عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بۆ کەمترین موچەی خانەنشینی نەکرایە (٤۰۰) هەزار دینار؟‌


لەدانیشتنی ۲٦– ۲ — ۲۰۱۸ ی نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین گفتوگۆی پەرلەمانتاران لەسەر کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کوردستان بو .هەرزو تیمی حکومەت وتیان ئێمە هاتوین و ئەم پڕۆژە یاسایەمان هێناوە تاکو خەرجی کەمبکەینەوە نەک زیادی کەین، گەر واناکەن پڕۆژەکەمان بدەنەوە بابیبەینەوە.

لە هەرێمی کوردستان مانگانە بڕی (۱۰۸)ملیار دینار دەدرێتە خانەنشینان، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی موچە وەردەگرن و بڕەکەی کەمترە لە (٤۰۰) هەزار دینار بریتییە لە (۱۲۷۹٤۲)سەدوبیست و حەوت هەزارو نۆسەدو چل و دو کەس، مانگانە بڕی ئەو پارەیەی دەدرێتە ئەم خانەنشینانە (۳۳)ملیار دینارە.

گەر موچەی هەمو ئەمانە مانگانە بکرێنە (٤۰۰)هەزار دینار ئەوا بڕی پارەی پێویست بۆی بریتیە لە (٥۱ ملیارو ٤۰۰هەزار) دینار .واتا ئەو پارەیەی پێویست بو بۆ ئەوەی موچەی خانەنشینانی پێ هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت تەنها (۱۸) ملیار دیناری تر بو کە لە راستیدا بۆ توێژێکی گرنگ و مافخوراو و ماندوی وەک خانەنشینان دابینکردنی ئەو بڕە زۆرئاسان بو، بۆ نمونە تەنها ئەو قازانجەی مانگانە لە بانکی کوردستان لە گۆڕینەوەی دۆلار بەدینار دەکرێت زۆر لەو بڕەپارە زیاترە کە پێویست بو بۆ کردنی موچەکە بە (٤۰۰)هەزاردینار.

ئێمە لەیەکەمین رۆژی هاتنی پڕۆژەکەوە بۆ پەرلەمان داوامانکرد یاسای خانەنشینی یەکگرتوی عێراق ژمارە (۹)ی ساڵی (۲۰۱٤) وەک خۆی جێبەجێبکرێت، کە بەپێی یاساکە کەمترین موچەی خانەنشینی نابێت لە (٤۰۰) هەزاردینار کەمتربێت.

رایەکی تر پێشنیارکرا کە بریتی بو لەوەی کەمترین موچە بکرێتە (۳۰۰) هەزار دینار کە ژمارەی ئەو خانەنشینانەی موچەکەیان کەمترە لە (۳۰۰) هەزار دینار بریتیە لە (۷۷٥۳۹)حەفتاوحەوت هەزاروپێنج سەدوسی ونۆ کەس، کە بەکردنی کەمترین موچە بە (۳۰۰) هەزاردینار حکومەت تەنها (۳) ملیاری تری دەویست بیخاتە سەر ئەو پارەیەی کە پێشتر دەدرایە ئەو کەسانەی موچەکەیان لەخوار (۳۰۰) هەزارەوەیە.

حکومەت رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئەم رایە، چونکە خۆیان وتەنی قورسایی زۆر دروستناکات لەسەر دارایی هەرێم .دواتر هەردو رایەکە واتا کەمترین موچەی خانەنشینی (۳۰۰) هەزاربێت، یان (٤۰۰) هەزار خرایە دەنگدانەوە، بەداخەوە زۆرینەی پەرلەمانتاران لەگەڵ زیادکردنەکە بون بۆ (۳۰۰)هەزار دینار کە ئەمەش خواستی حکومەتی لەگەڵدابو، فراکسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتو دەنگیان بۆ ئەوەدا کە کەمترین موچە بکرێتە (٤۰۰) هەزار دینار، بەڵام رێژەی دەنگەکان تەنها (۳۷)دەنگ بو، ئەوانەشی دەنگیاندا بۆ (۳۰۰) هەزاری مانگانە (٥۲) پەرلەمانتاربون.

بۆیە بەکۆی دەنگ ئەوە چەسپا کەمترین موچەی خانەنشینی ببێتە (۳۰۰) هەزار دینار نەک (٤۰۰)هەزار.

لێرەدا دەبێت چەند پرسیارێک ئاڕاستەی ئەو تیمەی حکومەت و پەرلەمانتارانە بکەین کە بۆچی لەگەڵ زیادکردنی موچەکەدا نەبون کە کەمترینی موچە بکرێتە (٤۰۰) هەزار، ئەی هەر ئێوە نەبون لە چەندین دەزگای راگەیاندنی هەمەجۆرەوە دەتانوت گەر ئەم پڕۆژە یاسایە بکرێتە یاساو بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە ئەوا مانگانە بڕی (۱٥۰) ملیار دینار پارە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، باشە بۆچی بۆ توێژێکی گرنگی وەکو خانەنشینان لەو (۱٥۰) ملیارەی خۆتان وتەنی دەگەڕێتەوە بۆحکومەت دەنگتان نەدا تاکو کەمترین موچەکەیان ببێتە (٤۰۰) هەزار دینار، کە هەندێ لەو خانەنشینانە ئەو بڕەو زیاتریش مانگانە تەنها بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشیانەی توشی هاتون خەرجدەکات.

ئاخر حکومەتێک چارەکە سەدەیەکە بەناوی سندوقی خانەنشینیەوە مانگانە بڕێک پارە لەموچەی فەرمانبەران دەبڕێت بۆ ئەوەیە پارەکە لەو سندوقەدا پارێزراو بێت و مانگانە لەکات و ساتی خۆیدا موچەکەی پێبدرێت، نەک ئەوەی بونی نەبێت سندوقی خانەنشینیە لەم هەرێمەدا.

ئێوە دەزانن لەو عێراقە موفلیسەی خۆتان دەڵێن زیاتر لە (۸)ملیار دۆلار پارەی خانەنشینی لەسندوقی خانەنشینیەکەیاندا پارێزراوەو مانگانە لەکات و ساتی خۆیدا دەدرێتە خانەنشینان و بەشی دەیان ساڵیشی تێدا هەڵگیراوە، بەڵام لەم هەرێمەی لەمەڕخۆماندا وا بەرەومانگی ئازاری ۲۰۱۸ دەچین کەچی موچەی ئازاری ۲۰۱۷ نەدراوەتە خانەنشینان و هەر لە چاوەڕوانیدان بۆی.

بۆیە دەبو لانیکەمی وەک وەفاو رێزو پێزانینێک بۆ ئەرک و ماندوبونی دەیان ساڵەی خانەنشینانی کوردستان هەموان کۆک و یەک دەنگ بونایە تاکو لانی کەمی موچەی خانەنشینی مانگانەمان بۆ بکردنایەتە (٤۰۰) هەزار دیناری عێراقی، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە بەزۆرینەو کەمینە ئەم مافە سادەیە بۆ خانەنشینان بەڕەوا نەبینراو زوڵمێکی تریان لێکرا.

خوێندراوەتەوە235