هونەر تۆفیق

سەردەمی ئەبوئەڵقە ‌


لە سەرەتای هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ، تا ماوەی دەساڵێک دواتریش ، مۆدێلێک لە ژیان لەناو گەنجانی عێراقی بەگشتی و کورددا بەتایبەتی دروست ببوو کە دەکرێت پێ ی بڵێن سەردەمی ئەبوئەڵقە . 

زۆرینەی گەنجی ئەو سەردەمە جۆرێک لە چەقۆیان هەڵدەگرت کە پێیان دەگوت چەقۆی ئەبوئەڵقە. جاری واهەبوو شەڕ و کوشتن بەو چەقۆیانە دەکرا. داهێنەری ئەم مۆدێلە لە عێراقدا کە دواتر کوردیشی گرتەوە هەریەک لە نازم کەزار و جەبار کوردی بوون .

کەزار و جەبار کوردی دوو گەنجی چەقۆکێشی سەرسەری بەغدایی گەڕەکی فەزڵ بوون .سەدام حسەین لە شەستەکانەوە لەگەڵ ئەم دوو گەنجە چەقۆکێشە و باندەکەیاندا ئاشنا دەبێت و هاوڕێیەتیان دەکات . زۆرێک لە کوشت و بڕیەکانی نەیارەکانی خۆی بەم چەقۆکێشانە ئەنجام ئەدات . 

وەختێک بەعسیەکان دەستەڵاتیان گرتە دەست . سەدام ، نازم کەزاری کردە مدیری ئەمنی عامە لەبەغدا . هەرچی کوشتن و تەسفیەکردن و توقاندن هەبوو بە نازم کەزار و هاوڕێکانی ئەنجامی دا . سەرتاسەری عێراق لەو ماوەیەدا تەنانەت لەناوهێنانی نازم کەزار زەندەقیان چووبوو ، بەدزیەوە پێیان دەگوت نازم جەزار ( نازمی قەساب ) 

کەزار لەبەر خووە شەڕانیەکەی خۆی ، مۆدێلی چەقۆکێشی ناو گەنجانی داهێنا . نزیکەی دەساڵێک سەردەمی ئەبو ئەڵقە بوو لەناو گەنجانی عێراقدا و کێشەیەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی گەورەی خولقاندبوو. 

دواتر بە تۆمەتی هەوڵی کودەتاکردن بەسەر ئەحمەد حەسەن بەکردا ، هەر سەدام حسەین خۆی لەپێشدا زمانی کەزاری بڕی ، چونکە لەکاتی لێپێچنەوەدا جنێوی بەسەدام دابوویەوە . ئینجا وەک مژدەیەک بۆ عێراقیەکان ، سەدام لەسێدارەدانی کەزاری لە ساڵی ١٩٧٣ دا ڕاگەیاند . 

لەگێڕانەوەی باسی ئەو سەردەم و مۆدێلەدا ، وەبیری خۆمانی دێنمەوە . بۆئەوەی جارێکی تر مۆدێڵی کەزار و سەردەمی ئەبوئەڵقە نەگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگاکەمان . چونکە هەزاران گەنجی ئەو سەردەمە بوونە قوربانی تاقمەکەی کەزار و جەبار کوردی . تەنانەت کەزار بەوەش تاوانبارکرا کە دەستی هەبوو لە پلانی هەوڵی کوشتنی مەلامستەفادا لە گەڵاڵە .

خوێندراوەتەوە719