مەریوان وریا قانع

سەردەشت عوسمان وەک بەڵێن، وەک ئەرک، وەک بەرپرسیارێتی‌


حەوت ساڵ لەمەوبەر کە ماشێنە گەورەکەی تاوانکردن لە دونیای دوای راپەڕیندا سەردەشت عوسمانیان شەھید کرد من بە سەفەر بۆ کوردستان گەڕابومەوە و لە سلێمانی بوم. دوانیوەڕۆ بو کاتێک سەرم لە رۆژنامەی ئاوێنە دا، کاک ئاسۆس ھەردیم لە ژورەکەی خۆیدا دۆزییەوە، تەواو شڵەژاو و پەست و بێئۆقرە بو. کە لێم پرسی بۆ وا توڕە و خەمبار دیارە؟ لە وەڵامدا وتی ئەو کوڕە گەنجەی لە ھەولێر چەند رۆژێک لەمەوبەر فڕاندبویان ئەمڕۆ تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. 

من ئەو کاتە سەردەشت عوسمانم نەدەناسی، کاک ئاسۆس ھەردی بۆ یەکەمین جار بەسەرھاتی ئەوی گێڕایەوە. وەک زۆرێک لە گەنجانی دونیای دوای راپەڕین، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە سەر بە خێزانە ھەژارەکان و سەر بەو ژینگە کۆمەڵایەتییەن کە دورن لە ھەڵقە سەرەکیی و داخراوەکانی دەسەڵاتەوە، سەردەشت عوسمان، بڕێک لە نائومێدیی و دەریایەک لە دڵشکانی گەورەی بە کۆڵەوە بو. بەشێک بو لە نەوەیەک باش لەوە ئاگاداربون کە شوێنیان لەنێوان نەخشە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکانی دونیای دوای راپەڕیندا نابێتەوە، نەخشەیەک کە پڕ کراوە لە لەشکرێک لە ئەمیر و ئەمیرەی خێزانە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی کوردستان.

سەردەشت عوسمان تا سپێدەی شەھیدکردنەکەی گەنجکێی خوێندەواری نەناسراوی ناو نیشتیمانێکی خەمبار و ئیھانەکراو بو، خەونی بون بە نوسەر و خواستی بەشداریکردن لە ژیانی گشتیی کۆمەڵگاکەیدا و خواستی گۆڕانی ئەو دونیایەی، لە سەردا بو. شەھیدبونەکەی کۆتایی بەم خەونانە و بە زۆر خەونی بچوک و گەوەتری ئەو کوڕە گەنجە ھێنا، کوژراو لاشەکەی بەھەمو خەون و چاوەڕوانیی و خواستەکانییەوە نێژرا، بەڵام ھاوکات شەھیدبونەکەی کردیی بە بەیەکێک لە ناوە ھەرە دیارەکانی مێژوی دوای راپەڕینی کۆمەڵگای ئێمە. 

ئێستا وێنەکەی سەردەشت ئایکۆنێکی رەمزیی گەورەیە ھێما بۆ سەرجەمی دیاردە ناشیرینیەکان و رەھەندە قێزەونەکانی ئەو دونیایە دەکات کە دەسەڵاتداران لە چارەکەسەدەی رابردودا و لەڕێگای ئەنجامدانی سەدەھا تاوانی گەورەوە لە کوردستاندا دروستیانکردوە. وێنەکەی سەردەشت عوسمان ئەمڕۆکە بوە بە روبەرێکی سیمبوڵی کە تەماح و تاوان و بەدرەوشتییە بێسنورەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستان، لە گشێتی خۆیدا، بەرجەستدەکات. ئەوەندە بەسە سەیری یەکێک لە وێنەکانی ئەم گەنجە شەھیدە بکەیت بۆئەوەی لەوە تێبگەیت چ کابوسێک لەو وڵاتەدا حوکمڕانە. لە مێژوشدا ھەروابوە، ھەندێک سەردەم ھەیە وێنەیەک تیایدا دەبێت بە شوناسی ئەو سەردەمە، لە نوسین و شیعر و ئەدەبیات و ھونەر و مۆسیقا زیاتر شوناسی ئەو رۆژگارەمان نیشان ئەدات، لەیەک نیگادا ھێما بۆ دیوە بینراو و دیوە نەبینراوەکانی ئەو رۆژگارە دەکات، لە خەندەیەکدا مەترسیی و ھەڕەشە و تاوان و خراپەکارییەکانی ئەو مێژومان نیشانئەدات. 

بەدیوێکی پێچەوانەشدا، ھەر بونی وێنەکە خۆی، رۆحیەتی تەسلیمنەبون و بڕوا بە تواناکانی مرۆڤ و خواستی بەرگیرکردنێکی ئەخلاقیی و سیاسیی بەرجەسدەتەکات، کە ئەمانەش وەک وزەیەکی نھێنی بەناو مێژودا تێدەپەڕن و ھێڵێکی گەش لە ئومێد بە بەرچاومانەوە دەکێشێن. سەردەشت عوسمان بەرجەستەکەری ئەو وێنەیەیە، ئەمڕۆ ئەو کوڕە ئەو ئایکۆنەیە کە بە مەرگی خۆی ھەمو ئەو بەرپرسیاریەتییانەی مرۆڤ لەدوای بینینی تاوانە گەورەکانەوە دەکەوێتە سەرشانی، خستۆتە سەرشانمان. حیکایەتی سەردەشت تەنھا حیکایەتێکی خەمبار نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ وزەیەکی بەردەوام بۆ دروستبونی مرۆڤی ئەخلاقیی و مرۆڤی بەرپرسیار. سەردەشت عوسمان ھەمومان دەخاتە بەردەمی پرسیارکردن لە مرۆڤبونی خۆمان، ناچارمان دەکات بیر لە خۆمان وەک بونەوەرێکی بەرپرسیارو وەک مرۆڤێکی ئەخلاقی بکەیەنەوە. لەدوای شەھیدبونی ئەم مرۆڤەوە ھاوکێشە ئەخلاقیی و ئینسانییەکە بەم شێوەیەیە: یان ئەوەتا شتێک لە رۆحی ئەو گەنجە لەناو مرۆڤبونی خۆماندا دەچێنین، یان ئەوەتا وەک بیمارێک بەناو ساڵەکاندا تێدەپەڕین.

یەکێک لە خاڵە ھەرە پڕئومێدەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەمڕۆدا ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکە وزەی بەرھەمھێنانی کەسانی وەک سەردەشت عوسمانی تێدابوە و تێدایە. سەردەشت لەم ساڵە تاریکانەدا وەک وزەیەکی مێژویی گەورە بۆ بەرگریکردن و بۆ ھەڵسوکەوتی بەرپرسیار و بۆ کردەی ئەخلاقییانەی مرۆڤ لەناو مێژودا ئامادەیە، سەردەشت بەڵێنێکە بە دونیایەکی تر و جیاواز.

خوێندراوەتەوە801