ره‌نجده‌ر عوسمان

مێژووی‌ شكست‌


هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ناو واقعی‌ سیاسی‌ و ڕۆشنبیری‌ ئێمه‌دا بوونی‌ هه‌یه‌, به‌جۆرێك هه‌میشه‌ كه‌ باس دێته‌ سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتن له‌ سیستمی‌ سیاسیی و نوخبه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌سه‌ڵاتدار, سه‌ر دێڕی‌ ڕه‌خنه‌كانیان ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ دوای‌ ڕاپه‌ڕین و مێژووی‌ 27 ساڵی‌ حكومڕانی‌ كوردی‌.

گرفته‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ زۆربه‌ی‌ خوێنده‌وار و ڕۆشنبیر و ڕه‌خنه‌گری‌ ئێمه‌، دنیای‌ ئێمه‌ دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر دوو مێژوودا، مێژووی‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕین و به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین.

به‌مانایه‌كی‌ دی‌ پێیانوایه‌ مێژووی‌ به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین مێژووی‌ زوڵم و زۆری‌ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كان به‌تایبه‌ت به‌عس و قاره‌مانێتی‌ و شۆڕش و به‌رخۆدانه‌ دژی‌ ئه‌م ڕژێمانه‌، هاوكات مێژووی‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕین، مێژووی‌ شكست و گه‌نده‌ڵی‌ و فه‌رهود و تاڵانكردنی‌ هه‌رێمه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌ و نوخبه‌ی‌ سیاسی‌  فه‌رمانڕه‌وا.

به‌بڕوای‌ من ئه‌م بۆچوونه‌، ته‌واو بۆچونێكی‌ هه‌ڵه‌یه‌، بگره‌ به‌شێكی‌ چاره‌سه‌رنه‌كردن و تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م نوخبه‌ و سیستمه‌ سیاسییه‌ شكسخواردوه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كورتهێنان و كه‌مبینی‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ گوتاره‌ زاڵه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌!.

ئێمه‌ له‌به‌رده‌م یه‌ك مێژووداین، مێژوویه‌ك و ئه‌قڵیه‌تێكی‌ سیاسی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ حه‌فتا ساڵ ده‌بێت  و دابه‌ش نابێت بۆ دوای‌ ڕاپه‌ڕین و به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گه‌لی‌ كورد له‌م به‌شه‌یدا جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژ كراوه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ڕژێمی‌ به‌عس تاوانی‌ زۆری‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه‌، به‌ڵام به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌وه‌ی‌ كه‌ ڕویدا په‌یوه‌سته‌ به‌و شته‌وه‌ كه‌ ناونرا شۆڕشی‌ كوردی‌!.

ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كات زیاتر گرنگه‌ بپرسین شۆڕش چی‌ بوو؟ له‌ پێناوی‌  چیدا هه‌ڵگیرسا؟ئامانجه‌كانی‌ چی‌ بوون؟یان هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا هیچ ئامانجێكی‌ هه‌بوو؟

ئه‌وه‌ی‌ ده‌بینرێت و له‌ ڕێگه‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌و یاداشتانه‌وه‌ سه‌رده‌ردێنێت كه‌ سه‌رانی‌ شۆڕش له‌ هه‌ردوو شۆڕشه‌كه‌دا(نوێ‌ و ئه‌یلول)،بۆمانی‌ باس ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ شۆڕه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك ڕاستی‌ تاڵ بنیاتنراون، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ چه‌نده‌ میلله‌ت و كۆمه‌ڵگایه‌ك بكرێته‌ قوربانی‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنان وگه‌یشتن به‌ خه‌ون و حه‌زه‌ كه‌سی‌ و حیزبیه‌كانیان، تاریككردنی‌ چاره‌نوسی‌ میلله‌تێك له‌ پێناوی‌ ڕوناككردنه‌وه‌ی‌ مێژوو و داهاتووی‌ نوخبه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌سه‌ڵأتدار له‌ شاخ و له‌ شار و بنه‌ماڵه‌ و نه‌وه‌كانیان.

مێژووی‌ حه‌فتا ساڵی‌ رابردوو، مێژووی‌ شكسته‌ گه‌وره‌كان و ئاشبه‌تاڵ و له‌ مرۆڤ خستنی‌ مرۆڤی‌ كورد بوه‌، مێژووی‌ شكاندنی‌ ئیراده‌ی‌ تاكی‌ كورد بوه‌، نه‌ك به‌ته‌نها له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داگیركه‌ران به‌ڵكو له‌سه‌ر ده‌ستی‌ خودی‌ شۆڕشه‌كان.

ئه‌وان چ له‌ شار بووبن یان له‌ شاخ خاوه‌نی‌ یه‌ك دنیابینی‌ و ئه‌قڵیه‌تی‌ سیاسی بوون.

به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ زۆرێك كه‌ پێیان وایه‌، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك شۆڕشگێڕ بوون و له‌م شاخانه‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ وبه‌ هیوای‌ ڕزگاریی و هێنانی‌ ئازادی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ بۆ كۆمه‌ڵگای‌ كوردی‌، پێموایه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌گبه‌یاندا نه‌بوه‌ شه‌ڕی‌ ئازادیی و ڕزگاریی بوه‌.

ئه‌وانه‌ ته‌نانه‌ت له‌ شاخه‌كانیش گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر كوێره‌ دێیه‌كدا هه‌بووبێت، هه‌مان ئه‌و ڕه‌فتاره‌یان نواندوه‌ كه‌ ئێستا به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم ده‌ینوێنن، به‌ جیاوازیی كات و زه‌مه‌ن و ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی‌ له‌به‌رده‌ستیان بوه‌.

به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ به‌شێوه‌ی‌ ڕاسته‌خۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ بووبێت په‌یوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ ڕژێمه‌كاندا هه‌بوه‌، ته‌نانه‌ت گومان ده‌كرێت كه‌ هه‌ر پڕۆژه‌ی‌ یه‌كێك له‌م شۆڕشانه‌! پڕۆژه‌یه‌كی‌ موخابه‌راتی‌ بووبێت.

گومانم له‌وه‌ نییه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاو له‌وانه‌ی‌ كه‌ شه‌هیدبوون و خه‌باتیان كرد، به‌وپه‌ڕی‌ دڵسۆزیی و له‌ پێناوی‌ دۆزی‌ كوردا جه‌نگان، به‌ڵام بێ ئاگا له‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌ركرده‌كانیان چ مه‌رامێكی‌ چه‌په‌ڵ و ده‌جاڵ ئاسایان هه‌بوو.

ڕه‌نگه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا، كه‌ خۆی‌ یه‌كێك بوه‌ له‌ ڕاستگۆترین و سه‌ر ڕاستترین ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناو شۆڕشی‌ نوێدا كه‌ وه‌ك دیارده‌یه‌كی‌ تاك و ته‌نیا له‌و سه‌ره‌وه‌ به‌ دلێری‌ لێیهاته‌ ده‌ره‌وه‌، مێژووی‌ ئه‌م پیاوه‌ گه‌واهی‌ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌ بدات.

ئه‌و، چ له‌ شاخ و چ ئه‌و كاته‌ی‌ دێته‌وه‌ ناوشار له‌ سه‌ر هێڵێكی‌ ڕاست به‌رده‌وامی‌ به‌ خه‌باتی‌ خۆی‌ ده‌دات و له‌ چه‌ندین بۆنه‌شدا حه‌قیقه‌تی‌ ئێستا و ئه‌وسا بێ هیچ سڵكردنه‌وه‌یه‌ك به‌یان ده‌كات.

یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌سه‌ر میراتی‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ ده‌ژین و وه‌ك میراتێكی‌ موقه‌ده‌س سه‌یری‌ ئه‌و ڕۆژگارانه‌ ده‌كه‌ن، به‌هۆی‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌ شومه‌كانی‌ ناو شۆڕش، ده‌یانه‌وێت درێژه‌ به‌مانه‌وه‌ی‌ خۆیان بده‌ن.

شه‌رعیه‌تی‌ شۆڕشگێڕی‌ دزێوترین دێوه‌زمه‌ی‌ ناو ژیانی‌ ئێمه‌یه‌، چاره‌نووسی‌ چه‌ندین نه‌وه‌ی‌ ڕه‌شكردوو، هێشتاش ده‌یه‌وێت درێژه‌ به‌خۆی‌ بدات.

له‌ هه‌موو كات گرنگتر ئه‌وه‌یه‌، ئێمه‌ به‌ ته‌نها پێویستمان به‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌قڵیه‌تی‌ سیاسی نوخبه‌ی‌ سیاسی حكومڕان و یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نییه‌ كه‌ ته‌به‌نی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیشیدا پێویستمان به‌ قه‌تیعه‌یه‌كی‌ مێژووییه‌، كه‌ نوقته‌یه‌ك بۆ مێژووی‌ حه‌فتا ساڵی‌ ڕابردوو دانێت كه‌ به‌رده‌وام له‌ شێوه‌ و فۆڕمی‌ تازه‌دا ده‌یه‌وێت خۆی‌ زیندووكاته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ دواترینیان ڕیفراندۆمه‌كه‌ی‌ 2017 بێت.

نه‌ك شه‌ڕی‌ گۆڕینی‌ سیستمی‌ سیاسی‌، نه‌ك شه‌ڕی‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ به‌ته‌نها ، به‌ڵكو شه‌ڕی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و مێژووه‌ و زینده‌به‌چاڵكردنی‌.

خوێندراوەتەوە123