شەماڵ عەبدولوەفا

گەر دەرگای پەرلەمان کرایەوە.. ئەگەرەکان چین؟‌


خولی سێ و نیوی پەرلەمانی کوردستان خەریکە دەست پێ دەکاتەوە، قسەش لەسەری گەرم و گوڕە و زۆر خوێندنەوەی جۆراو جۆری بۆ دەکرێت، هەمو ئەگەرەکان لەم هاوکێشەیەدا دەخولێتەوە:

1. پەڕلەمان کارەکانی دەست پێ بکاتەوە بە بێ بایکۆتی هیچ لایەنێک.
2. گەر گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە یەکێتی و یەکگرتو هەندێ حزبی تر بایکۆتیان کرد.
3. گەر هەر دەستی پێ نەکردەوە.

گەر گۆڕان و پارتی توانیان لێک نزیک ببنەوەو لە یەکتری تێ بگەن، هەر یەکەی هەنگاوێک لە یەکتر بچنە پێشەوە بۆ رێککەوتن، دیارە (سیاسەت و ئاڕاستە و دنیا بینی) هەردولایان زۆر رونە، ئەوە سەرەتایەکی باش دەبێت، تا هەر هەمومان پێکەوە بە بێ استثناء و اقصای هیچ لایەنێک لەسەر لانیکەمی بەرنامەیەک رێک بکەوین لەسەر پرسە گرنگ و ستراتیجییەکانی وەک: دەستور، یاسای سەرۆکایەتی، هەڵبژاردنەکانی داهاتو و ریفراندۆم.. هتد.

چەند جومگەیەکی هەستیار هەیە کە بە گرێ کوێرە پۆلێن دەکرێت، گەر کرانەوە رێچکەیەکی باش ئاڕاستە دەگرێت.

لە ئێستادا گەر ریفراندۆم دوابخرێت، سەرەتایەکی باش دەبێت تا زەمینەی ئەوە ساز بکات دانوستانەکان بەرەو پێشەوە بەرین لەسەر هەمو ئاستەکان و بۆ هەمو بابەتەکان، هەمو رێوشوێنە ئسولییەکان بگرینە بەر بۆ هەردو هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان و پۆستی سەرۆکی هەرێم. ئەم ماوەیەش تا هەڵبژاردنەکان هەندێ لەو پرسانە لەسەری رێک بکەوین... گەر رێک نەکەوتین و هیچ هەلێکی رێککەوتنیش لە ئارادا نەبو، پارتی وتی "کاک مەسعود هەر سەرۆک دەبێت بە هەمو دەسەڵاتەکانیەوە و ریفراندۆم هەر دەکەین، هەڵبژاردنیش دوا دەخەین، سیستەمیش هەر ئەوە دەبێت کە هەیە، دەستوریش هەر بە نەفەسی من دەنوسرێتەوە''، ئەوکات گۆڕان و کۆمەڵ رێک بە پێچەوانەی پارتییەوە (گەر بەشێک لە یەکێتی و یەکگرتویش لەگەڵدا نەبێت) ئاراستە بە پرسەکان دەدەن.

ئەوکات پەرلەمان دەست ناکاتەوە بە کارەکانی، گەر دەرگای پەرلەمانیش کرایەوە بە نیوە ناچڵی دەبێت، واتە درزێکی دەرگاکە دەکرێتەوە، پاساوی کردنەوەکەشی ئەوە دەبێت کە ئێستا نوزە دەنگێکی لەرزۆک بەیت و بالۆرەی ئەوە دەژەنن و دەڵێن گۆڕان و کۆمەڵ نایانەوێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە!!!.. کە ئەمەش گومان و پرسیارە گەورەکەیە، ئەوکات کردنەوەی پەرلەمان دو پێکهاتە لەخۆ دەگرێت:

1. یەکێتی و پارتی و یەکگرتو دەرگای پەرلەمان دەکەنەوە، شەرعیەت دەدەن بەوەی کە هەیە، لەوانەیە هەندێ لە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی و یەکگرتو شەرمنانە و بە ئیحراجی بچنەوە، هەندێکیشیان لە پەرلەمان قسەی خۆیان بکەن و هەڵوێست وەرگرن.

2. پارتی و بەشێک لە یەکێتی و بەشێک لە یەکگرتو ئەم کارە بکەن، ئەوکات هاوکێشەیەکی تازە دێتە ئاراوە کە خوێندنەوەیەکی تر هەڵدەگرێت.

هەردو حاڵەتەکە پێشبینی رێککەوتنێکی پێشوەختی بە پیلان داڕێژراو دەبینرێت، لەو کاتەدا ریفراندۆم بە هەنگەشەلێ دەچێت بەڕێوە. کاک مەسعودیش دەمێنێتەوەو هەڵبژاردنەکانیش بە دەیان پاساوی گاڵتەجاڕی دوا دەخرێت.

لەم ئەگەرەدا زۆر بەڕونی دو بەرەی بەرامبەر بە یەک دەوەستێت کە سیماو خەسڵەتەکانیان زۆر بە ئاشکراو دیارو لەبەرچاو دەبن و بە بێ دەمامک بە ئاسانی دەناسرێنەوە.

گەر هەر پەرلەمان نەکرایەوە: ئەوا هەرێم وەکو ئێستا گوزەر دەکات و بەرەو خراپتریش هەنگاو دەنێت.

چارەنوسی هەڵبژاردنەکان، ریفراندۆم، مانەوەو نەمانەوەی کاک مەسعود ناڕون‌و نادیار دەبن، هەمومان بەرەو تونێلێکی تاریک هەنگاو دەنێین، هەرێمیش دەبێت یان بە ئاشی نەزان و خوا دەیگێڕێ، یان بە ئاشی خواو نەزان دەیدات بە دارو بەردا.

هاوکێشەکەش لە دروست بونی بەرەکان بە دەمامککراوی دەمێنێتەوە، هەمومان خۆمان دەکەین بە پارێزەری یاساو مافی خەڵک و دەبینە رەحمانێکی بێ وێنەو بەرامبەرەکەشمان دەکەینە شەیتانێکی ناشرین (جا خەڵک خۆی لێرەدا سەرپشک دەبێت و دەزانێت کێ لەسەر حەقە).

کاک نەوشیروان لەسەر ئەم پرسە دەڵێت "ئێمە ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە، پێمان وایە گفتوگۆ کردن لە نێوان دوو لایەندا چەند ناکۆک بن باشترە، ئێستا زەمانی قبوڵ کردنی یەکترە".

خوێندراوەتەوە805