مەریوان وریا قانع

ھەشت راستیی سادە کە خەریکە درۆکردن لەناویاندەبات‌


بەبۆنەی بێدەنگکردنی کوردناسی ئەمەریکیی مایکل گونتەرەوە، Michael Gunter،

لەناو پەتای ئەو ریکلامکردنە گەورە و بەردەوامەدا بۆ ریفراندۆم و لە پاڵ بڵاوکرادنەوەی خورافەتی پلان بۆدانراوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بەھەمو لایەکدا، تەم و مژێکی ئەستور دروستکراوە، دەیەوێت چاوی ئاسایی تەنانەت نەتوانێت بەرپێی خۆشی ببینێت. لەڕاستیدا ئەم تاریکاییە میدیایی و سیاسییە گەورەیە دەیەوێت مرۆڤ ھەر لە بنەڕەتەوە ھیچ نەبینێت. پیشەسازیی دروستکردنی وەھم و چاوەڕوانییە خورافیەکان لە ھەرێمدا یەک مەبەستیان ھەیە: بڵاوکردنەوەی درۆ و فریودانی بەمەبەستی ھەموان بە ئامانجی بزرکردنی ھەمو سەرەداوێک کە بمانباتەوە ناو واقیعی سیاسیی ڕاستەقینەی ھەرێم. 

بۆ ئەوەی لەناو ئەم تەم و مژە گەورەیەدا بزرنەبین ھەوڵئەدەم لێرەدا ئەم ھەشت راستییە سادەیە وەبییری ھەموان بھێنمەوە:
یەکەم: سەرچاوەی یەکەم و ھەرە سەرەکیی قەیرانە سیاسییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان درێژەدانی نایاسایی و نابەرپرسیارانەی سەرۆکی ھەرێمە بە سەرۆکایەتییە ناشەرعییەکەی کە ساڵانێکە کۆتایی پێھاتوە. ھەمو کێشە سیاسییەکانی تری ناو ھەرێم لەم شاکێشە سەرەکییەوە سەرچاوەیان گرتوە و ئەم کێشەی سەرۆکایەتییە ژێرخانی سەرجەمی کێشەکانی دیکەیە. بارزانی لەباتی ھەشت ساڵ، وادەی یاسایی حوکمڕانی خۆی، بەرەو ئەوە دەڕوات دوانزاە ساڵ حوکمڕانبێت و کەسیش لەخۆی زیاتر بە شایستەی سەرۆکایەتی ھەرێم نازانێت. نەک ھەر ئەمە بارزانی ھەوادارەکانی وا فێرکردوە کە وەک ”سەرۆکی کوردستان“ ناویببەن نەک ”سەرۆکی ھەرێم“.

دوھەم: پەرلەمانی کوردستان تیپی سێھەم و چوارەمی سیاسەتکردنە لە کوردستاندا، بۆیە تاوانبارکردنی پەرلەمان بەوەی بەرپرسی قەیرانە سیاسییەکانە، نەک تەنھا ھەڵەیەکی فیکریی و گوناھێکی سیاسیی و نابەرپرسیاریەتێکی ئەخلاقییە، بەڵکو خۆدزینەوەیەکی ڕاستەوخۆشە لە ناونانی ڕاستەقینەی شاکێشەکە و لە پەنجە درێژکردن بۆ ئەو کەس و گروپەی کە ئەو دۆخە سیاسییەیان لە ھەرێمدا دروستکردوە.

سێھەم: داخستنی پەرلەمان و رێگرتن لەوەی وەک تیپی سێھەمی سیاسەتکردنیش ئامادەبێت، ھێما بۆ ئەو راستییە تاڵە دەکات کە ئەو سیستمە سیاسییەی لە ھەرێمدا دروستکراوە، تەنھا دەتوانێت بە لۆژیکی دیوەخان بەردەوام بێت، دەنا بەرگەی ھیچ لۆژیکێکی سیاسیی تر ناگرێت کە بکەوێتە ئەودیوی لۆژیکی دیوەخانەوە.

چوارھەم: لە ھەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ئەو ھەمو قیژەقیژەی ریفراندۆم و ئەو دەھۆڵکوتانە گەورەیە بۆ سەربەخۆیی سیاسیی، کەس ھێندەی ئەو نوخبە باڵادەستەی لە ھەولێر حوکمڕانە ئامادەی سازشکردنی سیاسیی نییە. ھەمو سەرە گەورەکانی سیاسەتکردن لە ھەولێردا بە ئاشکرا بە ھەمو دونیایان وتوە، لەپێش ھەموانەوە بە بەغدا، کە مەبەست لە ریفراندۆم دامەزرادندنی دەوڵەت و جیابونەوە نییە، ریفراندۆم یەکساننییە بە دروستکردنی ماڵێکی سیاسیی سەربەخۆ.

پێنجەم: لەڕاستیدا لەپاڵ قیژەقیژی ریفراندۆمدا ئەو لانیکەمی کۆگیرەیەی کە لە ھەرێمدا لەھەندێک ئاستدا ھەبو لەناوبراوە، ئێستا بە کردەوە، وەکچۆن پەرلەمانی کوردستان نەماوە، ئاواش شتێک بەناوی “حکومەتی ھەرێم“ەوە بونی نییە و بونی نەماوە. ئەوەی ھەیە دەسەڵاتی پارتی و ماڵی بارزانییە لەپاڵ یەکێتیەکی نیشتیمانیدا (ی.ن.ک) کە وەک خوڵامێکی بچوک لەناو ھاوکێشەکاندا ئامادەیە.

شەشەم: سەرجەمی قەیرانە ئابورییەکانی ھەرێم و دۆخی نالەباری بژێوی خەڵک و کۆمەڵگا و سەرجەمی قەرز و کارەساتە ئایندییەکانی ئابوریی کوردستان، کابینە زۆرەکانی نێچیرەوان بارزانیی و وەزیری نەوتەکەی، ئاشتی ھەورامی، لێی بەرپرسیارن. نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەم دو وپیاوە ئابوریی ئەو وڵاتە ئاراستە دەکەن و چۆنیان دەوێت بەوشێوەیە نەوتی ھەرێم دەردەھێنن و دەفرۆشن و کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا جیھانییەکان ئیمزا دەکەن.

حەوتەم: ئەرکی سەرەکیی ئەو ماشێنە ئیعلامییە گەورەیەی لەھەرێمدا بەگەڕخراوە و ئەو لەشکرە لە میدیاکار کە بەرھەمھێنراون، ھەورەھا ئەرکی ئەو دەیان و سەدان نوسەرە بیانیی و کوردانەی کڕادراون و یان بێدەنگکراون، بەتایبەتی نوسەرانی کڕدراوی پارچەکانی تری کوردستان، ئەوەیە بەشداربن لەم پیشەسازیی بەرھەمھێانی تاریکییەدا و ئەو ڕاستییە سادانەی سەرەوە لە کۆمەڵگای کوردیی و دونیای دەرەوە، بشارنەوە.

ھەشتەم: مەگەر کەسێکی وەک مایکڵ گونتەر، Michael Gunter، جار نەجار ئەوە بیری ئەم لەشکرە لە ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوسی جڵەوکراو بھێنێتەوە کە لە دونیادا کەسانێکی خاوەن ویژدان نەماوەنەتەوە درۆکانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بکڕن و ئەزمونە سیاسییە سوڵتانییە خێزانییەکەی بە شایستەی قبوڵکردن بزانن. لەڕاستیدا کەسێک بە پارەی نەوت نەکڕدرابێت و بەپارەی نەوت عەقڵ و ویژدانی پەکنەخرابێت، ناتوناێت بەگریی لەو ئەزمونە وێرانەی حوکمڕانیی کردن بکات کە لەھەرێمدا دروستکراوە.

خوێندراوەتەوە1320