ئومێد حه‌مه‌عه‌لی‌

تیرۆرکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان‌


بەداخەوە لەماوەی رابردوودا تیرۆر و پەلاماردانی هاونیشتمانییانی رۆژهەلاتی کوردستان, کە لە چوارچێوەی هێزە سیاسییەکانیاندا خەبات دەکەن بەشیوەیەکی بەرنامەرێژ و بەربڵاو دەستی پێکردۆتەوە و, لە تازەترین روداودا فەرماندەیەکی پێشمەرگەی حزبی دیموکرات قادر قادری تیرۆر و شەهید کرا. 

سەرباری ئیدانەکردنی ئەم کارە تیرۆریستی و دژ بە مرۆڤایەتییانە, پێویستە بەزووترین کات دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم, بکەران و جێبەجێکارانی ئەم کردە ترسناکانە بدۆزنەوە و سزای یاسایی عادلانەی خۆیان وەربگرن. لەهەمووی گرینگتر ئەوەیە بەو پەری وردی و هەستیاری ئەمنییەوە هەموو رێوشوێنێک بیگیرێتە بەر تاکو بەر بە بەردەوامی کاری تێکدەرانە و تیرۆری سیاسیی بگیرێت. 

بەرپرسیارێتی هەموو کۆمەلگەی باشوری کوردستانە لەهەر شێوەیەکدا دەکرێ ئارامی و ئاسایشی ژیانی هاونیشتمانیانمان کە لەرۆژهەڵاتی کوردستان و هەر پارچەیەکی وڵاتەوە هاتوون بپارێزین و یارمەتیدەری دەزگا ئەمنییەکان بین بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانی کوردستان بەگشتی. 

هەر کەمتەرخەمی و بێ دەربەستییەکی حکومەتی هەرێم و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی لەئاست ئەم کردەوانەدا, جگەلە هۆکارێک بۆ زیاتربوونی تیرۆری سیاسیی, گەورەترین سوکایەتیش دەبێت بەسەر کۆی دامەزراوەی حکومەتی هەرێم و پارتە دەسەڵاتدارەکانییەوە.

خوێندراوەتەوە225