هادی حه‌مه‌ ره‌شید

بۆچى بەردەوام بین لە پشتگیریی گۆڕان؟‌


٢٥ى تەموزی٢٠٠٩ بە گۆڕانمان ووت: ئەم هەڵبژاردنە پشتگیرتانین، چاودێرییتان ئەکەین بزانین چەندە بە ئەمەکن بۆ ئەو بەڵێنانەى کە بە دەنگدەرانى ئەدەن.
بەو دەنگانەمان گۆڕان بوو بە ژمارەیەکى سەنگینى سەر گۆڕەپانى سیاسی لە کوردستان و عێراقدا، لەبەرامبەردا گۆڕان سەربارى هەر نەخۆشیی و دەردێک کە نکولى ناکرێت لە جەستەیدا هەیە، بەڵام لەچوارچێوەى بەرگرییکردن لە چاکەى گشتیدا ماوەتەوە و ئێمەش هەڵبژاردن لە دواى هەڵبژاردن، دووپاتى هاوپشتیمانى بۆ ئەکەینەوە.

مانەوە یان بەهێزترکردنى گۆڕان بەو سەنگە سیاسییەى کە هەیەتى، گرنگ و پێویستە، چونکە؛

١- گەرەنتى تەسلیم نەبوونە بە ئەجێنداى پڕ لە هەژموونى پارتى، کە بەداخەوە زیاد لە حیزبێکى سیاسیی و هەزاران بەناو ئەکادیمیست و ڕۆشنبیرى بەرکوڵخۆر و مەلاى نانەچەورەخۆر ئەدڤۆکەسى بۆ ئەکەن و بەهەموو سکانداڵ و ئابڕوچوونێکى پارتییەوە هێشتا بەبێ ڕکابەرى ئەزانن!!

لەم نێوەندەدا گرنگە کە ڕاستە ئاشتى کۆمەڵایەتی لەکوردستاندا نەخستووەتە مەترسییەوە، بەڵام تەسلیمیش نەبووە(وەک ئەوەى کە هەندێ تێگەیشتوون، یان ئەبێت شەڕى ناوخۆ لەگەڵ پارتى بکەیت یان تەسلیمی بیت!!)

٢- دیدێکى ڕوونى بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن هەیە لە کوردستان و عێراقدا، دیدێک کە هیچ پارادۆکسێکى تێدا نابینرێت، کە لە کوردستان خۆى نوقمى شۆڤێنیەتى کوردیی بکات و نەفرەت لە نوتفەى عەرەب بکات و کەچى لەهەمان کاتدا تەمەلوق بۆ عەبادیی و مالیکیی و نوجێفى و عەلاوى و حەکیم و سەفیە سوهەیل و فەتلاوى بکات!

هێزێکى تێوەگلاو نیە لە جەمسەربەندیی(شیعى و سوونى)دا، سیاسەت و ئاکت و بزاوتى لەسەر بنەماى ڕێزگرتن لە دامودەزگا شەرعیی و یاساییەکانى عێراق و کوردستانە، سوونییەکى ئایدۆلۆژیی و عەقایدیی نیە کە کوێرى کردبێت لە جوڵە و بڕیارەکانیدا و بەڕیمۆند کۆنترۆڵ لە ئەنکەرە و دەوحە و ڕیازەوە جوڵەى پێبکرێت!

هەر وەک شیعییەکى ١٢ئیمامەیش نین کە لە تاران و بەفیکەى قاسمى سولەیمانى هەڵسوڕێین!

لەناو ئەم جەنگەڵەى عێراقدا و لەڕێگاى فشارى تیمەکەى بەغدایەوە سەرقاڵى سەرپێخستنى دیپلۆماسییەتێکى تەندروستە، (کە ڕاستە سەرنجى زۆر لەسەر لاوازیی پەیوەندییەکانى دەرەوەى گۆڕان هەیە) بەڵام لایەنى کەم خۆشبەختانە نەخزاوەتە ناو ئەو بلۆکبەندییە ماڵوێرانکەرەى عێراق و ناوچەکەوە و دەستى گرتووە بە دیدگا تەندروستەکەى #کاک_نەوشیروان ــەوە، کە هەمیشە جەختى لە بەنیشتیمانییکردنى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئەکردەوە، تا لەسەر ئاستى هەرێم و دەزگا شەرعییەکانى بێت نەک حیزب و کەس و بنەماڵەکان!

فیدراڵیەت لەم قۆناغەدا لەژێر ساباتى دەستووردا بەباشترین چارەسەر ئەزانن، نەک لەلایەک بە هالەى میدیایی زیاتر لە نیوەى کوردستان بدۆڕێنێت و لە بەغداش بە کەمتر لە ئۆتۆنۆمیی قایل بێت!

٣- هێزێکە لە خەڵکەوە بۆ خەڵکە، تا ئێستاش نەیارەکانمان بە تەنزەوە پێمان ئەڵێن کە گۆڕان فەیسبووک بەڕێوەى ئەبات، لەکاتێکدا ڕاستتر وایە بڵێین تاکە حیزبە دەنگدەران و جەماوەرەکەى ڕاستەوخۆ لەپرسە جۆربەجۆرەکاندا بەشدار ئەبێت و بڕیارەکان ئاراستە ئەکات.

٤- بەهێزیی کاندیدەکانى، بەتایبەتى لیستى پارێزگاى سلێمانى، بۆ دەنگدەر گرنگە کە کەسانێک بنێرێتە بەغدا کە توانیبێتیان نوێنەرایەتییەکى ڕاست و دروستى خۆیان و حیزبەکەیان کردبێت، نەک خوانەخواستە ڕۆچووبێت لە ئەجێنداى بنەماڵە و بەرپرسانى نابەرپرسى هەرێمدا!

کەسێتییەکى وەک #د_یوسف_محمد لەبەردەم مەسعود بارزانى و نێچیرڤاندا هەرگیز خۆى وەک مرۆڤى پلە سێ پیشان نەدا و لە مەراسیم و پڕۆتۆکۆڵاتدا هیچ کاتێک خۆى بەبچووک دەرنەخستووە وەک سەرۆک پەرلەمانەکانى پێشوو کە خۆیان بە موچەخۆرى ماڵى بارزانى وێنا ئەکرد، کەسێتى بەرجەستەکارى سەرۆکى پەرلەمانى ئەم خولە، بەجۆرێک بوو بە جێگاى حەسادەتى بەشێک لە سیاسى ناو لایەنەکان، تا ئاستى ئەوەى کە زۆرینەى حیزبە سیاسییەکان (جگە لە گۆڕان و کۆمەڵ) گەلەکۆمەکییان لێکرد، لەکاتێکدا بۆ خۆیان پڕۆژەیان بۆ سەرۆکایەتى هەرێم هەبوو، کەچى بۆ لێدان لەو زاتە بەتوندیی چوونە پشتى پارتییەوە!

هەوڵى گۆشەگیرکردنیان ئەدا، لەڕێگاى پێشنیارکردن بۆ گۆڕان تا د.یوسف بگۆڕێتن بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر مەبادیئەکانى!

پارتى لەڕێگاى سەرکونسوڵى ئەوکاتەى تورکیاوە لەهەولێر کەمپەینێکیان دەست پێکرد تا وا لەنوێنەرى وڵاتان بکەن، فشار لەگۆڕان بکەن د.یوسف لەسەرۆکى پەرلەمان لابدات!

کەچى بەپێچەوانەوە ئەو چووە بڕۆکسل و بەفەرمى لە پەرلەمانى ئەوروپا پێشوازى لێکرا، بە باوەڕ بەخۆبوونەوە سەرکۆنەى ئەو مەیلەى پەرلەمانى یەکێتى ئەوروپاى کرد کە لەبەرنامەیاندا هەیە پێشوازى لە بارزانى بکەن، هەر بۆیە لە گەشتى بارزانیدا بۆ ئەو پەرلەمانە بەڕوونى کارکردى کەسێتى ئەو دیار بوو.

زۆرینەى کاندیدەکان خاوەنى کیبریائـ و شکۆى خۆیانن و چاولەبەرى منەتى دەنگدەرانیان نەبێت، چاولەبەرى هیچ کوێخا و بنەماڵەیەک نین، بەم هیمەت و کەسێتییەوە چەسپاندنى مافەکانى ئێمە لە بەغدا ئاسانە و ئەتوانن هەڵگرى ئەمانەتى دەنگەکانمان بن.

خوێندراوەتەوە231