مەریوان وریا قانع

ئاڵا و سیاسەتی سیمبۆلیک‌


سەبارەت بە ھەڵکردنی ئاڵاکەی ھەرێم لە فڕۆکەخانەیەکی تورکیا، لە زانستە سیاسییەکاندا چەمکێک ھەیە پێیدەگوترێت ”سیاسەتی سیمبۆڵیی“، بە ئینگلیزی(symbolic politics)، زۆربەی کات مەبەستی سەرەکی لەپشتی ئەم شێوازە تایبەتەوە لە سیاسەتکردن، بریتییە لە فریودان، خەڵەتەناندن، خۆڵکردنە چاو و بەلارێدابردن. لە سیاسەتی سیمبۆلیدا رەمزەکان دەخرێنە شوێنی کێشە سەرەکییەکانی ناو واقیع، لەباتی ئەوەی خەڵک بە کێشە سەرەکییەکانی ناو واقیعەوە سەرقاڵبن، ھەوڵ ئەدرێت بە کۆمەڵێک رەمز و سیمبۆلەوە سەرقاڵبکرێن. لە جەوھەردا مەبەست لە پەنابردن بۆ سیاسەتی سیمبۆڵی شاردنەوەی کێشە بنەرەتییەکانی ئەو واقیعە سیاسییە راستەقینەیە کە لە ئارادایە.

ئیشی رەمزەکان، ئیتر لە ھەڵکردنی ئاڵایەکەوە بیگرە، بۆ لەبەرکردنی جلی کوردیی تا بە بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک دروشمی قەبە دەگات، بریتییە لە دروستکردنی روبەرێکی تر کە تیایدا کێشە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ناو واقیع دەرنەکەون و بۆ دواوە پاشەکشەیان پێبکرێت. ئەمە وادەکات سیاسەتی رەمزیی سیاسەتێکی بێناوەرۆک بێت، بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک رەمز و سیمبۆل بێت کە دەشێت ھەڵگری ھەندێک مانای رەمزی بن، بەڵام ھەرگیز سیاسەتی کارکردن نین لەسەر واقیع بەو شێوەیەی کە ھەیە و بەو کێشە و تەحەدایانەوە کە تیایدا ئامادەیە.

ئیشی سیاسەتی رەمزیی شاردنەوەی کێشە گرنگەکان و دۆزینەوەی کێشە و بابەتی فریوادەرانەیە. باشترین نمونەیەک بۆ سیاسەتی رەمزیی لە مێژوی عێراقدا رەنگە لەو وێنەیەدا دەربکەوێت کە سەدام حوسەین تیایدا رانکۆ چۆخەیەکی شین لەبەردەکات و دەچێتە بەردەمی کامێراکان، سەدام لەباتی ئەوەی کێشە سەرەکییەکانی گەلی کوردستان لەرێگای ھەنگاوی راستەقینەوە چارەسەربکات، لەباتی ئەوە دەستێک جلی کوردیی شینی کردبەر. وەک دەبینین سیاسەتی رەمزیی لەناو واقیع و کێشەکانیدا کارناکات، بۆ نمونە یاسا دەرناکات، بریاری سیاسیی راستەقینە نادات، کۆنتراکت و رێککەوتنی سیاسیی پێشنیار ناکات، بەڵکو لەناو کایەیەکی رەمزیدا کاردەکات کە لەدەرەوەی کایەی واقیع و لەدەروەوەی کێشە سەرەکییەکانی ئەو واقیعەدا دروستکردوە. وەک وتیشم ئەرکی سەرەکیی سیاسەتی رەمزیی ئەوەیە کێشە سیاسییە راستەقینەکان بشارێتەوە و کۆمەڵگا بەھەندێک کێشەی رەمزیی فریودەرەوە سەرقاڵبکات.

بێگومان سیاسەتی رەمزیی دەتوانێت ھەندێکجار مانادار و گرنگ بێت، ئەگەر ھاتو رەمزەکان درێکراوەی کێشە و بابەتە سەرەکییەکانی ناو ئەو ساتەوەختە تایبەتە بێت. واتە رەمزەکان کاریان ئەوە بێت توانا و ھەست و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لەسەر کێشە سەرەکییەکان بچەسپێنێت و گەورەبکات. بەم مانایە مەرج نییە سیاسەتی رەمزیی ھەمیشە و بەحەتمی سیاسەتی خڵەتاندن و فریودان بێت، بەڵکو دەشێت ئەو رەمزانەی ھەڵدەگیرێن و دەخرێنە ناو پەیوەندییە سیاسییەکانەوە، دەربڕی کێشە ھەرە سەرەکییەکانی ناو واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیی ئەو ساتەوەختە بێت.

لە پەیوەندییدا بە مەسەلەی ھەڵکردنی ئاڵای ھەرێم لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە تورکیا، یان با وردتر بدوێین، لە پەیوەندیدا بە مەسەلە سەرەکییەکەوە کە مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییە، بۆ زۆر کەس وەزیفە سەرەکییەکانی ئەم گوتاری دروستکردنی دەوڵەتە، ئاشکرایە. ئەگەرچی ھەم من و ھەم چەندان نوسەری تریش زۆرمان لەسەر ئەم مەسەلەیە نوسیوە، بەڵام ھەوڵئەدەم لێرەدا چوار ئەرکی سەرەکیی ئەم گوتاری دروستکردنی دەوڵەتە جارێکی دیکە وەبیر خوێنەران بھێنمەوە.

یەکەمین و سەرەکیترین ئەرکی ئەم گوتارە بریتییە لە بەخشینی رەوایەتیی سیاسیی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدا ئەم پیاوە ھیچ رەوایەتیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی نەماوە بۆئەوەی وەک سەرۆکی ھەرێم بەردەوام بێت. لۆژیکی ئەم وەزیفە تایبەتەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بەم شێوەیەیە: کێشە نییە و قەیناکات وادەی سەرۆکایەتی بارزانی سێ ساڵ زیاترە تێپەڕیوە و سەرۆکایەتییەکی ئەو خاوەنی ھیچ جۆرە شەرعیەتێکی یاسایی و ئەخلاقیی نییە، بەڵام با لێگەڕێین دەوڵەتەکە بۆ کورد دروستبکات، ئینجا دوای ئەوە قسەیەکی لێدەکەین. لێرەدا ئیشی ژمارەیەکی گوتاری دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی ئەوەیە رەوایەتیی بە سیاسییەک بدات کە ھیچ رەوایەتییەکی نەماوە.

وەزیفەی دوەمی ئەم گوتارە بریتییە لە شاردنەوەی کێشە ھەرە سەرەکی و بنەرەتییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان، کە لە پێش ھەمویانەوە کێشەی مۆنۆپۆڵکردنی سیاسەتی کوردییە لەلایەن خێزانی بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە. لێرەشدا گوتاری دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بە توندی بە ھێشتنەوەی دەسەڵاتی خێزانی بارزانی، بەتایبەتی بە سەرۆکی پارتی و کوڕەکەیەوە گرێ ئەدرێت، بۆئەوەی ئەم کێشە سیاسییە سەرەکییە دابپۆشێت و نەھێڵێت ھیچ گفتوگۆ و پێداچونەوەیەکی رەخناییانە بۆ ئاوسانی ترسناکی ئەم دەسەڵاتە، بکرێت.

وەزیفەی سێھەم بریتییە لە درێژەدان بە ھێڵە گشتیی و سەرەکییەکانی ئەو دۆخەی لە ئێستادا سەروەر کراوە، کە دۆخی خراپ بەکارھێناێکی کەم وێنەی دەسەڵات و دۆخی گەندەڵییەکی خورافیی و بەفەرھودبردنێکی بەرفراوانی پارەی نەوتە. داپۆشینی تاریکاییە زۆرەکانی ئابوری نەوت پێویستی بەم گوتاری دروستکردنی دەوڵەتەیە کە نەوتفرۆشە سەرەکییەکانی کوردستان ھەڵیانگرتوە.

وەزیفەی چوارەمی ئەم گوتارە رێگەگرتنە لەھەر کردەیەکی سیاسی بیەوێت ھاوکێشە و پەیوەندییەکانی ھێز لەمڕۆکەی کوردستاندا دەستکاریبکات و بەشێوەیەکی دیکە رێکیانبخاتەوە.

هەمو ئەمانە وامانلێدەکات ”سیاسەتی سیمبۆڵیی“ لە کوردستاندا وەک سیاسەتێکی وێرانکەر ببینین و ئەرکە ھەرە سەرەکییەکانی وەک ئەرکی فریودانێکی گەورەی کۆمەڵگا وێنابکەین. ئەمە جگە لەوەی لە پشتی ئەم سیاسەتە سیمبۆڵیەوە دەیان سیناریۆ و پلانی ژێرپەردە ئامادەیە کە ئیشی ئەم سیاسەتە شاردنەوەی تەواوەتی ئەوانەشە. وەکچۆن کە سەدام حوسەین بە جلی کودییەوە دەرکەوت بەدوایدا کارەساتی ئەنفال ھات، ئاواش ھەڵکردنی ئاڵای ھەرێم لە فۆرکەخانەیەکی تورکیدا، ڕێ لە لە پلانە گەورە و ترسناکەکانی تورکیا بەرامبەر بە کوردستان ناگرێت.

خوێندراوەتەوە1355