د. ئیسماعیل نامیق

شەرعیەت لە هەموومان گەورەترە‌


دوینێ ووتتان: نابێت پەرلەمان پرسى سەرۆکایەتى هەرێم یەکلایبکاتەوە.

ئێستاش دەڵێن: ریفراندۆم پێویستى بە پەرلەمان نیە. 

رەنگە سبەینێش بڵێن: دەبێت ئەندامانى پەرلەمان لەلایەن جەنابى سەرۆکەوە دابمەزرێنرێن! و دەسەڵاتى یاسادانانیش لە دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە متمانە وەربگرێت!.

 هیچ دوور و نامۆ نیە، لە دەستتان دێ بیکەن، چونکە ئەوەندە گفتار و کردارى نامۆ و سەرسوڕهێنەرتان زۆرە، مرۆڤ ناتوانێت پێشبینى شتى سەرسوڕهێنەرترتان لێنەکات.


لە هەموى سەرسوڕهێنەرتر، پەرلەمانتار یان راوێژکارى پەرلەمان بێت، کەچى بتەوێ پەرلەمان سوک و ریسوا بکەى، هەست نەکەیت تۆ نوێنەرى خەڵکى لەبەرامبەر دەسەڵاتداران، ئاخر نوێنەرایەتى وا ئەکرێ؟ 

قورمساغ بیرت چووە هەزار وەعدى درۆت داوە بەدەنگدەرەکانت، کە تۆ نوێنەر و چاوى تیژى ئەوان ئەبى لە بەرامبەر دەسەڵاتى جێبەجێکردن؟ ئەگەر هەر دەتەوێ خزمەتکار بیت، بۆ ناچیت لە پەراوێزى دەسەڵاتى جێبەجێکردندا بچوکى خۆت پیشان بدەى، بۆ ویست و هەست و گەورەیى خەڵک ئەکەیتە قوربانى بچوکى خۆت؟.

ئەزانن پەرلەمان، واتە ویستى خەڵک، ویستى خەڵکیش واتە سەرچاوەى شەرعیەت، کە دەڵێن پەرلەمان لە فڵان شت گەورەتر نیە، یان ئەو پرسە پێویستى بە پەرلەمان نیە و بەپەرلەمان ناکرێت، دەتانەوێت هیچ سەنگێک بۆ ویستى خەڵک دانەنێن.

بیرتان نەچێت پەرلەمان تەنیا دامەزراوەیە، نوێنەرایەتى هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان ئەکات، هەر تێبینیەکمان هەبێت لەسەرى ئاساییە، بەڵام سوکایەتى پێکردن و بێدەسەڵاتکردنى، سوکایەتیکردنیش بەویستى خەڵک، واتە سوکایەتى کردن بە سەرچاوەى شەرعیەتى خۆت و سوکایەتى بەخودى خۆت.

لەبەر ئەوە قبوڵمان بێت یان نا، شەرعیەت لەهەمومان گەورە ترە، ئەبێ ملکەچى ئەم راستیە بین، ئەمڕۆ یان سبەى.

خوێندراوەتەوە1090