بابه‌كر دڕه‌یی

یان پارلەمان یان نەمان!‌

پارتی لە چەند قۆڵیکەوە خەریکی ئەوەیە خواستەکانی خۆی بەسەر حزبەکان و خەڵکی کوردستانا بسەپێنێ.. بەم بۆنەیەوە دەسەلاتدارانی پارتی بە گەرمی لە هەوڵی ئەوەدان گشت کەناڵەکانی سیاسەت و دپلۆماسیەت و گوشار بخەنەکار تا نەهێڵن دیموکراسیەکی راستەقینە لە کوردستانا بچەسپێ و ئازادی و عەدالەت باڵ بەسەر هاوڵاتیانی کوردستانا بکیشێ.
ئامانجی پارتی لەم هەوڵە گەرمو گوڕانەی بۆ نەهێشتنی دیموکراسیەت و بێدەنگکردنی دۆست و نادۆست و، خنکاندنی ڕای دەنگدەرانی کوردستان و، ئەو حزبە نەیارانەی نوێنەرایەتی ئەوان دەکەن، ئەوەیە کە حوکمێکی تاقە کەسی یان گروپێکی ئەریستۆکراتی لە کوردستان دابمەزرێنن و بە کەیفی خۆیان ، چۆن ساڵەهایە نەیانهێشتوە یاسامەندی و عەدالەتیکی نیسبی لە کوردستانا بێتە ئاراوە ، بە هەمان شێوەو خراپتریش، درێژە بە بەرنامە نادیموکراتی و نایاساییەکەیان بدەن.
ئامانجی پارتی ئەوەیە: خواستی خۆیان لە جێگیرکردنی سیستمی نادادپەروەرانەو دژ بە یەکسانی هاوولاتیان جێگیر بکەن و بەم هۆیەشەوە، لە لایەکەوە سەروەت و سامانی وڵات بەوپەڕی ناشەفافی لە قازانجی خۆیان و دەستوپیوەندەکانیان بەکار بهێنن و، لە لایەکی تریشەوە، بۆ خزمەتی هەمان ئامانج ، جۆرە سیستمێکی سیاسی بنیاتبنێن کە لەگەڵ ئەو ناشەفافی و نادادی و زوڵمە ئابوری و کۆمەڵایەتیەدا بگونجێ و پارسەنگی بکاتەوە.
بناغە و سەرچاوەی ئەو "ئامانج"ەی پارتی ش بۆ دامەزراندنی سیستمی نادادی کۆمەڵایەتی ، لە ئایدیۆلۆژی و فەلسەفە و تیڕوانینێکی چەوت و هەڵەوە بۆ ژیان سەرچاوەی گرتوە کە سەرکردە ئەسڵیەکانی پارتی پێیان وایە تەنها ئەوان( ئەوان نەک کەسی تر ) لەم کوردستانە فراوانەدا دڵسۆز و تیکۆشەر و خەباتکاری پلە یەکن و، تا ئەندازەیەکی زۆر لەسەر ئەوەش پێکهاتون کە مەسەلەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و سیاسەتمەداری، پەیوەندی بە ئەسڵ و نەسەب و جۆری خوێنەوە هەیەو ، هەرکەس ، دورو نزیک ، خوێنەکەی لە جۆری ئەوان نەبێت یاخود لە ژێر ئاڵای ئەو جۆرە خوێنە تایبەتەدا پەروەردە نەبوبێ، نە مافی ئەوەی هەیە باس لە یاسامەندی بکات و نە هەقی ئەوەشی هەیە خۆی کاندید بکا بۆ پۆستیكی باڵای حکومی یان پەرلەمانی ، و لە باشترین حاڵەتدا دەبێ هاولاتیەکی "عاقڵ " و بێدەنگ بێت کە لە کاتی پێویستدا کاغەزی هەڵبژاردن لە قازانجی ئەوان بخاتە سنوقی دەنگدانەوە و بەرنامەکانی ئەوان بۆ حوکمێکی سەرویاسایی پەسەن و بەهیز و تۆکمە بکات.
زۆرێک لە پارتیە دەوڵەمەند و پەراوێزەکانی دەسەلات، لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە حوکمڕانی و دەستبردن بۆ کاروباری دەوڵەت و، ئیدارەدانی کۆمەڵگا و تەنانەت هەولدان بۆ چاکسازی ش هەر لە خۆیان جوانەو ، ئەگەر بەردێک ئەوان نەیخەنە ناو دیواری دەوڵەتەوە حەتمەن جێی گومانە و، ترازان و ڕوخانی حەتمییە، و ئەگەر دوژمنێک لەشکرەکەی ئەوان لە نزیک و دورەوە پەلاماری نەدات، هەرگیز شکست ناخوات.... کۆمەلە وەهمێک کە حەقیقەتەکانی ژیان و سیاسەت لە ڕابوردوی نزیک و دوردا ڕیک پێچەوانەکەی سەلماندوە !... 
پارتیەکان لە ئاستی سەری سەرەوە تا ئاستە ناونجیەکان، وا ڕاهاتون و ڕاهینراون کە هەمو خێڵ و هۆزو حزب و گروپیک لە خوار خۆیانەوە ببینن و ئەگەر تەنانەت توخمی بەشەرو کوردیش وەک پارچەیەک لەو توخمی بەشەرە، لە دنیایەکی تەواو جیاوازی سەدەی بیست و یەک و دیموکراسی پۆستمۆدێرنیشدا بژێیت و، ئاگاداری وردەکارییە هەرە وردەکانی جیهان و سیستمی دیموکراسی جیهانیش بێت، ئەوان تەفسیری خۆیان بۆ دیموکراسی بە جیا ئەکەن و لێکدانەوەیان بۆ مەسەلە بەدیهیەکانی زۆرینەو کەمینە ( تەنانەت گەر حسابی ماتماتیکیش بێت) بەو جۆرە ئەکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیانایە و، لە دنیای سوریالی پارتیە مەغرورەکاندا ، مەسەلەی ڕای جیاواز و مافی کەمینە و ئازادی رۆژنامەگەری و گفتوگۆی بێمەرج بۆ ڕێکەوتن، جۆرە گەمەیەکن هەرکات ئەوان حەزیان لیی نەبێ یان بە میزاجیان نەبێ ، ئیتر ئەبێ لە دیوەخان هەڵگیرێن و کەس باسیان نەکاتەوە...
ئیتر کاتی ئەوە هاتوە وەلامی ئەم جۆرە سیاسەت و دیدگایە بۆ ژیان و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا ، گۆڕانی بەسەرا بێت و بە جۆرێکی ڕۆشنتر وەڵام وەربگرێت.
ئیتر ئەبێ لەمەودوا، وەک چۆن پارتیە مەغرورەکان گاڵتەیان بە عەقڵی هەمو کەس یەت و باس لەوە ئەکەن ئەوان خاوەنی دەولەت و وڵاتن و هەر ئەوان لەگەل حزبەکانی ترا لوتفیان نواندوەو پۆستیان داونەتێ، هەروەها لە کاتێکدا هەر خۆیان بازگەکانی حکومەت بە هێزی حزبی ئەتەنن و ڕێ لە سەرۆکی پەرلەمان ئەگرن ئەرکەکانی ئەنجام بدات و، دواتر ئەڵین سەرۆکی پەرلەمان بۆتە هۆکاری لەکارخستنی پەرلەمان...!! لە کاتیکا میدیاکانی پارتی بە هەرچوارلادا هیرشی سوککردنی ئۆپۆزیسیۆنیان کردۆتە بەرنامەی کارو، لەوسەریشەوە بە ئاشکرا قوتی خەڵکی ولاتەکەیان بڕیوەو لە هەمان کاتا ملیۆنەها دینار سەرف ئەکەن بۆ کرینی وەلائاتی خەڵک و، بێهۆ موچەیان بۆ ئەبڕنەوەو رەگ و ڕیشەی کاری حکومی و یاسامەندییان لە بنەوە هەڵکێشاوە و، نرخیان بۆ هیچ پۆست و پلەیەکی حکومی و ئیداری نەهێشتۆتەوەو بە هەزاران موچەخۆری گەندەو بیکاریان وەک "سیاهی لەشکر" لە قەزاو ناحیەکاندا بۆ کاتی هەڵبژاردن مۆڵداوە...
ئا لەم کاتەدایە کە ئەبێ دروشمیکی تر بیتە ئاراوە کە گوزارشت لە کۆی پرۆسەی سیاسی کوردستان بکات و ببێتە رەمز بۆ هەمو ئەوانەی دەیانەوێ دژ بە گەمە ناشرینەکانی پارتی (و لۆبیەکانیان لە حزبەکانی ترا...) لە سەرکوتی عەدالەت و یاسامەندی بێنە مەیدان.. دروشمێک کە لە خاڵی بەرامبەری ئەو دروشمە درۆیینەدا بێ کە ساڵەها هەمومان ( بێگومان بە پێشرەوایەتی پارتی ) بەرزمان کردەوە و خۆمان وکەسوکارمان بۆ بەکوشتدا و دواتر بۆمان دەرکەوت جگە لە وڵاتیکی پر لە ناعەدالەتی و جوگرافیایەکی پڕ لە مافیا هیچی تری بۆ میللەت بەرهەم نەهێنا... ئەویش بریتی بو لە دروشمی " یان کوردستان یان نەمان"،،،
دروشمی "یان کوردستان یان نەمان" و هەوڵە نایاساییەکانی تر کە لەو ئاقارەدا ریکلامی بۆ دەکرێت، چ لە رابوردو چ لە ئیستادا، پەردەیەکی ئەستورن کە ئەدرێن بە سەروچاوی هەموانا تا راستیەکانی ئەودیو پەردەکە نەبینرێن ..
دروشمی " یان کوردستان یان نەمان" و دروشمە هاوشیوەکانی تری لە بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، هەوڵی زۆر جددی پارتین بۆ بێڕیزیکردن بە دیموکراسیەت و مافی خەڵک لە دامەزراندنی داوو دەزگای شەرعی و یاسایی و، لە کورتترین پیناسەدا بازدانن بەسەر دەزگای پەرلەمان و یاساداناندا بۆ پاڵەوانسازی و خۆدەرخستن ی شەخسی وەک رزگاریبەخش و موسای پەیامبەر کە ( بە پێی گێڕانەوە ئاینیەکان ) گەلی جولەکەی لەدەستی فیرعەونەکان دەرباز کرد، بێ ئەوەی هیچ بیرێکی ورد و عاقڵانە لە سەرەنجامی دورو نزیکی ئەو هەنگاوە کرابیتەوە... واتە نەک تەنیا کاریگەری نێگەتیفی هەنگاوەکە بۆ پێشیلکردنی دیموکراسی ، بەڵکو تەنانەت بۆ خودی پرۆسەی سەربەخۆیی کە ئاواتی لەمێژینەی گەلی ئیمەیەو ئەمرۆلە بازاری سیاسەتدا کردویانەتە دروشمی رۆژ.
دروشمی " یا کوردستان یان نەمان " ئەو دروشمە بو کە زەمانێک ئەیتوانی ببێتە پەساپۆرتی پەرینەوە لە دنیای بەزین و نوچدانەوە بۆ خۆکردنە قارەمان و خەباتکار.... ئەیتوانی ببیتە هۆکار بۆ دزینی ملیۆنەها دۆلار لە ملکی میللەت و بیکاتە کۆشک و تەلار لە پایتەختە ناودارەکانی جیهان..
ئیستاش هەوڵئەدرێ جلێکی تازەی بۆ دروشمەکە بدورێت و مۆدێرنیزە بکرێت و، بۆ هەمان مەبەست و خراپتریش بەکار بهێنری...
هەرڵئەدرێ پەرلەمان و کاری یاسادانانی پێ سوک بکرێ.. چونکە پەرلەمان نوێنەری هەمو میللەتەو لەوێدا دەسەڵات دابەشکراوە بەسەر چین و توێژەکانی گەلدا و تاقە کەسێک ناتوانێ لە درێژماوەدا خۆی بەسەرا بسەپێنێ..
هەوڵئەدرێ نرخی دەزگاو دامەزراوەکانی تری وەک دادوەری و جێبەجێکردن ( حکومەت) نەهێڵرێ و تەنها دورشمێک بیتە شوێنگرەوەیان کە کەس نازانێ سەرو بنی بەرنامەکەی چۆن ئامادەکراوە و کێ بەڕیوەی ئەبات لە کاتێکا خودی ئەوانەی ریکلامی بۆ دەکەن ڕایانگەیاندوە کە ڕاپرسی مەرج نییە یەکسەر ببێتە هۆی سەربەخۆێی کوردستان ! .. واتە ڕیفراندۆم لە ئاستی ناوخۆدا هەر بۆ سەوداو مامەڵەیە لەگەل حزبە سیاسیەکان و سەپاندنی هەژمونی بەسەریانا بە ناوی نیشتیمانپەروەریەوە ، و لە ئاستی ئیقلیمیشدا بەو مەبەستەیە دەرودراوسێ و نەیارەکان ختوکە بدرێن و توڕە بکرێن وهەرەشە لە کوردستان بکەن خەونەکەی زیندەبەچاڵ بکرێت و دوژمنی بۆ زیاد بکرێت ... سەرەنجامیش بەڕیزان ڕایبگەیەنن مادام مەترسی دراوسێکانمان لەسەرە و ناحەزان دەورەیان داوین، چەن ساڵی تریش سەرۆکایەتیان بۆ تازە بکرێتەوە و بە نۆرە خۆیان حوکمڕانی وڵات بەڕیوە ببەن.
هەوڵئەدرێ بە دروشمی سنوربەندی نیوەناچلی نێوان کوردو ئەوانیتر، و گوایە جیاکردنەوەی ماڵ لەوانیتر ، هەرچی لە ناو مالی خۆمانایە وەک گەمژەو خاین و گومانلیکراو و خەواریج تەماشا بکرێ و، لە قازانجی ئەو گروپەی خۆیان بونەتە مایەی نەمانی سەروەت و سامانی وڵات، بکرێینە بارمتە و وەک کۆیلەکانی ئەفریقا لە سەدەی شانزەو حەفدە بخرێینە بەر بێگاری بۆ کوردستانێک کە جگە لە کۆمەڵیك بنەماڵە و دەستو پیوەندیان ، کەسی تر ناتوانێ بە مڵکی خۆی بزانێ و دڵی پیخۆش بێت و شانازی پیوە بکات..
دروشمی پێویست و زەروری بۆ ئێستای کوردستان بریتیە لەوەی : پەرلەمان ببێتەوە بە مەرجەع....
پەرلەمان ببێتەوە بە سەرچاوەی دیموکراسی و سیستمی کۆماری... ببێتەوە بە نیوەندێک بۆ چاودیری و سزای گەندەکاران و سەروەری یاسا و رەمزی دیموکراتی لە کۆی هەرێمەکەدا...
کاتی ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان : گەنجەکان.. مامۆستایانی سەرەتایی، شۆفیرانی لۆری و تاکسی، جوتیارە مایەپوجەکان و بنێشتکاران و پینەچیەکان و چینە هەرە زەحمەتکیش و نەدارەکانی کۆمەڵگا بەڕیوەی بەرن و یاسای تیا دابنێن، ڕەگ و ڕیشەی ئەو تاقمە دز و مافیا و گەندەیە دەربێنن کە وڵاتی گەیاندۆتە لیواری ڕوخان و داتەپین ، و بە پێێ یاسا و لە ڕێی یاساو دادگاوە ئەو بێویژدانانە سزا بدەن و نیشانی خەڵکیان بدەن چۆن وڵاتیان بەم دەردە گەیاندوەو، بە سزادانیان تێیان بگەیەنن شوێن و جێگەی راستینەیان لە کۆمەڵدا کوێیە...
کاتی ئەوەیە و دەمێکە کاتی ئەوە هاتوە، ڕێ لەوانە بگیرێ کە حزب و سیاسەتیان کردۆتە کاسبی و ، لە ڕیگای تاقمگەری و بازرگانی حزبی و ناحزبییەوە سەروەت و سامانی وڵات ئەدزن و ئەیبەنە هەندەران و نایەڵن تەنانەت باجی داهات لەسەر مڵکوماڵەکانیشیان بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێم بێت..
ئەبێ دروشمی ئەمڕۆمان بریتی بێت لە :
یا پەرلەمان یان نەمان..
هەمو هەوڵێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانێکی ئازا و نەترس.. بۆ بەهێزکردنەوەی سەرچاوەی شەرعیەت و یاسامەندی..
هەمو وزەیەک لە پناو ئەو دەزگایەدا کە ئیمە وەک میللەت کۆ دەکاتەوە ، 
نەک وەک ئەو حزبانەی دابەشمان ئەکەن و دەبنە دەسکەلای مافیاو دزی و خۆیان دەخەنە شوێنی یاسادانەرو گاڵتەیان بە عەقڵی گەنج و خوێنەواری وڵات دێت و دەرگای پەرلەمانیان لەسەر دائەخەن.
هەمو جوڵەیەک لە پێناوی ئەو پەرلەمانەی کە هەزاران کەسی نازدارو قارەمانی ئەم وڵاتەی لە پێناودا چۆتە ژێر خاک و بە بێکەسی و بێنازی سەریان بۆ ناوەتەوە.. ..
دەبێ "یا پەرلەمان یان نەمان" دروشمی ئێمە بێت و تا ئەوکاتەی پەرلەمان نەبێتە سەنتەری جالاکی سیاسی میللەت و نوخبەی سیاسی و دیموکراتی وڵات؛ هەر جۆرە باسکردنێک لە ڕێکەوتن و پێکهاتن و تەبایی و ڕێکردن لەگەڵ سیاسەتی حزبی و سەرویاسایی، وەک خۆخڵەتاندن و کات بە فیڕۆدان تەماشا بکرێت.
*******************
بزوتنەوەی گۆڕان ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە.
میژووی هاوچەرخی کوردستان ئەم ئەرکەی بە بزوتنەوەی گۆڕان سپاردوە کە تا سەر داکۆکی لە یاسامەندی و سەروەری یاسا و عەدالەت و ئازادی بکات.
مەرگی رەهبەری بزوتنەوەی گۆڕان لە جاران زیاتر لەم بزوتنەوەیە دەخوازێت کە سەرسەختانەتر پێ لەسەر ئەو خواستانەی خەڵکی کوردستان دابگرێت کە ئێستا لە ئاستی نێونەتەوەیی و جیهانیدا بونەتە مافی چەسپاو و سەلمینراو:
سیستمی کۆماری و پەرلەمانی دیموکراتی لە سەرانسەری گۆی زەویدا چەسپاوەو ئیدی هیچ کەس جورئەتی گفتوگۆکردن لە سەر پیویستبون و باشبونی ئەم جۆرە سیستمە ناکات.
ئازادی و سەرجەم ئەو مافانەی لە ئازادی ئینسانەوە سەرچاوەدەگرن و لە بەندەکانی بەیاننامەی مافی مرۆڤی ساڵی ١٩٤٨ دا سەلمێنراون و هیچ وردە دیکتاتۆرو بەچکە زاڵمێک، بە پێی یاسا جیهانیەکان، بۆی نییە کەلێن و سەرنج لە دەقی یاساکان بدۆزێتەوەو بە هەر بەهانەیەک شانی خۆی لە جێبەجیکردناین خاڵیبکاتەوە..
بزوتنەوەی گۆڕان لە بەردەم دوڕیانێکی زۆر ڕووندایە:
یان داکۆکی لە پرەنسیپە جیهانیەکانی یاسامەندی و ئازادی و دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ، 
یان سازش و تەسلیمبون بە خواستی وردە دیکتاتۆرو مافیاکانی پەراوێزیان و سیستمی ملهوڕی دواکەوتوی خۆرهەڵاتیانە.
لەو دو ڕێگایە بەدەر نییە: یان شەڕدژی ملهوڕی و زۆرداری
یان نەمان و فەوتان و پاشەکشێ لە سەرجەم پرەنسیپە جیهانیەکانی عەدالەت و یاسامەندی و ئازادیخوازی..
بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی پەرلەمانی و مەدەنی یەو لە سەرەتاوە بەو نیەتە هاتۆتە مەیداان کە خەباتی پەرلەمانی بچەسپێنێ و شێوازی هەولدانی مەدەنیانە بکاتە میتۆدی چالاکی سیاسی ...
بۆیە مانەوەو بەردەوامبونی ئەم بزوتنەوەیە بەوەوە بەستراوە کە تا چ ئەندازەیەک پێ لەسەر خەباتی پەرلەمانی و یاسامەندی و شیوازی مەدەنی خەبات دائەگرێت..
"یان پەرلەمان یان نەمان " بەو مانایەیە کە گەلی کورد لە کوردستانی عیراقدا بە رەهبەری بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانەکانی ، لە هەوڵی بێوچاندایە بۆ چەسپاندنی سیستمی دیموکراتی پەرلەمانی و ڕیگرتن لە هەر سیاسەت و پیلانگێڕیەک کە لەگەل شێوازی خەباتی پەرلەمانی دیموکراتیدا ناتەباو نەگونجاو بێت و ریخۆشکەر بیت بۆ حوکمی تاقەکەسی و ئەرستۆکراتی و بنەماڵەیی لە هەر چەشنێک.

خوێندراوەتەوە887