شەماڵ عەبدولوەفا

بەڕێز کاک مەسعود .. بەرەو کوێ، لەگەڵ کێ، بۆچی!‌


کاک مەسعود ماوەیەکە باش تێگەیشتوە کە گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام نەدات، بەڵام نازانیت چۆن دەرچەیەک بدۆرێتەوە بۆ پەشیمان بونەوە، وەکو پیاوێکی سیاسی بەکەمترین زەرەر لێی دەربچێت، بڕیاری چونە دەرەوەی بۆ ئەوەیە گوشارەکانی دژە ریفراندۆم کەم بکاتەوە، کارەکەی ستراتیژیە بۆ هەڵەکەی خۆی، تاکتیکیە بۆ ناوخۆ بەڵام لە چ ئاستێکدا؟

زانیمان بەرەو کوێ و بۆچی! گرێکوێرەکە لەوەدایە لەگەڵ کێ؟ کاک مەسعود کاک نەجمەدین کەریمی هەڵبژاردوە بۆ ئەو کارە، بۆچی لەبەر ئەوەی ببێتە نوێنەری گشتی ناوچە دابڕاوەکان لە لایەکی ترەوە بێتە نوێنەری یەکێتی لەم پرۆسەیەدا، پارتی و کاک مەسعود بەمە بە بەردێک دو نیشان دەشکێنن؛
1. بڕیاری کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی بەتاڵ دەکاتەوە لە ئیرادە وبڕیارەکانی خۆی.

2. بڕیارەکانی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بەتاڵ بکاتەوە، کڵاوێکی تری ئاو دامێن بکەنە سەری یەکێتی، کە لە زۆر بۆنەدا بە هۆی بارودۆخی یەکێتیەوە پارتی ئەو یاریەی جۆراو جۆر ئەنجام داوە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە تەواو گۆڕاوە هاوکێشەکان بە شێوەیەکی زۆر رون دەردەکەون، کڵاوەکان زۆرن بۆ هەڵدان بەڵام سەرەکان کەمن کە بچێتە سەریان.

ئەوەی سەیرە ئەم سیناریۆیە لە نێوان چەند کەسێکی زۆر کەمدا داڕێژراوە کە کاک مسعود لەگەڵ کاک نەجمەدین ئەو سەفەرە بکات، کاڕگێری مەکتەبی سیاسی ئاگای لێی نیە، مەکتەبی سیاسی هەرە زۆریان بەهەمان شێوە، سەرکردایەتی لە هاوکێشەدا نیە، چەند کاراکتەرێکی بەرژەوەند ئامێز لە یاریەکەدان، ئەمەش ترسە یان بەرژەوەندی تایبەت! ئێستا ئەم پرسە جارێکی تر یەکێتی کرد بە دو بەشەوە! کام بەشەیان دەیبەنەوە، بەرەو پارتی و رزگار کردنی کاک مەسعود لەم تەنگەژەیەدا یان هەڵوێستی رێز لە بڕیارەکانی کۆمیتەی سەرکردایەتی یەکێتی.

ئەم ململانێیە لە نێوان هەڵوێست و ئیرادە لە لایەک هەروەها پاشکۆیەتی و تەسلیم بون لە لایەکی تر ئەو کات یەکێتی بژاردەیەکیان دیاری دەکات، ئەوەی پارتی دەیکات لە لاوازی هەڵوێستی یەکێتیە، ئەگەر لە یەکەم وێستگەی پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە لایەن پارتی دیموکراتەوە لە  کوردستان یەکێتی قایل نەبوایە پارتی ناچار دەبو لە شوێنی خۆی بوەستێت و بیر لە دەرچەی تر بکاتەوە، بەڵام یەکێتی دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت بە بەرژەوەندی خەڵک و خۆی، چونکە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەڕونی دەزانن چیان دەوێت، پارتی بە ئاشکرا دەزانێت چی دەوێت، بەڵام ئەوەی کە نازانن چیان دەوێت یەکێتی نیشتمانی و یەکگرتوی ئیسلامیە، ململانێکە ئێستا لە نێوان دو دنیا بینینی جیاوازە، با خەڵک و حیزبەکان بەرەکان هەڵبژێرن، بەرەی نان و ئازادی لەگەڵ بەرەی بەرژەوەندی تاک.

خوێندراوەتەوە1795