عه‌دنان عوسمان

مەسرور، کاتێک میللەت مەحزون ئەکات‌


یەکێک لەو کۆمێنتانەی کە لەبیرم ناچێت و گوزارشتێکی باش لە جۆرێک لە عەقڵییەتی داخراو و پەمپدراوی حزبی ئەکات، کە جگە لە بازنەی حزبەکەی خۆی هیچی تر نابینێت، کۆمێنتی لایەنگرێکی پارتی بوو لەسەر نوسینێکی من. ئەو بەرێزە بۆی نوسیبوم: "من هیچ رەخنەم لە تۆ نییە، من تەنها گلەییم لە جەنابی کاک مەسعودە کە رێگە ئەدات کەسێکی وەک تۆ ببێتە پەرلەمانتار"!!. لە وتارێکی تردا برادەرێکی تر بۆی نوسیبوم: "هەمووی خەتای سەرۆک بارزانیە کە رێگە بە ئێوە ئەدات ئاوا ئازادانە دەمدرێژی بکەن".

ئەوەی سەرەوە هەمان دیدگایە کە کەسایەتی گەورەی نێو بنەماڵەی بارزانی و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسی باڵای دەزگا ئەمنی و ئیستخاباراتیەکەی پارتی، مەسرور بازرانی، باسی لیوە ئەکات. دیدگایەک کە پڕە لە عەقڵییەتی پاوانخوازی وغرور و خۆبە کوێخازانین و خاوەنی موتڵەقی کوردستان. ئەوەی کاک مەسرور باسی ئەکات ئەوەیە کە بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشی تۆش هەر من دیاری ئەکەم و دەبێت لە قازانجی خۆم بێت.

پارتی رێک بەو عەقڵییەتە (بە تایبەت هەر لە ٢٠٠٥ ەوە) کار دەکات و پێی وایە ،ئازادی و رزگاری و چارەنوسی میللەت و ژیان و گوزەران و کاری حزبی و فرەیی و دیموکراسیەت و..هتد هەموی مەکرومەی ئەون و دەبێت کاتێک داوای بکەی کە لە پارتی زیاد بێت!!. تێگەیشتنی پارتی بۆ پێکەوە ژیان و ئازادی رادەربڕین و کاری سیاسی و دەوڵەتداری، هەمان تێگەیشتنی حزبە شمولی و دیکتاتۆرەکانە کە وێنەی خۆیان و کۆمەڵگا تێکەڵ ئەکەن و سەرجەم دامودەزگاو بوارە جیاجیاکانی ژیان لە حزبەکەیاندا بچوک ئەکەنەوە. پارتی هێشتا لە وەهمی ئەوە دەرنەچووە کە رۆژێک لە رۆژان نوێنەرایەتی رەهای میللەتی ئەکرد و، سەرۆکەکەی بە رابەری کورد لەقەڵەم ئەدرا. ئێستا ئەو لە باشترین حاڵەتدا تەنها نوێنەرایەتی ٣٠% خەڵکی کوردستان ئەکات، و قەڵەمڕەوی سەرۆکەکەشی سنوری حزبەکەی تێناپەڕێنێت.


خوێندراوەتەوە1532