شەماڵ عەبدولوەفا

بەڕێز هێرۆخان... درەنگە‌


یاریەکی زۆر جوانت کرد، لەگەڵ هەریەکە لە گۆڕان، پارتی، هەروەها لەگەڵ نەیارەکانت لەناو یەکێتی دا.
بەڕێزت چیت ویست لەپارتی لە روی هەڵوێستی سیاسی بە بزوتنەوەی گۆڕانت کرد، پاشان ریزبەندیەکانی ناو یەکێتیشت سەرتاپا هەڵوەشاندەوە، لەگەڵ دیاریکردنی کاتی پرۆژەی ریفراندۆم و بانگەشەی ریفراندۆم و ئەنجامدانی پرۆسەکەش لایەنگری کاک مەسعودت کرد بۆ ئەنجامدانی.

گەر تۆ بتوتایە نا بۆ ریفراندۆم سەرلەبەری هاوکێشەکە دەگۆڕا، بەڵام بەڕێزتان فەرموتان تۆ ئەمر دەکەیت ئەزبەنی کوردستانتان بەم دەردە برد. دوای کاردانەوە نەرێنەیەکان باش لە هاوکێشەکە گەشتویت و دەزانیت عێراق و ئێران و تورکیا وڵاتە زلهێزەکان دژی وەستاون، لەهەمان کاتدا بۆنی هاوکێشەیەکی ناشرینی بەشێک لە یەکێتی و پارتی... هتد دەکەیت، بۆیە لەم کاتەدا بەڕێزت بەشوێن دەرچەیەکدا دەگەڕێیت کە بەکەمترین زەرەر خۆتانی لێ قوتار بکەن.

لەم کاتەدا دەزانی دکتۆر بەرهەم هەڵوێستی سیاسی دور لە کارنامەی و پەیڕەوی یەکێتی نیشتمانی رون کردۆتەوە، جۆرێک لە پەرچەکرداری پەشیمانی دەردەبڕیت، شانبەشانی ئەمەش بۆنی بەرەیەکی فراوان بەرامبەر ستەمی پارتی دەکەیت ترسی لێ نیشتوە، ئینجا هەنوکە دەزانیت ئێران و شیعە دەستت لێ بەردەدات ئیشتێک دەکەیت گەر ئەمە بۆ رزگار کردنی ئەوەی کە دەتەوێت رزگاری بکەیت داد نادات.

بەڕێز هێرۆخان درەنگە، چونکە هەر تۆ بویتە قەڵغانی پاراستنی کورسیەکەی بارزانی و ئەو بارە خراپەی تێی کەوتبو بە پشتیوانی هەندێک لە کارەکتەرەکانی ناو (م.س) کە لە پەنجەکانی دەستێک تێپەڕ ناکات.

لەگەڵ گشت کێشەو ناکۆکیەکاندا تۆ دوای بەرژەوەندی کوڕەکانت کەوتیت نەک پەیامە کۆمەڵایەتیەکەی باوکی بەڕێزت، کە دەوتوانی واز لە زۆر بەرژەوەندی دنیایی بهێنیت بۆ پاراستنی ئەو پەیامە کۆمەڵایەتیەی کە یەکێتی نیشتمانی لەسەری دروست بوبو، چونکە تۆ ئێستا پێویستت بە هیچ بەهایەکی ماددی ئەم دنیایە نیە، تەنها پێویستت بە ناو و مێژوە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەشێکە لە مێژو.

خوێندراوەتەوە1409