ڕه‌هێڵ دزه‌یی

هه‌راسانکردن و ته‌نگه‌تاوکردن له‌ خوێندنگه‌کان‌


ڕۆژانه‌ منداڵانێکی زۆر له‌ خوێندنگه‌کان یاخود له‌ گه‌ره‌که‌کانی خۆیان، ته‌نانه‌ت له‌ ماڵه‌وه‌ش ڕوبه‌ڕوی هه‌راسانکردن و ته‌نگه‌تاوکردن ده‌بنه‌وه‌۰

باسکردنی ئه‌م بابه‌ته‌ زۆر گرنگه‌ چونکه هه‌راسانکردن کاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی ده‌بێت له‌ سه‌ر داهاتوی ئه‌و منداڵانه‌ی توشی ئه‌م کێشه‌یه‌ ده‌بن، هه‌ر بۆیه‌ ناکرێ به‌ هیچ جۆرێک چاوپۆشی لێ بکرێت۰


هه‌راسانکردن و ته‌نگه‌تاوکردن چیه‌؟
منداڵێک توشی هه‌راسانکردن و ناره‌حه‌ت کردن و جاڕسکردن بووبێت له‌ لایه‌ن که‌سێک یان چه‌ندین که‌سه‌وه‌، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش بۆ چه‌ندین جار دووباره‌ ببێته‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته‌ی که‌ ڕووبه‌ڕوی که‌سه‌که‌ ده‌بێته‌وه‌ په‌ره‌ده‌ستێنێت له گاڵته‌ پێکردنه‌ وه تا ده‌گاته‌ هه‌راسانکردن و ئازاردانی فیزیکی واته‌ منداڵه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ به‌ر هێرشی توندوتیژی منداڵیک یان پۆلێک له‌ منداڵان له‌هه‌ندێک حاڵه‌تدا‌ ده‌گاته‌ هه‌راسانکردن ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژی سێکسی۰

دوو جۆره‌ له‌ هه‌راسانکردن هه‌یه‌۰
۱ـ هه‌راسانکردنی ڕاسته‌وخۆ:
 هه‌راسانکردنی ڕاسته‌وخۆ خۆی له‌ هه‌راسانکردنی  فیزیکی ده‌بێنێته‌وه‌، وه‌ک لێدان، پاڵپێوه‌نان و خستن‌، دڕاندنی جل و به‌رگ، یان هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ڕێگای ناردنی نامه‌ به‌ مۆبایل، ناو و ناتۆره لێنان که‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی ناره‌حه‌تی و ترس و تۆقینی ئه‌و که‌سه‌ی‌ هه‌راسانکردنه‌که ئاراسته‌ی ده‌کرێت.

۲ـ هه‌راسانکردنی ناڕاسته‌وخۆ
ئه‌م جۆره‌یان وه‌ک دوورخستنه‌وه‌ی که‌سه‌که‌ و به‌شداری پێنه‌کردنی له‌ یاری و چالاکیه‌کانی تر وقسه‌ نه‌کردن له‌گه‌ڵی، سه‌یرکردنی به‌ چاوێکی نزم. ناوهێنانی که‌س و کاروخێزانه‌که‌ی به‌ شێوازێکی ناشیرین۰

ئه‌و که‌سانه زیاتر تووشی هه‌راسانکردن ده‌بنه‌وه که زیاتر که‌سانی 'بێهێز' ن و به‌هۆکاری فیزیکی بێت یان که‌سایه‌تی توانای به‌رگریکردنیان له خۆیان نییه. 

ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌ن منداڵێک هه‌راسان بکه‌ن به‌دوای ئه‌و منداڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێن که‌ 'بێهێز' بێت و توانای به‌رگری نه‌بێت۰

هه‌راسانکردن بوونی هه‌یه‌ له‌ هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک و زۆربه‌ی خوێندنگاکانی جیهان به ئاست و بڕی جیاواز ئه‌و حاڵه‌ته‌ی تێدا هه‌یه به‌تایبه‌یش له‌ کوردستان ئه‌م دیارده‌یه زۆره، به‌ڵام به‌ حوکمی زۆر هۆکار تاکو ئێستا که‌متر ڕۆشنایی خراوه‌ته‌سه‌ر۰ 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌رهاوێشته‌کانی زۆر گاریگه‌ری مه‌ترسیداری هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ توشی هه‌راسانکردن ده‌بنه‌وه‌، کاریگه‌ریه‌که‌ی درێژخایه‌نه‌ ئه‌گه‌ر بێت و زوو درکی پێنه‌کرێت و چاره‌سه‌ر نه‌کرێت۰به‌ڵام وه‌ک پێوێست گرنگی پێنه‌دراوه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌رده‌ناسان و قوتابخانه‌کان و خانه‌واده‌کان له‌ کوردستان۰


چۆنیه‌تی ده‌ستنیشانکردنی هه‌راسانکراو وه‌ هه‌راسانکه‌ر:
ئه‌و منداڵه‌ی هه‌راسان ده‌کرێت، ده‌بینین له‌ کاتی پشوی نێوان وانه‌کانی له‌ خوێندنگا ‌ته‌نیا و ته‌ریکه به‌شداری یاریکردنه‌کان ناکات.که‌ له‌ قوتابخانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ندێکجار جله‌کانی‌ یان جانتاو کتێبه‌کانی دڕاو‌ن، یان شوێنه‌واری لێدان به‌ ڕووخساریه‌وه‌ دیاره‌. ئه‌و منداڵه‌ی هه‌راسان کراوه‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن هاوڕێ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنته‌وه‌ ماڵ بۆ یاریکردن هه‌روه‌ها خۆیشی که‌متر سه‌ردانی هاوڕێکانی ده‌کات۰ئاره‌زووی نیه‌ بچێت بۆ خوێندنگا۰ هه‌میشه‌ ترس له‌ ڕووی به‌دی ده‌کرێت،  زوو زوو هه‌ست به‌ئازار ده‌کات له‌ سه‌ری و سکی ده‌بێت به‌تایبه‌ت به‌یانیان۰

ئه‌و منداڵانه‌ی هه‌راسانکه‌رن، ده‌بینین که‌ به‌ به‌رده‌وامی گاڵته‌ به‌که‌سانی تر ده‌که‌ن، ووشه‌ی بریندارکه‌ر وزبر به‌کاردهه‌هێنن له‌ قسه‌کانیان. هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رامبه‌ره‌که‌یان ده‌که‌ن، زۆر پڕ جووڵه‌یه و ئه‌ندامانی له‌شی به‌کاردێنێت وه‌ک ده‌سته‌کانی و پێه‌کانی بۆ هه‌راسانکردنی به‌رامبه‌ره‌که‌ی،نامه‌ی ئه‌لکترۆنی ده‌نێرێ  وهه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات له‌ هاو پۆله‌کانی یان هاوه‌ڵه‌کانی له‌ گه‌ڕه‌ک، له‌ هاوڕێکانی ده‌دات، جل وشتومه‌کی هاوڕێکانی ده‌دڕێنێت۰

دیاره‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نها له‌ناو کوڕاندا بوونی نیه‌ به‌ڵکو له‌ناو کچانیشدا بوونی هه‌یه،‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ ناو کوڕاندا زیاتره،‌ به‌ڵام کچانیش بێبه‌ش نین له‌م دیارده‌یه‌۰ جیاوازی هه‌یه‌ له‌ نێوان شێوازی هه‌راسانکردن و ته‌نگه‌تاوکردنی کچان له‌گه‌ڵ کوڕان.

کچان شێوازی جیاوازتری هه‌راسانکردن به‌کار ده‌هێنن له‌ هی کوڕان، له‌ ناو کچاندا ناسینه‌وه‌ی دیارده‌که که‌مێک سه‌ختتره، ده‌ستنیشانکردنی که‌سی هه‌راسانکراو و که‌سی هه‌راسانکه‌ر که‌مێک زه‌حمه‌ت تره، هۆیه‌که‌ی زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که کچان شێوای هه‌راسانکردنه‌که‌یان زیاتر نادیاره و که‌متر هه‌ستی پێده‌کرێت له‌لایه‌ن که‌سانی تره‌وه.


ئه‌رکی خوێندنگا و خانه‌واده‌ چیه‌ له‌م حاله‌ته‌دا؟
هه‌ر کاتێک دایک و باوک یان هه‌ر ئه‌ندامێکی خێزان هه‌ستیانکرد که‌ منداڵه‌که‌یان توشی هه‌راسانکردن بۆته‌وه، به‌زووترین کات ده‌بێ کاری له‌سه‌ر بکه‌ن و بابه‌ته وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی جدی وه‌ربگرن. 

پێویسته ده‌ستبه‌جێ هه‌وڵ بده‌ن به‌ هێمنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌یان بکه‌ن. منداڵ که‌ دوچاری هه‌راسانکردن و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن که‌سانێکی تره‌وه ترسێکی زۆری له‌لا دروست ده‌بێت و هه‌وڵ ده‌دات بیشارێته‌وه‌ له‌ خانه‌واده‌که‌ی تا خۆی به‌ دووربگرێت له‌ تۆڵه‌کردنه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی هه‌راسانیان کردوه‌. هه‌ر بۆیه‌ دایک و باوک ده‌بێ به‌ هێمنی هه‌وڵ بده‌ن متمانه‌ی منداڵه‌که‌یان به‌ده‌ست بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ترسه‌که‌ی بڕه‌وێننه‌وه‌ و هه‌موو شتێکیان بۆ باس بکات، دواتر به هه‌موویان له ماڵه‌وه و له قوتابخانه کار بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که بکه‌ن.

دایک و باوک ده‌بێ په‌یوه‌ندی به‌ خوێندنگاکه‌ی منداڵه‌که‌یان بکه‌ن و تاوتوێی ئه‌م کێشه‌یه‌ بکه‌ن له‌گه‌ڵ مامۆستا و توێژه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌که‌دا.

خوێندنگا ئه‌رکی سه‌ره‌کی له‌سه‌رشانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌. هه‌موو خوێندنگایه‌ک له‌سه‌ریه‌تی پلان و به‌رنامه‌ی خۆی هه‌بێ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌.  هه‌موو ئه‌وانه‌ی کار له‌ خوێندنگاکان ده‌که‌ن ڕاسته‌وخۆ به‌رپرسن له‌وه‌ی که‌ هه‌ر کاتێک درکیان به‌وه‌ کرد که‌ خوێندکارێک تووشی هه‌راسانکردن ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن چه‌ند خوێندکارێکی تره‌وه ده‌بێت ده‌ستبه‌جێ کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی بکه‌ن.


چۆنیه‌تی چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م بابه‌ته‌:
چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگایه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی تر جیاوازی هه‌یه‌۰ چه‌ندین بابه‌ت هه‌ن کاریگه‌ریان هه‌یه‌  بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، بۆ نمونه‌ بوونی یاسای تایبه‌ت بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه، یان سیسته‌می په‌روه‌رده‌ له‌م وڵاته‌دا، ئاستی هۆشیاری کۆمه‌ڵگاکه‌، هاوکاری خوێندنگا و خێزان، هتد۰

به‌پێی ئه‌وه‌ی زیاتر هه‌راسانکردن له‌ خوێندنگاکان ڕوو ده‌دات، هه‌ر که‌ درکی پێکرا له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌ کارمه‌نده‌کانی خوێندنگا پێویسته ده‌ست به‌جێ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستای سه‌رپه‌رشتیاری خوێندکاره‌که‌ بکات و ئاگاداریان بکاته‌وه‌. 

یه‌که‌م هه‌نگاو ده‌بێ هه‌راسانکه‌ر دوور بخرێته‌وه‌ له‌ هه‌راسانکراو، به‌وه‌ی بۆی نه‌بێت له‌ کاتی پشووی نێوان وانه‌کاندا بچێته گۆڕه‌پانی قوتابخانه، هه‌روه‌ها بێبه‌ش بکرێ له‌و چالاکیانه‌ی حه‌زی لێیانه.‌ 

به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستای منداڵه‌که،‌ به‌جیا قسه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له‌ هه‌راسانکه‌ره‌که ‌و دایک و باوکی، وه‌ هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌راسانکراوه‌که و دایک و باوکی هه‌راسانکراوه‌که بکه‌ن۰

 که‌سی شاره‌زا له‌گه‌ڵ خێزانی هه‌راسانکراو قسه‌ده‌کات ده‌رباره‌ی کاریگه‌ری و ده‌رهاوێشته‌کانی ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ی به‌رامبه‌ر منداله‌که‌یان کراوه و ڕێنماییکردن و پێشاندانی ڕێگا چاره‌ بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م حاڵه‌ته.

خوێندکاری هه‌راسانکه‌ر به‌وردی چاودێری ده‌کرێت له‌لایه‌ن یه‌کێک له‌ کارمه‌ندانی خوێندنگا له‌ کاتی پشووی نێوان وانه‌کاندا. 

خوێندنگا له‌سه‌ریه‌تی به‌دواداچون بکات تا دڵنیاده‌بێته‌وه‌ له‌ کۆتاییهاتنی کێشه‌که‌ به‌ته‌واوی۰

مامۆستاکان وانه‌ی تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ بڵێنه‌وه‌ له‌ هه‌موو پۆله‌کان بۆ ڕێگریکردن له‌ بوونی ئه‌م هه‌ڵس و که‌وتانه‌ هۆشیارکردنه‌وه‌ی خوێندکاره‌کان که‌ ئاگاداری مامۆستاو به‌ڕێوه‌به‌ر بکه‌ن له‌کاتی بینینی هه‌ر دیارده‌یه‌کی له‌م جۆره‌۰ 


چی بکرێت بۆ ڕێگریکردن له‌م دیارده‌یه‌ له‌ خوێندنگاکان؟
خوێندنگا ده‌بێت شوێنێک بێت بۆ په‌روه‌رده‌ و فێرکردن، به‌و مانایه‌ی ئه‌وه‌ی خوێندنگا که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێز بۆ ئه‌و خوێندکارانه‌ دروستبکات و گیانی هاوکاری له‌ ناخیان بچێنێت. 

خوێندنگا بکرێت به‌ شوێنێک که‌ منداڵ خۆشترین کاته‌کانی لێ به‌سه‌ر به‌رێت.
خوێندکار ده‌بێت هه‌ست با ئارامی و ئاسوده‌یی بکات له‌ خوێندنگا، دابینکردنی که‌شێکی ئارام له قوتابخانه ئه‌رکی به‌ڕێوه‌به‌ر و مامۆستا و ستافی قوتابخانه‌یه.

ساڵانه‌ دوو کۆبوونه‌وه‌ی فراوان بکرێت بۆ دایک و باوکان و له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زاوه تیشک بخرێته سه‌ر بابه‌تی هه‌راسانکردن.‌


کار له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی بواری کۆمه‌ڵایه‌تی خوێندکاره‌کان بکرێت
هه‌راسانکردن بابه‌تێکه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان گرنگی زۆری پێده‌درێت، پسپۆڕان درکیان به‌ مه‌ترسی ئه‌م حاڵه‌ته کردوه‌ له‌سه‌ر که‌سایه‌تی و دواڕۆژی که‌سی هه‌راسانکراو، به‌ شوازێک کاریگه‌گه‌ری درێژخایه‌نی ده‌بێت له‌ سه‌ری، حاڵه‌ت هه‌بووه هه‌راسانکردن بووه‌ته یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کانی ژیان له‌ده‌ستدانی که‌سی هه‌راسانکراو.‌

بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندروست و به‌هێز بێنینه‌ کایه‌وه‌ ده‌بێت له‌ خوێندنگاکانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، له‌وێوه نه‌وه‌یه‌کی ته‌ندروست و به‌توانا له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان به‌رهه‌مبێنین. بۆ ئه‌م ئامانجه‌ش پێویستمان به‌ کادیرانی په‌روه‌رده‌یی به‌توانا هه‌یه‌۰


خوێندراوەتەوە826