پاراستنی ڕەنگ بەشێک نەبێت لە ناوەرۆکە گشتییەکەی.


له‌ په‌یجی تایبه‌تی نوسه‌ر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك وه‌رگیراوه‌

خوێندراوەتەوە1921