شەماڵ عەبدولوەفا

دەرگای پەرلەمان مەکەنەوە.. دەرگا دەرگا کڵۆمی کەن‌


گرێبەستی (50)ساڵەی نەوت و گازتان کرد، پێویستتان بە پەرلەمان نەبو. هەروەکو کەڕەی شەربەت لە نزیکیشەوە نەیبیست. گرێبەستی (رۆزنەفت)تان کرد، پەرلەمان بونی نەبو.

لە وڵاتێکدا کەمێک جوانیی تێدا بێت، لە وڵاتێکدا کەمێک یاسا سەروەر بێت، لە هەرێمێکی بێ کیان و بێ دەوڵەت و بێ سەروەری‌دا، تۆسقاڵێک بیر لە خەڵک بکرایەوە، نە پەرلەمانەکەی دادەخرا، نە خەڵک برسی دەکرا، نە یاسا وا سوک و نا سەلیم دەکرا.

کاک مەسعود لە بەلجیکا دانی بەوەدانا کە خۆی و حیزبەکەی پەرلەمانیان داخستوە، لەبەر ئەوەی کودەتا کرابو، بەڵام ئێستاش هەر بۆنی کودەتا دێت (ئەو کودەتایەی کە چوار حیزبەکە کردیان) بۆ یاسای سەرۆکایەتی، لەگەڵ کردنەوەی پەرلەمان دەبێت پارتی هەمو کات چاوەڕێی کودەتا بێت و حیزبەکانی تریش چاوەڕوانی داخستنی پەرلەمان بن. داخستنی پەرلەمان پارتی کردی، کردنەوەشی لەسەر دەستی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمە، ئەنجومەنێکی حیزبی، نا یاسایی. کێ لەم هاوکێشەیە تێدەگات بە کۆمیدیا نەبێت. کاک مەسعود ئێستا لە هاوکێشەی هەرێم تێگەیشتوە، هەم لە ریزبەندی حیزبەکان، هەم لە وەزعی ریفراندۆم بە بەرەی بەڵێ و بەرەی نەخێریشەوە، کە ئێستا لە هەناوی پارتیشدا نەخێرێکی گەورە هەیە (کاک مەسعود و هەندێ لە کاراکتەرە گەورەکانی حیزب، تێدەگەن ئەم قسەیە لە کوێوە هاتوە) ئەمەیە پرسیارە جەوهەری و جدییەکە.

پەرلەمان بۆ ساڵێک لەمەوبەر کارا نەکرایەوە، جیاوازی چییە لەگەڵ ئێستادا؟ ئەوکات شەڕی داعش بو هەلومەرجەکە لەبارتر بو، برینەکانیش وا سوێ نەبوبونەوە.

گەر پرسی ریفراندۆم نەبوایە هەتاهەتایە پەرلەمان نەدەکرایەوە، نەک ئەم پەرلەمانە بەڵکو پەرلەمانی داهاتوشیان هەر لە ئێستاوە دادەخست!.

پەرلەمان بۆ چاودێری حکومەت دەکەنەوە کە دو مانگی ماوە، نەخێر!

پەرلەمان بۆ چاکردنی بژێوی خەڵک و موچە دەکەنەوە.. نەخێر!

پەرلەمان بۆ چارەسەری  کێشەکان دەکەنەوە.. لە ئێستادا پێتان ناکرێت. گەر بە تەنیا بۆ  ریفراندۆمە، ریفراندۆمێک بەرەو داهاتویەکی نادیار دەمانبات کە ئەودیوی نەبینین و بە موجازەفە لێکەوتەی خراپی لێ بکەوێتەوە. باشتر وایە پەرلەمان ئاسایی بکەینەوە بۆ دو مەبەست:
1. تا بڕیار لەوە بدات ریفراندۆم دوابخات، تا سەرلەبەری خۆمان رێک دەخەینەوە، کێشەکان بەرەو چارەسەر ئاڕاستە دەکەین، بیر لە بژێوی خەڵک و بازاڕ بکەینەوە بۆ رێگە چارە.

2. یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتو، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم رێک بخات. گەر پێش کاراکردنەوەی پەرلەمان هەمو لایەک لەسەر لانی کەمی رێککەوتنێک هاوڕا نەبون، پەرلەمان چارەی هیچ ناکات، لەسەر پرسی سەرۆکایەتی، دەستور، سیستەم، بژێوی خەڵک.. هتد.

پەرلەمان مەکەنەوە تا لەسەر مەلەفەکانی نەوت و دەرەوە و ئەمنی رێک دەکەون، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، چونکە ئەم مەلەفانەش لەوانی تر کەمتر نین.

پەرلەمان مەکەنەوە، دکتۆر یوسفیش با سەرۆک نەبێت (بە تەمەنترین ئەندام بکەنە سەرۆک بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە) چونکە پەرلەمان بوەتە دامەزراوەیەکی خواری خوارەوەی حکومەت و وەزیرەکانیش تەعین مەکەنەوە، چونکە لەگەڵ هەر کودەتایەکدا فەصل دەکرێنەوە، با ئەم گاڵتە پێکردنە دوبارە نەبێتەوە، تا رێک دەکەوین.

پەرلەمان مەکەنەوە، چونکە لە کوێدا پچڕابو دەبێت لەوێدا گرێ بدرێتەوە کە (پرۆژەی چوا حیزبەکە بو لەسەر یاسای سەرۆکایەتی، نازانم یەکێتی و یەکگرتو ئێستاش سورن لەسەری یان پەشیمانن) ئێمە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیداین بەڵام بەم ئالیەت و پەلە پەلەی ئێوە نا، با بنەوانەکەی بە هێمنی و لەسەرخۆ و بە پلان بۆ بشێلین و ئەوسا بڕیاری لێ بدەن.

جگە لەوەی کاک نەوشیروان لە چەند بۆنەو کۆبونەوەو کۆنفرانسدا بەڕونی و بە وردی دیدی خۆی و گۆڕانی لەو بارەیەوە ئاشکرا کردوە، لە بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا جەختی لێ دەکرێتەوە.

لە کتێبی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ)ی کاک نەوشیروان لە ساڵی (1997)، لە بەرگی سەرەکی کتێبی ناوبراودا بە چوارینەیەکی (شێخ نوری شێخ ساڵەح) رازاندۆتەوە:

خودایا! بەسیە ئیتر لابەری دەیجوری ئیضمیحلال
طلوعی پێ بکە خورشیدی رۆژی پاکی ئیستقبال
لەگەڵ خولیای هیجره‌تدا بەسەر چو عومری شیرینم
دەسا نۆبەی ویصالە، ئاه..... ئەی ئومێدی ئیستقلال

هەمومان پێکەوە دەتوانین هەرێم جوان بکەین، بەڵام لایەکمان دەتوانێ هەمومان ناشیرین بکات. هەمومان دەبێ عەقڵیەتی خۆمان بگۆڕین، پێش هەمومان پارتی، تا بتوانین گۆڕانکارییەکی ئاشتیانەی کۆمەڵایەتی بکەین، لە بەرژەوەندی خەڵک و دروستکردنی دەوڵەت.

(منی باڵا) لەم پرۆسەیەدا جێگەی نابێتەوە بەڵکو (هەمومانی باڵا لەم پرۆسەیەدا سەر دەکەوێت).

خوێندراوەتەوە771