مەریوان وریا قانع

وێناکانی راپەڕین دوای تێپەڕینی زیاد لە چارەکە سەدەیەک‌


ئەوەی لەم ساتەدا سەیرێکی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات گوتارێک دەربارەی راپەڕینی ساڵی 1991 دەبینێت کە گەر دژ بە راپەڕینیش نەبێت و ئیدانەی رودانەکەی نەکات، ئەوا وەک سەرەتای دروستبونی دونیایەکی وێران و ناشیرین و وەک سەرەتای ھاتنەکایەی حوکمڕانییەکی مافیایی وێنایدەکات. وا بەرخورد ئەکات ئەوەی ئەمڕۆکە دروستبوە و لەئارادایە، دەرەنجامێکی حەتمیی و لۆژیکیی ئەو روداوە گرنگەی ناو مێژوی ئێمەیە کە لە سپێدەی 5ی ئازاری ساڵی 1991دا رویدا. راپەڕین لەم گوتارەدا لەباتی ئەوەی یادکردنەوەی ساتەوەختێکی دەگمەن و پاڵەوانانە بێت، بوە بە بۆنەیەک بۆ توڕەبون لە ”سەرەتایەکی ھەڵە“ و رێخۆشکردن بۆ دەسەڵاتی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی مافیایی.

کەس نکوڵی لەوە ناکات ئەوەی لە ئێستادا لە ھەرێمدا دروست و باڵادەستکراوە ناشیرینترین فۆرمی حوکمڕانیی و ئەخلاقیاتێکی مافیایی و فۆرمێکی تەواو ترسناکی گەندەڵبونی ئابوریی و ئیداریی و ئەخلاقییە. ئەوەی ھەیە و ئامادەیە کورتبونەوەی سیاسەتە بۆ بزنس و بازرگانیی کۆمەڵێک خێزانی دەسەڵاتدار و زەلیلکردنێکی ھەمەلایەن و بەردەوامی کۆمەڵگا و ئینسنای ئێمە. گیرخواردنە بەدەست نەوەی دوھەم و سێھەمی ھەندێک خێزانی سیاسییەوە کە بەنیازن تا قیامەت حوکمڕان بن. ئەمانە کۆمەڵێک راستیی حاشاھەڵنەگرن، روە ھەرە ناشیرین و ھەرە تاریک و ھەرە دیارەکەی مێژوی ئێمەیە لە ئێستادا. بەڵام ئەمە بەرەنجامی راپەڕین نییە.

راپەڕین تەقینەوەی وزەی پەنگخواردوی ناو ھەناوی میلەت و مێژوی ئێمە بو بەڕوی دەسەڵاتدارێتی ترسناکی بەعسدا، ئەکتەرە سەرەکییەکانی خەڵک و کۆمەڵگا خۆیان بون، راپەڕین خۆشی ھێمابو بۆ ”سەرەتایەکی نوێ“ کە ھەم تەکانێکی گەورە بە مێژوی ئێمە بدات و ھەم ئینسانی ئێمە بۆ مرۆڤێکی خاوەن ماف و کەرامەت بگۆڕێت.

ئەوەی ئێستاکە دەیبینین زمان و لۆژیکی راپەڕین نییە لە گەشەکردنی خۆیدا بۆ ناو ئێستا، ئیشکردن نییە بە خەیاڵ و خەون و خواستەکانی راپەڕین، ئەوەی دەیبینین پەکخستنێکی تەواوی ئەو زمان و خەیاڵ و لۆژیکە و زاڵکردنی عەقڵ و خولیا و لۆژیکیی مافیاییە لە کوردستاندا. پارتی و یەکێتی درێژکراوەی راپەڕین نین بۆ ناو ئێستا، بەڵکو بکەری سەرەکیی و ژمارە یەکی وێرانکردنی وزە و خەون و خواست و چاوەڕوانییەکانی راپەڕینن. بینینی خێزانە سیاسییە باڵادەستەکانی ھەرێم وەک درێژکراوەی راپەڕین لەناو دونیای ئەمڕۆماندا تەنھا غەدرکردن لە ڕاپەڕین نییە، بەڵکو تێنەگەیشتنیشە لەو ڕاستییە سادەیە کە شتێک بەناوی ”حەتمیەت“ەوە لە مێژودا بونی نییە. دونیای ئەمڕۆ بەشێوەیەکی خۆبەخۆ و ئۆتۆماتیکی لەناو راپەڕینەوە نەھاتۆتە دەرەوە، بەڵکو بەرھەمی بڕیاری بکەرە سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی ناو ئەو دونیایە کە لەدوای راپەڕینەوە دروستدەبێت. بەرھەمی پراکتیکی ئینسانەکان و دەزگاکان و گوتارەکانە. ئەوەی ئەمڕۆکە دروستکراوە دونیایەکە ئەو ھێز و کەسانە دروستیانکرد کە بەر لە ھەمو شتێک رۆح و خەون و وزە و خەیاڵی راپەڕینیان وێرانکرد. خێزانە سوڵتانییەکانی کوردستان و حاشیە سیاسیی و میدیایی و رۆشنبیرییەکانیان دروستیانکرد کە ئەرکی یەکەمیان پەکخستنی لۆژیکی راپەڕین بو.

لە دیدی مندا راپەڕین ئەو ساتەوەختە گرنگە بو کە ئینسانی ئێمە وتی ”نا“، تا ئێرە و بەس، تا بەردەمی ئەم سوکایەتییە و بەس، تا ھەیوانی ئەم بێڕێزییە و بەس. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمان پێیەتی قسەگوتن بە راپەڕین نییە وەک ساتەوەختێکی مێژویی گرنگ، بەڵکو زیندوکردنەوەی ئەو رۆح و خەون و خەیاڵەیە کە لەپشتی رودانیەوە بو.

خوێندراوەتەوە282