د. ئیسماعیل نامیق

بۆچی‌ پەرلەمان ئاسایی‌ بکرێتەوە؟‌


لە وڵاتانی‌ دیموکراسیدا کاتێک تەنگو چەڵەمەیەکی‌ سیاسی‌ دروستدەبێت، تاکە رێگە پەنای‌ بۆ دەبەن، هەڵبژاردن ورای‌ خەڵکە، دوای‌ راگەیاندنی‌ ئەنجامی‌ هەڵبژاردن رەنگە پارتە سیاسیەکان بەرەو رێکەوتن وهاوپەیمانێتی‌ بچن، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی‌ کوردستاندا ئەم هاوکێشە دیموکراسیە تەواو پشتگوێ خراوە.

پێش نزیکەی‌ دوو ساڵ بەو شێوازە تراژیدی‌ و ناشارستانیە لە سەر یەک پرۆژە یاسا بەبەرچاوی‌ دنیاوە دەرگای‌ پەرلەمان کڵۆم ئەدرێ، لەوە تراژیدیتر شانازی‌ بەوەوە بکرێت بەداخستنی‌ پەرلەمان کوردستان لە ئاوارەبون و دەربەدەری‌ رزگاری‌ بو! لە هەمو ئەوانە تراژیدیتر، پێشتر و لە ساڵی‌ 2013 رێکەوتنت لەگەڵ پارتی‌ کردبێ و ئەو رێکەوتنەشت کردبێ بە یاساو هەردوکیشیان بڵێن ئیتر ولایەتی‌ کاک مەسعود یارای‌ درێژکردنەوە نیە، دوو پرۆژە یاساشت پێشکەشکردبێ لەسەر ئەوەی‌ ئیتر کاک مسعود مافی‌ ئەوەی‌ نیە ببێتەوە بە سەرۆکی‌ هەرێم!!! پاش هەمو ئەمانە بێیت و بێژی‌ کێشەکە هەموی‌ پەرلەمانە، بۆیە دەبێت لەمڕۆ بەدواوە عاقڵتر و سەلارتر مامەڵە بکات وەکو خۆیان!!! ئاخر زۆر مەترسیدارە بتەوێ پەرلەمان وەکو ئێوە مامەڵە بکات!!! چما توانیتان پرسیارێک لە پارتی‌ بکەن ئیتر یارای‌ درێژکردنەوە نیە واتای‌ چی‌؟ کە دەوترێت هۆکاری‌ کێشەکە پەرلەمانە، ئەوە راستە، بەڵام ئەم خولەی‌ نا، بەڵکو ئەو خولەی‌ کە لە دواساتەکانی تەمەنیدا دور لە رێکارە یاساییەکان رێکەوتنێکی‌ حیزبی‌ تێپەڕاند و وادەی‌ هەڵبژاردنی‌ سەرۆکی‌ هەرێمی‌ بەجۆرێک تێکدا ئەم کێشەیەی‌ ئێستای‌ لێکەوتەوە، مەعلومیشە ئەوکات کێ سەرۆکی‌ پەرلەمان بو!!! دەتانەوێت ئێستاش پەرلەمان وەکو ئەو کاتە سەلار بێ؟!!!

لەم نێوەندەدا کۆمیدیایەک کە هەستی‌ پێدەکرێت، ئەوەیە پرۆژەت پێشکەشکردبێ بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەی‌ مانەوەی‌ کاک مەسعود، بەڵام ئێستا بڵێی‌ ئەوە کاری‌ پەرلەمان نیە، کاری‌ پەرلەمان تەنها بریتیە لە رێکخستنی‌ کارە خزمەتگوزارییەکان!!! ئاخر هاوڵاتی‌ چۆن نا ئومێد نەبێ و وڵات بەجێ نەهێڵی‌، چۆن عەقڵێکی‌ وەها دەتوانێت ژیانێکی‌ باش و کەرامەتداری‌ بۆ دابین بکات!!!

بێ پێچ و پەنا ئەوەی‌ لە ماوەی‌ رابردودا بە پەرلەمان کراوە یان گوتراوە لە بێ ئەرزشکردن و بەسوک سەیرکردنی‌، لەکەدارکردنی‌ مێژوی‌ حوکمڕانی‌ و شەرمەزارکردنێتی‌ بەرامبەر یار ونەیاران، ئەوانەش دور و نزیک دەستیان تیایدا هەبوە چاوەڕێی‌ ئەوە نەبن مێژو بە بەزەیی‌ بێت بەرامبەریان.

ئێستاش نابێ ئاساییکردنەوەکەی‌ بە ویستی‌ پارتێک یان چەند پارت وکەسێک بێت، هەروەها هەر موزایەدەکردنێک بە ئاساییکردنەوەی‌ کاریگەری‌ خراپی‌ کەمتر نابێ لە دەستخۆشیکردن لە پەکخستنی‌، یان پشتگیریکردنی‌. 

نابێت ئاسایکردنەوەی‌ بۆ خزمەتکردن بێت بە ئەجێندای‌ کەسێک، یان پارتێک، یاخود چەند کەس و پارتێک، بەڵکو دەبێت ئاسایکردنەوەکە تەنها لە پێناو گێڕانەوەی‌ شکۆ و سەروەریدا بێت بۆ دەسەڵاتەکە، بەوەش شکۆ و سەروەری‌ بۆ خەڵک و ویستی‌ خەڵک بگەڕێتەوە، چونکە پەکخستنی‌ پەرلەمان تەنها رێگرتن نەبوە لە کەسێک، یان داخستنی‌ بینایەک نەبوە، بەڵکو بەوە خەڵک برینداربوە، لەبەر ئەوەی‌ ویستی‌ پێشێلکراوە.

نامەوێ قەتماغەی‌ برینی‌ کۆن هەڵبدەمەوە، بەڵام دەبێت وانەمان لە هەڵە و رابردوی‌ خۆمان وەرگرتبێت، بۆیە بەڕای‌ من ئەگەر مەبەست لە ئاسایکردنەوەی‌ پەرلەمان خزمەتکردن بێت بە مەبەستێکی‌ کەسی‌، یان حیزبی، یان لە پێناو ئەوەدا بێت تەمەنی‌ خۆی‌ و چەند پۆست و دەزگایەکی‌ دیکە درێژ بکاتەوە، یان شەرعیەت بدات بە کار و کۆبۆنەوەیەک کە تیایدا بڕیاری‌ پشتگوێخستن ودواتر بەکارخستنەوەی‌ دراوە، ئەوا خودی‌ بەکارخستنەوەکە دەبێتە ئەڵقەیەک لە زەنجیرەی‌ لاوازکردن و پەراوێزخستن و پەکخستنی‌.

ئێ مەعقولیش نیە بڕوا و قەناعەت بەو بیانوە بکەین کە ئاسایکردنەوەکە تەنها لەبەر گوزەران و قوتی‌ خەڵکە، ئەی‌ دوو ساڵه‌ ئەو خەڵکە وەکو هاوڕێیانی‌ ئەشکەوت نوستبون وا پێویستیان بە گوزرەران نەبو؟!!!

لەبەرئەوە من وای‌ ئەبینم ئاسایکردنەوەی‌ پەرلەمان باشترە تەنها بۆ دوو دانیشتن بێت، لە دانیشتنی‌ یەکەمدا جۆرێک لە متمانەو برایەتی‌ بگەڕێتەوە نێو پەرلەمانتاران خۆیان، لە دانیشتنی‌ دوەمیشدا ئەو دڕدۆنگیەی‌ نێوان پارتە سیاسیەکان کەمێک بڕەوێنرێتەوە، تا بەگیانی یەکتر قبوڵکردن بچنە هەڵبژاردنەکانی‌ داهاتوەوە، ئەمەش بە رێکەوتن ئەبێت لە سەر هەموارکردنەوەی‌ یاسای سەرۆکایەتی‌ هەرێم و یاسای‌ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، واتە لە دانیشتنی‌ دوەمدا ئەو دوو یاسایە هەموار بکرێتەوە، تاکە مەبەستیش لە ئاسایکردنەوەی‌ و هەردو دانیشتنەکەش تەنها گێڕانەوەی‌ شکۆ بێت بۆ دەسەڵاتەکەو، گێڕانەوەی‌ ئومێد وقورسایی‌ بێت بۆ دەنگ و ویستی‌ خەڵک، ئەگەرنا تەنها کەمتر لە سێ مانگی‌ تەمەنی‌ ماوە،بە پێی‌ هەمو بنەمایەکی‌ ماتماتیکیش دوو ساڵی‌ سالب بە كه‌ متر له سێ مانگی‌ موجەبە موجەب نابێتەوە.


خوێندراوەتەوە725