به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

نه‌وه‌ى نوێ یان ده‌وارى ڕه‌ش: كێ له‌ بن ئه‌م ده‌واره‌ دائه‌نیشێت؟‌

شيكارى _ به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

به‌رئه‌نجامى گه‌نده‌ڵى و بێ ده‌ربه‌ستى ده‌سته‌ڵاتى كوردى له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌وه‌یه‌كى باڵاده‌ستى ئه‌منى و ئابوری دروست بووه‌ كه‌ یه‌كه‌م: خاڵین له‌ویژدان و ئه‌خلاقى كورده‌واریی، دووه‌م:

خه‌ڵكێلێكى عه‌وام به‌رهه‌مهێنراون، كه‌ به‌رده‌وام له‌ئێستادا بژین، ئێستایه‌ك كه‌ له‌چوارچێوه‌ى چه‌ندین سه‌رمایه‌دارى چاوچنۆكدا،جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كان باش باش هه‌ستى پێده‌كرێت. یه‌كێك له‌و سه‌رمایه‌داره‌ چاوچنۆكه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ بووه‌ به‌ دیارده‌و، ئه‌و به‌ده‌ورى خه‌ڵك و خه‌ڵك به‌ده‌ورى ئه‌ودا دێن و ئه‌چن، ئامۆژگارى ئه‌دات كه‌ گه‌نجان خاوه‌نى خۆیان نیین و شكستخواردوون و "ئه‌و" كه‌سێكى سه‌ركه‌وتووه‌و، كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌بێت چاو له‌و بكه‌ن!. فه‌رموون به‌ ئامارو داتا لاى خواره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌ندین كارى نایاسایی و فێڵى گه‌وره‌ى پرۆژه‌كانى ئه‌م سیاسییه‌ تازه‌یه‌تان بۆ بكه‌ین كه‌ خاوه‌نى گوندى ئه‌ڵمانى یه‌ك و دوو و سێ و چاڤى لاندو كه‌ناڵى ئاسمانى ئێن ئاڕتى یه‌، به‌ڵام پێشه‌كى بۆ ئه‌وه‌ى كه‌س نه‌ڵێت ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و، پێشوتر بۆ ئه‌م باسه‌ت نه‌وروژاندووه‌، ئێمه‌ له‌ساڵى (2013) به‌شێكى ئه‌م قسه‌و به‌ڵگانه‌مان نوسیوه‌و لینكه‌كان ماون:

یه‌كه‌م: گوندى ئه‌ڵمانى یه‌ك و دوو

یه‌كه‌م: گوندى ئه‌ڵمانى یه‌ك و دوو،مه‌ترى به‌ (75) سه‌نت له‌حكومه‌ت كڕدراوه‌ (واته‌ ناكاته‌ 1 یه‌ك دۆلار له‌ چ شارێكى دونیادا مه‌ترێ زه‌وى به‌ دۆلارێ كه‌متره‌؟) له‌ئێستادا سه‌ره‌ڕاى ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوررییه‌ش كه‌ هه‌یه‌، یه‌ك شووققه‌ى (140 م) ئه‌ده‌ن به‌ (165000) واته‌ (16,5) شانزه‌ ده‌فته‌رو نیو، هیچ مه‌ترێك شووققه‌ له‌ (350$) زیاترى تێ ناچێت، لێره‌دا (140 ×350) یه‌كسانه‌ به‌ (50000) واته‌ شووققه‌یه‌ك په‌نجا هه‌زار دۆلار یان (5) ده‌فته‌رى تێ ئه‌چێت، ئه‌مان ئه‌یده‌ن به‌ (16،5). !!.كه‌وابێت بۆیه‌ك شووققه‌ له‌ باڵه‌خانه‌یه‌كى گه‌وره‌،له‌قاتى (7 و 8) ته‌نها (11،5) یانزه‌ ده‌فته‌رو نیو، خێر وه‌رده‌گرن..!.

دووه‌م: ئه‌م پرۆژه‌یه‌ كاتى خۆى كه‌ بۆ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان نێرراوه‌ (كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ى هاوڕێى نزیكى خاوه‌نى كۆمپانیاى نالیا بووه‌!) تیایدا نوسراوه‌ (60%) ى سه‌وزاییه‌،كه‌چى (20%) كردووه‌ به‌ سه‌وزایی، یانى گوندى ئه‌ڵمانى1 ،2، هه‌ردوكیان پێكه‌وه‌ ڕێژه‌ى سه‌وزاییان له‌ (20%) تێ ناپه‌ڕێت ؟..له‌مه‌ش سه‌یرتر گوندى ئه‌ڵمانى (دوو) له‌ سه‌وزایی گوندى ئه‌ڵمانى (یه‌ك) دا دروستكراوه‌.

سێهه‌م : له‌ناو گوندى ئه‌ڵمانى دا، له‌ماسته‌رپلانه‌كه‌دا، زه‌وى ته‌رخانكراوه‌ بۆ (باخچه‌ى ساوایان + خوێندنگه‌) كه‌ ده‌بوایه‌ حكومى بن به‌پێی یاسا، كه‌چى ئێستا بووه‌ به‌ باخچه‌ى ساوایانى تایبه‌ت (واته‌ ئه‌بێت پاره‌ بده‌ن به‌ كۆمپانیاكه‌) ،هه‌موو مانگێك هه‌ر مناڵێك ده‌بێت زیاتر له‌ (100$) بدات، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى ئه‌م شووققه‌و یه‌كانه‌ ده‌كڕن، وه‌ك كرێچى كۆمپانیاى نالیا وان، به‌ئاره‌زووى خۆیان پاره‌ى ئاو و گه‌رمى و ساردى و كاره‌بایان لێوه‌رده‌گرن !.

چواره‌م : ئینجا بابزانین كێن ئه‌وانه‌ى له‌ گوندى ئه‌ڵمانى دائه‌نیشن و ئه‌م براده‌ره‌ شوێنى نیشته‌جێبونى بۆ كێ دروستكردووه‌:

- حاكمه‌كان ،خانوى حاكمه‌كان له‌ گوندى ئه‌ڵمانى (گه‌ڕه‌كى حاكمه‌كان) به‌ناوبانگن ،ئه‌مانه‌ بۆئه‌وه‌ خانویان بۆ كراوه‌ تا له‌مه‌حكه‌مه‌ كه‌یسه‌كانى گوندى ئه‌ڵمانى و كۆمپانیاى نالیا ببه‌نه‌وه‌ .
- ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى شاره‌وانى .
- ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان .
- ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندى سات و سه‌وداكه‌رو،خانویه‌كى (ع،ف) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسی یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان كه‌ (1000) مه‌تریه‌،بایی زیاتر له‌ (150) ده‌فته‌ر دۆلاره‌، واته‌ (یه‌ك ملیۆن و نیو دۆلار). ئه‌م خانووه‌ خۆى تیا دا نه‌ ئه‌نیشت و چۆڵ بو (ئێستا فرۆشراوه‌!)، ئه‌م ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسییه‌ى یه‌كێتى چاوه‌ڕێى ئه‌كرد ئۆفیسه‌كه‌ى لاى بازاڕى زارا تاپۆ بكات له‌سه‌رخۆى، بێجگه‌ له‌خانوه‌كه‌ى گردى ئه‌ندازیاران، ئه‌وسا بچێته‌ گوندى ئه‌ڵمانى، هاوكات یه‌كێك له‌ كچه‌كانى به‌ هه‌مان شێوه‌ یه‌كه‌ یه‌كى نیشته‌جێ بونى له‌ گوندى ئه‌ڵمانى یه‌ك هه‌یه‌.
- هه‌روه‌ها ماڵى ئه‌ندامێكى ترى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى نیشتیمانى (ح، ق)، دیسان رووبه‌رى هه‌ردوو خانوه‌كه‌ى (1000) مه‌تره‌و، ماڵى دوو ئه‌ندامى پێشووى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى تریش له‌هه‌مان شوێنن. ئینجا ماڵى كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی پارتى و سكرتێر و سكرتێره‌ى ڕێكخراوه‌كانى پارتى دیموكراتى كوردستان و له‌گه‌ڵ دوو ده‌ستگه‌ى گومانلێكراو!.

پێنجه‌م : یه‌كه‌ به‌چه‌نه‌ ؟.

وه‌ك ووتمان شووققه‌ى ده‌ستى دوو به‌(170000) هه‌زار دۆلار یانى (17) ده‌فته‌ر هه‌یه‌، ئه‌ویش له‌قاتى چوار پێنجه‌كان، دیاره‌ نالیا تائێستا به‌هه‌زاران شووققه‌ى دروستكردووه‌ .!. ئینجا تا ماوه‌یه‌كى زۆر شووققه‌ تازه‌كان به‌ (16) ده‌فته‌ر بو كه‌ ئه‌بێت (80%) پاره‌ى پێشه‌كیش بده‌یت. پاشان خانوى (200) مه‌ترى به‌ (400000) چوارسه‌د هه‌زار دۆلار و به‌ره‌و ژوور،یانى (40) ده‌فته‌رو، هى (370) مه‌ترى له‌گوندى ئه‌ڵمانى (3) به‌ (800000) هه‌شت سه‌د هه‌زار دۆلار،واته‌ (80) ده‌فته‌ر دۆلار.

ببینه‌: "ماهر حه‌سه‌ن" یش به‌ (10000) ده‌ هه‌زار دۆلار ڕیكلام ئه‌كاو، ئه‌ڵێت : ڕاكه‌، فریاكه‌وه‌، با له‌ ده‌ستت نه‌چێ دوایی له‌ده‌ستى دوو به‌ دووهێنده‌ ئه‌یكڕیته‌وه‌، یانى به‌ (160) ده‌فته‌ر.!.

سه‌رۆكى نه‌وه‌ى نوێ ئه‌م پارانه‌ى له‌ كوێوه‌ هێنا ؟.

به‌ڵگه‌ى به‌رده‌ست زۆرن كه‌ ئه‌م پارانه‌ى له‌ كوێوه‌ هێناوه‌، به‌ڵام با له‌ ڕه‌وتى داتاو لۆجیك لانه‌ده‌ین، تا (نه‌وه‌ى نوێ) بزانێت له‌ كوێوه‌ پێی ڕائه‌بوێرن و، بنچینه‌ى شته‌كان چیین. به‌ پێى ئامارى یه‌كێتى وه‌به‌رهێنه‌ران له‌سه‌ره‌تاى (2018) ه‌دا (10800) ده‌ هه‌زارو هه‌شت سه‌ت ملیۆنێر و (30) ملیاردێر له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ن، ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌ پێى به‌راوردكارى و زانستى ئابوریی زۆر زۆر نا ئاساییه‌ بۆ هه‌رێمێكى چكۆلانه‌، له‌ كاتێكدا ووڵاتێكى نه‌وتى وه‌ك سعودییه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ (10,250,000) ده‌ ملیۆن و دوو سه‌ت و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ئه‌هێنێت ته‌نها (10) ملیار دێرى هه‌یه‌!.

تو ویژدانتان، ئه‌مه‌یه‌ ئه‌خلاقى كورد؟. به‌حه‌ق: ئه‌مڕۆكه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌ك هه‌بێت بۆسه‌ر ئه‌زمونى نه‌ته‌وایه‌تى كورد،ئه‌م سه‌رمایه‌دارانه‌ن، كه‌ خه‌ڵكى ئیستفزاز ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هێنده‌ دۆستى كۆمه‌ڵگه‌ن، بۆچى ده‌ستى دوو گه‌نج تان نه‌گرت؟. له‌ ساڵى (2012) سیاسه‌تمه‌دارى به‌ڕه‌گه‌ز لوبنانى (فواد عه‌جمى) م بینى "دووساڵ پێش ئێستا كۆچى دوایی كرد"، ئه‌و له‌ شه‌سته‌كانه‌وه‌ له‌ئه‌مریكا ژیابو،ئه‌كادیمیه‌كانى ئه‌وێی خوێندووه‌و، تا بووه‌ته‌ ڕاوێژكارى ناوه‌نده‌ باڵاكانى ئه‌مریكا، بۆ نمونه‌ ڕاوێژكارى بووش بو، ئه‌و قه‌ناعه‌تى به‌ بوش كردبو، كه‌ عێراق داگیر بكات، باشه‌ كورد كه‌ ملیاردێرى واى هه‌یه‌و دڵسۆزه‌و، درۆ ناكات، بۆ ته‌نها (4) كه‌س له‌ناو ئه‌مریكادا وه‌ك فواد عه‌جمى زه‌رع بكات، خۆ ده‌یتوانى كۆنترۆڵى به‌شێك له‌ بڕیارو سیاسه‌تى خۆرئاواوه‌ بكات، هاتووه‌ له‌و شه‌قامانه‌ى سلێمانى مرۆڤى بوده‌ڵه‌و گه‌نجى خاوه‌ن فه‌یسبوك به‌ پاره‌ى دزراو ئه‌كڕێت!. به‌جددیی كورد خه‌ریكى چى یه‌ ؟.

گوندى ئه‌ڵمانى، لوتكه‌ى بێ ئیتیكى و بێ ڕه‌وشتى كوردمان پێنیشان ئه‌دات، ئاخر ئه‌ڵه‌مانه‌كان ئه‌چوون كیمیایی و گازى خه‌رده‌لیان ئه‌فرۆشت به‌عێراق، تا به‌سه‌ر كورددا بیبارێنێ، له‌برى شه‌كواكردن له‌ دادگاى ده‌ولى له‌سه‌ریان، ده‌چین گوندى ئه‌ڵمانى كۆپى ده‌كه‌ینه‌ سه‌ر كوردستان .!. له‌ ساڵى (1984) ه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌ ئه‌ڵمانیا یه‌ك هه‌ڵوێستى مرۆڤانه‌ى له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌و ئۆجه‌لان نه‌بووه‌، بگره‌ تاكه‌ دۆستێكى توركیایه‌ له‌ ئه‌وروپا (به‌ ووته‌ى دۆڕان كالكان) كه‌چى ئه‌و قله‌ قله‌ ى لایه‌نگرانى په‌كه‌كه‌ له‌ باشور چوون له‌گه‌ڵ خاوه‌نى گوندى ئه‌ڵمانى و لیستى نه‌وه‌ى نوێ هاوپه‌یمانییان پێك هێناوه‌!.

هه‌قه‌ خه‌ڵك بزانن: ئه‌وه‌ بۆگه‌نى ئه‌و سیسته‌مه‌ سیاسیی و ئابورییه‌ یه‌ كه‌ بۆته‌ مایه‌ى پێگه‌یاندن و ده‌وڵه‌مه‌ن بونى سه‌رۆكى لیستى نه‌وه‌ى نوێ، ئه‌و پارانه‌ى ئه‌و له‌ هه‌ناوى ئه‌و دزى و گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ئه‌و ئێستا باسی ئه‌كات بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگى خه‌ڵكى ڕه‌شوڕووتى ئه‌م ووڵاته‌. زیانێكى ترى ئه‌م ملیاردێره‌ هه‌ڵتۆقیوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "ماركس" ووته‌نى "جیاوازى چینایه‌تى" له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا دروست كردووه‌، ئه‌ویش له‌ كۆمه‌ڵێك لاوه‌، بۆ نمونه‌: له‌ هه‌رێمى كوردستان چونكه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنان خراپه‌ (ئه‌سڵه‌ن یاساكه‌شى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌مانه‌ ده‌ركراوه‌ له‌ په‌رله‌مان!) ئه‌مه‌ش سیاسه‌تى ئابوریی و بازرگانى ته‌واو لاواز كردووه‌و لاسه‌نگى بازرگانى دروستكردووه‌، مه‌سه‌له‌ن بڕى هاورده‌كردنى كاڵاكانى هه‌رێم له‌ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو هه‌رێم (95.2%) ته‌نها به‌ ڕێژه‌ى (4.8%) كاڵا له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ كراوه‌، ده‌ى ئه‌م وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كه‌ شانازى به‌سه‌ركه‌وتوویی خۆیه‌وه‌ ئه‌كا با بڵێ ئه‌وه‌م به‌رهه‌م هێناوه‌؟. ته‌نها بازاڕى كوردستانیان پڕ كردووه‌ له‌ شمه‌كى ده‌ره‌كى یه‌ك خشت یان له‌ كوردستان وه‌به‌ر نه‌هێناوه‌.

* چاڤى لاند نا یا ساییه‌ و كه‌سیش قسه‌ ناكا !!؟.
- به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك فرۆشتنى پشك (ئه‌و پشكانه‌ى ریكلامى بۆ ئه‌كرد له‌ كه‌ناڵى ئێن ئاڕتى) نا قانونی بو، وه‌ نا قانونیشه‌، بۆ ؟. ئه‌م ڕاستییه‌شمان كاتى خۆى به‌ نووسین به‌ خه‌ڵك ووت، كه‌ ئێستا فێڵیان لێكراوه‌ (تاوانى ئێمه‌ نییه‌ به‌ قسه‌یان نه‌كردوین) به‌ مانایه‌كى تر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ فێڵه‌ چونكه‌:

یه‌كه‌م: كاتێك كه‌ تۆ پشك ئه‌فرۆشی، ده‌بێت بڵێی بڕى پاره‌ یان سه‌رمایه‌ى گه‌وره‌كردنى پرۆژه‌كه‌ چه‌نده‌ ؟.به‌ خه‌ڵكیش و به‌ وه‌زاره‌تى دارایی و وه‌به‌رهێنیشى نه‌ ووتووه‌، واز له‌ خه‌ڵك بێنه‌ هه‌ر ئه‌بێت ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ به‌شیان بخۆن، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى حكومه‌ت و حزب ئه‌مه‌یان به‌سه‌ردا تێ په‌ڕى ؟.

دووه‌م: له‌بۆرسه‌ى عێراقدا (Iraqi Stock Market) زیاتر له‌ (300) كۆمپانیاى گه‌وره‌ى وه‌كو ( ئاسیا، كۆڕه‌ك ، زه‌ین ، بانكه‌كان ، كارگه‌كان و ....هتد. هه‌یه‌ و كڕین و فرۆشتن به‌ پشكه‌كانیان ده‌كرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ ئێستا دراوى ئه‌لیكترۆنیش وه‌ك (بت كۆین و ڕیپڵ و وه‌ن كۆین) له‌ بۆرسه‌دان، كه‌چى چاڤى لاندى تیا نییه‌ !.واته‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ى پشكدار بێت، ده‌بێت ئه‌ندام بێت له‌و بۆرسه‌یه‌،چاڤى لاند نییه‌تى، كه‌واته‌: فێڵه‌.

سێهه‌م : له‌هیچ شوێنێكى فه‌رمى ،كڕین و فرۆشتن به‌م پشكه‌وه‌ ناكرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش دیسان پێچه‌وانه‌ى قانونه‌.

چواره‌م : له‌ناو غاباتدا كابینه‌ى دروستكردووه‌ !.ئه‌مه‌یان (به‌پێی ڕاپۆرتى دیوانى چاودێریی دارایی).كه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسایه‌.

پێنجه‌م : ئه‌رێ ئه‌و پشك (سه‌هم-Share) انه‌،هى پرۆژه‌كه‌ى پێشوتر نین، كه‌ نه‌ فرۆشراون، جارێكى هه‌ڵڵاى بۆ ده‌كه‌ن .ئه‌مه‌ تاوان و ناقانونیشه‌ .

شه‌شه‌م : كه‌ ڕیكلام ئه‌كا بۆ هه‌ر پشكێك، ئه‌وانه‌شى كه‌ ڕیكلامى بۆ كردووه‌، ئه‌بێت پێمان بڵێ : نرخى پشك به‌ چه‌نه‌ ؟. كه‌ نایڵێت ،كه‌واته‌ : فێڵه‌. له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌م نووسینه‌و ئه‌م دۆخه‌ى شارو ووڵاتى تێكه‌وتووه‌ داواكارى گشتى بێده‌نگه‌ و! نایا داكۆكى له‌و خه‌ڵكه‌ بكا!.

حه‌وته‌م: له‌هه‌مووى سه‌یرتر، له‌سه‌ره‌تاى فرۆشتنى پشكه‌كاندا، ئه‌وپرۆژانه‌ى كه‌ بڕیاربو ئه‌نجام بدرێت ,له‌كه‌ته‌لۆكه‌كه‌دا دانراوه‌، بۆنمونه‌،ئه‌ڵێت : (110) ملیۆن دۆلار خه‌رج ئه‌كه‌م، له‌م پرۆژه‌یه‌دا، بۆدروستكردنى بۆنمونه‌ : (20) پرۆژه‌ى گه‌وره‌ له‌ناو چاڤى لاند ،یه‌كێك له‌وانه‌ تاوه‌رێكى (35م) یه‌.له‌سه‌رشاخى ئه‌زمه‌ڕ .تاوه‌ره‌كه‌ش دروست نه‌كراوه‌، پاره‌كه‌شی خورا دواتر ڕه‌نگه‌ به‌ پاره‌ى ئه‌و پشكانه‌ بێته‌ دروستبون كه‌ له‌و دواییه‌دا فرۆشتى. ئینجا هه‌ر له‌م دواییه‌ى پێش ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت بێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى قه‌رز (له‌ كاتێكدا پرۆژه‌كان وه‌ستابون) هه‌رجاره‌و سه‌روو (100) ملیۆن دۆلارى وه‌رگرتووه‌ (هه‌موو نوسراوه‌ فه‌رمییه‌كانى بانك به‌رده‌سته‌، شێوازى نووسینه‌كه‌ ئاڵۆز ئه‌كات ده‌نا ئه‌وه‌شم له‌گه‌ڵ بڵاو ئه‌كرده‌وه‌)

خاوه‌نى ئه‌م ڕوئیا ڕۆشنه‌ى كه‌ لیستێكى به‌ناوى "نه‌وه‌ى نوێ" له‌ كوردستان دروستكردووه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلارى خه‌ڵك و حكومه‌ت، ئه‌ڵێ " منیش وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكه‌و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش وه‌كو من پشك یان كڕیوه‌!!". ئه‌و خه‌ڵكه‌ش چه‌پڵه‌ى بۆ لێ ئه‌ده‌ن!. ئینجا چووه‌ ده‌یان لاپه‌ڕه‌ى له‌ سۆشیال میدیا كڕیووه‌و، به‌ناوى خوازراوه‌وه‌ په‌لامارى ئه‌م و ئه‌و بده‌ن!. ئێستا پێى بڵێ ئه‌مانه‌ چییه‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ت تۆمه‌تت بۆ دروست بكا، نازانێ ئێمه‌ پێش ئه‌و و پێش هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ نالیادا ڕۆژنامه‌وانى ئه‌كه‌ین له‌م ووڵاته‌ ڕه‌خنه‌و قسه‌مان هه‌بووه‌ له‌ ئامرازه‌كانى میدیادا.

كه‌ناڵى ئاسمانى ئێن ئاڕتى-NRT جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێكه‌ له‌ گریمانه‌كانى چه‌ته‌كانى ئابوریی نێوده‌وڵه‌تى -Confessions of an Economic Hit Man" خوێنه‌رى ووشیار ئه‌توانێت به‌دواى ئه‌وه‌دا بگه‌ڕێت. له‌سه‌رده‌مى چه‌ته‌ كۆربۆكراتییه‌كان دا، كه‌ گریمانه‌یه‌كى زۆر ناشیرینى دونیاى سه‌رمایه‌دارین، ئیتر ئه‌بێت دیدو بۆچونى هه‌موو كه‌سێك سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵه‌كان و میدیاو ڕیكلامه‌كانیش بگۆڕدرێت، ئه‌مه‌ى كه‌سێك پاره‌ى ده‌ستكه‌وتووه‌ له‌ سیسته‌مێكى پڕ له‌چه‌ته‌دا و كه‌ناڵى میدیایی و لیستى په‌رله‌مانى دروست ئه‌كا، فیعله‌ن بۆ كوردستان تازه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌ ئه‌مریكا تۆڕى (NBC) كۆمپانیاى جه‌نه‌راڵ ئه‌لیكتریك خاوه‌ندارێتى ئه‌كا، تۆڕى (ABC) هى كۆمپانیاى دیزنى-Disney یه‌، هه‌روه‌ها (CBS) كۆمپانیاى فیاكوم -Viacom و به‌هه‌مان شێوه‌ CNN و تۆڕه‌ میدیاییه‌كانى تر...عه‌ساباتى جیهانى ده‌ستیان به‌ته‌نها نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ ئاڕاسته‌كردنى بانكه‌كان و ڕه‌زیلكردنى سێ به‌شى ئه‌م گۆى زه‌وییه‌، هه‌ر پاره‌ سپى ناكه‌نه‌وه‌ (چونكه‌ به‌ ڕوو ڕه‌شى په‌یاى ئه‌كه‌ن) ئا ئاوها به‌ره‌به‌ره‌ ئه‌یانه‌وێ كۆنترۆڵى مێشكى تاكه‌كه‌نیشیان به‌ده‌سته‌وه‌ بێت. ببینه‌: هنرى فۆرد خاوه‌نى كۆمپانیاى فۆرد ئه‌ڵێ " ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى ئه‌م دونیایه‌ بزانن ئێمه‌ چى ئه‌كه‌ین به‌یانى زوو شۆڕشێك دروست ئه‌بێت.

له‌ كۆتاییدا ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌، فوو ئه‌كه‌نه‌ هه‌ندێ مرۆڤى به‌تاڵ و له‌سه‌ر شاشه‌ گه‌وره‌ى ئه‌كه‌ن و، ئه‌یانكه‌ن به‌ په‌رله‌مانتار، ئه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ نووسینیش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پێتان وایه‌ ئێوه‌ بوونه‌ مینبه‌رى كۆمه‌ڵێ به‌رپرس و په‌رله‌مانتارى هه‌رزه‌ ڕۆژه‌ بێته‌وه‌ داتاى هه‌ڵه‌وپه‌ڵه‌ بۆ كوێركردنى خه‌ڵك بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌و، ناویان نه‌هێناون، ئه‌وه‌ هه‌ناسه‌یه‌كیش لێره‌وه‌ هه‌یه‌.

خوێندراوەتەوە379