د. سه‌ردار عه‌زیز

گۆڕان و نەوەی نوێ‌


مەبەستم لە نەوەی نوێ، نەوەی پاش ڕاپەڕینە نەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ. مەبەستم لە گۆڕان تەنها بزوتنەوەی گۆڕان نیە، بەڵکو گۆڕان وەک ئاکتێک.

هەمومان لە ماڵەکانماندا دەیانبینین، برا و خوشکەکانمان، خاوەنی بڕوانامەیەک و مۆبایلێک و کۆمەڵێک خەونی هەڵبزڕکاون. ڕۆژگارەکان بە سەریاندا تێدەپەڕێت و هەتا بێت زانکۆ دەبێتە یادەوری و فەیسبوک دەبێتە نیشتمان و داهاتوو دەبێتە مۆتەکە.

ئەم نەوەیە دۆخێکی ئاڵۆزی هەیە، ئەمانە ئاشنان بە دونیا و بەڵام لێی مەحرومن. دونیا و جوانیەکانی خۆی لە بەردەمیاندا نمایش دەکات و ئەمان ناتوانن بەشێک بن لێی. ئەگەر بۆ نەوەکانی پێشوو چاکسازی بژاردەبوو ئەوا بۆ ئەم نەوەیە تەنها یەک بژاردە هەیە ئەویش گۆڕانکارییە.

بۆیە ئەم نەوەیە گۆڕانخوازن. ئەو گۆڕانکارییەی ئەمان دەیخوازن بە ڕستەی ئامادەکراو و خەونی کۆشکە سپیەکان و گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و رەفاهیەت دەستەبەر نابێت. 

ئەم دیاردەیە لە ئەدەبیاتی ئابوری سیاسیدا بە هەڵاوسانی گەنجان ناسراوە youth bulge بەمانای ئەوەی کە ئەوەندە گەشەی ئابوری هەیە کە رێژەی مردنی مناڵان کەمدەکاتەوە بەڵام ئەم گەشە ئابوریە ئەوەندە نیە کە بتوانێت کاریان بۆ دەستەبەر بکات. لە ئەنجامدا هەڵاوسانێک لە رێژەی گەنجاندا دروست دەبێت. ئاشکرایە کە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی گەنجە، خوێندەوارە، بەڵام بەرەو داهاتویەکی تاریک هەنگاو دەنێت. ئەگەر ئەمرۆ ئابوری هەرێم لە نێوان گەندەڵان و موچەخۆراندا بەشکراوە، ئەوا ئەمان نە دەتوانن بچنە ریزی گەندەڵانەوە و نە دەتوانن ببنە موچەخۆر. بۆیە رێگای خێرا نەهێشتنی گەندەڵیە لە گەڵ شەن و کەوکردنی موچە.

خەمی ئەم نەوەیە هی ئەوە نیە بکرێتە بابەتی سیاسی لە لایەن کەسانێکەوە کە ئەلف و بێی ئەدەبیاتی ئابوری سیاسی و گەشە و حوکمداری و ئابوری نازانن و وڵاتیان لێبوە بە پرۆژەیەکی وەبەرهێنان بە تامی حکومەتی هەرێم. خەمی ئەمانە مەترسی ئاسایشی ڕاستەقینەیە لە سەر کۆمەڵگای کوردی. بەبێ دەستکاری ڕادیکاڵانەی ئابوری سیاسی و سیستەمی حوکمرانی و گشت کایەکی کۆمەڵگا بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار و بواری فشار و بوون بە بەشێک لە کۆمەڵگا، کێشەی ئەمانە چارەسەر نابێت.

ئەم نەوەیە کە ئێستا لە کونجی ماڵەکاندا بە پانتۆڵێکی دەرقاچە تەسکەوە سەری بە سەر مۆبایلەکەیدا شۆڕ دەکاتەوە سبەینێ هەست بە نامۆ بوون دەکات. 

ئەمانە گۆڕانخوازن بە تامی شۆڕش، بەڵام کە گەشتە ئاستی ئەوەی شۆڕش بکەن خۆیان و ئەوانیتریش دەسوتێنن. دواین بەناو شۆرش لە ڕۆژئاوا روداوی ١٩٦٨ بوو کە ئەمرۆژانە یادی پەنجا ساڵەیەتی، دواین شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهاری عەرەبی بوو، هیچ کامیان هیچی باشی نوێیان نەهێنا.

ئەو پزیسکەی کە سبەینێ دەبێتە ئاگرێک، دەبێت بکرێتە وزەی دونیایەکی جیاواز لە هەموو ئاستەکاندا، ئەگینا قەدەری ئێمە قەدەرێکی سەختە.

خوێندراوەتەوە480