چۆمان محه‌مه‌د عه‌لی‌

پرسی یاسای خانه‌نشینی و چه‌ند سه‌رنجێك‌

1. له‌ڕووی ته‌وقیت و كاتی پێشكه‌ش كردنی ئه‌م پڕۆژه‌ یاساوه‌ ئامانجی ده‌سه‌ڵات ده‌بینین كه‌ هه‌ده‌ف لێی ناشرینكردنی كاری په‌رله‌مانی و دامه‌زراوه‌ هه‌ڵبژێراوه‌كان بێهیواكردنی خه‌ڵك و ساردكردنه‌وه‌یان وه‌ به‌ژداری نه‌كردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌نا ئێمه‌ له‌ ساڵی 2013 ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یرانی سه‌ختی دارایی بوینه‌ته‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكی چاكسازیمان نه‌بینیوه‌ خێره‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان دێن ئه‌م پرسه‌ ئه‌وروژێنن، ده‌رئه‌نجامه‌كان و كاردانه‌وه‌كانی خه‌ڵك وا خه‌ریكه‌ ئامانجه‌كه‌یان به‌دی ده‌هێنێت.

2. هۆیه‌كانی ده‌رچوونی یاساكه‌ بریتیه‌ له‌ دروست كردنی هاوسه‌نگی و دادپه‌روه‌ری له‌نێوان پله‌ باڵاكان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری ئاسایی به‌ڵام له‌م یاسایه‌دا ڕه‌چاوی ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ فه‌رق و جیاوازیه‌كه‌ وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

3. ئه‌م یاسایه‌ نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و فه‌وزا ته‌شریعی و چه‌ندین جۆری یاسای خانه‌نشینی بكات كه‌له‌ هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له‌ 40 یاسای خانه‌نشینی هه‌یه‌ بۆ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان كه‌ أصل وابوو هه‌مووی له‌ یه‌ك یاسادا ڕێك بخات.

4. یه‌كێتی و پارتی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یاسایه‌ له‌ڕێی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاماده‌كراو ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانیان كرد، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕێكه‌وتنی پێش وه‌خته‌ هه‌بوو كه‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ی بۆ ئه‌و هه‌موو خانه‌نشینه‌ نایاساییه‌ بكرێت كه‌له‌ ڕابردوودا وه‌ك له‌ ڕابردوو وه‌ك ئامڕازی كرینی ده‌نگ و ئامڕازی حیزبی به‌كاریان هێناوه‌,چونكه‌ چاره‌سه‌ری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و بنبڕ ته‌نها جێ به‌جێ كردنی یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتووی عێراق بوو كه‌ په‌رله‌مان جێ به‌جێ ی نه‌كرد.

5. گه‌ر یاساكه‌ی عێراقیان جێ به‌جێ بكردایه‌ یاخود سودیان له‌ بڕگه‌و مادده‌كانیان ببینیایه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی بۆ دۆخی ئابووری موچه‌خۆرانی ئاسایی ئه‌بوو كه‌ كه‌مترین مووچه‌ بۆ خانه‌نشینی400,000 دیناره‌ و وه‌ مووچه‌ی پله‌ باڵاكان بوونیاننه‌ده‌ما چونكه‌ دادگای فیدراڵی عێراق هه‌موو ئه‌و مادانه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خانه‌نشینی پله‌ باڵاكان وه‌ یاساكه‌ی عێراق چه‌ندین بڕگه‌و ماده‌ه‌ی تێدایه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌رانن و مافی خانه‌نشینیان ته‌واو پارێزراوه‌.

6. یاساكه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاری كه‌مكردۆته‌وه‌ بۆ 4 ملیۆن دیناركه‌ ئه‌م ماده‌یه‌ زۆرترین مشتومڕوو ڕه‌خنه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا بووه‌ ناكۆكی و جیازازی نێوان لایه‌نه‌كانی په‌رله‌مان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانتاری مافێكه‌ بۆ په‌رله‌مانتار كه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دونیا له‌سه‌ر بنه‌مای گونجاو میكانزمی لۆژیكی به‌ یاسای ڕێكخراوه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ ڕچاوی پێوه‌ری یاسایی و ئیداری تێدابوو نه‌ ڕه‌چاوی دۆخی خراپی هاوڵاتیان و نه‌ ڕه‌چاوی ئه‌ نا یه‌كسانی و نا دادیه‌ی كه‌ له‌ نێوان فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی و په‌رله‌مانتار بوونی هه‌یه‌، گه‌ر موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مانیان ڕێك بخستایه‌ یاخود نه‌یانهێشتایه‌ كاریگه‌ری ته‌واوه‌تیان ده‌بوو له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵپه‌و ملشكاندنه‌ی كه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌م پۆسته‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانی حیزبیه‌وه‌.

7. په‌رله‌مانی كوردستان كۆمه‌ڵێ یاسا و بڕیار و هه‌نگاوی داوه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای په‌سه‌ند كردنی بڕیاری ڕیفراندۆم و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم تا ده‌گاته‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌واو حیزبیه‌ و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی حیزبدا كار ده‌كات نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هاوڵاتیان.

8. له‌ باری پابه‌ند بوونی حكومه‌تی عێراق به‌ پێدانی مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمسه‌رپه‌رشتیكردن دارایی و مافه‌كانی فه‌رمانبه‌ران له‌م كاته‌دا پێویسته‌ پابه‌ند بین به‌ یاساو ڕێساكانی حكومه‌تی عێراق بین بۆ فه‌رمانبه‌ران، كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتووی ساڵی 2014 بڕێك پاره‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت كه‌ جیاوازه‌ له‌ڕووی بڕوو شێواز و میكانزمی جێ به‌جێ كردنی یاساكه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ لێره‌دا گرفت بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دروست ده‌بێت كه‌ 2 خانه‌نشینیان به‌ سه‌ردا جێ به‌جێ ده‌بێت، بۆیه‌ باشتره‌ یاساكه‌ی عێراق كاری پێبكرێت.

9. ئه‌م یاسایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو كه‌م و كوڕیانه‌ی باس كران كۆمه‌ڵێ مادده‌ی تێدایه‌ كه‌ به‌چاكسازی و هه‌نگاوی گۆِرانگاری بۆ باشتركردنی دۆخه‌كه‌ ناوزه‌ند ده‌كرێن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و حكومه‌تی هه‌رێم توانای به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و چاكسازیان نه‌ماوه‌ وه‌ نیه‌تیان چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ نیه‌ به‌ڵكو فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و أقلیمیه‌كان و حكومه‌تی عێراق پاڵنه‌ره‌ بۆ كۆمه‌ڵێ هه‌نگاوی گۆڕانكاری.


چۆمان محمد علی
پارێزه‌ و ئه‌ندامی ژووری یاسایی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان



خوێندراوەتەوە182