هێمن مامه‌ند

ئاسایش و پۆلییسی‌ پارتی‌ چی‌ له‌ هه‌ولێریه‌كان ده‌كه‌ن!‌


زۆر جار گله‌یی‌ له‌خه‌ڵكی‌ هه‌ولێر ده‌كرێت كه‌ هه‌ڵوێستی‌ نییه‌و نایه‌ته‌ سه‌رشه‌قام و ده‌نگ هه‌ڵنابڕێت و ئه‌م گله‌ییانه‌و چه‌ندین گله‌ی‌ تر له‌خه‌ڵكی‌ ره‌سه‌نی‌ ئه‌م شاره‌ ده‌كرێت، به‌ڵام كورد وته‌نی‌: "كه‌س له‌ماڵی‌ كه‌س نییه‌، یان كه‌س ئاگای‌ له‌ده‌ردی‌ كه‌س نییه‌".

ئاخه‌ر ئێوه‌ نازانن پۆلیس و ئاسایشی‌ پارتی‌ چی‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ ده‌كات، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌س پێی‌ بزانێت، ئاخه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ پۆلیس و ئاسایشی‌ پارتی‌ زوڵمیان لێده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت ناوێرن نه‌له‌میدیاو نه‌له‌ده‌سته‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ و نه‌له‌هیچ شوێنێك باسی‌ بكه‌ن و له‌هه‌ناوی‌ خۆیان ده‌نێن به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ دوای‌ ئازادبونیشیان توشی‌ نه‌خۆشی‌ ده‌روونی‌ ده‌بن.

ئه‌زیزانم من سێ حاڵه‌تی‌ ده‌ستگیركردنی‌ پۆلیس و ئاسایشی‌ پارتیتان له‌م وتاره‌ بۆروون ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وسا ده‌زانن كه‌ پۆلیس و ئاسایشی‌ پارتی‌ چ زوڵمێك له‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌ن، حاڵه‌تی‌ یه‌كه‌م كه‌ به‌پێی‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌ خۆم ده‌ستم كه‌وتووه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ساڵی‌ رابردوو كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن 18ساڵه‌ به‌ناوی‌ (ر) له‌لایه‌ن ئاسایشی‌ پارتیه‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و دوای‌ چوار مانگ له‌ بێسه‌روشوێنكردنی‌ بۆ كه‌س و كاره‌كه‌ی‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشی‌ پارتیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، یه‌كه‌م جار تۆمه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌خه‌نه‌ پاڵ ده‌ڵێن تریاكی‌ كێشاوه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ به‌دواداچونه‌كانی‌ من ئه‌و كوڕه‌ ئه‌وه‌نده‌ بێوه‌ی‌ بووه‌ ته‌نانه‌ت جگه‌ره‌شی‌ نه‌كێشاوه‌، دوای‌ بینه‌و به‌رده‌یه‌كی‌ زۆر (ر) دوای‌ شه‌ش مانگ له‌ئاسایشی‌ پارتی‌ و پاك كردنه‌وه‌ی‌ قاوشه‌كانی‌ ئاسایش ئازاد ده‌كرێت و دواتر بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر لایكێكی‌ فه‌یسبوك كه‌ به‌دڵی‌ پارتی‌ نه‌بووه‌ ده‌ستگیركراوه‌و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ئێستا (ر) توشی‌ نه‌خۆشی‌ ده‌روونی‌ بووه‌و به‌ به‌رده‌وام جگه‌ره‌ ده‌كێشێت و خه‌م ده‌خوات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا پێشوتر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جگه‌ره‌ی‌ نه‌كێشاوه‌.

حاڵه‌تی‌ دووه‌م به‌سه‌رهاتی‌ ( س، م) كه‌ به‌پێی‌ به‌دواداچونه‌كانم هه‌شت مانگ له‌ ئاسایشی‌ پارتی‌ ده‌ستگیر كراوه‌و سه‌دان بیانوو و تۆمه‌تیان داوه‌ته‌ پاڵ دواتر پێیان ووتوه‌ تۆمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ وتاره‌كه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادیت له‌ناو مۆبایله‌كه‌ی‌ هه‌بووه‌، له‌كاتێكدا كه‌ وتاره‌كه‌ی‌ ئه‌بوبه‌كری‌ به‌غدادی‌ له‌ناو مۆبایلی‌ زۆر كه‌سدا هه‌یه‌.

حاڵه‌تی‌ سێیه‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كاتێك گۆرانی‌ بێژی‌ میللی‌ كه‌ریم گوڵانی‌ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان باسی‌ له‌وه‌ كرد، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود بارزانی‌ و نێچیرڤان بارزانی‌ و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پاره‌یان داوه‌تێ‌، دوای‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌ی‌ كه‌ریم گوڵانی‌ پۆلیسێك به‌ناوی‌ ( و، ز) كه‌له‌دادگای‌ هه‌ولێر ده‌وام ده‌كات له‌ ئه‌كاونته‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك پۆستێك ده‌كات و گله‌یی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات بۆچی‌ پاره‌ بۆ كه‌ریم گوڵانی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام بۆ دایكی‌ شه‌هیدان نییه‌، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر ماوه‌ی‌ شه‌ش رۆژ ده‌خرێته‌ زیندان و وه‌به‌ڵێننامه‌ی‌ پێ پڕده‌كرێته‌وه‌ كه‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك فه‌یسبوك به‌كاربێنێت و هاوكات له‌ دادگای‌ هه‌ولێریش ده‌یگوازنه‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ تر، به‌ڵێ‌ ئه‌زیزان ئه‌مه‌ سێ حاڵه‌ت بوو كه‌ من پێمزانیووه‌و به‌دواداچونم بۆكردووه‌، به‌ڵام دڵنیام هه‌زاران حاڵه‌تی‌ تری‌ له‌م شێوه‌یه‌ هه‌یه‌و كه‌س ناوێرێت بیدركرێنێت و باسی‌ بكات، ئه‌مه‌یه‌ ژیانی‌ هه‌ولێریه‌كان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ و پۆلیس و ئاسایشی‌ پارتی‌ .

خوێندراوەتەوە408