عه‌دنان عوسمان

درۆ گەورەکە‌

درۆ گەورەکە
چۆن راستیەکان دەرکەوتن؟؟

هەندێ لە بەرپرسانی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی‌، تەنها هۆکارو بیانوو بۆ درێژکردنەوە نایاساییەکەی‌ سەرۆکی‌ هەرێم (نا یاسایی‌ چونکە ئەوە دەسەڵاتی‌ پەرلەمان نیە) دەبەستنەوە بە مەسەلەی‌ دەستورەوە، گوایە لەسەر ئەوە رێککەوتون کە دەستور بگەڕێـتەوە بۆ پەرلەمان و هەموار بکرێتەوەو سەرۆکی‌ هەرێم لەمەودوا لە لایەن پەرلەمانەوە دیاری‌ بکرێت. واتە ئەوان قوربانیان بەم دوو ساڵە داوە، تەنها بۆ ئەوەی‌ سیستەمێکی‌ جێگیر لە هەرێمدا هەبێت.

هەرچەندە برایانی‌ پارتی‌ لەم مەسەلەیە نەک هەر خۆیان بێدەنگ کردووەو بەهیچ شێوەیەک باس لە پرسی‌ دەستور و سیستەمی‌ حوکمڕانی‌ ناکەن و تەنها مەسەلەکە بە پێویست بون و گرنگی‌ کەسایەتی‌ کاک مەسعودەوە ئەبەستنەوە، بەڵکو هەر بەگەڕانەوەی‌ سەرۆکی‌ هەرێم ڕایگەیاند، کە بەهیچ جۆرێک لەگەڵ گەراندنەوەی‌ دەستور نین بۆ پەرلەمان. لەگەڵ ئەوەشدا راگەیاندن و بەرپرسانی‌ یەکێتی‌ ئەمە بە دەستکەوتێکی‌ گەورە دەزانن..!

من لەم وتارە کورتەدا ئەوە دەخەمە روو کە ئەم ئیددیعایە درۆیەکی‌ سیاسی‌ گەورەیەو، مەسەلەکە دوور و نزیک پەیوەندی‌ بە دەستورەوە نییە .

ئەسڵی‌ کێشەکە داواکاری‌ هەندێک بەرپرسی‌ یەکێتیە بۆ دواخستنی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان و ئەگەر بکرێت هی‌ پەرلەمانیش. ئەو بەرپرسانە زۆر لەم دوو هەڵبژاردنە دەترسن، بەتایبەت پارێزگاکان. بۆیە تەنها مەرجی‌ یەکێتی‌ بۆ دەنگ پێدان بە خولی‌ تر وەیا درێژکردنەوەی‌ ماوەی‌ سەرۆکایەتی‌ کاک مەسعود، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی‌ بیانوی‌ یاسایی بۆ ئەنجام نەدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان. واتە مساوەمەکە لەسەر دەستور وسیستەمی‌ حوکمڕانی‌ نیە، بەڵکو لەسەر دواخستنی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکانە لە پاڵ کۆمەڵێک داخوازی‌ تر.

با وردتر بەڵام بە کورتی‌ قسە لەسەر ئەم مەسەلەیە بکەین:
یەکەم: بەرێز مەلا بەختیار هەر لە سەرەتاوە رای‌ یەکلاکەرەوەی‌ سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ خستە روو، کە ئەوان جگە لە کاک مەسعود هیچ کاندیدێکی‌ تریان نیە بۆ پۆستی‌ سەرۆکی‌ هەرێم.

دووەم: ئەگەر ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای‌ گەڕاندنەوەی‌ رەشنوسی‌ دەستور و هەموارکردنی‌ بێت، خۆ ئەوە مانای‌ کۆتایی‌ هاتنی‌ کێشەکەیە، چونکە ئەوە داواکاری‌ هەموو لایەنەکانە جگە لە پارتی‌ کە بە ئێستەشەوە سوورن لەسەر ئەنجام دانی‌ راپرسی‌. کەواتە لەم حاڵەتەدا و کە یەکێتی‌ توانیبێتی‌ تاکە لایەنی‌ ناڕازی‌ قەناعەت پێبکات ئەوا نەک هەر پێویست بە دوو ساڵ ناکات بەڵکو دوو رۆژ بەسە بۆ ئەو هەموارکردنە. ئەمەی‌ کە دوو لایەن لەسەر هێڵە گشتیەکانی‌ مەسەلەیەک رێک بکەون کەچی‌ دوای‌ بخەن بۆ ماوەی‌ دوو ساڵ جگە لە کۆمیدیایەکی‌ رەش و گاڵتە کردن بە بەهاکان هیچی‌ تر نییە.

سێیەم: ئەو رێککەوتنە لە هودنەیەکی‌ ناچاری‌ دەچێت بە گوێرەی‌ رونکردنەوەکانی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتیی‌ و پەرلەمان. مەسەلەی‌ درێژکردنەوەکە وەک پێشمەرج وێنا دەکرێت لە پێناو دەستکەوتێکی‌ گەورەتردا، کەچی‌ لایەنی‌ پارتی‌ وا سەیری‌ ناکات و بە بەشێک لە داخوازی‌ یەکێتی‌ دادەنێت.

چوارەم: لە راستیشدا هیچ جۆرە رێککەوتنێک لەسەر پرسی‌ دەستور نەکراوە. ئەوەش راست نیە کە گوایە دەستورەکە هەموار دەکرێت. پارتی‌ هیچ کات بەو مەسەلەیە رازی‌ نەبوە و ئەمە تەنها بۆ پاراستنی‌ ئابڕوی‌ یەکێتیە بەرامبەر ئەو رەخنە توندانەی‌ روبەروی‌ دەبێتەوە بە تایبەت کە بینیمان بەرامبەر ئەو لێدوانەی‌ کاک مەلا بەختیار چ هەرایەکی‌ گەورە لە نێو سەرکردایەتی‌ یەکێتی‌ دروست بوو. هەر پاش ئەو هەڵایە، مەکتەبی‌ سیاسیی‌ بیریان لە سیناریۆیەکی‌ تر کردەوە کە ئەویش هەموارکردنی‌ دەستورە بە ناوی‌ سازانی‌ نیشتمانیەوە. مەعلومە سازان لای‌ پارتی‌ سازانی‌ دوای‌ راپرسیە نەک پیش ئەوە. بۆیە لە ئێستادا و تا 21/9/2013 واتە تا کاتی‌ هەڵبژاردنەکان، لیژنەیەکی‌ کارتۆنی‌ لە پەرلەمان دروست دەکرێت لە دەست و پێوەندەکانی‌ خۆیان. ئەم لیژنەیە چەند دانیشتنێکی‌ شکڵی‌ و بێئاکام ئەنجام دەدات لە ژێر ریکلام و زەقکردنەوەیەکی‌ گەورەدا گوایە ئەوەتا پرسی‌ دەستور لە پەرلەمان چارەسەر دەکرێت لە ژێر فشاری‌ یەکێتیدا. بەڵام دوای‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن ئیتر خودی‌ لیژنەکە شەرعیەتی‌ نامێنێت و ساڵێک دەخایەنێت گەر ئەسڵەن بیر لە لیژنەی‌ تریش بکرێتەوە. کەواتە ئەو پرسە دوای‌ هەڵبژاردنەکان بە تەواوەتی‌ لەبیر دەکرێت مەگەر ئاکامی‌ هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەک بێت بەڕەکە لە ژێر پێی‌ دەسەڵاتی‌ ئێستا دەربکات و پرسی‌ هەموارێکی‌ دیموکراسیانەی‌ دەستور بکاتە بەشێک لە کارنامەی‌ جدی‌ خۆی‌.

پێنجەم: کەواتە تەنها شتێک کە ئەم دوو حیزبە لەسەری‌ رێککەوتبێتن مەسەلەی‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردنەکانە بە تایبەت پارێزگاکان. مەعلومە رابەرایەتی‌ یەکێتی‌ زۆر لەو هەڵبژاردنە سڵ دەکاتەوە و ترسێکی‌ راستەقینەی‌ هەیە لە لەدەستدانی‌ شەرعییەتی‌ حوکمڕانی‌ کردنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ و گەرمیان. ئەنجومەنەکانیش بە گوێرەی‌ یاسا تازەکە خاوەنی‌ دەسەڵاتێکی‌ زۆرن. یەکێتی‌ لەم ساتەوەختەدا کە زۆربەی‌ راپرسیە ئاشکراو نهێنیەکان لە قازانجیدا نیە، ناتوانێت موجازەفە بە هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک بکات. بۆیە ئامادەی‌ هەموو جۆرە سازشێک بوو لەگەڵ پارتی‌ بۆ مەسەلەی‌ سەرۆکی‌ هەرێم بەرامبەر بەڵێنی‌ دواخستنی‌ هەڵبژاردنەکان بە تایبەت هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان چونکە بە دڵنیاییەوە پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و بەرپرسیارێتی‌ ئیداری‌ ناوچەکە لەدەست دەدات. هەر بۆیە هەر لەسەرەتاوە هیچ کێشەیەکی‌ لەسەر سێ بارە کاندیدکردنەوەی‌ کاک مەسعود نەبوو، کە هیچ رێگە چارەیەکی‌ یاساییش نەدۆزرایەوە، بە ناچاری‌ بیریان لە درێژکردنەوە کردەوە لە ژێر ناونیشانی‌ سازاندا. بەڵام ناوەرۆکەکەی‌، سازان بوو لەسەر هێشتنەوەی‌ رەشنوسەکە وەک خۆی‌ و دوا خستنی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان. فێڵەکەش بەم جۆرە پیادەکرا:

پاش ئەوەی‌ سەرۆکی‌ هەرێم هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان وسەرۆکایەتی‌ هەرێمی‌ دیاری‌ کرد. ماوەیەک حکومەت خۆی‌ بێئاگا کرد لە پرسی‌ هەڵبژاردنی‌ پارێزگاکان، چونکە دیاریکردنی‌ کاتی‌ هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی‌ ئەودایە. پاش ماوەیەک بە ناچاری‌ ئەویش هەمان رۆژی‌ دەستنیشان کرد. پەرلەمانیش ماوەیەک خۆی‌ خەڵافاند بۆ ئەوەی‌ یاساکە هەموار نەکرێت هەرچەندە ساڵێک پێش ئێستا دەیتوانی‌ هەمواری‌ بکات. لە 19/6/2013 پە رلەمان بە پەلە پرۆزێ هەردوو یاسای‌ پارێزگاکان و پەرلەمانی‌ هەموار کردەوە گوایە بۆ پەلە کردن لە ئەنجام دانی‌ هەڵبژاردن. جاران هەر یاسایەک کە پەلە بوایەو لە بەرژەوەندی‌ دەسەڵات بوایە هەر ئەو رۆژە سەرۆکی‌ هەرێم ئیمزای‌ دەکرد. ئەوا ئێستا نزیک ئەبینەوە لە کۆتایی‌ هاتنی‌ ئەو دوو هەفتەیەی‌ کە سەرۆکی‌ هەرێم بۆی‌ هەیە یاساکە ئیمزا بکات یا رەد بکاتەوە کەچی‌ هیچ دەنگ وباسێک نیە و نازانرێت سەرۆک ئیمزای‌ دەکات یا دەینێرێتەوە پەرلەمان. لە حاڵەتی‌ ئیمزا کردنیدا چەند رۆژێکیش دەخایەنێت تا بڵاو دەکرێتەوەو دەگاتە دەستی‌ کۆمسیۆن. لەم حاڵەتەدا کۆمسیۆن دەتوانێت بڵێت کاتی‌ بەدەست نەماوەو ناتوانێت ئەو هەڵبژاردنە بکات( وەک ئەوەی‌ لە ئێستادا بڕیاری‌ داوە) گەر سەرۆک ئیمزای‌ نەکات و بینێرێتـەوە پەرلەمان ئەوا دیسانەوە نزیک بە مانگێکی‌ دەوێت و بەم شێوەیە کۆمسیۆن ناتوانێت هەڵبژاردن بکات. لەوانەیە ئەم سیناریۆیە بۆ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانیش پیادەبکەن و هەوڵ بدەن ئۆباڵی‌ ئەنجام نەدانی‌ هەڵبژاردن بخەنە ئەستۆی‌ کۆمسیۆن وەک ئەوەی‌ لە دەستوردا رویدا کە راستیەکەشی‌ ئەوەیە ئەمە هەموی‌ پلانی‌ خودی‌ یەکێتی‌ و پارتیەو سەرۆکی‌ هەرێم ئەنجامی‌ دەدات بە دوا خستنی‌ ئیمزاکەی‌ وەیا گەڕاندنەوەی‌ بۆ پەرلەمان.

ئەم دوو حیزبە لە ئێستادا هەر فرت و فێڵێکیان کردبێ و بیکەن بۆ ئەوەیە بە ناوی‌ یاساوە ئیستحقاقێکی‌ نیشتمانی‌ کە هەڵبژاردنە دوا بخرێت و ئۆباڵیشی‌ بخەنە ئەستۆی‌ کۆمسیۆن. پیلانێکی‌ گەورەش هەیە بۆ دواخستنی‌ هەموو هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی‌ ساڵی‌ داهاتوو لە مانگی‌ سێدا لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ عێراقدا بکرێت وەیا دوا بخرێت بۆ دوای‌ ئەوە.

خوێندراوەتەوە1751