شەماڵ عەبدولوەفا

سیفه‌ته‌ له‌یه‌ك چوه‌كان؛ نه‌وشیروان مسته‌فا‌


سیفه‌ته‌ له‌یه‌ك چوه‌كان؛ (نه‌وشیروان مسته‌فا.. سقراگ .. كانت ..د.علی وردی .. امام عبدالفتاح امام )

ئەگه‌ر بتویستایه‌ كاك نه‌وشیروان رابكێشێت بۆ بواره‌ فه‌لسه‌فیه‌كان تاراده‌یه‌كی زۆر خۆی دوره‌ په‌رێز ده‌گرت و ده‌یوت ئه‌مه‌ كاری من نیه‌، به‌ڵكو كاری خه‌ڵكی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ زۆر قوڵه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دواتر بۆم رونبوه‌ شتێكی باشی لێ ده‌زانی به‌ تایبه‌ت له‌ روی ئه‌خلاقی و شێوازی حوكمڕانی و هونه‌ری ئیداره‌وه‌.

ماوه‌یه‌ك خه‌ریكی دراسه‌ی كۆمه‌ڵێ بابه‌ت بوم له‌م بواره‌دا، دوای غیابی كاك نه‌وشیروان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر و زانیاریشم له‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌كه‌ی، به‌ جۆرێ كه‌وتمه‌ عه‌وداڵی ئه‌وه‌ی به‌راوردێك بهێنمه‌ به‌رهه‌م كاك نه‌وشیروان له‌كوێی ئه‌م هاوكێشه‌ ورده‌دایه‌؟.

گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ دواوه‌، ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ریكی وردبونه‌وه‌ بوم له‌ د.علی وەردی، چه‌ند مانگێك له‌مه‌و پێش كتێبه‌كه‌ی (امام عبدالفتاح امام)م ته‌واو كرد، له‌ رێگای سیانزه‌ وانه‌ی د.ره‌هبه‌ر مەحمود زاده‌وه‌، مێژوی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوام گوێ لێگرت، هه‌ندێ له‌ ورده‌كاریه‌كانیم نوسیه‌وه‌. كه‌ ئه‌مانه‌م هه‌موی كۆكرده‌وه‌ و له‌گه‌ڵ زه‌نگی دوا كۆچی ئه‌و پیاوه‌دا ئه‌و به‌یه‌كبه‌ستنه‌وه‌م هاته‌ مێشكه‌وه‌، موراجه‌عه‌ی خێرای ئه‌وانه‌ی به‌ سه‌رنج نوسیومه‌ كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ گوتار و بیر و دنیا بینینی ئه‌م پیاوه‌دا گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌م به‌راورده‌ بكه‌م.

سوقرات سێ سیفه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی گه‌وره‌ی تێدابو، ده‌چوه‌ ناو خه‌ڵك، پرسیاری ده‌كرد، تۆ چی ده‌زانی له‌ عه‌داله‌ت یان هه‌ر پرسیارێكی تری بكردایه‌، وەڵامەکەی وه‌رده‌گرت، دواتر پێی ده‌وت هێنده‌ت راسته‌ بۆ عه‌داله‌ت، ئه‌مانه‌ت كه‌م و كورتیه‌ واته‌ خه‌ڵكی فێری مافه‌كانی ده‌كرد و خۆشی لێیانه‌وه‌ فێرده‌بو، گه‌وره‌ترین پرسیاری مرۆڤایەتی سوقرات كردی كه‌ تا ئێستاش هه‌مان پرسیار دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ مرۆڤ چۆن ده‌بێت بژی؟.

كه‌ دادگایی كرا بڕیاری خواردنه‌وه‌ی ژه‌هری به‌سه‌ردا درا، ده‌یتوانی خۆی ده‌رباز بكات بەڵام وتی له‌ ترسی عه‌داله‌ت ئه‌و ژه‌هره‌ ده‌خۆمه‌وه‌!.

ورد بنه‌وه‌ له‌ هزرو مامه‌ڵه‌كانی كاك نه‌وشیروان
یه‌كه‌م... كه‌خه‌ڵك ده‌چوه‌ لای ئه‌و پیاوه‌ چه‌ند پرسیارێكی ده‌كرد 
خه‌ڵك ده‌ڵێت چی؟ خه‌ڵك چی ده‌وێت ؟ خه‌ڵك ره‌خنه‌ی له‌ ئێمه‌ چیه‌؟ لێیانه‌وه‌ فێرده‌بو، فێری ده‌كردن.

دوەم... ده‌یوت ده‌بێت مرۆڤ به‌ كه‌رامه‌ت و ئازادی بژی، لانی كه‌می ژیانی بۆ ده‌سته‌به‌ر كرابێت، سه‌ر و سامانیشی پارێزراوبێت، له‌مه‌دا هه‌م وەڵامی سوقرات و سپینۆزا و كانتی ده‌دایه‌وه‌ و هه‌م جیهانبینی خۆی ده‌خسته‌ڕو.
سێهه‌م ... خه‌م و شه‌ڕی گه‌وره‌ی ئه‌و پیاوه‌ عه‌داله‌تی کۆمەڵایەتی بو.

ئه‌مانوێل كانت... پیاوێكی زۆر جیاواز بو له‌ كه‌س نه‌ده‌چو، هه‌مو شه‌ڕه‌كه‌ی شه‌ڕی خه‌ڵك بو به‌وه‌ی چۆن مرۆڤ بژی؟ چۆن بیر بكاته‌و؟ چۆن بڕیار بدات؟ هێنده‌ی خه‌می خه‌ڵكی بو ژیانی خۆی بیرچوبوه‌، نه‌یتوانی هاوسه‌رگیری بكات، نه‌یویست ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، هێنده‌ به‌ دیقه‌تبو بوبوه‌ سەعاتی شاره‌كه‌ی، به‌ هه‌ر شوینێكدا ده‌ڕۆیشت ده‌یانزانی سەعات چه‌نده‌!!! جا به‌راوردی ئه‌و پیاوه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا.

كاك نه‌وشیروان خه‌می خه‌ڵكی بو نه‌ك خێزانه‌كه‌ی، نه‌ك كه‌سوكاره‌كه‌ی، نه‌ك خۆی نه‌ك تۆ وه‌كو زات، خه‌می ئه‌و خه‌می چینه‌كانی خواره‌وه‌ و مامناوه‌ند بو بۆیە ناویان لێنا باوكی هه‌ژاران.

ده‌یوت ده‌بێت به‌شدار بیت له‌ بڕیار له‌ رێگای په‌رله‌مانه‌وه‌، ده‌بێت خۆش بژی وه‌كو مرۆڤ، بیر بكه‌یته‌وه‌ تا سته‌م قبوڵ نه‌كه‌یت، ئه‌مه‌ جیهان بینینه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروانه‌.

د.عەلی وەردی... كاتێك د.عەلی وەردی هه‌مو ژیانی بۆ دراسه‌یه‌كی سوسۆلۆجی كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی ته‌رخان كرد، كه‌ ئێمه‌ ئێستا ده‌زانین چ فه‌رهه‌نگێكی گه‌وره‌ی له‌و بواره‌دا به‌جێهێشتوه‌، كاك نه‌وشیروان به‌ تێکەڵاوی زۆر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی جۆراوجۆر له‌ هه‌مو چینه‌كان له‌ هه‌مو ئاسته‌كان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سیاسه‌تی فكر و فه‌لسه‌فه‌ی ورد ده‌كرده‌وه‌ نه‌ك بیكاته‌ دراسه‌یه‌كی ئه‌كادیمی دیاریكراو، بۆیه‌ ئه‌مه‌ پێویستی به‌ دراسه‌ و به‌راوردكرنێكی ورد هه‌یه‌.

(امام عبدالفتاح امام) چی ده‌وێت له‌ روی سیفه‌تی حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردن و ئازادی، یه‌كسانی، دادپه‌روه‌ری، ئه‌خلاقی سیاسی؟ (رو له‌ كتێبی ئه‌خلاق و سیاسه‌تی ئه‌و پیاوه‌ بكه‌ن).

كاك نه‌وشیروان له‌و بواره‌نه‌دا چی ده‌وێت به‌راوردی بكه‌ن، به‌ جیاوازیه‌كی زۆر كه‌مه‌وه‌ هه‌ردوكیان ئه‌مه‌یان ده‌وێت: سیسته‌مێكی دیموكراتی په‌رله‌مانی، كه‌ عه‌داله‌ت و یه‌كسانی و ئازادی کۆڵەکەکانی بێت.

ئه‌م وروژاندنه‌ی من پێویستی به‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی به‌راوردكارانه‌ی ورد هه‌یه‌، له‌ رێگای هه‌ندێ خه‌ڵكی پسپۆره‌وه‌، ئه‌م به‌راورده‌ بچوكه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنیت كاك نه‌وشیروان دابڕاو نه‌بوه‌ له‌ جیهانی فه‌لسه‌فه‌، سودێكی زۆری له‌و كه‌ڵه‌ فه‌یله‌سوف و بیرمه‌نده‌ گه‌ورانه‌ وه‌رگرتوه‌.

ئه‌وه‌ی جوڵه‌ ده‌كات له‌ کۆمەڵگەدا، له‌ ده‌وروبه‌ر، كاك نه‌وشیروان دیدی خۆی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه‌ له‌ روی کۆمەڵایتی و سیاسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی و...هتد بۆیە توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دنیا بینینه‌ی ئه‌م پیاوه‌ زۆر پێویست و گرنگه‌.

خوێندراوەتەوە1288