عه‌دنان عوسمان

من و ریفراندۆم‌


خەڵکانێک ئێستا سنگ دەرئەپەڕێنن کەگوایە هەر ئەوان بون تاسەر دژ بە ریفراندۆمەکەی بارزانی بوون. گەر نەختێ خۆمان ماندو بکەین و سەیری لێدوانەکانی گۆڕان و هەڵسوڕاوەکانی بکەین، ئەوا ئەبینین کە ماوەیەکی زۆر پیش هەمو لایەک، ئێمە بە توندی دژ بەو پرۆسەیە وەستاینەوەو جەماوەرمان لە مەترسیەکانی ئاگادار کردەوە. پێش ئەوەی برۆمە نێو وتارەکە دەمەوێت ئاماژە بە دوو خاڵ بدەم:

یەکەم: یەکەم لایەن کە وتی نەخێر بۆ ریفراندۆم گۆڕان بوو، ئەوەش لەدەیان دوکیۆمێنتدا هەیە.
دووەم: نەخێری گۆڕان جدی و راستگۆیانە بوو، چونکە دژ بە کۆی پرۆسەکە بو وە بە قانونی نەئەزانی، نەک شەرعیەتدان بە پرۆسەکەو پاشان وتنی نەخێر.

حەتمەن نەیارەکانمان یەکسەر ئاماژە بە دەنگدانی کاک عومەری سەید عەلی ئەکەن، من لەو بارەوە قسەی خۆم کردوە کە دوای ئەم وتارە جارێکی تر بڵاوی ئەکەمەوە.

 لەم وتارەدا تەنها ئاماژە بە پرۆسەی ریفراندۆم ئەدەم وەک ئەوەی لە ٧/٦/٢٠١٧ بڕیاری لەسەر دراو،  لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لەلایەن پارتی و پارتیگەراکانەوە جێبەجێ کرا، وردەکاریەکانی تر پێشتر زۆر قسەم لەسەرکردوە.

زۆر جار ئەوترێت گۆڕان رون و رەوان لەو بارەوە قسەی نەکردوەو هەڵوێستی جدی نەبوە، من لێرەدا بەیاننامەو لێدوانەکانی جڤات و وتەبێژی گۆڕان و هەزاران نوسینی هاوڕێیانم لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی بزوتنەوەکە باس ناکەم، کە سەرتاپایان دژایەتی ئەو ریفراندۆمە بو، تەنها قسەیەک لەسەر بابەتەکانی خۆم وەک شاهدیەک بۆ مێژو ئاماژە پێ ئەدەم.

١. یەکەم وتارم لەسەر ریفراندۆمەکەی بارزانی لە ٤/٤/٢٠١٧ بلاو کردەوە بەناونیشانی:

ئەفسانەی ریفراندۆمەکەی مەسعود بارزانی دەبێت بەتاڵ بکرێتەوە
لەم وتارەدا ئاماژەم بەچەند خاڵێک داوە:
- پارتی ریفراندۆم ئەکات( هەندێک وتارنوسی پارتی ئەڵێن ئێوە وتوتانە بارزانی ریفراندۆم ناکات بەڵکو تەنها موزایەدەیە) من لەوێ وتومە بەڵێ دەیکەن چونکە هیچ تەبەعەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتی لەسەر نیە.
- ئەم هەوڵی ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی نیە ئەوەندەی بۆ پەردەپۆش کردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و بەلارێدا بردنی پرسە ئەسڵیەکانە.
- ئەم ریفراندۆمە بۆ سەپاندنی باڵا دەستی مەسعود بارزانی و پارتیە لە کوردستاندا.
- دوا قسەشم ئەوە بوە کە دەبێ گۆڕان و ئازادیخوازان بەدەنگی بەرز بڵێن نەخێر بۆ هەیمەنەو شانۆگەری ریفراندۆمەکەت.

٢. وتاری دوەم لە ٦/٤/٢٠١٧ لەسەر لێدوانێکی عەدنان موفتیە کە بەبەغدایان وتوە ریفراندۆم ناکاتە سەربەخۆیی، لەوێدا ئاماژەم بەوە داوە کە ئەمە مەهزەلەو چەواشەکاریە.

٣. لە ٤/٤/٢٠١٧ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رادیۆ نەوا.

٤.  لە ١١/٤/٢٠١٧ لە وتارێکدا ئاماژەم بە هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی داوە بۆ هێنانی گۆڕان بۆناو گەمەی بەیعەتدان بە بارزانی لەژێر ناوی ریفراندۆمدا،  داوام کردوە گۆڕان بە توندی دژی ئەو پرۆسەیە بوەستێتەوە.

٥.  لە ١٣/٤/٢٠١٧ لە وتارێکدا بەناوی  چۆن دەوڵەتی کوردستان دروست ئەکەین، لەوەڵامی پرسیاری ئایا ریفراندۆم پێویستە، وتومە نەخێر لە ئێستادا پێویست نیە.

٦.  لە وتارێکدا لەسەر بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ١٩/٤/٢٠١٧ دیسان ئاماژەم بە مەترسیانەی ریفراندۆم داوە.

٧.  لە ٢٢/٤/٢٠١٧ رەخنەم لە راگەیندراوی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان گرتوە کە راشکاوانە دژ بە ریفراندۆم نەوەستانەتەوەو دەبوایە زیاتر جەختیان لەسەر کاراکردنی پەرلەمان و کێشەناوخۆییەکان بکردایە.

٨.  ریفراندۆم و سەربەخۆیی دو ئەجیندای جیاواز، ناونیشانی وتارێکی هاوبەشە لەگەل بەرێزان هۆشیار عەبدوڵا و رابون مەعروف لە ٢٧/٤/٢٠١٧ کە بەتوندی رەخنەمان لە ریفراندۆمەکەی پارتی گرتوە.

٩.  لە ٢٧/٤/٢٠١٧ لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی nrtئەو کۆمیتەیەی کە بڕیاربو بۆ ریفراندۆمی دروست بکەن ناونا کۆمیتەی عار.

١٠.  لە ١١/٦/٢٠١٧ لە وتارێک بەناوی "چ ریسواییەکە" رەخنەم لە ئامادەبوانی کۆبونەوەکەی ٧/٦ گرتوە کە دەبوایە بە بارزانیان بوتایە ئەمە ریفراندۆمی حزبە نەک میللەت.

١١.  لە ١٢/٦/٢٠١٧ بە وتارێک بەناوی وتنی نەخێر بۆ ریفراندۆمەکەی مەسعود وتنی بەڵێیە بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و دیموکرات.
١٢.  لە ١٤/٦/٢٠١٧ وتارێک بەناوی گۆڕان چی دەوێت؟

لەوێدا وتومە: بۆیە ئەم ریفراندۆمەی پارتی  بە تەواوەتی و بێ هیچ دڵەڕاوکێیەک لەلایەن گۆڕانەوە پوچەڵە.

١٣.  لە ٢٠/٦/٢٠١٧ وتاری: مانگەشەوی دەوڵەتەکەی مەسعود بارزانی سەر لە ئێوارە دیارە،،باسم لە هەڵوێستی ریفراندۆمچیەکان کردوە،وە وتومە: هەزار نەخێر بۆ بەیعەتدان بە دەوڵەتی مافیاو دز و ستەمکار و دژ بەئازادی..

١٤.  لە ٢٢/٦/٢٠١٧ وتومە: ئەوەی پێێ وابێت ریفراندۆمەکەی پارتی لە ٢٥/٩ پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیە ئەوا بڕوای تەواوی بە پرۆسەی ئەو ریفراندۆمە هەیە کە سەرتاپای ناشەرعییە.

١٥.  لە ٩/٧/٢٠١٧ وتارێک بەناوی رێگای سەربەخۆیی کورتە درێژی مەکەنەوە.

١٦.  لە ٢٠/٧/٢٠١٧ واتە زیاد لە دوو مانگ پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، پێشبینی شکستیم کردوەو داوای شکستپێهێنانم کردوە، چونکە ماڵوێرانی بەدواوەیە، بۆیە ئەڵێم: شکستی ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ٩ شکست نیە بۆ کورد بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئەنجامدانی دەبێتە مایەی مەترسی بۆ ئایندەی کوردستان و نەهامەتیەکی گەورەش بۆ میللەتەکەی،وە پێم وابوە ئەمە قومارە بە بژێوی هاوڵاتیان و ژیانیان.

١٧.  لە ٢٣/٧/٢٠١٧ لەوەڵام بە عەلی عەونی کە داوای کردبو تۆمارێک بۆ ناوی ئەو کەسانەی دژی ریفراندۆمن دابنرێت وتومە: بەم کابرایە بڵێن با ناومان تۆمار بکات، چونکە ئەوە وتنی نایە بەدەنگێکی بەرز و ئازایانە دژ بە ناعەدالەتی و دەسەڵاتی مافیاکان.

١٨. لە ٢٨/٧ لە رادیۆی روداو و ٢٩/٧ لە nrt قسەکردن لەسەر ریفراندۆم.

١٩. لە ٣٠/٧/٢٠١٧ لە nrt: عەدنان عوسمان: ئەنجامدانی ریفراندۆم پرۆسەیەکی نیشتمان وێرانکردنە.

٢٠.  لە ١/٨/٢٠١٧ لەوەڵامی کەسێک، کە ئێمەی دژ بە ریفراندۆم بە مەفرەزە خاسەی بەعس ئەشوبهێنێت، وتومە: ئێمە دژ بە ریفراندۆمی ئاغاکەت ئەوەستینەوە، تۆش چ کێوێک سەختە بیگرە.

٢١. لە ١٦/٨/٢٠١٧ وتارێک بەناوی دوا قسەیەک کە شایانی وتن بێت،، لەوێدا پێم وابوە ئەمە ریفراندۆمی هۆشیار زێباریە و پەیوەندی بە پرسی نیشتمانیەوە نیە...

٢٢. لە ٢٠/٩/٢٠١٧ لە وتارێک بەناوی چەند سەرەقەڵەمێک وتومە: ئەم ریفراندۆمە با بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی و سیاسیە فاشیلەکانی کورد لەناوخۆیاندا بیکەن...کاتێک دەنگت بۆ سەربەخۆیی ئەبێت،کە بەدەنگی بەرز بڵێی من دژی ئەم پرۆسەیەم کە بارزانی بۆ مەبەست و ئەجیندای تر هێناویەتە پیشەوە.

٢٣.  لە ٢٤/٩/٢٠١٧ واتە یەک رۆژ پێش ریفراندۆم ئەمەم نوسی: ئەم راپرسیە ریفراندۆمی مەسعود بارزانیە، هەوڵدانە بۆ پێشاندانی خۆی وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی و سەرکردە باڵای کورد.....دەنگدان بەم ریفراندۆمە، جا لەهەرێم بێت بەتەنها یا لەناوچەچیناکۆکەکانیش، بەڵێ نیە بۆ سەربەخۆیی.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمە کاڵوکرچەکەش، چەندین بابەتی ترم لەسەری نوسی بەتایبەت لە ٢٨/٩/٢٠١٧ بەناوی "ریفراندۆم و گۆڕان" کە بەوردی باسم لەسەرجەم هەلوێستەکانی گۆڕان دژ بە ریفراندۆم کردوە. بەڵام ئەوەی لای من گرنگ بو ئەو وتار و لێدوانانە بون کە پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە بڵاوکراوەتەوە، دیارە لەپاڵ ئەمانەی سەرەوە، چەندین لێدوان و چاوپێکەوتنی تر هەیە لیرەو لەوێ، کە لەم کاتەدا لەبەردەستمدا نەبو، وەیا بەشێکی تەرخان کرابو بۆ ریفراندۆم، بەتایبەت بەرنامەی دیالۆگی کاک توانا عوسمان لە nrt.

خوێندراوەتەوە857