لاوک سەلاح

کام سەرگوزشتەی نیشتمان وێرانەترە‌


زۆرن، حیکایەتەکانی نەهامەتی نیشتمان زۆر زۆرن، دەست بدەرە هەر کامێکیان بە پلەی یەکەم دێت و پێشبرکێی دەکەن لەوەێ کێ داهێنانی زیاتر بە باڵای دەبرێ. لە هەر هەمووشیاندا بە درێژای مێژوو یەک پاڵەوان و یەک شوناس و تەنانەت یەک زەمەن بە درێژای تەمەنی هەموو نەوەکان درێژ دەبێتەوە بۆ بەرجەستەکردنی هەمان هەرەس و هەمان نسکۆ وهەمان تاوان.

سەیر لەوەدایە، هاتنە کایەی تەکنەلۆژیا و گۆرینی جەمسەرەکانی دونیا، نە بەسەرهاتەکانی کردە بە شێک لە پەرتووکێکی رابردوو، نە بوونە بەسەرهاتی بەر ئاگردان، نە لە دوورەوەش دەبینران و کاڵبووبێتنەوە. بەداخەوە تەکنەلۆژیا پانتایی زیاتری بەخشییە حیکایەتەکان بۆ ئەوەی هەمیشە وەک تارمایەکی سپی یادەوەریت داگیر بکەن وبێنە خەوت و خۆزگە بخوازیت زیاتر نەژیت بۆ ئەوەی مەرگەساتی دیکە نەبینیت و نەبیتە شایەتحاڵی رووداوە قێزەوەنە هەمیشەییەکان. جاران تاوانەکان لە تاریکیدا دەکران، ئێستا لەبەر دەم شەبەنگی خۆردا روودەدەن و تەکنەلۆژیا یارمەتیت نادات تەنانەت سێبەری بکەرەکان بناسینەوە و رێێ لە تاوانی زیاتر بگریین. 

ئێمە لەگێرانەوەی بەسەرهاتەکاندا هەمیشە لۆمەی کەسانی تر دەکەین، رۆژێک نەهاتین بوێربین بۆ ئەوەی بلێین ئەوە خۆم بووم خۆم، کە ئێستا و ئاییندەم بەرەو هەلاک و فەنابوون برد، ئەوە خۆم بووم، بێئاگابووم لە دونیا و رادەی بینییم نەوەک تەماوی بەڵکو تاریک تاریک وەک قەترانی رەش بوو. ئەوە خۆم بووم لە    و شەقامەکانی خۆمدا خەڵکم دەکرد بەژێرەوە قسەم نەدەکرد، ئەوە خۆم بووم خۆم دەچوومە سەر ماڵی خەڵک و ساردم دەکردنەوە و دەمشاردەوە، ئەو خۆم بووم خەڵکم وەک کرم و دەعەجان دەبینی، ئەوە خۆم بووم خۆم هێزی داگیرکەرم سەدان جارهێنایە سەرخۆم و دواتر بە هەموو شەقامەکاندا هاوار دەکەم من قوربانییم، من قوربانییەکی جارانم، بۆ منتان بیرچۆتەوە، ئەو من بووم من، خەڵکی ترم دەکردە خاوەنی خیانەتەکانی خۆم و من لە خۆم هەڵدەهاتم. 

کەس نەبوو، لاپەرەی حیکایەتەکانمان هەڵبداتەوە و گوێ رادێرێ و بپرسێ بۆ هەمیشە هەروابووین، کەس نەبوو دەست بداتە جوگرافیا و مێژووی ئەم ناوچەیە و رەهەندێکی دیکە بۆ ئەمرۆ و سبەی بخوڵقێنێت، کە تۆ توانای گێرانەوەی سەرگوزشتەکانی خۆتت نەبێت، کە تۆ هەمیشە پاڵەوانی وێرانەکان و وێرانەکەر بیت، هەر ئەوەندە بەشت دەمێنێتەوە کە پر بە گەرووی خۆت هاوار بکەیت من برسی دەکەن، من مافە دەستووریەکانم زەوت دەکەن، من لە چوارلاوە بوومەلەزە و رەشبا هەڵیکوتاوەتە سەرم، بەڵام ئیفلیج خۆم کە من توانای خوێندنەوەی نامەیەک و سەردێرێک و دروشێمک و تەنانەت عینوانێکم نەبێت، چۆن توانای پلانێک و موئامەرەیک و بەرەیەکی سیاسی و گەمەیەکی نێودەوڵەتیم هەیە.

ئەوە خۆم بووم، ئەمانەم کردە پاڵەوانە سەرەکییەکانی بەسەرهاتەکانم. ئەو بەسەرهاتانەی ناوێرم بیانووسمەوە لە ترسی ئەوەی ئاشکرا نەبێت کە خۆم بووم، خۆم، هەر خۆم بووم...

خوێندراوەتەوە825