عه‌دنان عوسمان

مافی‌ گەل‌

بەشێک لەو بەڕێزانەی‌ داوای‌ تێپەڕاندنی‌ ئەم دەستورە دەکەن، هەر لە جەنابی‌ سەرۆکی‌ هەرێمەوە بۆ ئەندامانی‌ حیزبەکەی‌ و بەشێک لە یاساناسەکانیان( ئەمڕۆش وەزیری‌ داد) باس لەوە دەکەن کە ئەمە مافی‌ خەڵکەو نابی‌ هیچ لایەنێک ئەو مافە لە میللەت وەربگرێتەوە.

ئەم بەڕێزانە وا پیشان دەدەن کە ئەوە میللەتە رەشنوسی‌ دەستوری‌ نوسیوەو نابێ‌ ئەو مافەیان بۆ راپرسی‌ پێشێل بکرێت... سەیرە ئەم مەسەلەیە وا ئاوەژوو بکرێت.. ئاخر هەمومان دەزانین کە لیژنەیەکی‌ تایبەتی‌ خولی‌ دووی‌ پەرلەمان ئەو رەشنوسەیان ئامادە کردووە. واتە ئەمە دەستوری‌ ئەو لیژنەیەیە نەک میللەت.

تەنها کاتێک دەبێتە دەستوری‌ میللەت کە دەنگی‌ لەسەر بدات و پەسەندی‌ بکات بە زۆرینەی‌ دەنگ. گەڕاندنەوەی‌ ئەو رەشنوسە بۆ چاککردن وپیاچونەوەی‌ چ پێشێل کردنێکی‌ مافی‌ گەلە؟؟ ئەی‌ دواجار هەر گەل دەنگی‌ لەسەر نادات؟؟ بۆ مانگێک ببێتە پێشێلکردنی‌ مافی‌ میللەت و چوار ساڵ دوای‌ تەواو کردنی‌ رەشنوسەکەو، هەشت ساڵ دوای‌ ئامادەکردنی‌ دەستور و نەخستنە ریفراندۆمی‌ نەبێتە پێشێلکردنی‌ ئەو مافەی‌ گەل؟؟؟

ئەگەر خەمی‌ گەلتانە ئەی‌ بۆ پار، پێرار، پەسر پێرار نەتانخستە راپرسیەوە؟؟ خۆ ئەو کات لە دەسەڵاتی‌ كاك کەمال کەرکوکیدا بوو؟؟؟ ئەگەر لەبەر سازانی‌ نیشتمانیتان بوو، کوا کامەیە؟؟؟ بەڕێزان: مانگێک دوا خستنی‌ راپرسی‌ ناکاتە پێشێل کردنی‌ مافی‌ گەل، هیچ لایەک نەیوتوە ئەو مافە لە میللەت بسەندرێتەوە. ئەم رەشنوسەش هیشتا موڵکی‌ گەل نیە تا لێیبسەندرێتەوە، تا ئەم ساتەوەختە موڵکی‌ پەرلەمانە.

ئەوەی‌ ئێوە دەیکەن سەندنەوەی‌ ئەو مافەیە لە پەرلەمان کاتێک خەلەلێک لە چەند مادەیەکدا ئەبینێت پێش چاککردنی‌ لێیزەوت بکرێت و بواری‌ پێنەدرێت بیگەڕێنێتـەوە.... تا ئەم ساتەوەختە و پێش ئەوەی‌ راپرسی‌ لەسەر دەستور بکرێت وبخرێتە بواری‌ جێبەجێ‌ کردنەوە رەشنوسی‌ دەستور موڵکی‌ پەرلەمانە کە نوێنەری‌ سەرجەم به شەکانی‌ کۆمەڵگایە.

خوێندراوەتەوە3660