د. ئیسماعیل نامیق

ریفراندۆم بۆچی؟‌


بە پێویستم زانی بەم چەند پەیڤە قسەیەک لەسەر ریفراندۆم بکەم:

یەکەم: ئامانجی ریفراندۆم:

 ریفراندۆم ئامرازێکی یاساییە بۆ ئامانج و مەبەستی جیاواز و جۆراو جۆر پەنای بۆ دەبرێت، وەکو:
١-ریفراندۆم بۆ بەدیھێنانی ئامانجێکی سیاسی، وەکو سەربەخۆیی، جیابوونەوە، یەکگرتن، چونە ناوپەیماننامەیەک یان دەرچون لێی، چوونە بەرەیەکەوە یان دەرچون لێی، یان ھەر ئامانجێکی سیاسی تر.

٢-ریفراندۆم بۆ ئامانجی یاسایی، وەکو وەرگرتنی رای خەڵک لە سەر دەستور  یان پرسێکی دەستوری یان ئەو یاسایانەی کە کاریگەریان لەسەر ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکانی مرۆڤ ھەیە، بۆ نمونە لە ھەندێ وڵاتدا ریفراندۆم کراوە بۆ ئەوەی ھاوسەرگیری نێوان یەک رەگەز رێگەی پێ بدرێت یان نا.

٣-دەکرێت ریفراندۆم بۆ بەدیھێنانی ئامانجی ئابوری، کۆمەڵایەتی، سەربازی، یان ھەر ئامانجێکی تر بەکار بھێنرێت، ئەم ئامانجانە رووکەشن، چونکە لە پشت ئەم ئامانجانەوە ئامانجی سیاسی ھەیە.

ئەوەی پارتی بانگەشەی بۆ دەکات، ھەر ئەنجامدانی ریفراندۆمە بە تەنیا، بێئەوەی ئامانجەکەی دیاری بکات، ئەوانەی کە بەو سانایە و لەناکاتێکدا دوای پارتی کەوتن گوێی خەڵکتان بە ریفراندۆم ئاخنی ئایا پرسیارتان کرد ئامانجی ریفراندۆمەکە چیە؟ یان پارتی بۆ مەبەستێک بەکاری ئەھێنێ ئێوەش ئەبن بە بەڕانی قوربانی!.

دووەم: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی چۆن دەکرێت؟

ریفراندۆم بۆ بەدیھێنانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی قەوارەی سەربەخۆ بە یەکێک لەم دوو شێوازە دەکرێت:
١-شێوازی رەق، لێرەدا گەلێک تاک لایەنە ریفراندۆمی خۆی دەکات و گوێ نادات بەوەی چی مەترسیەک ڕووبەڕووی دەبێـتەوە، ئەمە لە بارێکدا دەبێت، کە ئەو گەلە وڵاتێکی زلھێز پشتیوانی بێت، ئامادە بێت پارێزگاری لێبکات.

٢-شێوازی نەرم، ئەمەش لە رێگەی دیبلۆماسی و کەناڵە یاساییەکانەوە دەبێت، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان و بە پێی ڕێککەوتنێک دەبێت لە گەڵ ئەو وڵاتەی کە ھەرێمێکی یان پارچەیەکی دەیەوێت لێی جیا بێتەوە، ئەم شێوازە شێوازێکی ئاسایی و پەسەندە، ئەنجامەکەشی رێزلێگیراو دەبێت، بەڵام کات و ھەوڵی زیاتری دەوێت، وادەخوازیت بڕیار لە سەر ئەنجامدانی و پەسەندکردنی ئەنجامەکەشی لە رێگەی دامەزراوە شەرعیەکانی ئەو ھەرێمەوە بێت کە داوای جیابوونەوە دەکات.

سێیەم: کۆمیتەی ریفراندۆم بۆچی؟

لێرەو لەوێ باسی دروستکردنی کۆمیتەیەک دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، دەکرێت پرسیار بکەین ئەرکی ئەم کۆمیتەیە چی دەبێت؟ ئایا دەچێت بۆ لای لایەنەکان قەناعەتیان پێ بکات کە رازی بن بە ریفراندۆم؟ بێگومان ھەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمن، ھیچ لایەنێک نیە دژی بێت. 
کەواتە بۆ خەڵک سەرقاڵ بکرێت بە سەردان و کۆبونەوە و ئەو شتانە. پاشان عەیبەیەکی زۆر گەورەیە بۆ کوردستان پاش ٢٦ ساڵ لە خۆبەڕێوەبەری جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لە رێگەی لیژنە و کۆمیتەوە باسی پرسە چارەنوسسازەکانی بکات! ئایا ئەو ھەموو پارەو ھەوڵەی لە دامەزراوەکاندا خەرجکراون بە فیڕۆ ناچن؟ باشە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت لە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیراندا باسبکرێت کاریگەری زیاترە، یان لە کۆبونەوەیەکی حزبیدا کە سەرتاپای گومانە؟!.

چوارەم: بزوتنەوەی گۆڕان لە بەردەم بەرپرسیارێتیدا

 

 بزوتنەوەی گۆڕان کە نزیکەی لە ٢٥% خەڵکی کوردستان بە تەواوی ویستی خۆیان و بێ ھیچ کاریگەری دروستکردنێک لە سەریان متمانەی راستەقینەی خۆیان پێداوە، بەرپرسیارە لە بەرامبەر ھەموو خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەنگدەرەکانی بە تایبەتی، وەڵامی ئەم پرسیارانە بۆ خەڵک بەدەربخات:

١-ئایا بە راست ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت؟
٢-ئەگەر ریفراندۆم ئەنجادەدەرێت، ئامانجە کەی چیە؟ ئەگەر بۆ سەربەخۆیی بێت، ئەبێت پشتگیری و رابەرایەتی بکات، بەڵام ئەگەر بۆ ھەر ئامانج و مەبەستێکی ترە بێ ھیچ دودڵیەک و بە ئاشکرا دژایەتی بکات، وە سڵ لە ھیچ شتێکیش نەکاتەوە.

٣-گریمان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێت، ئایا بە کام شێواز؟ ئایا ھیچ وڵاتێکی زلھێز ھەیە موجازەفە بە بەرژەوەندیەکانی خۆیەوە بکات لە پێناوی کوردستاندا؟ من گومانم ھەیە ھەبێت. 

بۆیە بە ھەر شێوازێک بکرێت، دەبێت خەڵکی کوردستان بڕیاری لە سەربدات، چونکە دواجار دەرەنجامەکەی ڕووبەڕووی خەڵکی کوردستان دەبێتەوە، بزوتنەوی گۆڕانیش بەو پێودانگەی نوێنەرایەتی ٢٥% دەنگی راستەقینەی خەڵکی کوردستان دەکات، دەبێت بڕیاردەری سەرەکی بێت لەم بابەتەدا، نابێت بەھیچ جۆرێک رای نادیدە بگیرێت، چونکە ریفراندۆم ئەنجامبدرێت یان نا، ئەگەر ئەنجامدرا سەرکەوتوو بێت یان نا، ئەنجامەکەی باش بێت یان خراپ، ھەمو ئەمانە چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان لە سەر بەندە، لە ناویشیاندا دەنگدەرەکانی گۆڕان، بۆیە ئەبێت نە شەرم بکەین و نە بترسین، بەبێ ھیچ دوو دڵیەک و بە ئاشکرا رایبگەیەنین، لە بەرئەوەی ریفراندۆم پەیوەندی بە چارەنوسی خەڵکەوە ھەیە، کەواتە دەبێـت خەڵک خۆی بڕیاری لە سەر بدات، لە رێگەی نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی کوردستان، چونکە ئەمە تاکە رێگەی شەرعیە و کاریگەریشی زیاترە لە ھەموو روویەکەوە، ئەگەر ئەمە نەکرێت نابێت گۆڕان سەیرکەر بێت، چونکە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت خراپە، سەیرکردنی خراپەش خراپە.

خوێندراوەتەوە775