پێشڕەو بابە شێخ

گۆڕان هەم سەر قافڵە و هەم پشتیوان‌


بزوتنەوەی گۆڕان لە خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەش پێشڕەو بوو , جگە لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان خۆی لە خۆیدا لە ئەنجامی بێ ئومێدی و نەبونی نوزەیەک بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ناشەفافی لەداهات و تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و سامانی میلەت و ناعەدالەتی و نادادی کۆمەڵایەتی و زوڵمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرکوتکردنی ڕۆژنامە نوسان و تیرۆرکردنی دەنگە ئازاو ئازادەکان هاتە کایەوە و دروستبوو .

دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان وەک چۆن بوە هۆی هاتنە کایە و دروستبونی قۆناغێکی نوێ لە مێژوی خەباتی گەلەکەمان لە باشور,گۆڕانکاریەکی گەورەشی لە کایە جیاوازەکانی ژیان و ژیاری کۆمەڵگای کوردی دروستکرد .  هەرێمی لە قۆناغێکی متبونەوە گواستەوە بۆ شلەقانی شەقامی کوردی لە ڕوی سیاسی و حوکمداری و کۆمەڵایەتی و ئابوری و پەیوەندیەکان و گەڕانەوە بۆ پڕەنسیبە سیاسیەکان و یاساییەکان لە حوکمڕانی,  لەسەروی هەموشیانەوە هەڵبژاردن و دەنگدان و پەرلەمانی بەشێوەیەکی نوێ نیشاندا .

ئەوەی من مەبەستمە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوئێستای مامۆستایان و  موچەخۆرانی هەرێم بەگشتی و سەرجەم چین و توێژەکانی سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمە دژ بە حکومەت و ستەمی پاشە کەوت و نەدانی موچەکانیان و ڕۆڵ و کاریگەری و پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵک و مافخوراوانە, وەک یەکەم هێزی گرنگ و کاریگەر لە مەیدانەکەدا .

بزوتنەوەی گۆڕان ئەمجارە چۆن پێشڕەوە لە پشتیوانیەکان؟
یەکەم / بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەی بەردەوام داینەمۆی ناڕەزایەتیەکان بوە بەرامبەر بە ستەمی پاشەکەوت, وەک یەکەم حزب و بزوتنەوەی سیاسی و جەماوەری بەیاننامەی پشتیوانی بۆ داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەران دەرکرد, کە پاڵپشتی و هێزێکی مەعنەوی گەورەی بە خۆپیشاندەران بەخشی .

دووەم/ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە یاوەری وەفدێک  وەک یەکەم کەسایەتی و سەرکردەی سیاسی, سەردانی خۆپیشاندەرانی کردو هەم وەک کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە و هەم وەک مامۆستایەک, پشتیوان و پاڵپشتی بۆ خۆپیشاندەران دوپاتکردەوە . کە دوپاتکرنەوەی ئومێد بوو بە جەماوەر و مانەوەی گۆڕانە لە بەرەی گەل وەک خۆی .

سێ یەم / دەرکەوتنی باژێروانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو خۆپیشاندەران وەک کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە لە شارەکان و هەڵسوڕاوە دیارەکان لەناو خۆپیشاندەران گرنگی و کاریگەری پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خەڵک دەردەخات . تێکەڵەیەکە لە جەماوەری بونی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەهیچ کات و لە هیچ دۆخێک لێک جیا ناکرێنەوە . 

چوارەم / بەشداری سەرۆک فڕاکسیۆنەکانی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لە پێشی پێشەوەی هاوڵاتیان, مایەی هەڵوەستە لەسەر کردنە کە هەر یەک لەمانە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەکەن, کە سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕانە . پاڵپشتیەکی تێکەڵی گۆڕانە هەم وەک شوێن و پێگە ئیداریەکانیان و هەم وەک پێگە حزبیەکانیان کە ئەمە تەنها لە بزوتنەوەی گۆڕان بونی هەیە بە بەراورد بە لایەنەکانی تر .

پێنجەم / هەولێر و ناوچەکانی بادینان تایبەت و پڕ بایەخن. تایبەتن چونکە لە ژێر زەبروزەنگی هێزێکدان کە باوەڕی بە چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندان و داواکاری هاوڵاتیان نیە باوەڕی بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ نیە, تایبەت و پڕ بایەخن چونکە پایتەختی هەرێم و چاوی زۆربەی وڵاتان و نوێنەرایەتیان لەم شوێنەیە . تایبەتیەکەی بەجۆرێکە لە هەر خۆپیشاندانێک دەگوترا تا ئەودیوی دێگەڵەش هەڵنەستێ بێ ئەنجامە . 

لە هەولێر کەسی یەکەمی بزوتنەوەی گۆڕان لەم شارە لە پێشەوەی خۆپیشاندانە و دواتر دەست بەسەر دەکرێت لە لایەن هێزەکانی پارتی, باژێروانی شارەکەیە و ئەندامی سەرکردایەتی گۆڕانە کە لەناو خۆپیشاندەران و لەکاتی پشتیوانیکردن لەخۆپیشاندەران هێرشی دەکرێتە سەر, جگە لە هەڵسوڕاوە دیارەکانی تری بزوتنەوەکە لە هەولێر.

شەشەم / لە بادینان جگە لە هەڵسوڕاوە دیارەکان و ئەندامانی جڤات کە لە پێشەوەی خۆپیشاندانن, پەرلەمانتارێکی گۆڕان هێرشی دەکرێتە سەر, کە ترسیان لە بونی هەیە لە ناوچەکانی بادینان و دواتریش دەبێتە هۆکارێک و هەوێنێک بۆ فراوانبون و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە دەڤەری بادینان کە جەورو ستەمی دەسەڵات لەو ناوچانە لە لوتکەدایە بەرامبەر بە هاوڵاتیان . 

حەوتەم / بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و بەتایبەت KNN و گەیاندنی دەنگی خۆپیشاندەران و گواستنەوەی ناڕەزایەتیەکان و پشتیوانیکردنی بە پێشەنگ و پێشەوایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان و گواستنەوەی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان لەسەر شەقامەکان و گواستنەوەی داواکاریە ڕەواکان و شیکاریە ئابوریەکان ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری بینیوە.

هەشتەم / بزوتنەوەی گۆڕان وەک یەکەم هێزی سیاسی, کاریکرد بۆ گەیاندنی دەنگی شەقام و گەیاندنی پێشێلکاریەکان بە کونسوڵخانەکان و باڵیۆزخانەکانی وڵاتان لە هەولێر و بەغداد . سەردانیکردنی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەولێر و بەغداد جۆرێکی ترە لە خەباتی مەدەنی .فڕاکسیۆنی گۆڕان یەکەم فڕاکسیۆنی پەرلەمانی بوو داوای دانیشتنی نا ئاسایی پەرلەمانی کرد.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بزوتنەوەی گۆڕان نە هاتوە خۆپیشاندانەکان بکات بە موڵکی گۆڕان و بەرگێکی سیاسی و حزبی بەبەردا بکات, بەڵکو وەک پشتیوانێک لە خۆپیشاندانەکان لە مەیدانەکەدا ئەسپی خۆی تاوداوە, تانەبێت بە هۆکاری بەلا ڕێدا بردنی داواکاریەکانی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەرگێکی سیاسی نەکات بە بەردا . وتەولێدوانەکانی کاربەدەستانی هەولێر و دواترینیشیان سەرۆکی حکومەتی هەرێم, ئاماژەیەکی ڕونە بۆ لکاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە خۆپیشاندانەکان, لەوەشدا گۆڕان پێشەنگە کە نایەوێت و ناهێڵێت بۆ مەوقیفێکی سیاسی ڕاستەوخۆ ببێتە هۆکاری لەناوچونی مافەڕەواکانی خەڵک و موچە خۆران .

خوێندراوەتەوە149