كاوه‌ محه‌مه‌د

لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای بودجەوە‌

ئەمڕۆ (۲٠۱۸/۳/۳) پەرلەمانی عیراق بەبێ بەشداری فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەنگی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی (۲٠۱۸)ی عێراق دا و بەدەر لەپرەنسیپی سازان تێیپەڕاند.

لەوبارەیەوە رونکردنەوەی ئەم چەند خاڵە بەپێویست دەزانم؛

۱/ ئەم نەخوێندنەوەیەی کورد، بەپلەی یەکەم بۆ لاوازبون و داهێزرانی پێگەی کورد و هەرێم دەگەڕێتەوە کە بەرپرسیارێتیی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی بڕیاردەرانی ریفراندۆم کە وتیان ئامادەین سەری خۆمانی لەسەر دابنێین، کەچی سەری کوردیان لەسەر دانا.

۲/ ئەمە دەرەنجامێکی چاوەڕوانکراوی ئەو سیاسەتە شکستخواردوەیە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لەدوای ساڵی (۲٠٠۳)ەوە پەیوەست بە بەغدا پەیڕەویانکرد و بەدرێژایی ساڵانی رابردو نەیانتوانی وا بکەن کورد بکەن بە هاوبەش لەدروستکرنی بڕیاری سیاسیی عێراقیدا، چونکە هەمو خەم و هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی بو، نەک بەرژەوەندی گشتی و نیشتیمانی.

۳/ سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرێمی لەروی ئابوری و سیاسی بەچۆکداهێنا و کردی بەهەرێمێکی بێ ئیرادە و بێ کارتی سیاسی کە لەجیاتی ئەوەی ببێتە لایەنێکی دانوستانکار، بۆتە لایەنێکی مەرج بەسەردا سەپێنراو.

٤/ حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی چەندین ساڵە هیچ یاسایەکی بودجەی نەبوە، هاوکات ئەمساڵ و لەساڵانی پێش ریفراندۆمیشدا زەرەیەک خەمی بەشە بودجەی هەرێمی لەبودجەی گشتی عیراقدا نەبوە و مەبەستیشی ئەوە بو کە بەردەوامی بە سیاسەتی تاڵانفرۆشی نەوتی هەرێم و کەرکوک بدات و لەسەر حسابی ژیان و گوزەرانی موچوخۆران و خەڵکی هەرێم، قاسەی حزب و کەسە دەستڕۆیشتوەکانیان پڕتر بکەن.

٥/ ئێستاش ئەو حیزبە شکستخواردوانە، لەناخی خۆیاندا بەوە خۆشحاڵن کە بەغدا لەبڕیار و هەنگاوەکانیدا باز بەسەر کورددا بدات و بە مەنتیقی زۆرینە و کەمینە یاساکان تێپەڕێنێ و بڕیارەکان بسەپێنێت، تا بڵێن ئەوە بەغدایە دژایەتی کورد و خەڵکی هەرێم دەکات و ئەوان هۆکاری نەهامەتییەکانن، نەک ئێمە !

٦/ بەغدای دوای ریفراندۆم، لەبەغدای پێش ریفراندۆم جیاوازە، چونکە ئێستا داشی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی سوارە و هەمو هەوڵێک دەدات کە مەرجەکانی خۆی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێ و بە ئاستێک لاوازی بکات کە نەتوانێت جارێکی دیکە بیر لەریفراندۆم و جیابونەوە بکاتەوە.

ئینجا ئێستا ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەی کوردستان، باس لەکشانەوە لەپرۆسەی سیاسی عێراق دەکەن، گوایە ئەوان ئەو ناهەقیە بەرامبەر کورد قبوڵ ناکەن، بەڵام لەحەقیقەتدا ئەم تێزە لەروانگەی پەرۆشیان بۆ کورد و مافەکانی ناخەنەڕو، بەڵکو بۆئەوەیانە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم لەو شکست و گۆشگیرییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیە رزگاریانکەن و دواتر بەناوی یەکڕیزییەوە خۆیان بکەنەوە کوێخا و لەگەڵ بەغدا دانوستان بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە حزبیەکانی خۆیان بکەن.

بۆیە بەڕای من کورد تا ناوماڵی خۆی لەسەر بنەمای چاکسازی سیاسی ئابوری و ئیداری رێکنەخاتەوە و یەکنەخاتەوە، ناتوانێ لانیکەمی هێز بۆ پێگە سیاسییەکەی لەئاستی عیراق و نێودەوڵەتی بگەڕێنێتەوە، بێگومان تا ئەو حزب و دەستەبژێرە سیاسییانەی ئێستاش لەدەسەڵاتدا بمێنن، بەدڵنیاییەوە کورد حاڵی لەمڕۆ باشتر نابێت.

کەواتە ئەمڕۆ تاکە بژاردەی بەردەستی خەڵکی هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان ئەوەیە بەشدارییەکی کارای هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق بکەن و بەدەست و دەنگی خۆیان سزای ئەو حزبە شکستخواردوانە بدەن کە کوردیان بەم رۆژە گەیاند و نەخشەی سیاسی ناوخۆی هەرێم لەبەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن.

خوێندراوەتەوە286